Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
ده‌با تواناكانمان یه‌كخه‌ین بۆ له‌ناوبردنی داعش .. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

1رۆژانه‌ پارێزگاو شاره‌كان و ناوچه‌كانی عێراق دووچاری زه‌نجیره‌یه‌كی ترسناك و دڵته‌زێنی كاره‌ساتی ته‌قینه‌وه‌ ئه‌بێت و ئه‌م زه‌نجیره‌یه‌ ئه‌بێته‌ بایسی كوشتنی هه‌ره‌مه‌كی هاولاتیان وخوێنرشتن و سووتاندنی ته‌رو وشك و به‌ هوێ ئه‌م كه‌رده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ چه‌په‌ڵانه‌ له‌ لایه‌ن تیرۆریست وشه‌مشه‌مه‌ كوێره‌كانی ئیسلامی توندره‌و له‌رێی تۆتۆمبێلی بۆمبرێژراوو پشتێنی خۆته‌قاندنه‌وه‌ی ئاماده‌كراو بۆ ته‌قینه‌وه‌ خه‌لكێكی بێ تاوان ئه‌بنه‌ قوربانی و له‌ هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م جۆره‌ مسوڵمانانه‌ نوێژكه‌ران و مزگه‌وت و كڵیسه‌كان و شوێنی پرسه‌و ناو بازارو شوێنه‌ گشتییه‌كان ئه‌كه‌نه‌ ئامانجی گڵاویان.
بێشك كرده‌وه‌ قیزه‌وه‌نه‌كانی تیرۆریستان و دڵره‌شه‌ ته‌كفیرییه‌كانی ئیسلام له‌ كوشتن و له‌ناوبردنی ژیانی بێ تاوانان پاڵ به‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ ئه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێبهێڵن و، روو بكه‌نه‌ ده‌ڤه‌رو ناوچه‌ی دیكه‌و، له‌ وڵات دوور بكه‌ونه‌وه‌ بۆ وڵاتانی دراوسی و وڵاتانی تر له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی شوێنێكی ئاسووده‌و هێمن كه‌ تیادا بحه‌سێنه‌وه‌و، دووربن له‌ خوێنرشتن و له‌ كرده‌وه‌كانی تیرۆریستان.
هاوڵاتییه‌ عێراقییه‌كان له‌ ماڵ و له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌ كاتی كۆبوونه‌وه‌و گفتوگۆكانیان باسی تیرۆر ئه‌كه‌ن و، ئه‌پرسن و ئه‌ڵێن كێ ئه‌م په‌تا كوشنده‌یه‌ دۆزییه‌وه‌و هێنایه‌ ئه‌م وڵاته‌ و، ئه‌م جۆره‌ كاره‌ تاوانی توندوتیژییه‌و، له‌ هه‌موو شوێنێك ئه‌دات‌ و، ئه‌بێت بیر بكه‌ێنه‌وه‌ له‌ بنبركردنی و نه‌هێشتنی تا بتوانین لێی قوتاربین.
بێشك حكومه‌تی عێراق پشكی زۆری به‌رئه‌كه‌وێت له‌ هێنانی توندوتیژی و تێرۆره‌وه‌ بۆ عێراق، چونكه‌ حكومه‌تی عێراق له‌ سه‌ر بنچینه‌ی پشك پشكێنه‌و تایفه‌گه‌ری دێزو چه‌په‌ڵ بنیاتنراوه‌و، توانای نه‌بوو تیرۆرو تیرۆریستان و تاقمه‌ سه‌ركێشه‌كانی ئیسلام كه‌ هه‌میشه‌ تامه‌زرۆی خوێنرشتنن دوور بخاته‌وه‌و، ئه‌مه‌و سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی نوری ئه‌لمالكی سه‌رۆك وه‌زیران وسوپاسالاری پێشوی سوپای عێراق ده‌یان هه‌زار ئه‌فسه‌رو ئه‌فسه‌ره‌ گه‌وره‌كانی گاردی كۆماری رژێمه‌كه‌ی سه‌دامی گۆر به‌گۆری گه‌رانده‌وه‌ بۆ سوپای عێراق و دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كان، له‌ كاتێكدا مالكی ئه‌یزانی ئه‌وانه‌ سه‌ر به‌ سه‌دام و حزبی به‌عس عه‌ره‌بی بوون.
