Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
ڕێبوارێک، که به ڕێبواریی ده‌مرێت .. ئاسۆ عه‌زیز

10811595 1511214619162988 362211038 nدۆستێکم له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابوورددا پێیگووتم: کاک ئاسۆ، ئه‌‌وه کارێکی جوان و مۆڕاڵانه‌یه، که ئه‌و هه‌موو شه‌هیدانه به‌سه‌رده‌که‌یته‌وه و یاده‌وه‌رییان ده‌گێڕیته‌وه. ئه‌وه کارێکی مرۆڤانه‌یه، که پێشمه‌رگه‌ دێریینه‌کانی هاوڕێت به‌‌سه‌رده‌که‌یته‌وه و له‌کاتی نه‌خۆشکه‌وتنیاندا پشت و په‌نایانیت و پشتگیریی مۆڕاڵانه‌یان ده‌که‌یت، به‌ڵام بیرت نه‌چێت تۆ باوکی ئه‌م هه‌موو شه‌هید و پێشمه‌رگه دێریینانه نیت.
ئه‌و دۆسته‌م ڕاستده‌کات، ئه‌وه‌ی من ده‌یکه‌م ئه‌رکی ده‌زگایه‌که نه‌ک من، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌زگایه‌کیش نه‌بێت، که ئه‌م هه‌موو ئه‌رکه بگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی، ئه‌وا من به‌شێک له‌‌و ئه‌رکه‌م خستۆته سه‌رشانی خۆم. هه‌تاوه‌کوو که‌ی و چه‌ند من ده‌توانم درێژه به‌م کاره بده‌م، ئه‌وه‌یان ڕۆژگار و باری ته‌ندروستیی من ده‌زانێت.
ئێستاکه من خۆم ڕێبوارێکم، به‌ڵام ده‌مه‌وێت یادی ڕێبوارێک بکه‌مه‌وه، که به ڕێبواریی مرد، به گه‌نجیی به‌جێیهێشتین. لێره‌وه له بیرکردنه‌وه‌ی ڕه‌فیق سابیره‌وه ده‌توانم بڵێم:
دڵم نووقمی ئێواره‌یه
بنوو له‌نێو چاوانما
ڕۆحم به‌ژێر به‌فره‌وه
په‌نجه‌م له پرچت جێما،
ڕه‌فیق سابیر هه‌ر چه‌ند ئه‌م شیعره‌ی بۆ هاوڕێیه‌کی شیوعیی خۆی نووسیوه، که شه‌هیده، به‌ڵام ده‌ڵێی بۆ ڕێبوار و چه‌نده‌های وه‌ک ڕێبواریشی نووسیوه، چونکه ڕێبوار له شه‌وی ١٨ له‌سه‌ر ١٩ی ساڵی ١٩٨٣ له قه‌ره‌داغ له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌که‌یه‌وه به‌جێده‌هێڵدرێت و شه‌و له سه‌رماندا له به‌فردا ڕه‌قده‌بێته‌وه. هه‌ربۆیه لێره‌دا پێمخۆشه له‌گه‌ڵ نووسیینی ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌دا گوێ له ده‌نگی دیاریی قه‌ره‌داغیی بگرم.
https://www.youtube.com/watch?v=M5R7lnppdTk
ڕێبوار محه‌ممه‌د شاکر عه‌زیز له‌دایکبووی ساڵی ١٩٦٤ه. خوێندنی ناوه‌ندیی ته‌واوکردووه و له ساڵی ١٩٨٢ بووه به پێشمه‌رگه له تیپی ٥٥ی قه‌ره‌داغ. ڕێبوار گه‌نجێکی کاراما و ئازا بوو، خاوه‌نی چه‌ندیین چالاکیی شار و شاخه. یه‌کێک له ڕووداوه سه‌رنجڕاکێشه‌کانی ژیانی ڕێبوار بریتییه له له‌دایکبوونی. کاتێک ڕێبوار له‌دایک ده‌بێت، ئه‌و سسته‌ره‌ی، که مامانی ڕێبوار ده‌بێت، له‌کاتی له‌دایکبوونی ڕێبواردا به‌رزی ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ: ده‌بیت به پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و شه‌هید ده‌بیت. ڕێبوار زوو بوو به پێشمه‌رگه و زووش شه‌هید بوو، هه‌روه‌ک بۆ ئه‌وه له‌دایکبووبێت و ئیمرۆش ئێمه له سۆراغی چۆنێتیی به‌جێهێشتنی بپرسین.
له ساڵی ١٩٨٣ دا دایک و باوکی ده‌گیرێن و له ئه‌منه سووره‌که‌ی سلێمانیی ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆریان ده‌ده‌ن. له ئه‌نجامی ئه‌شکه‌نجه‌دانێکی زۆری دایکی ڕێبوار، دایکی ڕێبوار تووشی خوێنبه‌ربوون ده‌بێت و ده‌یبه‌ن بۆ فریاکه‌وتنی سلێمانیی بۆ تیمارکردنی. شه‌هید ڕێبوار کاتێک ده‌زانێت، که دایکی له فریاکه‌وتنی سلێمانییه، چه‌ند جارێک هه‌وڵی ڕزگارکردنی دایکی ده‌دات، به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نابێت، چونکه چ ده‌ستی دایکی به که‌له‌پچه به قه‌ره‌وێڵه‌که‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و چ چه‌ند قوات خاسه‌یه‌ک ئێشکگری دایکی بوون و نه‌یتوانیووه دایکی ده‌ربهێنێت.
ڕێبوار شه‌هیدێکی ڕێبواره، شه‌هیدێکی ڕێگای ڕزگاریی خاکی کوردستانه، که هه‌تاوه‌کوو ئێستا هیچ قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌کراوه. لێره‌وه داوا ده‌که‌م، که ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌سێک خاوه‌نی زانیاری زیاتره له‌سه‌ر چۆنێتیی شه‌هیدبوونی ئه‌وا یان په‌یوه‌ندیی به منه‌وه یان به که‌سوکاریه‌وه بکه‌ن.
ئاسۆ عزیز
19.01.2015
هۆڵاند

Share