Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
زانست ومیتۆدی زانستی دانا مه‌نمی

1زانست یەکێکە لە بوارە گرنگەکانی زانینی مرۆیی و زۆرجاریش لە زۆر کلتوردا سنورەکانی، بەهەڵە، تێکەڵدەکرێن لەگەڵ بوارەکانی دیکەی زانینی مرۆییدا وەک فەلسەفە، ئایین، ئاکار…هتد.
جیاوازی زانست لەوەدایە کە بەرمەبنای میتۆدێکی دیاریکراوە کە هاوتای نیە لە بوارەکانی دیکەی زانیندا. میتۆدی زانستی لەسەر بنەمای گریمانەکردنی دیاردەیەک بەندە دوای ئەوەی سەرنج دەدرێت. پاش گریمانەکردن، پێویستە زانستکار یان توێژەر دەستبکات بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە.
تاقیکردنەوە لە زانستدا خاسیەتێکی تایبەتی هەیە لە بوارەکانی دیکەی زانیندا بوونی نیە. تاقیکردنەوە لە بوارەکانی دیکەدا بۆ مەبەستی سەلماندنی راستی گریمانەکەیە. بەڵام لە زانستدا تاقیکردنەوە بۆ سەلماندنی راستی و ناراستی گریمانەکەیە لە هەمان کاتدا. هەر گریمانەیەکی زانستی، بەر لەوەی ببێت بە زانینی چەسپاو، پێویستە بخرێتە بەر زنجیرەیەک لە تاقیکردنەوە بۆ دەرخستنی راستی و ناراستی بەهەمان ئاست. کاتێک کە بڕی راستیەکەی زیاتر بوو لە ناراستییەکەی، ئەوکات زانستکار یاخود لێکۆڵەر دەگاتە دەرئەنجامێک کە دیسان جیاوازە لە بوارەکانی دیکەی زانین.
لە بوارەکانی زانیندا کاتێک ئەنجامێک بەدەستدەهێنرێت، دەوترێت کە ئەمە حەقیقەتە. بەڵام لە زانستدا مامەڵە لەگەڵ حەقیقەتدا ناکرێت بەڵکو لەگەڵ شیاودا دەکرێت. زانستکار یاخود توێژەر لە ئەنجامی تاقیکردنەوە یەک لە دوای یەکەکانیدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەوەی دۆزیویەتییەوە باشترین و پەسەندترین دەرئەنجامە یاخود لێکدانەوەیە بۆ ئەو دیاردەیەی کە لێکۆڵینەوەی لێکردووە.
یەکێکی دیکە لە خاسیەتە گرنگەکانی زانست ئەوەیە کە بواری تێدانیە بۆ “ڕا”، واتە لە بواری زانستدا ناکرێت بە کەسێکی توێژەر یاخود زانستکار بڵێیت “ئەوە رای خۆتە”، لەبەر ئەوەی زانستکار و توێژەری زانستی راستەقینە رای خۆی نیە بەڵکو دەرئەنجامی زانستی دەخاتە روو. هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ خاسیەتێکی دیکەی زانینی زانستی کە جیاوازە لە بوارەکانی دیکە.
بیروڕا مەودایەکی کەسیی خاوەنەکەیەتی، لەبەر ئەوەی هیچ پێوەرێک نیە بۆ بەرگرتن لەوەی کە کەسێک بڕوای پێیەتی، و هیچ پێوەرێکیش نیە بۆ سەلماندنی راستی و ناراستی ئەو بڕوایە. بەڵام لە زانستدا ئەم کارە دەکەوێتە دەرەوەی بیروڕای مرۆڤ و دەچێتە بواری تاقیکردنەوە و سەلماندنەوە. کاتێک زانستکار گریمانەیەک دەخاتەڕوو، ئەوا دەکەوێتە بەر پێوەرەکانی ساغکردنەوە بە گوێرەی میتۆدی زانستی. ئەگەر گریمانەکە سەلمێنرا دوای چەندین تاقیکردنەوە (تاقیکردنەوە دەکرێت لە تاقیگەدا بێت یاخود بە گوێرەی ئەو تیۆرانەی پێشتر سەلمێنراون یاخود بە گوێرەی ماتماتیک) ئەوکات ئەو گریمانەیە دەبێتە زانینی زانستی و ئینجا پەسەند دەکرێت.
