Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
په‌‌یامێک بۆ نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی کورد .. ئاسۆ عه‌زیز

1ده‌مه‌وێت به کورتیی و به خێرایی په‌یامێک بگه‌یه‌نم، که بریتییه له گله‌ییه‌کی برایانه نه‌ک دوژمنانه. گله‌ییه‌ک له‌و هه‌موو نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانه‌ی، که ڕۆژانێک دژ به پێشمه‌رگه بوون و دژایه‌تییان ده‌کردن. من نامه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و باسه‌ی، که ئاخۆ پێشمه‌رگه بوونی هه‌یه یان نه‌خێر. به‌ڵام ئیمڕۆ سووپایه‌کی کوردیی هه‌یه، که به‌رگریی له خاکی نیشتمان ده‌کات و شه‌ڕی تیرۆریزم ده‌کات. من ناڵێم چه‌ته، من ناڵێم ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی ئێراق و شام، به‌ڵکوو ده‌ڵێم: جوڵانه‌وه‌یه‌کی تیرۆریستیی. ئه‌مانه تیرۆریستن، تیرۆریستیش هی ئه‌وه نین خاکی خه‌ڵکیی داگیربکه‌ن و بیکه‌ن به وڵات و ده‌وڵه‌تی خۆیان. تیرۆر نابێت حکومڕانیی بکات، به‌ڵکوو ده‌بێت له‌ناو بچێت. لێره‌وه داوا میدیای کوردیی ده‌که‌م، که ناوی ئه‌وانه وه‌ک خۆیان بهێنێت. ئه‌وانه‌ش هیچ نین بێجگه له تیرۆریست. ئه‌وانه چه‌ته نین، چونکه چه‌ته دزه و هه‌ندێکجار تووندوتیژیی به‌کارده‌هێنێت، که له ڕێگایه‌وه یان که‌س بریندار ده‌بێت یان ده‌کووژرێت، نه‌ک قه‌لاچۆی کۆی شار و گوونده‌کان بکات.

حکومه‌تی ئێراق له بوونیه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا دژ به کورد و نیشتمانه‌که‌ی بووه، ئێستاش ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر حسابی کورد، خۆی به‌‌هێزبکاته‌وه و سه‌رله‌نوێ کورد ژێرده‌ستبکاته‌وه. غه‌درێکی گه‌وره‌یه له سلێمانییه‌وه بانگه‌شه‌ی دامه‌زراندنی حکومه‌تی نوێی ئێراق بدرێت و ئێوه‌ش بێده‌نگ بن به‌رانبه‌ری. ئه‌م هه‌موو که‌مپین و ناڕه‌زایه‌تییه‌تان بۆ هه‌موو شت کرد و ده‌ربڕیی، به‌ڵام له‌م کاته هه‌ستیاره‌دا به‌ته‌نگ ئه‌وه‌‌وه نه‌هاتن، که کورد پرسی ده‌وڵه‌تی کوردیی په‌ره‌پێدات و له‌سه‌ر ئاستی جیهان نرخی بۆ په‌یدا بکات. ئازا بوون بۆ کووشتنی ڕۆژنامه‌نووسێک بچنه به‌ر په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و ته‌واوی ئه‌وروپا و ئه‌مێریکا له کورد بهێننه ده‌نگ، به‌ڵام که‌سێکتان بۆ جیابوونه‌وه‌ی کورد له ئێراق نه‌هاتنه سه‌رجاده‌کانی ئه‌وروپا، نه‌چوونه به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، فشارتان نه‌خسته سه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌کان و په‌رله‌مانی کوردستان. داوای هه‌موو شتتانکرد ته‌نها ده‌وڵه‌تێکی کوردیی نه‌بێت، به‌ڵام گله‌ییش له سه‌رکرده‌کان ده‌که‌ن، که ده‌وڵه‌تی کوردییان ناوێت. ده‌وڵه‌ت به سه‌رکرده به‌رهه‌منایه‌ت، به‌ڵکوو به ئیراده‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌رهه‌مدێت.
ئه‌م غه‌دره‌ی له خوشک و برا ئێزیدییه‌کانمان ده‌کرێت، غه‌درێکه هاوشێوه‌ی ئه‌نفال، هاوشێوه‌ی سه‌ره‌تاکانی هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان. ئه‌وه‌تا حیزبه ئیسلامییه‌کانی کوردیش کووشتنی خوشک و برا ئێزیدییه‌کانمان به ڕه‌وا ده‌زانن.
ئه‌م بێده‌نگییه نه‌شکێنن، ئه‌وا ڕۆژێک دێت ئه‌و ده‌تانشکێنێت.
براتان ئاسۆ عه‌زیز
07.08.2014
هۆڵاند

Share