Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
دیسان ده‌ڵێین پێشمه‌ركه‌ میلیشیا نیه‌ .. عیماد عه‌لی

بۆ چه‌ند رۆژێكه‌ هه‌ندێك لایه‌نی توندره‌وی توركمان و عه‌ره‌بی عیراقی ناوی پێشمه‌رگه‌ به‌ میلیشیا ده‌هێنن و به‌ چه‌كداری حزب و مشه‌خۆری ناوزه‌د ده‌كه‌ن و چه‌ندباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌تی پاش به‌رگریكردنی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك و پاراستنی یه‌كێك له‌ شاره‌ پیرۆز و زۆر گرنگه‌كانی كوردستان . داوا ده‌كه‌ن له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابراوه‌كان ده‌ربركرێن و هێزی ناوه‌ندی عێراق واته‌ سوپای عێراق جیگه‌یان بگرێته‌وه‌ كه‌ به‌رگه‌ی چه‌ند سه‌عاتێكی داعشی نه‌گرت . به‌ڵام ئێستا وا ده‌بینرێت كه‌ حه‌شدی شه‌عبی (ئه‌م پێكهاته‌ عه‌سكه‌ریه‌ كتومت پێناسه‌ی میلیشیای بۆ ده‌گونجێت) ده‌هێنرێت و له‌وه‌ش ده‌چێت له‌دوارۆژدا كێشه‌گه‌لێك بۆ ده‌سه‌ڵاتی كوردستان له‌ ناوچه‌دابراوه‌كان و پێشمه‌رگه‌ش دروست بكات .
میلیشیا: كۆمه‌ڵیكی چه‌كدارن كه‌ وه‌ك هێزی نا نیزامی له‌پاڵ هێزی نیزامی ده‌وڵه‌ت یان حزب یان پێكهاته‌یه‌ك وه‌ك هێزی یه‌ده‌ك، واته‌ له‌پاڵ سوپای نیزامی له‌ لایه‌ن خه‌ڵكانێك یان لایه‌نێك یان بۆ مه‌رامی نهێنی ده‌سه‌ڵاتێك یان حزبێك یان كه‌سێكی ده‌سترۆیشتو بۆ مه‌رامی تایبه‌تی، دروست ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵگری هیچ بیروباوه‌ر و فكرێكیش نه‌بێت و، ته‌نها بۆ جه‌نگ به‌كار دێت،واته‌ شه‌ركردن به‌ نرخ و به‌ به‌رامبه‌ر . به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك ئاگاداره‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك خه‌باتگێری هه‌ڵگری چه‌كی به‌رگری و پاراستنی شه‌رف و خاكی كوردستان، هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆرشه‌كان بێ چاوبرین له‌ به‌رامبه‌ر بێ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی تایبه‌تی مادی دروستبون و، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی جیاواز له‌ میلیشیا هیچ كه‌س و لایه‌نێك بۆ مه‌رامی تایبه‌تی له‌پاڵ هێزی تر به‌ كارینه‌هێناون و به‌ڵكو هێزێكی عه‌قیدی پر له‌ بیروباوه‌ر و دوور له‌ كرێگرته‌یی و پاك و خاوه‌ن ویست و ئیراده‌ی تایبه‌ت و پابه‌ند به‌ خۆشه‌ویستی وڵات له‌ پێناو پاراستنی خاك و نیشتمانی كوردستان گیانی خۆیان به‌خت كردووه‌، له‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی تر بۆ كورد رێزلێگیراوتر بووه‌ _ رێزی مه‌عنه‌وی نه‌ك مادی _ .
ئه‌مرۆش پاش ئه‌و نه‌به‌ردیه‌ی له‌ به‌ره‌كانی شه‌ر نواندی و ئه‌وه‌ی بۆ سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك سه‌لماند كه‌ پێشمه‌رگه‌ كۆنی و تازه‌یی نیه‌، به‌ڵكو پابه‌ندبون به‌ عه‌قیده‌ و خۆشه‌ویستی خاك و نه‌ته‌وه‌ ئازایه‌تی و هێز دروست ده‌كات له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا، پاش ئه‌و ده‌نگه‌ ده‌نگ و قیره‌ قیره‌ی لایه‌نه‌ توند ره‌وه‌كانی عیراق كه‌ بێگومان لایه‌نی ده‌ره‌كیان له‌ پشته‌وه‌یه‌، پێویسته‌ سنورێك بۆ ده‌م درێژیان دابنرێت و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێگه‌ له‌ بێ رێزیه‌كانیان بگیرێت و قودسیه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بپارێزرێت .ٍ لای خۆشمانه‌وه‌ زۆر پێویسته‌ ئه‌و پێگه‌ پیرۆزه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌موو كات و ئان وساتێكدا زیاتر بپارێزین و هه‌وڵی یه‌كگرتنیان بده‌ین و نه‌یان كه‌ینه‌ قوربانی ململانێی حزبی و،ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه‌ له‌ ململانێیه‌كی لاوه‌كی حزبیدا بێ نرخ سه‌یر نه‌كرێن و به‌ میلیشیا ناونه‌برێن و، پاش شه‌ر و جه‌نگه‌ سه‌پێنراوه‌كان پشتگوێ نه‌خرێن . به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ نه‌هێڵرێت هه‌ر هێز و لایه‌نێك له‌ هه‌ر شوێن و پێگه‌یه‌ك بێت ده‌مدرێژی بكاته‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌، چونكه‌ بێگومانین ناتوانێت ده‌ستدرێژی بكات و پێشمه‌رگه‌ وه‌ك به‌ داعشی كرد ده‌رسێكی باشی ده‌دات و له‌ شوێن خۆی راده‌گیرێت .
ئێستا و له‌م كاته‌دا ئه‌وه‌ی ئه‌ركی به‌رپرس و په‌رله‌مانتاره‌كانی كورده‌ به‌تایبه‌تی له‌ به‌غدا، كه‌ له‌ كاتی خۆیدا به‌رپه‌رچی هه‌ر ده‌مدرێژیه‌كی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ به‌ توندی بداته‌وه‌ و كاری پێویستی وا بكرێت كه‌ جارێكی تر كه‌س جورئه‌تی ئه‌وه‌ نه‌كات قسه‌ی نابه‌جێ بكات و به‌ڵكو ده‌رسی لێ وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یبینین، تا ئێستا هیچ كاردانه‌وه‌یك له‌لایه‌ن نوینه‌ارنی كورد له‌ به‌غدا نه‌بینراوه‌ كه‌ وه‌ڵامی توند و پێویستی ئه‌و ده‌مدرێژیانه‌ له‌ كات و شوێنی خۆیدا بداته‌وه‌ .

Share