Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
مۆزه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کۆبانێ

1ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی که له‌سه‌ر ئاستی کوردستانی گه‌وره ئاگاداری ئه‌وه‌ بووبێتن، که شارێک له خۆرئاوادا هه‌یه به ناوی "کۆبانێ"وه. به‌ڵام ئیمڕۆ کۆبانێ نه‌ک خۆی به کوردستانی گه‌وره ناساند، به‌ڵکوو خۆی به جیهان و به ئاینده‌ش ناساند، چونکه ئه‌و بوو به مێژوویه‌ک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر دڕنده‌تریین گرووپی تیرۆریستیی ئیسلامییدا. کۆبانێ بووه سیمبوڵێک بۆ ئازایه‌تیی و تێکۆشان، که سه‌ربازه کۆنه‌کانی ئه‌مێریکا و به‌ریتانیا، که پێشتر له ئێراق و ناوچه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا چالاکبوون، سه‌رسامبن به‌رانبه‌ر به ئازایه‌تیی شه‌ڕڤانانی خۆرئاوا. ئه‌م سه‌رسامییه‌ی سه‌ربازه ئه‌مێریکیی و به‌ریتانییه‌کان بووه هۆی ئه‌وه‌ی، که سه‌ربازێکی ئه‌مێریکییان گرووپێک دروست بکات به ناوی شێره‌کانی خۆرئاواوه و له فه‌یسبووکدا بانگه‌شه‌ی بۆ بکات. یه‌کێک له وته جوانه‌کانی ئه‌م گرووپه ئه‌وه‌یه، که نووسیوویانه: باشتره یه‌ک ڕۆژ وه‌ک شێر بژییت، وه‌ک له‌وه‌ی هه‌زاران ڕۆژ مه‌ڕ بیت. من نازانم ژماره‌ی ئه‌م گرووپه چه‌نده، به‌ڵام ده‌زانم به‌ته‌نها له فه‌یسبووکدا چالاک نین، به‌ڵکوو ئه‌م گرووپه له ڕێگای فه‌یسبووکه‌وه ژماره‌یان زیادی کردووه و له هه‌ڵمه‌ته‌کانی کۆکردنه‌وه‌ی هاوکارییه‌وه بۆ کۆبانێ، خۆیان گه‌یاندۆته کۆبانێ و شانبه‌شانی شه‌ڕڤانان و پێشمه‌رگه شه‌ڕی تیرۆریزم و فاشییه‌تی ئیسلام ده‌که‌ن.
کۆبانێ به‌ته‌نها مێژوویه‌ک نییه، به‌ڵکوو ئاینده‌شه. ئاینده‌ی ئازایه‌تیی، تێکۆشان، ماف، یه‌کسانیی. له‌سه‌رو ئه‌مانه‌شه‌وه سیمبوڵێکه بۆ ئازایه‌تیی ژنان. به‌ڵام منیش یه‌کێک ده‌بم له‌وانه‌ی، که نامه‌وێت غه‌در له ژنانی په‌که‌که بکه‌‌م، چونکه ئه‌وه کولتووری په‌که‌که‌یه، که ئازایه‌تیی داوه به ژنان و ئه‌وه‌ش ژنانی په‌که‌که‌ن، که ئازان، نه‌ک ته‌واوی ژنانی کورد.
ئێمه له باشووردا خاوه‌نی چه‌ندیین شوێن و ناوچه‌ین، که له مێژووی باشووردا سیمبوڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیرکه‌ران بوون. نموونه‌کانی وه‌ک قه‌ڵادزێ، ڕانییه، هه‌ڵه‌بجه، گووندی عه‌سکه‌ر ...هتد. هه‌موو ئه‌مانه ده‌سته‌خوشکی کۆبانێن، یاخوود کۆبانێ ده‌سته‌خۆشکیانه. به‌ڵام کێشه‌ی نێوان پارته‌کان به‌تایبه‌ت یه‌کێتیی و پارتی دیموکرات، سیاسییه‌کانیان هێنده‌ی سه‌رقاڵکرد به شه‌ڕی یه‌کترییه‌وه و به شکاندنی یه‌کترییه‌وه، هێنده سه‌رقاڵی نه‌کردن، که چلۆن ئه‌و ناوچانه وه‌ک خۆی بۆ ئاینده بهێڵنه‌وه و بیکه‌نه مۆزه‌خانه‌یه‌ک بۆ نه‌وه‌ی ئاینده. ئه‌وه‌تانێ شکاندنی یه‌کتریی هێشتا چالاکه له‌ناوماندا و له سه‌رکه‌وتنه‌کانی ئه‌م جاره‌ی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشدا، هه‌ر سیاسییه‌کی یه‌کێتیی یان پارتی دیموکرات هه‌ڵده‌ستێت به شکاندنی به‌رانبه‌ره‌که‌ی و ناساندنی خۆی یان خۆیان به پاڵه‌وان و ڕزگارکه‌ری ئه‌و ناوچانه‌ی، که له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بوون.