زانست گشتگیرترین و جیهانیترین بواری زانینە لەسەر زەوی. شتێک نیە بەناوی “قوتابخانەی زانستی” یاخود “مەزهەبی زانستی” یاخود “زانستی نیشتمانی” چونکە زانست تاقە زانینی مرۆییە کە سنورەکانی نەتەوە و جوگرافیا و کلتور دەبڕێت. ئەگەر راستییەکی زانستی هەبێت لە چین و پاکستان و یۆنان و کەنەدا هەمان شتە. لە کلتوری ئیسلامی و مەسیحی و هیندۆس و بۆداییدا هەمان شتە.
ئەم خاسیەتە جیهانیەی زانستیش وەهای لێکردووە کە بواری نەهێشتۆتەوە بۆ بیروڕا و سنورداری. بۆ نمونە کاتیک زانستکارێک یان توێژەرێک لە ژاپۆن دۆزینەوەیەکی زانستی ئەنجام دەدات، یاخود تیۆرەیەکی راڤەکردنی دیاردەیەک دەخاتەڕوو، ئەو دۆزینەوەیەی یاخود راڤەکردنە تەنها لە ژاپۆن نامێنێتەوە بەڵکو دەگاتە هەموو دامەزراوە زانستییەکان لە سەرتاسەری دنیادا. بەڵام پێش ئەوەی بڵاویشبکرێتەوە، دەخرێتە بەردەستی هاوزانستکارەکانی لە پرۆسەیەکدا کە پێی دەوترێت پێداچوونەوەی ئه‌كادیمی “peer review”، ئەگەر لەم پێداچوونەوەیە دەرنەچێت، ئەوا بڵاوناکرێتەوە، کە بڵاویش نەکرایەوە، مانای ئەوەیە کە ناتەواوی هەیە و پێویستی بە کاری زیاترە. ئەگەر بڵاویشکرایەوە، ئەوا دەبێتە زانست و دۆزینەوەی پەسەند و لە هەموو جێگەیەک کاری پێدەکرێت ومامەڵەدەکرێت. یاخود دەبێتە پلیکانەیەک بۆ کاری زیاتر چونکە لە زانستدا زانین وەک پلیکانە وایە، هەموو کارێکی پێشتر وەک پلیکانەیەک وایە بۆ سەرکەوتن بەرەو سەرووتر.
ئێمەش لە زانست بە زمانی سادە بەم جۆرە کار دەکەین. ئەو زانینانەی بڵاویاندەکەینەوە هەموویان پێشتر بەو کەناڵانەدا تێپەڕیوون و ساغکراونەتەوە، ئینجا بڵاوکراونەتەوە. ئێمە هەوڵی بەردەوام دەدەین کە ئاستی زانست و بیرکردنەوەی زانستی بخەینە بەردیدی خوێنەری کورد. ئەگەر زانیارییەکی دیاریکراویش لەلای تۆ نوێ بوو یاخود لەبەر هەر هۆیەک لە هۆیەکان نەتوانیت تێیبگەیت، ئەوە مانای ئەوە نیە کە زانستەکە هەڵەیە. گرنگترین خاڵیش ئەوەیە کە زۆرجار لێکدانەوەی زانستی دەکەوێتە ناکۆکییەوە لەگەڵ ئەو زانینە باوەی کە کەسەکان لە بوارەکانی دیکەی زانینەوە بەدەستیاندەهێنن. لە دواجاردا دەتوانیت تاقیکردنەوە و بەڵگە و بەراوردکاری بکەیتە پێوەر بۆ پەسەندکردنیان.

Share