Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
هونه‌ر و چه‌ک و سیاسه‌ت .. ئاسۆ عه‌زیز

10958786 797905916969258 1370324792 nله‌دوای ڕاپه‌ڕینی ١٩٩١ه‌وه، نزیکبوونه‌‌وه له هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران، بووه دیارده‌یه‌ک، که نه‌ک به‌ته‌نها هه‌وادارانی هونه‌ر و نووسین تامه‌زرۆی پێکه‌وه‌بوون بوون له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌راندا، به‌ڵکوو سیاسییه‌کانیشمان خاوه‌نی ئه‌و خولیایه‌ بوون. هه‌ر له‌دوای ڕاپه‌ڕینیشه‌وه دیارده‌ی هه‌ڕه‌شه و کووشتنی هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانیش ڕووی کرده سیاسییه‌کانمان.
ڕاپه‌ڕین ئه‌و زه‌مه‌نه ئه‌فسووناوییه‌ی، که چه‌نده‌ها دیارده‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا، که ئێمه پێشتر به خه‌ویش نه‌مان ده‌دی، هه‌رگیز بیرمان لێنه‌ده‌کرده‌وه. ئه‌و هه‌موو ساڵه تێکۆشان و قوربانیدان بۆ ئازادیی، به‌ڵام که ئازادیش بووین، نیشتمانه‌که‌مان به‌جێهێشت و نه‌مانتوانی تێیدا بژین. هۆکاره‌کان هه‌رچیه‌ک بن هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت، ئێمه نه‌مانتوانی له ئازادیدا ئازاد له خاکه‌که‌ی خۆماندا بژین. جه‌نگی درێژخایه‌نی نێوان پارته‌کانمان به‌شێک بوون له نه‌بوونی ئازادیی. ئێمه پێمانوابوو هه‌نگاوێکمان له پرۆسه‌ی دیموکراسییدا هه‌ڵهێنایه‌وه و ئازادانه ده‌نگماندا و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانمان دروستکرد، به‌ڵام له‌و دیموکراسییه‌دا ئازاد نه‌بوویت هه‌ڵبژاردن به‌ریته‌وه، هه‌ربۆیه هیچ لایه‌ک لاکه‌ی تری په‌سه‌ند نه‌ده‌کرد، که ئێستاش هه‌مان کێشه‌مان له‌م حکومه‌ته نوێیه‌دا هه‌یه و جیاوازییه‌که ته‌نها ئه‌وه‌یه، که سیاسییه‌کانمان که‌مێک سنوریان بۆ خۆیان داناوه و جه‌نگی یه‌کتر ناکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هێشتا ده‌یکه‌ن بریتیه له په‌سه‌ندنه‌کردنی یه‌کتریی.
له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه پشتگیریکردنی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان بووه دیارده‌یه‌کی سیاسیی و هه‌ر سه‌رکرده و پارتێک هه‌ڵده‌ستا، بانگهێشتی چه‌ند نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانێکی ده‌کرد و پشتگیریی ماددی ده‌کردن. ئه‌م پشتگیریکردنه زیاتر بۆ ڕاکێشانیان بوو بۆ به‌ره‌کانی حیزب نه‌ک درێژه‌دان به نووسین و هونه‌ر. هه‌ر نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌ش هه‌ڵده‌ستا ده‌چووه ژێر سێبه‌ری پارتێک، سه‌رکرده‌یه بۆ درێژه‌دان به ژیان و هونه‌ر و نووسین. یه‌کێتی هونه‌رمه‌ندان، یه‌کێتی نووسه‌ران خاوه‌نی هه‌زاره‌ها نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندن، که به‌شێکی گه‌وره‌یان له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ده‌ستگیرۆیی پارت وه‌رده‌گرن. من پێموایه ئه‌م ده‌ستگیرۆییه ئه‌وه‌نده‌ی بووه‌ته زیان ئه‌وه‌نده قازانجی نه‌خستۆته‌وه، چونکه هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی دروستکردنی دیوارن بۆ یه‌کتریی ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی به‌رهه‌م نین. له ئه‌وروپا ده‌ستگیرۆیی بووه‌ته هۆی درێژه‌دان به نووسین و هونه‌ر، له کوردستان بووه به‌ربه‌ست بۆ خه‌ڵکانی تر.