Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
سوده‌کانی داعش ..

1ڕوانگه‌ و بۆچوونی زانستی ته‌نیا ته‌ماشاکردنی دیوه‌ دیاره‌کان نی یه‌ به‌ڵکو ڕووپێوی سه‌رتاسه‌ری دیو و نه‌دیوه‌کانه‌ ، واته‌ بینین و لێکدانه‌وه‌ی دیارده‌ و نادیارده‌کان که‌ده‌بێ تێگه‌شتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکرێ . هه‌ڵسوکه‌و‌ت و کاردانه‌وه‌ ته‌نیا به‌رامبه‌ر دیاره‌کان گێلی و گه‌وجاندنی سیاسیه‌ به‌بێ زانیاری و دۆزینه‌وه‌ی نادیاره‌کان که‌له‌ پشته‌وه‌ و نادیده‌ن . لێره‌ جگه‌ له‌زیانه‌کانی داعش که‌ باسکراوه‌ به‌رچاوه‌ که‌وانه‌ی شرۆڤه‌ی سوده‌کانیش ده‌که‌ینه‌وه‌ .
که‌لایانێ سیاسیه‌که‌ی عێراق ..
داعش وه‌ک که‌لابه‌ردێکی خاڵدار هه‌موو موشه‌کانی خوارد و زۆرینه‌ی یاریکه‌ره‌کانی به‌حاپول کوشت . هۆکاری ئه‌رێنی و سه‌ره‌کی شکاندنی بڕبڕه‌ی پشتی حکومه‌تی عێراقیه‌ له‌موسڵه‌وه‌ تا نزیک به‌غدای ترازان ، سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئیفلیج بوون ، هه‌وڵێک بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کی هه‌روه‌ها هێنانه‌ کایه‌ی که‌شێک زۆر له‌به‌شداران داخوازیه‌کانیان ئاشکراتر بخه‌نه‌ڕوو له‌جیابوونه‌وه‌ و ئازادی . له‌م گۆشه‌وه‌ زیاتر کوردیش داوای بوون به‌ده‌وڵه‌ت ده‌کا بۆ ناساندنی فه‌رمی فه‌رمانڕه‌واییه‌کی دانپێنراوی سه‌ربه‌خۆ .
گۆڕینی نه‌خشه‌کان ..
هه‌وڵی شکاندن و گۆڕینی ته‌وقی ده‌قی نه‌خشه‌ سنوره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی له‌سوریا و عێراقی عه‌ره‌بی خۆی بوێریه‌کی سیاسی و سه‌ربازی مه‌یدانی یه‌ ! بێگومان زه‌مینه‌ی له‌باری ناوچه‌ی سونه‌نشینی خاکێکی به‌پیتی ڕواندنی تۆی بیرۆکه‌ و په‌یدابوون و گه‌وره‌بوونیانه‌ ( ناوچه‌یه‌کی به‌عسی و عه‌شایه‌ری که‌بۆمبێکی بێ تره‌قه‌بوو ) شیاو بۆ ڕواندن ئه‌وه‌ش لێکه‌وته‌که‌یه‌تی مقه‌سێکی سیاسی تیژبوو !
ئاڵای ڕه‌شی داعش ..
ده‌رخستنی دیوی دزێوی ئیسلامی سیاسی و هه‌وڵه‌کانی بۆ ده‌سه‌ڵات به‌ڕێگا میکاڤیڵیه‌کان ، هیچ پێوه‌ر و لێکدانه‌وه‌یه‌ک دووربینی دڕنده‌یی و نامرۆڤی ، ناڕه‌وا و بێدادی ، بێ خوایی و بێ ویژدانی مه‌زه‌نده‌ ناکا . ڕووه‌ ڕاسته‌قینه‌که‌ له‌هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و درۆ تا ئه‌وپه‌ڕی به‌نامه‌ردی کوشتن به‌شێوازه‌ کۆنه‌که‌ی خۆی دووباره‌ کرایه‌وه‌ . چاوبڕینه‌ سه‌روه‌تی خه‌ڵک و شکۆی ژنان له‌دروستکردنی قه‌حپه‌خانه‌ی سه‌فه‌ری بۆ جیهادی کێر له‌دنیا و ئاخیره‌ی نێر ! به‌هۆیه‌وه‌ ‌زۆرینه‌ی گه‌نجانی ناوچه‌که‌ی پێ هینایته‌ شه‌ڕ وه‌ک ده‌یانگۆت و ده‌یانکرد: سه‌ر بۆ ئێمه‌‌ ، ژن و ماڵیش بۆ ئێوه‌ . دڵنیا داعشیش ڕه‌ت ده‌بێ ئه‌و ئاڵا ڕه‌شه‌ له‌که‌لاوه‌یه‌کی مێژوو ده‌په‌سترێ .
داعش و ماڵی کوردی کوجا مه‌رحه‌با ؟
یه‌کخستنه‌وه‌ی ماڵی داپژاوی کورد تیراوه‌یه‌کی بێ چاره‌سه‌ره‌ له‌بێ گه‌وره‌یی پێشڕه‌وانی دانا و زانا بێ گومان هه‌رگیز له‌توانستی تاکه‌ که‌س نی یه‌ چه‌ندی فوویده‌ن ئه‌گه‌ر بته‌قیش . پێشڕه‌وان که‌سان و کارمه‌ندی دووربینی کۆی بواره‌کانن ته‌نیا گوێ بۆ ڕادێریان پێویسته‌ به‌مه‌رجێک به‌قسه‌یان بکرێ نه‌ک وه‌ک سه‌رعه‌شایره‌کانی ئێستا ده‌ڵێن: قسه‌که‌ت ڕاسته‌ به‌س ناچیته‌ عه‌قڵه‌وه‌ ! مه‌رحه‌با و هاتنی داعشی ده‌عوشی بۆ ناو ماڵی کوردی و لاملیه‌که‌ی له‌کردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌کی شه‌ڕی پشته‌وه‌ی خۆی به‌ڕووی کوردان هۆیداوه‌.. ئاشه‌وانه‌کانی خۆمانی هێورکردنه‌وه‌ یا که‌مکردنه‌وه‌ی له‌مڕه‌مڕی حیزبایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتبازی ئه‌وه‌ت ڕیز ئه‌وه‌ت نه‌یکا ! هه‌موو جاره‌ هاتنه‌خواره‌ی کێرڤه‌که‌ بۆ خاڵی سفر .
