Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
یارمه‌تی به‌عسی مه‌ده‌ن و بت دروست مه‌كه‌ن و گوێ له‌ دوژمن مه‌گرن .. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

ده‌مێكه‌ به‌رپرسانی كوردستان به‌ هه‌موو ره‌نگه‌كانیانه‌وه‌ تووشی سه‌ركێشی و خۆ بایی و خۆ به‌زل زانین بوونه‌و گوێ له‌ خواست و داواكانی گه‌ل ناگرن و به‌ ئاره‌ززی خۆیان سه‌ره‌رای هه‌ڵبژاردن و بوونی په‌رله‌مان نه‌خشه‌و پلان دائه‌نێن و سیاسه‌تی وڵات دائه‌رێژن و زۆر كه‌ره‌ت دووچاری دڵه‌راوكی و په‌له‌په‌ل ئه‌بنه‌وه‌و لێدوانی سه‌یر سه‌یر رائه‌گه‌یێنن و ‌پاشان له‌ بری سه‌ربه‌رزی و راستگۆیی تووشی ریسوایی ئه‌بنه‌وه‌.
سیاسه‌ت له‌ جیهانی ئه‌مرۆدا گۆراوه‌و زۆر له‌ وڵاته‌ بچكۆله‌كان خۆیان له‌ گه‌ڵ وڵاته‌ گه‌وره‌كان گرێداوه‌و، كوردستانیش وه‌ك وڵاتێكی دابه‌شكراو به‌ سه‌ر وڵاتانی ترداو له‌ رێی خه‌بات و تێكۆشانی بێوچان هه‌وڵی گۆرانكاری داوه‌‌و، هه‌زاران رۆڵه‌ی به‌ ئه‌مه‌كی بوونه‌ته‌ قوربانی و خوێنی ئاڵیان به‌خشیوه‌ له‌ پێناو ئازادی و سه‌رفه‌رازیدا.
هه‌رێمی كوردستان به‌ زۆر لكێنراو به‌ عێراق وه‌ك به‌شێك له‌ كوردستانی گه‌وره‌ بێبه‌ش نه‌بووه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشان و. رۆڵێكی سه‌ره‌كی بینیوه‌و‌، به‌ خوێنی لاوه‌كانی ئه‌و خه‌بات و تێكۆشانه‌ی هه‌میشه‌ جۆشداوه‌و په‌ره‌ی سه‌ندووه‌و، به‌ره‌نگاری دوژمنان و تۆپ و تانك و فروكه‌و چه‌كی كیمیاوی بووه‌ته‌وه‌و، قه‌ت سه‌ری نه‌وی نه‌كردووه، بۆیه ئه‌م هه‌رێمه‌‌ گه‌راوه‌و ئه‌گه‌رێت به‌ دووای هه‌موو هه‌ل و مه‌رجێك و بارودۆخێك بیقۆزێته‌وه‌و بتوانێت له‌و سونگه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی توكمه‌و به‌هێز له‌ رووی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ گه‌ڵ وڵاتاتی مرۆڤدۆست و دیموكراسی و خاوه‌ن ئه‌زمون وه‌ك وڵاتانی ئه‌وروپا دروست بكات.
به‌رپرسه‌كانی كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ی خواستی گه‌ل خۆیان خستوه‌ته‌ بنده‌ستی ئه‌و وڵاتانه‌ كه‌ كوردستان له‌ بنده‌ستیانه‌و، رۆژێك له‌ رۆژان به‌رنگاری كاره‌ پۆخڵاواته‌كانیان نه‌بوونه‌ته‌وه‌و به‌رامبه‌ریان نه‌وه‌ستاون، وه‌ك تۆپبارانی ناوچه‌كان و ئاو برین و، ده‌ستتێوه‌ردان له‌ كاروباری رۆژانه‌ی ناوخۆو، زۆر گوێ رایه‌ڵن بۆ ئامۆژگارییه‌كانیان و، جێبه‌جێ كردنی نه‌خشه‌ گڵاوه‌كانیان و، تا ئێستا سوپای هه‌تیوه‌كانی ئه‌تاتورك له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی پارێزگای دهۆك‌ بوونیان هه‌یه‌و، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد كوردستانه خاكه‌كه‌مان به‌جێبێڵن و، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌بێ سه‌ركردایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت هه‌ڵوێست وه‌ربگرن.
