Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
پرسه‌یه‌ک بۆ شه‌هید نیگار له شاری ئاڕنێمی هۆڵاند ..ئاسۆ عەزیز

unnamed

ئه‌گه‌ر دراوسێی ماڵه به‌رپرسێک بمرێت، ئه‌وا هه‌زاران په‌یام به ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئاڕاسته‌ی به‌رپرسه‌که ده‌کرێت. هه‌زاران که‌س له ماڵپه‌ڕ و لاپه‌ڕه پریڤاته‌کانی فه‌یسبووکی خۆیاندا، په‌یام بۆ کاکی به‌رپرس ده‌نێرن، ئینجا چیی ڕووده‌دات، ئه‌گه‌ر بێتوو برایه‌ک، خوشکێک، کوڕێک، کچێک، دایک، باوکی ...هتد.ی کاکی به‌رپرس بمرێت؟
نیگار حوسه‌ینیی یه‌که‌میین کچه‌ پێشمه‌رگه‌ی خۆرهه‌ڵاته، که له شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشدا ژیانی ده‌کاته قوربانیی باشووری کوردستان و خوێنی تێکه‌ڵ به خاک و خۆڵی که‌رکووک ده‌کات. که‌رکووک ئه‌و شاره‌ی شاده‌ماری ژیانی کورده له‌سه‌ر ئاستی کوردستانی گه‌وره و دوژمنانی کوردیش به هه‌موو توانا و ویستی خۆیانه‌وه هه‌وڵی هه‌ڵکێشانی ده‌ده‌ن.
ڕاسته دایک و باوکی نیگار له هه‌ولێرن، به‌ڵام ده‌بوایه وه‌ک پشتگیرییه‌کی مۆڕاڵیی هه‌موومان له‌و پرسه‌یه‌دا به‌شداربووینایه. به‌‌شداربوون به فاتیحایه‌ک نا، چونکه ئه‌وانه‌ی نیگاریان شه‌هیدکرد فاتیحاخوێن بوون. به‌شداربووینایه به خوله‌کێک ئارامیی له‌به‌رنبه‌ر ڕۆحی نیگاردا.
نیگار، نیگاری جوانیی ته‌بایی کوردی له شه‌هیدبوونیا بۆ کێشاین. نیگار، نیگاری هێزی کوردی له پێکه‌وه‌بوونماندا و ئاماده‌بوونماندا بۆ برایه‌تیی و ئاشتبوونه‌وه بۆ کێشاین. نیگار، نیگاری مه‌رگی خۆی له سروودی شه‌هیداندا بۆ کێشاین، وه‌کئه‌وه‌ی هه‌واڵی مه‌رگی خۆی، پێش مردنی پێگه‌یشتبێت و به‌وپه‌ڕی عه‌شقه‌وه، ئاهه‌نگی مردنی خۆی بۆ که‌سوکار و هاوڕێیانی پێشمه‌رگه‌ی گێڕا.
به‌ڵام بۆچیی ئێمه درێژه‌ به ئاهه‌نگی به نیگاره جوانه‌کانی نیگار بۆ کوردستان نه‌ده‌ین؟ بۆچیی نه‌هاتن چڵه‌ گوڵه‌باخێکی سوور له‌بری فاتیحایه‌ک له‌پێش وێنه‌که‌یدا دابنێن؟ بۆچیی نه‌هاتن خوله‌کێک به ئارامیی ڕابوه‌ستن و بیر له نیگار بکه‌نه‌وه؟ ده‌زانم ئێستا، پێده‌چێت هه‌ندێکتان هه‌ست به هه‌ڵه‌ی خۆتان بکه‌ن و هه‌ندێکیشتان خه‌ریکی دۆزینه‌وه‌ی بیانووبن بۆ نه‌هاتنه‌که‌تان.
