Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
نەخشەیەک بۆ دامەزراندنی سوپای پێشمەرگەی کوردستان

پێشنیارێکی کراوە بۆ بەر دیدی بەڕێزان:
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
ئەنجومەنی وەزیران
پەرلەمانی کوردستان
جەماوەری کوردستان
***
پارێزەر کامیل ژیر
مەترسیدارترین دیاردە بۆ قەوارەیەکی سیاسیی وەک هەرێمی کوردستان، نەبوونی سوپایەکی یەکگرتووی حکومەتی هەرێم و بوونی دوو سوپای حیزبیی وەک ئەوەی ئێستا بە (70و80)ی پێشمەرگە ناوئەبرێن! راستە ئەم دوو سوپایە لەبارودۆخێکی نائاساییدا دروستبوون، بەڵام نابێ تاسەر بەردەوامبن. ئەگەر لەڕێی رێکەوتنێکەوە یەکنەخران، ئەبێ بیر لەرێگایەکیتر بکرێتەوە. جگەلەوە، نەتەوەیەکی دیل و ژێردەسەی وەک کورد کە بەدرێژایی مێژوەکەی لەژێر هەڕەشەی لەناوبردندابوەو ئەبێ، پێویستە هەموو تاکەکانی، نێرو مێ، مەشقپێکراوی سەربازی و شارەزای بەکارهێنانی چەکبن و بەگیانێکی نەتەوەییانە پەروەردە بکرێن.
بۆ ئەو مەبەستە، کورتەی پرۆژەو رەشنووسی یاسایەک پێشنیار ئەکەین وەک نەخشەیەک بۆ دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانی و مەشقپێکردنی گەنجانی هەردوو رەگەزی نێرو مێی کورد کە بەرەبەرە هەموو تاکەکانی کۆمەڵ ئەگرێتەوەو یاساکەش ناوئەنرێ ( یاسای سوپای پێشمەرگەی کوردستان) بەپێی ئەم مادانەی خوارەوە :
م-١: پێویستە لەسەر هەموو گەنجێک، نێر یا مێ، کە ١٨ ساڵ تەمەن تەواو ئەکات، بەشداریی خولێکی مەشقی سەربازی و فێربوونی بەکارهێنانی چەکی جەنگ بکات بۆ ماوەی ٣ مانگ کە بریتییە لەمانگەکانی تەموزو ئاب و ئەیلولی هەموو ساڵێک لە یەکێک لە نزیکترین بنکەی پۆلیسی گەڕەکەکەی یا گوندەکەی یا هەر بنکەیەکیتر.
م-٢: دوای تەواوبوونی خولەکە، ئەو بنکەیە ناسنامەیەک ئەدات بەو کەسانەی لە خولەکەدا سەرکەوتوو ئەبن. ئەوانەی سەرکەوتوو نابن، بۆیان هەیە ساڵەکانی ئایندە بەشداریی خولیتر بکەن تا سەرئەکەون.
م-٣: لەدوای دەرچوونی ئەم یاسایەوە، ئاماژەبۆکراوان لە م-١ی سەرەوە لەهەموو مافێکی شارستانی بێبەش ئەبن وەک مافی خوێندن، دامەزراندن، مڵکداری، شۆڤێری، هاوسەرگیری و هتد ئەگەر خاوەنی ئەو ناسنامەیە نەبن کە لەبنکەی مەشقپێکردنەکەوە ئەیاندرێتێ بە پێی نموونەیەکی وەکیەک کە وەزارەتی پێشمەرگە بریاری لەسەرئەداو ئەینێرێ بۆ بنکەکان.
م-٤: ئەم یاسایە ئەوانە ناگرێتەوە کە ئێستا پێشمەرگەن یا پۆلیسن. ئەوانەش ناگرێتەوە کە توانای جەستەییان نیە بۆ بەشداری لەو خولەدا بە راپۆرتی لیژنەیەکی پزیشکی کە ئاراستەی هەر بنکەیەکی پۆلیسی ئەکات و ئەو بنکەیەش ناسنامەی تایبەتیی بۆئەکات.
