Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
له‌ دیدارێكدا له‌ نێوان ئه‌نجومه‌نی خانمان و كونسوڵی به‌ریتانیا هاوكاری به‌ریتانیا بۆ پاڵپشتی كردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری سیاسی و مرۆیی و سه‌ربازی دووپات كرایه‌وه‌ .. دلێر ئیبراهیم

-ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30/9/2014 خاتوو په‌خشان زه‌نگنه‌ ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان به‌ئاماده‌بوونی فلۆرین گۆرگیس به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی له‌ ئه‌نجومه‌ن، پێشوازی له‌ "ئه‌نگس ماك كی" كونسوڵی گشتی نوێی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
سه‌ره‌تا خاتوو په‌خشان زه‌نگنه‌ پیرۆزبایی له‌ كونسوڵی به‌ریتانیا كرد به‌بۆنه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ كارو چالاكییه‌كانیدا.. له‌ دیداره‌كه‌دا داكۆكی له‌سه‌ر گرنگی هاوكاری زیاتری به‌ریتانیا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تی له‌ بواره‌كانی سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌، تا رێگه‌ له‌ به‌رده‌وامبوونی ئه‌م بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ بگیرێت كه‌ رووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان بۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها پشتگیریی زیاتری هه‌رێمی كوردستان بكرێت له‌ شه‌ڕی دژه‌ تیرۆدا..
له‌ دیداره‌كه‌دا گۆڕانكارییه‌ دراماتیكییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ى هه‌رێمی كوردستان و زیادبوونی رێژه‌ى ئاواره‌كان و بارودۆخی ژنان و منداڵانی ئاواره‌ خرایه‌ به‌رباس و داكۆكی له‌سه‌ر هاوكاری به‌ریتانیا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا وێڕای به‌رزنرخاندنی رۆلی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوولای به‌پێویستزانی سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ گه‌شه‌پێدانی ژنان و هێنانه‌دی مافه‌كانیانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی بایه‌خدان به‌ ره‌وشی ژنان و منداڵانی ئاواره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی ئه‌و ئافره‌ته‌ ئێزیدیانه‌ خرایه‌ به‌رباس، كه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ رفێندراون و چاره‌نووسیان نادیاره‌ و هه‌ندێكیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵی جددی بدات بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانیان، له‌گه‌ڵ به‌جیهانی ناساندنی ئه‌م تاوانه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ى گروپی تیرۆریستی داعش.. هه‌روه‌ها هه‌ردوولا له‌سه‌ر چه‌ند خالێك بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوانیان رێككه‌وتن.

Share