Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
نامه‌ نامۆیەكان نامه‌ی دووەم ئەندێشەیەکی نادیار

1ئه‌ی ئەندێشە برۆنزییە‌كه‌ تۆ له‌ كوێی؟! هه‌موو كیشوه‌ره‌كانی زه‌وی به‌ دواتد گه‌ڕام هه‌ر نه‌مدۆزیته‌وه‌، له‌ كۆتاییدا تۆ هه‌ر له‌ دەڤەری دڵی مندا بوونت هه‌یه‌...


له‌ ئەندێشەمدا هه‌زاران نه‌خشه‌ی تارماییم كێشا تا له‌ راستیی بوونت تێ‌ بگه‌م كه‌چی تۆ هه‌ر دە‌بیته‌وه‌ به‌ ئەندێشە، چ گومانێکی پیرۆزی تۆ بۆ له‌ سێداره‌دانی هه‌سته‌كانی من! ئه‌ی پێت نەگوتم (تۆ له‌ مرۆڤه‌كانی ئه‌م سه‌ر زه‌وییە‌ ناچی له‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی تره‌وه‌ هاتووی كه‌ تا ئێستا كه‌س هه‌ستی به‌ بوونی نه‌كردووه‌ تەنیا من نه‌بێ!)، تۆ ئێواره‌یه‌کی له‌ كاتی ئاوابووندا هاتی و پێت گوتم (باوه‌شم پێداکە‌.. له‌ خۆشه‌ویستیی زۆرم بۆت زمانم نایه‌ته‌ گۆ.. چه‌ند سه‌رسامم به‌م هه‌سته..‌ ته‌نیا باوه‌شم پێدا بکە‌!) كه‌چی ئێستا ئەندێشەکان بوونه‌ته‌وه‌ ئەندێشە و وه‌ك په‌پووله‌ پایزییە‌كان به‌ ده‌م باوه‌ پیاسه‌ ده‌كه‌ن...

هاوڕێ‌ تووره‌م لێت وه‌ك تووڕه‌یی منداڵێكی فریشته‌ ئاسا كه‌ تێ‌ ناگات و تەنیا تووڕه‌ دە‌بێ، نیگه‌رانم وه‌ك ئه‌و ساتانه‌ی زه‌مه‌ن كه‌ هه‌ر دەڕوا و ناتوانێ بوه‌ستێ، بێ‌ ئارامم وه‌ك بێ‌ ئۆقره‌یی میلی كاتژمێر، سه‌یره‌ ناتوانم ده‌ستت لێ‌ بدەم.. ئاخر ئه‌ستێره‌كانی ئاسمانیش هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه‌ كاتێ‌ خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینن سه‌ما له‌گه‌ڵ یەکدا بكه‌ن!

پێم گوتی مرۆڤه‌كان هه‌موویان ده‌مامكدارن، هه‌موویان دڕنده‌ن، خاڵین له‌ ئەوین.. له‌ بێوەیی.. له‌ راستگۆیی.. زۆر ده‌ترسم ژه‌هرخواردیان كردبی و جارێكی تر هه‌رگیز ده‌نگت نه‌یه‌ته‌ گوێم! له‌ بێ‌ ده‌نگییت بێزارم بێزار.. نا هاوڕێ‌ نامه‌وێ وا بمرم، دڵم نه‌وه‌ستێنی به‌ بینینی ته‌رمه‌كه‌ت له‌ سووچێكی كه‌لاوه‌كانی شار!

ئه‌وان كه‌ ناتوانن له‌ گریانی هه‌ور تێبگەن ئیتر چۆن له‌ فرمێسكه‌كانی دڵی من! ئه‌وان كه‌ په‌ڕه‌ی گوڵه‌كان ده‌وه‌رێنن ئیتر چ ئومێدێك بۆ هه‌ستی من! كه‌ست بینیوه‌ به‌رد بگرێته‌ په‌پووله‌؟! ئه‌ی هاوار په‌پووله‌ی شه‌هید ده‌بینم من! ده‌سا ساقی پێكێك تێ كه‌ با بێ‌ ئاگا بم بۆ چه‌ند ساتێك من، بێ‌ ئاگا بم له‌ جەور و سته‌م له‌ درۆ و خیانه‌ت، چه‌ند شه‌رمه‌زارم به‌ مرۆڤبوونی خۆم كاتێك ئاكاره‌كانی مرۆڤه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌بینم.. ئاخر هاوڕێ‌ مرۆڤ تەنیا وشه‌یه‌كی رووكه‌شه‌ و هه‌موو به‌ها جه‌وهه‌رییە‌كانی له‌ ده‌ست داوه‌!

بۆیه‌ هه‌میشه‌ یاخیبوونم خۆشویستوه‌.. له‌ نامۆبوونم چێژم وه‌رگرتوه‌ بۆیه‌ په‌شیمان نیم له‌ ناسینت.. به‌ تۆ دڵخۆش ده‌بووم چونكه‌ تۆ ئەندێشە بووی ئەندێشە.. ده‌متوانی باڵه‌كانت ببینم كه‌ ده‌فڕی به‌ ئاسماندا.. تۆ چ نه‌وڕه‌سێكی بێ‌ ناسنامه‌ی كه‌ناره‌كانی دڵی من بووی!

چش له‌ بێزارییم.. ئیتر ناڵێم بۆ ماوه‌یه‌كه‌ بێ‌ ده‌نگی؟! بێ‌ ده‌نگ به‌ هاوڕێ‌ نه‌وه‌ك مرۆڤه‌كان پێت بزانن و ئاگرێكت پێ‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌ چوار ده‌ورتدا تا سپێدە سه‌ما بكه‌ن و بخولێنه‌وه‌، ئاخر ئه‌وان تامه‌زرۆن بۆ شێواندنی تابلۆی ئەندێشە.. ئاخر ئه‌وان هه‌رگیز ناتوانن خه‌ون ببینن بۆ چوونه‌ ناو باوه‌شی مانگ!

ئه‌ی ئەندێشە برۆنزییەکە‌ تۆ له‌ كوێی؟! هه‌موو كیشوه‌ره‌كانی زه‌وی به‌ دواتدا گه‌ڕام هه‌ر نه‌مدۆزیته‌وه، له‌ كۆتاییدا تۆ هه‌ر له‌ دەڤەری دڵی مندا بوونت هه‌یه‌.


سلێمانی
دانه‌ر

Share