Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
ئیشكالیه‌تی په‌یوه‌ندی نوسه‌رو به‌رپرسیاره‌تی .. دانا مه‌نمی

سه‌خت نیه‌ مرۆڤ به‌ زمانی خۆی بنوسێت ، ئه‌وه‌ی لێره‌دا سه‌خته‌ ته‌نیا گریدراوی ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ده‌یلێین ، به‌ڵكو گریدراوی ئه‌وه‌شه‌ كه‌ نایلێین ، زۆر جار ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یلێین به‌ری خواستێكی تایبه‌ت به‌ هاولاتیانه‌و خه‌می تایبه‌ت به‌ خۆی ره‌تده‌كاته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نایلێین بێده‌نگییه‌كی ویرانكاره‌و به‌رۆكی خۆمان ده‌گرێته‌وه‌ ، وه‌یاخو به‌ هه‌له‌تێگه‌یشتنی ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تی رۆشنبیران ، به‌رامبه‌ر به‌و رۆژگاره‌ی تییدا ده‌ژین و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ده‌خویننه‌وه‌ ، هه‌میشه‌ جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ ( نوسه‌ر ) بێت ، یاخود بۆنموونه‌ : ئه‌ندازیار وه‌یان پزیشك بێت ، په‌یوه‌ندی ئه‌ندازیار به‌ نه‌خشه‌كانیه‌تی و پزیشكیش به‌ نه‌خۆشه‌كانی ، وه‌لێ‌ په‌یوه‌ندی نوسه‌ر له‌گه‌ڵ تێكرایی مرۆڤه‌كاندایه‌ ، هه‌ربۆیه‌ نوسه‌ر ئازاد نیه‌ له‌وه‌ی نوسینه‌كانی وه‌ك پیشه‌كانی دیكه‌ بكاته‌ پیشه‌یه‌ك ، واته‌ بۆ به‌ ده‌ستهێنانی ده‌سته‌كه‌وتێكی دیاریكراو بنوسێت ، ده‌شێت نوسینه‌كانی بڕێك قازانجی بۆ ده‌سته‌به‌ربكات ، به‌ڵام ویڕایی رۆشنكردنه‌وه‌ی بایه‌خی به‌ كرده‌وه‌ی كاری نوسین ، هه‌ر لاوه‌كێن و ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی خانه‌ی نوسین .
ئازادی نوسه‌ر له‌ گه‌نجینه‌ی میتافیزیكیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرێت كه‌ بیروراكانی خۆی لیوه‌ به‌ ده‌ست دینێت ، به‌ڵكو له‌ به‌های به‌ كرده‌وه‌ی كاره‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌و به‌هایه‌ی له‌ بنچینه‌دا به‌ قوڵی گریدراوی هه‌لوێسته‌كانیه‌ی به‌رامبه‌ر به‌و مه‌سه‌لانه‌ی رووبه‌رووی خۆی و كۆمه‌ڵگاو رۆگاره‌كه‌ی ده‌بنه‌وه‌ ، ده‌شێت هه‌ندێك نوسه‌ر هه‌بن بێده‌نگی هه‌لبژێرن هه‌ندێكی دیكه‌ش سیناریۆ و نمایش بگیرن !!
نوسینی بی هه‌لوێست جۆرێكه‌ له‌ خه‌یالپڵاوی ، ئه‌وه‌ی به‌ لای نوسه‌ره‌وه‌ گرنگه‌ ، داهاتوی جیهان نیه‌ پاش هه‌زار ساڵ ، به‌ڵكو هاوارو ئازاری قوربانیه‌كانی ئێستایه‌ ، ئێمه‌ ناچارین شایه‌تی ژیانی ئه‌مرۆ بین له‌سه‌ر گۆی زه‌وی و ناچارین ده‌رباره‌ی كه‌سانێك بدوێین كه‌ فریشته‌ نین ، به‌شێك له‌ نوسه‌ران هه‌میشه‌ به‌ عه‌قلیه‌تی فیڵكردن له‌ ئێستا نه‌ك هه‌لوێست وه‌رگرتن به‌رامبه‌ری ده‌نوسن و ده‌په‌یڤن ، ئه‌وه‌ی ئیستا له‌ ناو رۆشنبیرانی ئیمه‌دا رووده‌دات به‌ ئابڕوچون ده‌چێت ، ئه‌زانن بۆ ...؟؟
چونكه‌ خاوه‌نی ده‌می خۆیان نین و به‌كریگیراون و ده‌میان مینریژكراوه‌ ، نوسه‌ری راسته‌قینه‌ هه‌رده‌م وێڵه‌ به‌ دوای مرۆڤدۆستییه‌كی گشتی و خاوه‌ن سروشتی سه‌ره‌تایی كه‌ كه‌س ناروشینێت .

Share