Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
چاكسازی له‌به‌رده‌م كلتورو سیاسه‌تی نه‌یتگه‌ریدا .. دانا مه‌نمی

به‌ده‌نگی بڵند قسه‌ له‌ چاكسازی و گۆرانكاری ده‌كرێت ، ئه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌كی باشه‌ ، به‌ڵام كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بكرێته‌ كرده‌وه‌ ، سه‌ره‌تاش پێویسته‌ چاكسازی له‌ حزب دا بكرێت ، چونكه‌ حزب باشترین وه‌سیله‌ی چاكسازی و گۆرانكاری یه‌ ، ترسان له‌ چاكسازی و كۆران ترسانه‌ له‌ پێشكه‌وتن و به‌ جێمانه‌ له‌ نێو تقلیدی كۆنه‌خوازیدا ، ژیان له‌ گۆراندایه‌ زانست و ته‌كه‌نه‌لۆژیا به‌به‌له‌ به‌ره‌و پێشده‌چن ، پێویسته‌ كلتورو بیركردنه‌وه‌مان به‌رده‌وام موتوربه‌ بكه‌ین به‌ ئایدیای نوێ‌ ، به‌ بیری نوێ‌ ، به‌رده‌وامیش هه‌ژیمان زاخاوی لیبورده‌یی و مرۆڤ دۆستی و نیشتیمان په‌روه‌ری بده‌ین ، تاكو به‌ چاكسازی و گۆران نه‌بینه‌ ریبوارێكی چالاكی دونیای پێشكه‌وتوو ، ناتوانین خزمه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانه‌كه‌مان بكه‌ین و له‌ رێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه‌ به‌شێكی چالاك و خزمه‌تگوزار بین بۆ مرۆڤایه‌تی .
ئه‌و شه‌پۆلی گۆرانه‌ی له‌ نێو جیهانی بووندا وه‌كو زریانێكی توند هه‌ڵی كردووه‌و هه‌ر دێت ، به‌ڵام با خۆیشمان به‌رنامه‌ی چاكسازیمان هه‌بێت ئه‌و شتانه‌ بگۆڕین و نویبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ بۆ گه‌ڵ و نیشتیمانه‌كه‌مان به‌ سووده‌ ئه‌گه‌ر نا ، به‌ر ته‌پو تۆزی چاك و خراپی چاكسازییه‌كان ده‌كه‌وین ، با مێشك و دلمان بۆ چاكسازی و كۆران و نێبونه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ ، به‌ ئاگاییه‌وه‌ بچینه‌ نێو پرۆسه‌كه‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌نگاوی به‌رین له‌گه‌ڵ كاروانی پێشكه‌وتن ریبكه‌وین ، وه‌كو خه‌مخۆرێكی ئه‌م هه‌ڵمه‌تی گۆران و چاكسازی یه‌ .
كارل پۆپه‌ر ده‌ڵێت : ده‌توانین ده‌زگا سیاسییه‌كان به‌ جۆرێك ریكبخه‌ین ، كه‌ ته‌نانه‌ت حوكمرانه‌ خراپ و ناشایسته‌كانیش نه‌توانن زیان به‌ كۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نن .

مێژوویه‌كی دورودرێژی كلتوری ئێمه‌ له‌ ژیر كاریگه‌ری و هه‌ژموونی كلتوری نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداردا بووه‌ كلتوری نه‌ته‌وه‌كانی دی به‌ هۆی ده‌سه‌لاته‌كانیانه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكی باشیان بۆ خۆیان ره‌خساندووه‌ ، كه‌ هه‌ژموونی هه‌مه‌لایه‌نانه‌یان هه‌بێت له‌ سه‌رتاپای ژیانی ئێمه‌ له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌و سیاسه‌ت و ئابوری و ته‌نانه‌ت هه‌لسوكه‌وتی كۆمه‌لایه‌تیش ، نه‌خوێنده‌واری و هه‌ژاری و دواكه‌وتوویی سیاسی و كلتوری زه‌مینه‌یه‌كی باشی ره‌خساندووه‌ بۆ چاولێكه‌ری ئه‌و كلتورانه‌ ، كلتوری عیراقی عه‌ره‌بی كه‌ گه‌رایی حزبی به‌عسی تروكاند ، ئه‌ویش له‌ ماوه‌ی ( 35 ساڵ ) حوكمرانی خۆیدا ، مندالان و خویندكارانی به‌ به‌هاو فه‌لسه‌فه‌ی به‌عس ده‌وله‌مه‌ند ده‌كرد هه‌میشه‌ فه‌لسه‌فه‌ی موقه‌ده‌سكردنی حزب و فه‌رموده‌كانی سه‌رۆكی به‌ ئاشكرا ده‌چاند ، ئه‌رك و فه‌رمانی بێ‌ چه‌ندوچوون بوو ، ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵگای له‌مه‌نگه‌نه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاری حزبی به‌عس و سه‌رۆك صدام دا بوو !!
لیره‌وه‌ به‌عس عیراقی كرده‌ سه‌ربازگه‌یه‌ك ، ووشه‌ی جه‌ماوه‌ر – گه‌ل یه‌كسان بوو به‌ پارچه‌ مێگه‌لێكی بێ‌ زمان و بی َئه‌قڵ جگه‌ له‌ به‌ڵی له‌گه‌لتاین ئه‌ی سه‌رۆك هیچی تری پێ‌ نه‌بوو ئه‌وه‌ش سیفاتی فاشیزمه‌ به‌ گشتی ، به‌عس گه‌یشتبووه‌ ئه‌و باوه‌ره‌و له‌ به‌رنامه‌یدا بوو كه‌ ره‌گه‌زپه‌رستی به‌عسیزم بكاته‌ دروشمی هه‌موو عه‌ره‌بێك به‌سه‌ر دونیاشدا فه‌رزی بكات .

Share