‌پێشوازی كردن له‌ دوژمنانی كه‌لی كوردستان جێی شه‌رمه‌زارییه‌و كارێكی قیزه‌وه‌نه‌و، به‌رپرسانی كوردستان له‌ مێژه‌وه‌ داڵده‌ی به‌عسییه‌ بیفه‌رو گومراكان و عه‌ره‌به‌ ترسنۆكه‌كان به‌ ناو ""شورشگێرانی عه‌شایه‌ر"" ئه‌ده‌ن و، به‌ جوانی خزمه‌تیان ئه‌كه‌ن و به‌باشی ئه‌یانپارێزن و، پرۆسه‌ی ئه‌نفالی چه‌په‌ڵ و سه‌رنگون كردنی هه‌زاران هه‌زار له‌ مناڵ و ژن و پیرو په‌ككه‌وته‌و خه‌ڵكی سڤیلی كوردستان و خاپور كردنی هه‌ڵه‌بجه‌و زیاتر له‌ چوار هه‌زارو چوار سه‌د گوندو ئاوایی و شاروچكه‌و درنده‌یی رژێمه‌ خوێنمژه‌كه‌ی سه‌دام حسه‌ینیان له‌ بیر نه‌ماوه.‌
حكومه‌ته‌كانی پاش نه‌مانی رژێمه‌كه‌ی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ سه‌ر بنه‌مای تایفه‌گه‌ری و رێكه‌وتنی (ته‌وافق) ی سیاسی پێكهێنراون و، ئه‌م جۆره‌ حكومه‌تانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو نابن و، له‌م رۆژانه‌شداو پاش ئه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی نوری المالكی بۆ جاری سێیه‌م نوێ نه‌كرایه‌وه‌، به‌رێز سه‌روكی كۆمار فۆئاد مه‌عسوم حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی راسپارد بۆ دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی نوێ و، وا دیاره‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌م حكومه‌ته‌ نوێیه‌شدا هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان قه‌وان به‌رێوه‌ ئه‌چێت و، له‌ سه‌ر بنه‌مای حزبی و سیاسی و تایفه‌گه‌ری ئه‌بێت و، دوور له‌ ده‌ستپاكی و تواناو لێهاتوویی و، دووریش نییه‌ له‌ حكومه‌ته‌كانی پێشوو خراپتر بێت به‌ هوێ ده‌ستێوه‌ردانی سعودییه‌و ئێران و توركیاو ئه‌مریكا.
ئه‌وه‌ی سه‌یره‌و له‌ هه‌مان كاتیشدا زۆر تاڵه‌ زۆر لایه‌ن به‌ ناوی حكومه‌تی بنكه‌ فراوان و (شه‌راكه‌ت) پشتگیری حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی و به‌عسییه‌كانی رژێمه‌ دكتاتۆرییه‌كه‌ی سه‌دام حسه‌ین ئه‌كه‌ن و، كوردیش له‌ رێی به‌رپرسانه‌وه‌ له‌و كاره‌ گڵاوه‌ شان به‌ شان هه‌تیوه‌كانی ئه‌تاتورك و ئه‌مریكا پشكیان هه‌یه‌و بێبه‌ش نین.
ئه‌مریكا سه‌ر له‌ نوێ و ئه‌مجاره‌یان به‌ناوی سوننه‌وه‌ هه‌وڵ ئه‌دات به‌عسییه‌كان ‌بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی عێراق و، هه‌روا هه‌وڵیش ئه‌دات ئه‌وانه‌ی له‌ لایه‌ن دادگاكانه‌وه‌ به‌ تومه‌تی كوشتن و ته‌قینه‌وه‌ داوا كراون بگه‌رێنه‌وه‌و، داشیان سواره‌و ده‌رگای گه‌رانه‌وه‌یان واڵایه‌و، دوور نییه‌ پیاوانی به‌عس طارق عه‌زیزو سلطان هاشم به‌ره‌ڵا بكرێن. .