له‌کاتێکدا ئه‌م سه‌رکه‌وتنه سه‌رکه‌وتنی کورده نه‌ک پارت. ئه‌م شه‌ڕه‌ی دژ به تیرۆر شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یه‌که دژ به تیرۆر نه‌ک پارت، که‌چیی دیسان وه‌ک سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕیین ده‌یانه‌وێت هه‌رچیی سه‌روه‌رییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه زه‌وتی بکه‌ن بۆ پارت و خوێن و تێکۆشانی هه‌موو ئه‌و ڕۆڵه جوانانه‌ی، که نیشتیمانیان خۆشده‌وێت و ئاماده‌ی گیان به‌ختکردن بوون له‌پێناوی خاکدا به‌فیڕۆ بده‌ن له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیان و پارته‌کانیاندا.
له‌سه‌ره‌تای ئه‌م شه‌ڕه‌وه ژماره‌ی ئه‌و تاکانه‌ی کۆمه‌ڵ، که تکای ئه‌وه‌یان له کۆی کورد و سیاسییه‌کان کرد، که ئه‌م شه‌ڕه‌ی دژ به تیرۆر و ئیسلامه فاشییه‌کان به ته‌نها کۆسپێک نییه، به‌ڵکوو هه‌لێکیشه بۆ نزیکبوونه‌وه‌مان له‌یه‌کتریی و ئه‌م هه‌له‌ش مێژوویی و زێڕینه ده‌بێت بیپارێزین، ژماره‌یان که‌م بوو، من خۆم یه‌کێک بووم له‌وانه. به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م سیاسیی و سه‌رکردانه‌ی ئێمه ته‌نها و ته‌نها له‌کاتی ته‌نگانه‌دا ئاماده‌ی پێکه‌وه کارکردنبن و هه‌رئه‌وه‌نده هه‌ستیانکرد، که مه‌ترسیی له‌سه‌ریان که‌مده‌بێته‌وه، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێنه‌وه باروودۆخی پێشوویان.
له‌م شه‌ڕه‌ی دژ به تیرۆریستانی ئیسلامدا "محه‌ممه‌دی حاجی مه‌حمود"، نموونه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگه دێرین و سه‌رکردانه‌یه، که به ڕٶحێکی خاوێنی پێشمه‌رگانه و خه‌باتکارانه‌وه له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستانی ئیسلامدا چالاک بوو. له‌و ڤیدیۆیانه‌‌دا، که کاکه‌حه‌مه‌ی تێدا ده‌بینرێت، ده‌بینین که کاکه‌حه‌مه هه‌مان پێشمه‌رگه‌ی حه‌فتاکان و هه‌شتاکانه، که ئازایانه و پڕ باوه‌ڕ هێمن له‌سه‌رخۆ بێ ترس، سنگی به‌ره‌و گوولله‌ی تیرۆریستان ڕاگرتووه. کاکه‌حه‌مه له به‌ره‌کانی شه‌ڕدایه، شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌کان ده‌جه‌نگێت. ئه‌مه‌ش وره‌ی پێشمه‌رگه‌کان زیاتر به‌رزده‌کاته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سه‌رکردانه‌ی تره‌وه، که له پشته‌وه‌ی به‌ره‌کانی جه‌نگدا سه‌ردانی پێشمه‌رگه ده‌که‌ن بۆ ڕێکلامی میدیاکانیان چه‌ند وێنه‌یه‌ک