م-٥: هەر سەرکەوتوویەک لەو خولانەدا بۆیهەیە داوابکا بچێتە سوپای پێشمەرگەی کوردستانی پێشنیارکراوەوە لەم رێگایانەوە:
‌‌١: کۆلێجی ئەفسەران ٤ ساڵ بۆ ئەوانەی بڕوانامەی ئامادەییان هەیە یا هەر بڕوانامەیەکی هاوسان بە ئامادەیی. کۆلێجی پزیشکی سەربازی ٥ ساڵ بۆ دەرچوانی ئامادەیی بەشی زانستی بەپێی ئەو نمرانەی بۆ سکولی پزیشکی زانکۆکانی کوردستان دیاریئەکرێ.
ب: پەیمانگەی یاوەر ئەفسەران (نائیب زابت) ٣ ساڵ بۆئەوانەی بروانامەی ناوەندییان هەیە.
ت: خولی پلەدار ١ ساڵ بۆئەوانەی دەرچوانی شەشی بنەڕەتین.
ج: خولی سەربازی ٦ مانگ بۆئەوانەی هیچ بروانامەیەکیان نیە.
هەموو ئەو توانایانە شەرەفی پێشمەرگایەتییان پێئەبەخشرێت.
م-٦: ئەو توانایانەی م-٥ وابەستەئەبن بە وەزارەتی پێشمەرگەوەو وەزارەت رێکاری کارگێڕی و دارایی و یاسایی و فەوجەکانیان بۆدیاری ئەکا. هەروەها وەزارەت مامۆستاو راهێنەر لەکۆلێجە سەربازییەکان و لەهێزەکانی ئێستای پێشمەرگەوە تەنسیب ئەکا بۆ مەشق و راهێنانی تواناکانی م-٥ ی سەرەوە.
م-٧: وەزارەت بۆ هەر ساڵێک ژمارەی تواناکانی م-٥ بەپێی پێویست دیاریئەکات.
م-٨: ماوەی راژەو خانەنشینی و بڕی مووچەو پاداشت و ئافەرین و پلەبەرزکردنەوەو سزادان وهەر رێکارێکی پێویست، بە یاسایتر دیاری ئەکرێت.
م-٩: سوپای پێشمەرگەی کوردستان لە وەزیرەوە تا هەموو ئەندامانی سوپاکە ئەبێ دووربن لە پەیوەندیی پارتایەتییەوە.
***
بەوجۆرە، ئەگەر ئەم پرۆژەیە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، حکومەتی هەرێم ئەبێ بەخاوەنی سوپای خۆی وەک دەوڵەتانیتر، مەترسیی شەڕی ناوخۆ نامێنێ، هەموو نەوەکانی خوار ١٨ ساڵیمان، بەرەبەرە، ئەبنە شارەزا لە بەکارهێنانی چەکداو لەکاتی پێویستدا چەکدارئەکرێن و ئەبنە پشتیوانی سوپای پێشمەرگەی کوردستان و بەرگریکار لەماڵ و نیشتمانی خۆیان کە ئەمە بۆ کوردی ستەمدیدە ئەبێتە رێگر لەمەترسیی ئەنفالێکیترو دووبارەنەبوونەوەی شەنگاڵێکیتر. با وانەیەک لە کۆبانێی خۆڕاگریشەوە وەرگرین. با جارێکیتر پشت نەکەینە دوژمن. بەرگری لە نەتەوەو نیشتمان ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵە بەپێی توانایان. پێشمەرگە قارەمانەکانی ئێستاشمان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیاندا، لەبەرەوە خانەنشین ئەبن و ئەرکەکانیان ئەسپێرن بە نەوەکانی دوای خۆیان، ئەوانەی ئەو یاسایە ئەیانگرێتەوە.
بەهیوام بیرمەندان و شارەزایانی بەڕێز، نەخشەکە دەوڵەمەندتر بکەن.
----------------

Share