حكومه‌تی عێراق به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ر به‌ هاتنی تیرۆریستان و ئیسلامیه‌ توندره‌وه‌كان و، هه‌ر حكومه‌ت به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ر به‌ تێكچوونی باری ئاسایش وله‌ده‌ستدانی كه‌نترۆڵی وڵات و، ئه‌وه‌تا به‌به‌ر چاوی هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش و به‌ ئاشكرا چه‌ته‌كانی تیرۆر له‌م شار بۆ ئه‌و شار هاتووچۆ ئه‌كه‌ن و، ئازادانه‌و زۆر به‌ ئاسانی و بێ به‌زه‌ییانه‌ لێره‌و له‌وێ ده‌ست ئه‌وه‌شێنن و، خه‌ڵكی سڤیلی بێتاوان ئه‌كه‌نه‌ ئامانج و، مه‌رام و نه‌خشه‌ی دارێژراوی خۆیان به‌باشی ئه‌پێكن و، چه‌ند جارێك توانیویانه‌ ده‌رگای گرتووخانه‌كان واڵا بكه‌ن و رێگا بده‌ن به‌ ئه‌ندامانی تۆری تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌و ئه‌وانه‌ی فه‌رمانی له‌ سێداره‌داریان هه‌بوو، هه‌رچی تیرۆریست وئیسلامی توندره‌وه‌ی هه‌ڵگری ئاڵای ره‌ش وبیری تاریكه‌ هه‌ڵبێن و، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له‌ نوێ ده‌ست بكه‌ن به‌ كوشتن و خوێنرشتن.
تیرۆریسته‌كان و ئیسلامه‌ توندره‌وه‌ چاره‌ دێزه‌كانی سه‌ر به‌ تۆری ئه‌لقاعیده‌و به‌عسییه‌كان و له‌ ئێستاشدا چه‌ته‌كانی داعش ده‌ستیان به سه‌ر‌ ناوچه‌یه‌كی فراوانی عێراق "سوننه‌ نشین" گرتووه‌و، چه‌كی مۆدێرن و ته‌قه‌مه‌نی و تفاقی جه‌نگ و پشتێنی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئاماده‌ كراو بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ پێیه‌و، ئۆتۆمبێلی زۆرو زه‌به‌نه و هه‌مه‌رو تۆپ و تانكی سوپای هه‌ڵهاتووی عێراق له‌ ژێر ده‌ستیان و، ئازادانه‌ هاموشۆی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان ئه‌كه‌ن و، به‌ زۆره‌ملێ خواست و ئاره‌زووی هاوڵاتیان پێشێل ئه‌كه‌ن و، هه‌رچی خراپه‌ هه‌یه‌ به‌ناوی ئاینه‌وه‌ ئه‌یكه‌ن و، ئه‌م جۆره‌ جانه‌وه‌رانه‌ بێ دین وبێ شه‌ره‌فن و، ئاره‌زوومه‌ندانه‌ خه‌ڵك ئه‌كوژن و ده‌ست ئه‌گرن به‌ سه‌ر ماڵ و سامانی خه‌ڵكی بێ تاوان.
له‌و رۆژه‌وه‌ تیرۆرو تیرۆریستان هاتوونه‌ته‌ عێراق تا ئێستا داموده‌زگاكانی پۆلیس و ئاسایش و هێزه‌كانی سوپا نه‌یانتوانیوه‌ كه‌نترۆڵی بارودوخه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان وه‌ربچه‌رخێنن و كورزێكی كوشنده‌ له‌ تیرۆریستان بده‌ن و، لیره‌دا ده‌ر ئه‌كه‌وێت ده‌ستی تیرۆر له‌ عێراقدا درێژه‌و، داموده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌ تایبه‌تی پۆلیس و سوپا و ئاسایش ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ حزبی ده‌عوه‌ن پره‌ له‌ كه‌سانی دژ به‌ خواستی گه‌ل و هاوڵاتیان و، رابردووی زۆربه‌یان سه‌ر به‌ به‌عس و تۆره‌كانی تێرۆر بووه‌.