به‌ گه‌رانه‌وه‌ی حزبی به‌عسی خوێنرێژو یارمه‌تیدانی ئه‌مریكا و سه‌روك په‌رله‌مانی عێراق سه‌لیم ئه‌لجبوری كه‌ خۆشی به‌ (10) ده‌ تومه‌ت تاوانباره‌ باری گه‌لی كوردستان قورستر ئه‌بێت و، هه‌رچی له‌م دوواییه‌دا له‌ عێراق روویداوه‌ به‌ هوێ به‌عسییه‌كان و ئیخوان ئه‌لموسلمین بووه‌ ته‌نانه‌ت گرتنی شاری موسل له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ی ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی ئوسامه‌ ئه‌لنوجه‌یفی "سه‌رۆك په‌رله‌مانی عێراق" و ئه‌یاد ئه‌لسامه‌رائی سه‌رۆكی حزبی ئیسلامی عێراق بۆ توركیاو چاوپێكه‌وتن و گفتگۆ كردن له‌ گه‌ڵ ترسنۆكی هه‌ڵاتوو طارق ئه‌لهاشمی و نه‌خشه‌دانان بۆ ئه‌و كاره‌ تێرۆریستییه‌و جێبه‌جێ كردنی له‌ لایه‌ن هێزه‌ گومراكه‌ی داعشه‌وه‌‌ به‌ پشتیوانی توركیاوه‌.
به‌رپرسانی كورد خۆیان به‌ بچوك ئه‌زانن به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنان و كه‌سانی ترو، و هه‌ر خۆشیان بت بۆ خۆیان دروست ئه‌كه‌ن و، پاشان ئه‌و بتانه‌ ئه‌بنه‌ مۆته‌كه‌ له‌‌ سه‌ر دڵی خه‌ڵكی بێتاوانی گه‌له‌كه‌مان، بۆ نموونه‌ كابرایه‌كی كاڵفامی ده‌به‌نگ و گه‌لحۆ وه‌ك هادی ئه‌لعامری به‌ناو فه‌رمانده‌ی به‌در كێیه‌ بایه‌خی پێبدرێت؟.
هێزی به‌در له‌لایه‌ن رژێمی ئێرانه‌وه‌ له‌ كاتی جه‌نگی عێراق – ئێران دروستكراو هادی ئه‌لعامری كرا به‌ سه‌رۆكی ئه‌و هێزه‌و، بوو به‌‌ دانیشتووی ئێران و قه‌ت نه‌ خۆی و نه‌ هێزه‌كه‌ی خاكی عێراقیان به‌ چاو نه‌دیوه‌ ته‌نها دوو جار نه‌بێت هاتووه‌ته‌ كوردستان، یه‌كه‌میان له‌ كاتی پروسه‌ چه‌په‌ڵه‌كانی ئه‌نفالی به‌دناو بۆ دوو رۆژ هاتنه‌ ده‌وروبه‌ری چرچه‌قه‌لا له‌ نزیك ده‌ربه‌ندیخان و، دووه‌میان له‌ كاتێ رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسه‌ین رووخا هاتنه‌ دێ حه‌سار له‌ هورین وشیخانی خانه‌قین كه‌ دوو سێ كیلومه‌تر له‌ سنووری ئێرانه‌وه‌ دووره‌و، كه‌س نه‌چوو به‌ پیریانه‌وه‌و، ناوچه‌كه‌یان به‌جێهێشت و، گه‌رانه‌وه‌ بۆ ئێران و، له‌ پاش نه‌مانی رژێمی دیكتاتۆری عێراق به‌ده‌ر له‌ به‌غدا گردبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامداو، یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی كوردستان ووتاری خوێنده‌وه‌و باسی ئازایه‌تی و خه‌باتی به‌دریان كردو، هه‌موو قسه‌كانی دوور بوون له‌ راستی (نه‌ خه‌بات و نه‌ ته‌ره‌ماش) و، ته‌نها بۆ ئارایش كردن و رازی بوونیان بوو، نه‌وه‌ك دڵگران بن!.
