Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
خه‌م و‌ه‌ک چاره‌نووسێکی تووڕه لێمان .. ئاسۆ عزیز میرزا

shahehehکێشه‌کانی پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین، کێشه‌گه‌لێکن، که له کێشه‌ی هیچ که‌سێکی تر ناچن. کێشه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌کی تری دێریندا دیسانه‌وه له‌یه‌کناچن و هه‌ریه‌که‌یان بۆ خۆیان کێشه‌گه‌لێکی تایبه‌تن به هه‌ریه‌که خۆیان. ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێرین، چونکه هه‌موومان خاوه‌نی کێشه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌مان، که نه له حکومه‌ت و نه له حیزبدا خاوه‌نی پۆستی باڵا و سه‌رمایه‌ی گه‌وره نین، جا چ له کوردستان و چ ئه‌وانه‌شمان، که له ئه‌وروپا ده‌ژین، هه‌ستمان بۆ کێشه‌کانی یه‌کتر هه‌یه هه‌ستبوون به‌و مانایه نا، که بڵێین تێده‌گه‌ین، به‌ڵکوو به‌و مانایه‌ی، که بزانین ژیان چلۆنه له‌گه‌ڵ کێشه‌دا.هاوڕێ جه‌بار یه‌کێکه له‌و پێشمه‌رگه دێرینانه‌ی، که له ئه‌وروپا ده‌ژیی و وه‌ک به‌شێکی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌کان خاوه‌نی خه‌م و کێشه‌ی تایبه‌ته، که ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێرینی هاوڕێی خاوه‌نی هه‌ستین بۆ خه‌م و کێشه‌کانی. هاوڕێ جه‌بار خاوه‌نی که‌یوانێکه، که وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌ڕۆک شوێنێکی جێگیری نه‌بوو. که وه‌ک بناوانێکی ماڵ وێنه‌ی کابانێک بوو. هاوڕێ جه‌بار هه‌موو ئه‌مانه‌ی له یه‌ک وشه‌دا کۆکردبۆوه و کردبوویه ناوی کوڕه‌که‌ی، که ئه‌ویش "که‌یوان"ه.ئێمه ئێستا له خه‌می هاوڕێیه‌کی پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێریندا ئه‌ستێره‌یه‌کی کشاومان لێونبووه، کابانێکمان دیار نییه، بناوانێکی ماڵمان لێبزربووه. له ئۆسلۆوه چاو ده‌گێڕینه هامبورگ و جلیوه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌کمان لێ دیار نییه. له ئه‌مسته‌ردامه‌وه چاو ده‌بڕینه ئاسمانی هامبورگ و ده‌ڵێین: هاوڕێ جه‌بار ئاسمانی هامبورگ یه‌کپارچه ته‌ڵخه و چاوی بینینی هیچمان نییه. له ڕۆماوه ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕین و له هامبورگ هاوڕێ جه‌بار گوێی له ده‌نگمانه و ده‌ڵێ: باشتره ئه‌م هاوارانه بگه‌یه‌ننه کووبانێ، که دڵی ته‌نگی ئه‌وتان هێورکرده‌وه، ئه‌وسا وه‌رن سه‌ردانێکی من بکه‌ن. له ڤێنناوه، له له‌نده‌ن و پاریسه‌وه له سلێمانی و سه‌قزه‌وه ده‌بنه ڕه‌وی قوڵنگ و له‌بری کۆچ بۆ گه‌رمیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌فری ئه‌ڵمانیا.ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێرین خه‌مه‌کانمان کردووینی به شاعیری ژیانی خۆمان، خه‌مه‌کانمان کردووینی به نووسه‌ری ژیانی خۆمان. خه‌می من خه‌نه‌یی و هی تۆش خۆڵه‌مێشیی. خه‌می ئه‌و سوور وه‌ک گوڵه‌باخ و خه‌می ئه‌وی تریان شه‌رابیی وه‌ک گه‌ڵای وه‌ریووی پایز و سنگی شه‌قار بووی شاخ.ماڵئاوا که‌یوانی ئه‌ستره‌ی گه‌ڕۆک، ماڵئاوا ئه‌ی کوڕی پێشمه‌رگه‌ی دێرین و له ئازارا ته‌زیوو و خشۆک. ئێمه هه‌ریه‌که‌مان ئازارێک به زه‌وییدا ده‌مانخشێنێت، ئێمه هه‌ریه‌کێکمان ئازارێکی هه‌میشه‌یین و چرپه‌‌مان به1 یه‌‌کترمان ده‌ناسێنێت. سڵاو من ئازارێکی خه‌نه‌ییم و ده‌مه‌وێت سه‌رم بخه‌مه سه‌ر سینه‌ی خۆڵه‌مێشییت. سڵاو من ئازارێکی شه‌رابییم و ده‌مه‌وێت ده‌ستێک بکه‌مه ملی خاکییت. ده‌مه‌وێت سبه‌ی بێم له‌گه‌ڵتدا قاوه‌یه‌کی ڕه‌شی تاڵ بخۆمه‌وه، قاوه‌یه‌ک بۆنسووتووی ژیانی من و خه‌مه‌کانی تۆی لێبێت. ده‌مه‌وێت بێم له‌گه‌ڵت به چرپه بدوێم، بێئه‌وه‌ی ئه‌هریمه‌نی چاره‌نووسمان گوێی له ده‌نگمان بێت.
20.10.2014
ئاسۆ عزیز میرزا

 

 

Share