پاش روخانی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی عێراقییه‌كان له‌و باوه‌ره‌دا بوون بیرو هه‌زری بۆگه‌نی به‌عسیزم له‌ ناو ئه‌چێت، به‌ڵام سیاسییه‌ نوێكانی عێراق هه‌ڵپه‌ هه‌ڵپی ده‌سه‌ڵاتیان بوو، له‌ عاستی دوژمنه‌كان كوێر بوون و، به‌ پێچه‌وانه‌ی سیاسییه‌كان، به‌عسییه‌كان و ئه‌فسه‌ره‌كانی سوپا وریا بوون و، خۆیان خزانده‌ ناو حزبی ده‌عوه‌و، بوونه‌ پیاوی خاوه‌ن متمانه‌ لای نوری ئه‌لمالكی بۆ خۆ پاراستن و، جێبه‌جێكردنی ئه‌و ده‌ردو نه‌خۆشییانه‌و بیره‌ چه‌وتانه‌ی له‌ ناو مێشكیاندا چه‌سپاوه‌و، هه‌موو لایه‌ك ئه‌زانن به‌عسییه‌كان و ئه‌فسه‌ره‌كانی سوپای سه‌دام چه‌ند ئازاری هاوڵاتی و گه‌لی داوه‌.
گه‌راندنه‌وه‌ی ئه‌فسه‌ره‌كانی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حوسێن بۆ ناو سوپای عێراق و، گه‌راندنه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان خوێناویه‌ به‌ خوێنی عێراقییه‌كان بۆ داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و ئاسایش و، متمانه‌ پێكردنیان هه‌موو هه‌وڵ و هه‌له‌كانی دامه‌زراندنی سیستێمێكی توكمه‌ی نوێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی خودی عێراق له‌بار بردو، هیچ هیوایه‌كی لای هاوڵاتیان نه‌هێشت كه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ تۆڵه‌ی خوێنی قوربانیانی رژێمه‌ به‌دناوه‌كه‌ی به‌عس بكه‌نه‌وه‌و، شایانی باسه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌رو به‌عسییانه‌ كه‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ ناو سوپاو ئاسایش بوونه‌ كۆڵه‌كه‌و پاڵپشتێكی به‌هێز بۆ تیرۆرستان و ئیسلامییه‌ جیهادییه‌كان و، به‌ربوونه‌ شكاندنی ده‌رگای گرتووخانه‌كان و، رێگادان به‌ تێرۆرستان هه‌ڵبێن و، له‌ هه‌مان كاتیشدا بوونه‌ چاوساغ بۆ تیرۆرو، ته‌نانه‌ت به‌ ئۆتۆمبێل ئه‌م تاقمه‌ رووره‌شانه‌یان له‌ ناو شاره‌كاندا ئه‌گواسته‌وه‌و بۆ شارێكی دیكه‌و، له‌ بازگا مه‌ترسیداره‌كاندا ده‌ربازیان ئه‌كردن.
بارودۆخی عێراق له‌ خراپ رووه‌و خراپتر بوو تا تیرۆرخوێ گه‌یانده‌ كوردستان، ئه‌وه‌ بوو له‌ 29/9/2013 گرۆپێكی تیرۆرستی ترسنۆك به‌ چه‌ند ئۆتۆمێلی بومبرێژكراوو چه‌كی ئۆتۆماتیكی و نارۆنجۆكی ده‌ستی هێرشێكی كرده‌ سه‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولیرو، بووه‌ هوێ شه‌هید بوونی {6} قاره‌مانی پاسه‌وان و برینداربوونی ده‌یانیترو، زه‌ره‌رو زیانیش به‌ر به‌رێوبه‌رایه‌تی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌و ماله‌كانی ده‌وروپشتی‌ كه‌وت و، به‌و كرده‌وه‌یه‌ش هێزه‌كانی تاریكستان و تیرۆر تاوانێكی تریان خسته‌ سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ پێشتر ئه‌نجامیاندابوو، یه‌كسه‌ر ده‌ستراكێشرا بۆ سه‌رلێشێواوه‌كانی ئه‌لقاعیده‌و پاشماوه‌كانی سه‌دام حوسێنی گۆر به‌ گۆرو حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی كه‌ هه‌رده‌م دژی خواست و ئاره‌زووی گه‌ل و نیشتمان بوون، به‌ڵام پاش چه‌ند كاتژمێرێك چه‌ته‌كانی رێكخراوی ""ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ شام و عێراق"" ناسراو به‌ داعش بۆ یه‌كه‌مجار به‌رپرسیارێتی ئه‌و هێرشه‌یان گرته‌ ئه‌ستۆو، به‌م كاره‌ بێفه‌رو قیزه‌وه‌نه‌ په‌رده‌یان له‌ سه‌ر ده‌موچاوی دێزو ناپاكیان هه‌ڵماڵی و، ده‌ستیان به‌كاركردن كرد.
