Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
گه‌ڕان به‌دوای جێگاپێی باوکدا .. ئاسۆ عه‌زیز

collageکێ ده‌توانێت تێمانبگات، له‌کاتێکدا ئازاره‌کانمان بریتین له کۆمه‌ڵه هه‌ستێکی تایبه‌ت؟ کێ ئه‌توانێت بماندۆزێته‌وه له‌کاتێکدا، ئه‌و جیهانه‌ی تێیدا ده‌ژیین، بریتییه له جیهانێکی تایبه‌ت. هیچ که‌س زمانی هه‌سته تایبه‌ته‌کانمان نازانێت، هیچ که‌س ڤیزای سه‌فه‌ری جیهانه تایبه‌ته‌کانمانی پێنادرێت. ئه‌مانه وته‌ی پۆڵای هاوڕێمه، که له ئایاری ئیمساڵدا ٢٠١٤، له سه‌فه‌رێکمدا بۆ دانمارک، ئاڕاسته‌ی ده‌کردم. من له دانمارک ده‌گه‌ڕام بۆ دۆزینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک پرسیار، که ساڵانه له ئایاردا هه‌راسانم ده‌کات. من پێموابوو، که پۆڵا ده‌توانێت تێمبگات، به‌ڵام ئه‌و ده‌یگووت: من ته‌نها ده‌توانم گوێگربم، نه‌ک تێتبگه‌م، چونکه ئازاره‌کانی تۆ، کۆمه‌ڵێک ئازاری تایبه‌تن، که هی من نین، ئه‌و جیهانه‌ی که تۆ تێیدا ده‌ژیی، من ناتوانم سنووره‌کانی تێپه‌ڕێنم، چونکه ڕێگامپێنادرێت. ئازاره‌کانی تۆ، ئازارگه‌لێک نین، که نوێبن، به‌ڵکوو ته‌مه‌نی ئازاره‌کانت به‌قه‌د ته‌مه‌نی خۆته.
هه‌ربۆیه هیچ که‌سێک نییه، بتوانێت له ئازاره‌کانی پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێریین تێبگات، نه دایک و باوک، نه خوشک و برا، نه ژن، نه منداڵ ناتوانن له ئازاره‌کانی پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێریین تێبگه‌ن. ئه‌وان به‌س ده‌توانن گوێبگرن یان بینه‌ربن، ئه‌و هه‌ستانه‌ی، که تێیاندا دروست ده‌بێت، هی خۆیانه نه‌ک هی ئێمه. هه‌مانکات هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین، خاوه‌نی ژیاننامه‌یه‌کی تایبه‌ته به خۆی، خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک هه‌ست و ئازاره به خۆی، که هی که‌سمان له‌وه‌ی ترمان ناچێت.
ئیمڕۆ دوای ده‌یان ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر مێژووی پێشمه‌رگایه‌تییماندا، نه‌وه‌یه‌ک هه‌یه، ده‌یانه‌وێت تێمانبگه‌ن. به‌شێکی ئه‌م نه‌وه‌یه، بریتیین له منداڵه‌کانمان، که ئیمڕۆ له ته‌مه‌نێکدان چ شانازیی به مێژووی باوکیانه‌وه ده‌که‌ن و چ ده‌شیانه‌وێت له ژیانی باوکیان تێبگه‌ن. ئه‌مه به‌ده‌رله‌وه‌ی، که نه‌وه‌یه‌کی تر هه‌یه، به‌داخه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه نرخی باوکیان ده‌زانن، نه نرخی بوونیشیان له کۆمه‌ڵدا پێده‌زانن. ئه‌مانه خاوه‌نی ئازارێکن، که هیچ که‌س نه توانای ڕزگارکردنیانی هه‌یه نه تێگه‌یشتنیانی هه‌یه.
ئازیزی کوڕی من یه‌‌کێکه له‌و نه‌وانه‌ی، که ده‌یه‌وێت له ئازاره‌کانی باوکی بگات، هه‌ربۆیه له گه‌ڕانیدا به‌دوای جێگاپێکانی باوکیدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه کوردستان و سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه ده‌کات، که باوکی تێیدا ئازاری چه‌شتووه، پێشمه‌رگه بووه. ئازیز له ئه‌منه‌سووره‌که‌ی سلێمانییه‌وه د‌‌ه‌ستپێده‌کات. سه‌ردانی ئه‌و هۆده‌یه ده‌کات، که من تێیدا زیندانی سیاسیی بووم، ده‌چێته هۆده‌ی ئه‌شکه‌نجه‌دانه‌وه و ده‌یه‌وێت له‌و ئازاره بگات، که زیندانێکی سیاسیی له‌کاتی ئه‌شکه‌نجه‌دانیدا هه‌یبووه. ده‌چێته ئه‌و گووندانه‌ی، که تێیدا پێشمه‌رگه بووم.
ئازیز ده‌یه‌وێت له هه‌سته‌کانی شه‌هید شێرکۆی مامیشی بگات، هه‌ربۆیه به خۆشییه‌وه جلی که‌تافیی پێشمه‌رگانه ده‌پۆشێت و ئه‌و تاقم و تفه‌نگه‌ی شه‌هید شێرکۆ، که وه‌ک یادگار ماوه‌ته‌وه ده‌به‌ستێت. لێره‌وه به‌خته‌وه‌رم به ئازیز، که کوڕمه، به‌خته‌وه‌رم به‌وه‌ی، که ده‌یه‌وێت له مامی و له من بگات. به‌ڵام ئازیز گیان هیچ که‌سێک توانای ڕزگارکردنی ئێمه‌ی له‌م خه‌مانه‌ماندا نییه، بێجگه له خۆمان نه‌بێت، ئێمه پێویسته 1خۆمان ڕێگای ڕزگارکردنی خۆمان بدۆزینه‌وه. سووپاس بۆ ئه‌و هه‌ستانه‌ی، که پیشانتداوه، سووپاس که هه‌یت.
31.08.2014
ئاسۆ عزیز
Holland

Share