له‌ رۆژی ئازاد كردنی شارۆچكه‌ی ئامرلی سه‌ر به‌ قه‌زای خورماتوو له‌لایه‌ن هیزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزێكی شیعه‌ به‌ناو (الحشد الشعبی) به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی ئه‌لعامری، هه‌ر خودی ئه‌م كابرایه‌ سوپاسی رۆڵی پێشمه‌رگه‌ی كردو، به‌ڵام له‌ هه‌مووی سه‌یرتر رۆژێك له‌ پاش ئه‌و پیاهه‌ڵدان و باس كردنی رۆڵی پێشمه‌رگه‌و له‌ كونفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له‌ كه‌ركوك و، به‌ ئاماده‌ بوونی پارێزگار نه‌جمه‌دین كه‌ریم، هادی العامری كه‌وته‌ هه‌ره‌شه‌و گوره‌شه‌ دژ به‌ پێشمه‌رگه‌ و وتی: نابێت له‌م شاره‌و له‌و شوێنانه‌ی "سوپا" ی عێراق چۆڵی كردوه‌و به‌ جێیهێشتووه‌ پێشمه‌رگه‌ی لێبێت و، هه‌روا هه‌ندێ وراوه‌ی تری كرد..
‌به‌ هۆێ بارودۆخی عێراق و گرتنی شه‌نگاڵ و زوممار له‌ لایه‌ن هێزه‌ ره‌شه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئێسلامییه‌وه‌ (داعش) خه‌ڵك به‌ لێشاو هه‌ڵهاتوون و، پێویسته‌ ده‌زگای ئاسایش له‌ كوردستان زۆر وریا بن، چونكه‌ بمانه‌وێ یان نه‌مانه‌وێ ده‌یان و سه‌دان و زیاتر كه‌سانی خراپ و تێرۆریست و به‌عسی و كه‌سانی رژێمی پێشووی عێراق هاتوونه‌ته‌ كوردستان و، وه‌ك له‌ میدیاو ته‌له‌فزیۆنه‌كان بڵاو كرایه‌وه‌ برایه‌كی عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید (عه‌لی كیمیاوی) و خۆشكه‌زاێێكی به‌ دزه‌ گه‌یشتبوونه‌ سلێمانی و خۆشبه‌ختانه‌ كاتێ ویستیان له‌ فرۆگه‌خانه‌ی سلێمانییه‌وه‌ هه‌ڵبێن له‌ لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ گیران.
ئێمه‌ی كورد خۆمان ئاماد كردووه‌ گوێمان له‌ هه‌واڵی خۆش بێت و جاری سه‌ربه‌خۆیی ببستین و، به‌رپرسان و خودی به‌رێز مه‌سعود بارزانی ووتیان ئیتر ماده‌ی 140 نه‌ماوه‌، چی دوێنی به‌رێز دكتۆر محه‌مه‌د ئیحسان سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ ""ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم"" ئه‌ڵێـت: بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكه‌ین، ئه‌بێ ده‌ست له‌ هه‌ندی خاكی كوردستان هه‌ڵبگرین، ئه‌م بۆچوونه‌ی به‌رێزیان له‌ كه‌ناڵی ""رووداو"" بڵاو كرایه‌وه‌و، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌واڵه‌ راست بێت، ئه‌بێته‌ پاساو بۆ قسه‌ی به‌رپرسانی كوردستان كه‌ زۆر به‌ په‌له‌ كه‌وتنه‌ لێدوان له‌ پاش ئه‌وه‌ی سوپای عێراق ناوچه‌ دابراوه‌كانی كوردستانیان به‌جێهێشت.
8/9/2014

Share