ده‌وڵه‌تی خه‌لیفه‌ی خه‌ڵه‌فاوو خه‌ڵاتاوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) و تیرۆرستان ئه‌و تاوانه‌یان، تاوانی لێدانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدا له‌ پێناو ئاژاوه‌و و له‌ ده‌ستانی كه‌نترۆڵ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كه‌ بارودۆخه‌كه‌ی هێمن و ئارامه‌و، زۆر جیاوازه‌ له‌ گه‌ڵ ناوچه‌كانی تری عێراق و، دیاره‌ تیرۆرستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازی ناكه‌ن له‌ نێوان كوردو عه‌ره‌ب وهه‌موو نه‌ته‌وه‌كان و، له‌ نێوان موسڵمان و كریستیان و هه‌موو ئاین و مه‌زهه‌به‌كان و، چونكه‌ ئاوات و خواستی ئه‌وان هه‌ر كوشتن و خوێنرشتنه‌و، خۆشبه‌ختانه‌ هه‌وڵه‌كه‌یان هه‌وڵێكی نزۆك بوو، سه‌ری نه‌گرت و، لێدانی هه‌ولێر جه‌خت له‌ سه‌ر راستییه‌ك ئه‌كات و، راستییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ تاقمی تیرۆرستی داعش دژ به‌ مافی گه‌لی كوردستانه‌ و، دژ به‌ پێشكه‌وتن و سه‌قامگیری وڵاته‌.
له‌ ساڵانی رابردوو له‌ كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حوسێن رژێمه‌كه‌ی زۆر هه‌وڵیدا خاكی عێراق بكاته‌ كۆره‌پانێك بۆ تیرۆرستان و، له‌ پێناو ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌كاری زۆری كردو، به‌ ئاشكرا داوای له‌ تیرۆرستانی دونیا كرد بێنه‌ عێراق و، ئه‌وه‌ بوو پێشوازی لێیان كردو پاره‌ی بۆ سه‌رف كردن و، بواری پێدان له‌ مزگه‌وته‌كان بنوون و، به‌و شێوه‌یه‌ ئاواته‌كانی هاتنه‌دی و عێراق بووه‌ گۆره‌پانی تیرۆرو تیرۆرستان له‌ سه‌ر بناغه‌یه‌كی توكمه‌و به‌هێزو، وڵاتانی ده‌ره‌كی یارمه‌تییاندا به‌ تایبه‌تی عه‌ره‌بستانی سعودی و قه‌ته‌رو، رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ له‌ رێی ""فه‌توا"" ی ئیسلامی خوێ زیاتر سه‌پاندو، كه‌وته‌ یارمه‌تیدانی به‌ره‌ی ""جه‌بهه‌ی ئه‌لنوسره‌"" له‌ سوریا كه‌ رێكخراوێكی سه‌ركێشی تیرۆرستییه‌و سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌یه‌و، زۆر تاوانیان ئه‌نجامداوه‌ به‌ تایبه‌تی دژی كوردانی بێ تاوان.
له‌مرۆدا به‌رهه‌ڵستی تیرۆر بووه‌ته‌ پێوستییه‌كی گرنگ و، ئه‌ویش پێویستی به‌ ره‌وشی سیاسی و، به‌شداری هاوڵاتیان و، هه‌موو هێزو حزبه‌كانه‌ به‌ گه‌وره‌و بچوكه‌و، هه‌روا ره‌وشی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و سه‌ربازی و نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری و، بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری و كه‌لتوری نه‌ته‌وایه‌تی و، كاركردن به‌ یه‌كریزی و، دوور له‌ پشكپشكێنه‌و تایفه‌گه‌ری و، پێویسته‌ سنور بۆ تیرۆر به‌ناو ده‌ستنیشان بكه‌ین و، هه‌ر به‌و‌ جۆره‌ كێ یان چ وڵاتێك پشتگیریان لێئه‌كات و، هاوكات لێدانیان به‌ بێ به‌زه‌یی بێت، چونكه‌ نیازی ئه‌وان نه‌هێشتنی هاوڵاتیان و كوردستانه‌كه‌یانه‌.
پیشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان به‌ هاوكاری و پاڵپشتی گه‌لی كوردستان رۆژانه‌ دژ به‌ چه‌ته‌كانی داعش و دوژمنانی خاك و نیشتمان له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگدا پێشره‌وی ئه‌كه‌ن و سه‌ركه‌وتن تۆمار ئه‌كه‌ن و هێزه‌ له‌رزۆكه‌كانی تیرۆرستان و تاقمی ترسنۆكی داعش تێكئه‌شكێنن و، هه‌موو دونیا و له‌ هه‌موو قۆڵێكه‌وه‌ به‌ چاوی رێزه‌وه‌ ته‌ماشای رۆڵی پێشمه‌رگه‌ ئه‌كه‌ن.
جێی خۆشی هه‌موو لایه‌كه‌ كوران وكچانی گه‌له‌كه‌مان له‌ باكورو باشور له‌ رۆژهه‌ڵات تا رۆژئاوا هه‌موو پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حزب و رێكخراوه‌كانی میللی و سه‌ربازی و پێشمه‌رگه‌ دژ به‌ داعش راپه‌رین و هاتنه‌ به‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه‌و، ئه‌و یه‌كریزییه‌ دوژمنان و داعشی تۆقاند.
له‌ كۆبانێ شه‌رڤانان به‌ كچ و كوره‌وه‌ گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنیان تۆمار كردو، له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ كوردو دۆستانی كوردو نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكانی كوردستان سه‌ربه‌رزانه‌ ته‌ماشای ئازایه‌تی و قاره‌مانێتی ئه‌و پۆله‌ تێكۆشه‌ره‌یان ئه‌كردو، له‌ زۆرلاوه‌ ناوو نازناوی قارمانه‌تی و شایسته‌ به‌ كۆبانێ وشه‌رڤانانی یه‌په‌گه‌ {YPG}به‌خشراو، شایانی باسه‌ و له‌ پاش ئه‌و نه‌به‌رده‌و خۆراگرییه‌وه‌ به‌رخودانه‌ی شه‌رڤانان، كۆمه‌ڵێك له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مان و ئازاكانی كوردستان چوون به‌ هانای شه‌رڤانان و، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش یه‌كرێزی گه‌له‌كه‌مانی زیاتر كردو به‌ تێكۆشانی هه‌ردوولا نزیكه‌ هێزه‌كانی داعش به‌ ته‌واوه‌تی تێكبشكێت و له‌ناوه‌ نه‌مێنن و، به‌ره‌و مۆڵگه‌كانیان برۆن و ملیان پشكێنن.
هاوكاری و تێكۆشانی نێوان پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و شه‌رڤانان به‌ گشتی و ژنانی كۆبانێ به‌ تایبه‌تی دونیایان سه‌رسام كردو سه‌ریان به‌ داعش شۆركرد، بۆیه‌ داعش وه‌ك رێكخراوێكی چه‌په‌ڵ و ناسراو به‌ كوشتن و خوێنرشتن هه‌موو رێگایه‌ك ئه‌گرێته‌به‌ر بۆ تۆڵه ‌سه‌ندنه‌وه‌و، په‌نا بۆ هه‌موو كارێكی ترسنۆكانه‌ ئه‌بات و، ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ولێری قاره‌مان دوێنی 19/11/2014 هه‌وڵێكی داعشیانه‌ بۆۆ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس، به‌ڵام هاوڵاتیان و دانیشتوانی شاری سه‌ربه‌رزی كوردستان هه‌ولێری پایته‌خت بێ باكانه‌ بوون و ئه‌و كاره‌ تیرۆریستییه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كاری نه‌كرده‌ سه‌ر ژیانی رۆژانه‌یان و، لێره‌دا پێویسته‌ هه‌موو لایه‌كمان چاومان زیاتر بكه‌ێنه‌وه‌و له‌ هه‌موو شاره‌كانی كوردستان، چونكه‌ داعشی دوژمن دوژمنی هه‌موو كوردستان و، هه‌ر كوردستانیش داعش شكێنه‌.
وه‌ریایی پێویسته‌و هاوكاری پۆلیس و هێزه‌كانی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌كان پێویسته‌و، به‌ تایبه‌ت ئێمه‌ له‌ دژی داعشی دوژمن له‌ شه‌رداین و، سه‌ركه‌وتن هه‌ر بۆ ئێمه‌و پێشمه‌رگه‌ و شه‌رڤانانی ئازایه‌و، مردنیش بۆ دوژمنانه‌.
بژی كوردستان.
20/11/2014

Share