Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
ئه‌و کوردستانه‌ی، که به‌کری حاجی سه‌فه‌ر به‌جێیهێشت ,.. ئاسۆ عزیز

IMG 1823ئه‌مه بۆ جاری دووهه‌ممه، که له‌سه‌ر کاک به‌کری حاجی سه‌فه‌ر بنووسم. جاری یه‌که‌مم کاک به‌کر هێشتا له ژیاندا مابوو، به‌ڵام ته‌ندروستیی خراپ بوو. ئێستاش کاک به‌کر له ژیاندا نه‌ماوه. له جاری یه‌که‌مدا وتاره‌که‌م به ناوی "به‌و کوردستانه‌ی به‌کری حاجی سه‌‌فه‌ر ته‌قه‌ی تیانه‌کردووه"، ئێستاش به ناوی "ئه‌و کوردستانه‌ی، که به‌کری حاجی سه‌فه‌ر به‌جێیهێشت". دیاره هه‌ردوو وتار له دوو بۆچوونی جیادا، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌کی ڕۆحییان پێکه‌وه هه‌یه. کاک به‌کر ده‌توانم بڵێم، که ته‌واوی ژیانی له خزمه‌تی کوردایه‌تییدا خه‌رجکرد، به‌ڵام له ته‌واوی ژیانیدا که‌م بوون ئه‌وانه‌ی، که بوونی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ویان درک پێده‌کرد. کاتێکیش له یه‌کێتیی زیز بوو نه‌ک که‌م بوون ئه‌وانه‌ی بوونی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ویان درک پێده‌کرد، به‌ڵکوو هه‌ر نه‌بوون. کاتێکیش که نه‌خۆش که‌وت که‌م بوون ئه‌وانه‌ی، که له ته‌نیشت بوونی ئه‌وه‌وه هه‌ستیان به ڕۆحی پێشمه‌رگانه‌ی ئه‌و ده‌کرد. ژیانی تاکی کورد له کوردستاندا لێوانلێوه له خه‌م و له تراژیدیا. ئێمه ته‌نها و ته‌نها ئه‌و کاته‌ی ده‌مرین چ به‌خته‌وه‌رین و چ له ده‌ست نه‌فره‌تی تاک و کۆش ڕزگارمان ده‌بێت. ده‌شێت مه‌رگمان بۆ هه‌ندێک که‌س نه‌ک بۆ هه‌موو هۆکارێک بێت بۆ هه‌ستکردن به شتێک، که له کیسیانداوه و توانای گه‌ڕانه‌وه‌یان نییه، هه‌ربۆیه نرخی بۆ داده‌نێن. لێره‌وه به ناوی خۆم و هه‌موو بنه‌ماڵه‌که‌مانه‌وه پرسه و سه‌ره‌خۆشیی خۆمان ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه و که‌سوکاری کاک به‌کری حاجی سه‌فه‌ر ڕاده‌گه‌یه‌نین. به‌هیوام زوو سه‌بوورییان بێت و له به‌خته‌وه‌رییدا درێژه به ژیانێکی سه‌ربه‌رز بده‌ن. به‌رزی کاک به‌کرله کرده‌کانیدا بوو، به‌رزییه‌ک که هه‌تا مه‌رگی پاراستی. دیلان له سه‌ره‌تاوه ڕاستیکردووه، که ده‌ڵێ: "قورس بۆ زه‌وی و سووک ئه‌چێت بۆ ئاسمان". ئێمه هه‌میشه مرۆڤه خاوه‌ن نرخه‌کانمان زوو له‌کیس ده‌چێت و ئه‌وانه‌شی هیچ له‌بار نین و بوونه‌ته کۆڵێکی قورس به ژیانمانه‌وه، ئاوات به مه‌رگیشیان بخوازین لێمان نابنه‌وه. ئاخۆ کاک به‌کر فریای نووسینه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی که‌وتبێت؟ ئاخۆ کاک به‌کر ویستی درکاندنی هه‌ندێک ڕاستیی وازهێنانی له یه‌کێتیی هه‌بووبێت؟ ده‌شێت من ته‌نها تینوویه‌ک نه‌بم به‌دوای ئه‌م ڕاستییانه‌دا، به‌ڵکوو ده‌یانی وه‌ک من هه‌بن. ئه‌مه تراژیدیای پێشمه‌رگه‌ی دێرینی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و مۆڕاڵه، که هه‌موویان به‌مشێوه‌یه ژیان به‌جێدێڵن. ماڵئاوا مام و هاوڕێم، ماڵئاوا ئه‌ی چرای ڕووناککه‌ره‌وه‌ی سه‌ر ڕێم. ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێرینی هاوشێوه‌شت ده‌گه‌ینه لات، به‌ڵام ده‌شێت جارێ کاتمان نه‌هاتبێت،ده‌شێت جارێ ئه‌و چرایه‌ی پێش ڕۆیشتنمان، که پێویسته هه‌ڵیبکه‌ین "په‌ی"مان پێنه‌بردبێت. ماڵئاوا مێژووت پڕ خه‌بات و ملوانکه‌ی هه‌زار ده‌نکه‌ی شانازییش به گه‌ردنی ئاینده‌تدا هه‌ڵواسراوه. ئاسۆ عزیز 23.10.2014

Share