ده‌گرن. ئێخه‌ی کراسه‌کانی ئه‌م سه‌رکردانه، خاوه‌نی هه‌مان خاوێنییه که له ژیانی ڕۆژانه‌ی سیاسه‌تیاندا به‌کاری ده‌هێنن. ئێخه‌ی کراسه‌که‌ی کاکه‌حه‌مه و پێشمه‌رگه‌کانی به‌ره‌کانی جه‌نگ پڕ ئاره‌قه‌یه و چڵکن. کاکه حه‌مه له شه‌هیدبوونی کوڕه‌که‌شیدا، که شانبه‌شانی خۆی له‌ به‌ره‌کانی جه‌نگدا تێده‌کۆشا، هێشتا ده‌ستبه‌رداری شه‌‌ڕکردن نابێت، هه‌تا سه‌رکه‌وتن و دڵنیاییان له‌سه‌رکه‌وتن. هێشتا ناگه‌ڕێته‌وه لای پرسه‌ی کوڕه خۆشه‌ویسته‌که‌‌ی هه‌تا پێشمه‌رگه‌کان به‌سه‌رنه‌کاته‌وه، هه‌تا برینداره‌کانیان به‌سه‌ر نه‌کاته‌وه. ئای چه‌ند به‌خته‌وه‌ر ده‌بین به نموونه‌ی مرۆڤی ئاوها. سڵاو له ڕۆحی پاکی کوڕه شه‌هیده‌که‌ت کاکه‌ حه‌مه، سڵاو له ئازایه‌تیی کوڕه‌که‌ت و له جوانیی خۆت وه‌ک پێشمه‌رگه.
لێره‌وه من وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین داوایه‌کم له به‌رپرسانی خۆرئاوا هه‌یه، که ئه‌ویش به مۆزه‌خانه‌کردنی شاری کۆبانێیه. من خۆم کۆبانێم نه‌دیوه نازانم چه‌ند گه‌وره‌یه، به‌ڵام بیرکردنه‌وه‌ی من ده‌ڵێ، که شوورایه‌ک به ده‌وری شاری کۆبانێدا بکێشن و وه‌ک خۆی به کاولیی بیهێڵنه‌وه به وێنه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌ک، هه‌تاوه‌کوو نه‌وه‌ی ئاینده به نه‌به‌ردی ئه‌م شاره ئاشنا بکه‌ین. هه‌تاوه‌کوو ئازایه‌تیی ئه‌م شاره له شه‌ڕی ئیسلامی فاشیدا بۆ هه‌تاهه‌تایه بگه‌یه‌نین به نه‌وه‌کانی جیهان. با کۆبانێ وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌ی لێنه‌یه‌ت، هه‌وڵبده‌ن کۆبانێ له ده‌ره‌وه‌ی کۆبانێدا دروستبکه‌نه‌وه و شاره‌ کۆنه‌که‌ش وه‌ک خۆی بهێڵنه‌وه. ده‌شێت دروستکردنه‌وه‌ی شارێکی ئاوها پاره‌یه‌کی زۆری تێبچێت، هاووڵاتیان قه‌ره‌بوویه‌کی زۆریان تێبچێت، به‌ڵام نه‌به‌ردیی ئه‌م شاره گرانتره له پاره.
ئه‌گه‌ر له‌به‌ر کێشه‌ی ئۆکۆنۆمیی نه‌توانرێت ئه‌م کاره بکرێت، ئه‌وا ده‌کرێت گه‌ڕه‌کێک، که زۆرتریین زیانی پێگه‌یشتووه بکرێته مۆزه‌خانه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و شوورایه‌ک به‌ ده‌وریدا بکێشن. ده‌توانرێت کۆمه‌ک له‌سه‌ر ئاستی کوردستانی گه‌وره‌دا بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌کێک کۆبکرێته‌وه. ئیتر لێره‌وه کۆبانێ بۆ هه‌تاهه‌تایه زیندوو نه‌به‌رد ده‌مێنێته‌وه و نه‌وه‌ی ئاینده‌ش بێبه‌ش نابن لێی.
28.11.2014
ئاسۆ عه‌زیز

Share