عه‌ره‌بی ئاواره‌ ..
ئاشکراکردنی مه‌ترسی به‌عه‌ره‌بکردنی کوردستان و بوونی هۆشیاری هاوتای ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری سه‌رتاسه‌ری دژی ، خستنه‌ڕووی چاره‌سه‌ری یاسایی له‌کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و شوێنی شیاو گونجاو بۆیان لێکه‌وته‌یه‌کی تری به‌رهه‌می داعشه‌ . ڕاچڵه‌کان له‌خه‌وه‌ خه‌یاڵه‌ی هه‌ولێر ببێته‌ دوبه‌ی عه‌ره‌بان ! نازانم لۆ نابیته‌ تۆکیۆ خۆ ئه‌وێش ته‌لاری به‌رز و سه‌رده‌ریا و ئیمپراتۆری هه‌بوو ؟ ئاخر یابانیه‌کان مێشکیان هه‌یه‌ پێم ناڵێن: عه‌ره‌ب چی ؟
توانای پێشمه‌رگه‌یی ..
ڕێکخستن و گرینگیدان به‌پێشمه‌رگه‌ ، تاقیکردنه‌وه‌ی توانستی سه‌ربازی و هێزه‌ پێشمه‌رگه‌ییه‌کان ، ده‌رخستنی توانای گه‌نجان و خۆتاقیکردنه‌وه‌یان که‌کاتی خۆی هه‌لی بوونه‌ پێشمه‌رگایه‌تیان نه‌بووه‌ ، ده‌رخستنی بوده‌ڵه‌یی هێزه‌ فشۆڵه‌کان هه‌رچه‌نده‌ له‌دژی کورد خۆیان چاک گیف ده‌که‌نه‌وه‌ که‌چی له‌به‌ر دوژمنان ڕه‌نگ زه‌ردی هه‌ڵاتوو که‌ره‌بابی به‌زیون ! به‌رز و پیرۆز ڕاگرتنی ناو ناوبانگی پێشمه‌رگه‌ که‌خه‌ریک بوو کۆی خه‌ڵک و سیاسیه‌ عه‌شیره‌تگه‌را خۆپه‌رسته‌کان جوانیه‌که‌یان کاڵ ده‌کرده‌وه‌ که‌چی ئێستاش هه‌ر سینبوله‌ و پژانی خوێنیان گوڵه‌ سوری به‌هاری خاکی کوردستانه‌ .
کورد و شیعه‌ ..
شه‌ڕ له‌ناو ماڵی سونه‌ و کاولکاریه‌کانی به‌دوای دادێ هه‌روابێته‌وه‌ نه‌کردنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵیان له‌ژێر چه‌تری عێراقی داڕووخاوی عه‌ره‌بی له‌لایه‌کی دیش جارێکی تر پته‌وکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان شیعه‌ و کورد زاڵبوون به‌سه‌ر کێشه‌ ده‌روونی به‌رپرسه‌کان که‌که‌یفیان به‌چاره‌ی یه‌کدی نایه‌ ! شکانی پۆز و هه‌وای شیعه‌ نغرۆ و له‌خۆباییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ڕاوکردنی سوپایه‌که‌یان ده‌تگۆت: مێگه‌لی بێ شوانکاره‌ن ! شکاندن و له‌ناوبردنی هێزه‌کانی ئۆپێراسیۆنی دیجله‌ی عه‌ره‌بی شیعی که‌ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌که‌ری سه‌ر کورد بوون له‌گه‌ڵ چه‌ندان دیمه‌نی نه‌مان دیت و به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕی . هه‌ر لێکه‌وتی سوده‌کانی داعش و ماعشه‌ .
دۆزی کورد ..
هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی دۆزی کورد له‌سه‌رتاسه‌ری میدیای جیهانی و ئاودانی گوێ و بینگه‌یان به‌پرسه‌کانمان . داعشێکی باوه‌ڕدار نمونه‌یه‌ که‌ که‌س و هێزی باوه‌ڕدار چلۆن ده‌توانێ شه‌ڕبکا لێیان فێرببین گرینگ ئه‌وه‌یه‌ بڕوات به‌کێسه‌که‌ت هه‌بێ جا هه‌ر چیه‌ک بێ . ده‌رخستنی توانای سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌ئاستی ڕووداو و پێشهاته‌کانی گۆڕه‌پانه‌که‌ که‌مبین و پڕکورتبینیه‌ .. زیاتر خه‌ریکی عه‌شایه‌ربازی ، پاره‌داری ، قۆرغکردنی بازاڕ و نه‌وت فرۆشتنن به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ باجه‌که‌ی گه‌لی کورد ده‌یدا به‌ڵام بۆ ده‌رکه‌وتنی خۆره‌که‌ ، ڕۆژه‌ بیستویه‌ک تیشکیه‌که‌ی ناو ئاڵاکه‌ی ژانێکی خه‌نده‌ و کۆرپه‌هێنه‌.

Share