له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و خۆشه‌ویستییمدا بۆ هه‌موولایه‌ک، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بپرسم هه‌تاکه‌ی ده‌تانه‌وێت له پرسه‌ی که‌سوکارتاندا فاتیحا دابده‌ن و قورئان بخوێنن؟ به‌تایبه‌ت له شه‌ڕێکی وه‌هادا دژ به ئیسلامه فاشیسته‌‌کان، که به الله و اکبره‌وه سه‌رمان ده‌بڕن، له‌گه‌ڵ بینایه‌کدا ده‌مانته‌قێننه‌وه، که‌چیی ئێمه دیسانه‌وه له خزمه‌تی ئیسلامی فاشییدا له مزگه‌وتێکدا پرسه ده‌گێڕین، قورئان ده‌خوێنین و فاتیحا داده‌ین. بۆچیی له هۆڵێکدا نه‌بێت؟ بۆچیی له هۆڵێکدا کۆنابنه‌وه، گوێ له موسیکێکی ئارام ناگرن مۆمێکی بچکۆلانه بۆ که‌سی مردوو داناگیرسێنن، چڵه گوڵێکی تولپن یان گوڵه‌باخ دانانێن؟ ناخۆشحاڵیی خۆتان به یه‌کتریی و که‌سوکاری مردووه‌که بگه‌یه‌نن. چ پێویست ده‌کات به که‌سوکاری مردووه‌که بڵێین: خوا لێیخۆش بێت؟ بۆچیی که‌سی مردوو تاوانباره هه‌تا خوا لێیخۆش بێت؟ ئاخۆ تاوانبارکردنی که‌سێکی مردوو ڕه‌وایه؟
دواکات من پشتگیرییه‌کی مۆڕاڵیی به‌رانبه‌ر به شه‌هید نیگار به پێویست ده‌زانم و هه‌ریه‌کێکیش له ئێمه له جێگای خۆیه‌وه به‌پێی بوونیه‌تی خۆی ئاماده‌گیی ئه‌م هاوکارییه‌ی یان تێدایه یان نا. شه‌ڕی داعش، شه‌ڕێکه دژ به فاشییه‌ت، شه‌ڕێکه دژ به تیرۆر، که هه‌ریه‌که له جێگای خۆیه‌وه به‌شێوه‌یه‌ک به‌شداره تێیدا. نیگار حوسه‌ینیی وه‌ک پێشمه‌رگه، تۆ و فڵان و فیسار وه‌ک قسه‌که‌ر، من و فڵان و فیسار به نووسین، تۆ و فڵان و فیسار به کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ک ...هتد.
نیگار نموونه‌ی پێشمه‌رگه‌یه، نموونه‌یه‌ک، که من له ڕێگایه‌وه، سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیی خۆمم بیرده‌که‌وته‌وه. دیاره له‌و کاته‌شدا تاکی پێشمه‌رگه هه‌بووه، که ڕه‌فتاره‌کانی هی پێشمه‌رگه نه‌بووه، وه‌کوو چلۆن ئێستا هه‌ندێک تاک له به‌ره‌کانی جه‌نگی داعشدا ناویان لێنراوه پێشمه‌رگه و به‌ڵام کرده‌کانیان هی پێشمه‌رگه نییه. بۆ نموونه پێشمه‌رگه ناچێت سه‌ری داعشێک ببڕێت و بیخاته سه‌رده‌ستی و به مۆبایله‌که‌ی چ ڤیدیۆ و چ وێنه‌ی بگرێت و له فه‌یسبووکدا بڵاوی بکاته‌وه. پێشمه‌رگه‌یه‌ک ناچێت ئه‌شکه‌نجه‌ی دیلێکی داعش بدات و به شه‌ق کلکه تفه‌نگ تێیبکه‌وێت ....هتد. هه‌موو ئه‌مانه ئیشی تیرۆریسته، ئیشی خه‌ڵکانی فاشییه نه‌ک پێشمه‌رگه. واته کاتێک ئێمه وه‌ک پێشمه‌رگه ده‌جه‌نگین، پێویسته به ڕۆح و بیرکردنه‌وه‌ش پێشمه‌رگه بین. کرداره‌کانمان پێویسته سیمبوڵی جیاکردنه‌وه‌مان بێت له تیرۆریستان. خۆئه‌گه‌ر ڤیدیۆ سه‌ربڕینی داعشێکی ئاوها ده‌ست میدیای ئه‌وروپیی بکه‌وێت، ده‌شێت لێیان تێکبچێت و بڵێن، پێشمه‌رگه‌کان داعشن و خه‌ریکی سه‌ربڕینی پێشمه‌رگه‌یه‌کن.
ئاسۆ عەزیز

15.09.2014

هۆڵاند

 

 unnamed 1

 

 

 

 

Share