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران به ده‌مانچه له‌لایه‌ن پارت و سه‌رۆک و سه‌رکرده‌کانه‌وه خه‌ڵات ده‌کرێن. کاره‌ساته ده‌مانچه‌یه‌ک وه‌ک خه‌ڵات بده‌یته نووسه‌رێک یان هونه‌رمه‌ندێک. کاره‌ساته ده‌مانچه‌یه‌ک وه‌ک خه‌ڵاتیش بده‌یته پێشمه‌رگه‌یه‌ک، چونکه تۆ به‌و ده‌مانچه‌یه‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیی که‌سێک درێژده‌که‌یته‌وه، که هیچ شتێکی تری له ژیاندا نه‌بێت، بێجگه له تفه‌نگ و بارووت نه‌بێت. پێشمه‌رگه‌ش ده‌‌بێت بژیی، ده‌بێت ژیانی هاووڵاتییه‌ک وه‌ک سڤیل بژیی.
من پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرینم نه‌ک سه‌رکرده‌یه‌ک، پێشمه‌رگه‌یه‌ک که هه‌میشه چه‌ترێک بووم بۆ نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان. له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ئاره‌زووی من دانیشتنبووه له بازنه‌ی ئاگردانی هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌راندا، به‌ڵام هه‌رگیز ڕێگام به‌ خۆم نه‌داوه چه‌ک و بارووت دیاریی هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر بکه‌م. دیارییه‌کانی من بریتیی بوون له که‌و و که‌ناریی، پاندان و عود و که‌مان، هه‌ندێکجار گۆڵد فیش، هه‌ندێکجار تووحفه‌یه‌ک، که من به‌ڕێککه‌وت له شوێنێک ده‌ستمکه‌وتبێت. ده‌شێت دیارییه‌کانی من هێشتا مابێتن، به‌ڵام ده‌مانچه‌ی سه‌رکرده‌کان یان فرۆشراون یان تاوانیان پێکراوه.
نه‌به‌ز عه‌بدوڵای گۆرانییبێژ یه‌کێکه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی، که من به خۆشییه‌وه هاورێیه‌تیی ده‌که‌م، هونه‌رمه‌ندیکه، که خانه‌واده‌که‌یان خاوه‌نی قوربانیین بۆ ئازادیی کوردستان، هه‌ربۆیه سرودی پێشمه‌رگه‌شی بۆ پشتگیرییه‌کی ڕۆحیی پێشمه‌رگه گووتووه. نه‌به‌ز به‌رهه‌مه‌کانی له‌سه‌ر خه‌رجی خۆی به‌رهه‌مدێنێت، دڵنیاشم له‌وه‌ی، که به‌رهه‌مه‌کانی بێجگه له قازانجێکی ڕۆحیی بۆ خۆی هیچ قازانجێکی ماددیی پێناگه‌یه‌نێت، چونکه هه‌رهێنده‌ی به‌رهه‌مێک که‌وته نێته‌وه، ئیتر که‌س ناچێت له بازاڕ بیکڕێت. کڕینی به‌رهه‌میش تاکه پشتگیریی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت نه ده‌توانن درێژه به نووسین و هونه‌ر بده‌ن نه هونه‌ره‌که‌شیان به‌شی داهاتی ژیانیان بکات.
خۆشحاڵم به‌وه‌ی، که توانیم وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین نه‌به‌ز عه‌بدوڵا بۆ پشتگیرییکردنی له درێژه‌دان به هونه‌ر خه‌ڵات بکه‌م. خه‌ڵاته‌که‌ی منیش عودێکه، که به‌هیوام سیموڵێک بێت بۆ زیاتر نزیکبوونه‌وه له ژیان له به‌خته‌وه‌ریی و هونه‌ردا، نه‌ک له کاره‌سات و تفه‌نگ و جه‌نگدا.
به‌هیوام سه‌رکه‌وتن بۆ نه‌به‌ز و به‌هیوای ژیانێکی به‌خته‌وه‌ریش بۆ پێشمه‌رگه. ژیانێک که تێیدا بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه و له ئازادیی و ئاسایشدا ژیانێکی سڤیلانه بژین.

06.02.2015

ئاسۆ عه‌زیز
هۆڵاند

Share