Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
هیدایه‌تێک له وێنه‌یه‌کدا .. ئاسۆ عزیز

1ئه‌گه‌ر شه‌ش ساڵ پێش ئێستا بوایه، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه هه‌سته‌کانم به‌شێوه‌یه‌کی تر ده‌رده‌بڕی، له نووسینێکی ئاوهادا. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه‌ی ڕابوورددا گۆڕانێکی گه‌وره‌م به‌سه‌ر خۆمدا هێناوه و هه‌وڵده‌ده‌م هه‌سته‌کانم به‌شێوه‌یه‌کی تر شیبکه‌مه‌وه. به‌خته‌وه‌ریی من ئه‌وه‌یه، که که‌سێک هه‌یه به‌شێوه‌یه‌کی تر ده‌ڕوانێته ژیان و جیهان، که بۆ من جێگای سه‌رسووڕمانه. یه‌کێک له تێروانینه جیاوازه‌کانی ئه‌و بۆ ژیان ئه‌وه‌یه، که ده‌ڵێ: هیچ که‌سێک له خۆڕا نایه‌ته‌ سه‌رڕێگات، یاخوود دیده‌نی هیچ که‌سێک له خۆڕا نییه، به‌ڵکوو هه‌موو ئه‌مانه خاوه‌نی هه‌ستێکی تایبه‌تی خۆیانن، که له ڕێگایانه‌وه چ فێرده‌بین، چ خه‌ڵکی تریش فێرده‌بن، چ گۆڕانکاریی و ڕوودان دروستده‌بێت.
من هه‌میشه یادی پێشمه‌رگه‌کانی هاوڕێمن کردۆته‌وه، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا چالاکبووم. هه‌ندێک له‌وانه شه‌هید بوون، هه‌ندێکیان له‌دوای ئازادبوونی پارچه‌یه‌ک له نیشتیمانێکی داگیرکراو نه‌یانتوانی بحه‌وێنه‌وه و به‌خته‌وه‌ر بژین، به‌ڵکوو نه‌خۆشیی ئێخه‌ی گرتن و پاشان به خه‌م و ئازارێکی زۆره‌وه ژیانیان به‌جێهێشت. به‌ڵام ئێستا ده‌مه‌وێت یادی که‌سێک بکه‌مه‌وه، که پێشمه‌رگه نه‌بووه، که هاوڕێم نه‌بووه، به‌ڵکوو ته‌نها ڕێککه‌وت وه‌هایکرد، که ڕٶژێک وێنه‌یه‌ک پێکه‌وه بگرین و منیش ئیمڕۆ به ڕێککه‌وت ئه‌و وێنه‌یه‌م به‌رچاوکه‌وت و بیری ئه‌و ڕۆژه‌م که‌وته‌وه، که ئه‌م وێنه‌یه‌ی تێدا گیراوه.
له‌گه‌ڵ وه‌ستا فه‌رمان و ئاسۆ عه‌لیدا، له ڕێککه‌وتی 12.03.1982دا وێنه‌یه‌کمان له گووندی سێوسێنان گرت، که منداڵێکی ته‌مه‌ن هه‌ر 10 ساڵانی شوان هاته نێوانمانه‌وه و وێنه‌ی له‌گه‌ڵدا گرتین. له وێنه‌که‌دا له ده‌سته چه‌په‌وه من له ته‌نیشتمه‌وه هیدایه‌تی بچکۆلانه، له ته‌نیشت هیدایه‌ته‌وه وه‌ستا فه‌رمان و له ده‌سته ڕاستیشه‌وه ئاسۆ عه‌لی. پاش ئه‌وه‌ی وێنه‌که شۆرایه‌وه و گه‌یشته‌وه ده‌ستی من، منیش ڕێککه‌وتی گرتنی وێنه‌که و ناوی منداڵه‌که‌م له پشتی وێنه‌که‌دا نووسی. به‌دڵنیایی له‌نائاگاییدا ئه‌و کاره‌م کردووه، چونکه من ده‌گمه‌ن له پشتی وێنه‌کانم نووسیوه. به‌ڵام ئیمڕۆ تێده‌گه‌م که من ده‌بوایه ناوی ئه‌و منداڵه و ڕێککه‌وتی گرتنی وێنه‌که بنووسم. ده‌بوایه ئه‌و منداڵه بێته لامانه‌وه و وێنه‌یه‌کمان له‌گه‌ڵدا بگرێت. ده‌بوایه منیش ئیمڕۆ ته‌ماشای ئه‌و وێنه‌یه بکه‌م و بیری ئه‌و منداڵه بکه‌م و به‌دوایدا بگه‌ڕێم. من به‌دوای ئه‌و منداڵه‌دا گه‌ڕام، که وێنه‌که‌ی به‌دیاریی بده‌مێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌ویش وه‌ک زۆرینه‌ی دانیشتوانانی گووندی سێوسێنان شه‌هید بووه. هاوڕێی ئازیز و خۆشه‌ویستم کاک ڕه‌ووف ڕه‌باتیی به‌دواداچوونی بۆ هیدایه‌ت کرد و هه‌واڵی شه‌هیدبوونی و به‌شێکی گه‌وره‌ی خانه‌واده‌که‌ی پێگه‌یاندم. هیدایه‌ت کوڕی مه‌هدی هادییه و خه‌ڵکی سێوسێنانن و له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌‌که‌ی، که زیاتر له ده‌ که‌س بوون شه‌هید بوون. له‌ناو سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئه‌م خێزانه‌دا یه‌ک برایان ڕزگاری بوو، که ئه‌ویش پێشمه‌رگه بوو، خۆشبه‌ختانه هه‌تا ئێستاش له ژیاندا ماوه. ته‌واوی دانیشتوانی گووندێک به گازی کیمیاویی ڕژێمێکی فاشیشتی وه‌ک به‌عس له‌ناوده‌چن و ئێمه‌ش ئیمڕۆ هه‌ر جاره‌ی به ڕێککه‌وتێک دێنه‌وه یادمان و به قسه‌کردن له‌سه‌ریان نه‌مریان ده‌که‌ین.
سووپاس بۆ تۆی هیدایه‌ت، هیدایه‌تی گیانی گیانانی ئه‌وسا و ئێستا. ئێستا تێده‌گه‌م، که بۆچیی هاتیت ئه‌م وێنه‌یه‌م له‌گه‌ڵدا بگریت، چونکه ده‌تزانیت ده‌ڕۆیت و جێهماندێڵیت، هه‌تا منیش یاده‌وه‌رییت بگێڕمه‌وه، هه‌تا تێبگه‌ین، که هیچ شتێک ڕێککه‌وت نییه.
ئاسۆ عزیز
11.12.2014
هۆڵاند

FullSizeRender 1

 

FullSizeRender 3

 

Share