Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
ئه‌گه‌ر كاك مه‌سعود سنگی فراوان بێت له‌ ئاست ئه‌م ره‌خنانه‌دا .. عیماد عه‌لی

1پێش وه‌خت ده‌بێت سنگفراوانی كاك مه‌سعود سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ك كاك نیچیرڤان نه‌بێت به‌ ره‌خنه‌یه‌كی په‌له‌مانتارێك خۆی نه‌گرێت و توره‌یی خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی كتوپر و به‌ كاردانه‌وه‌ ده‌ربرێت .
به‌كورتی، ئه‌وه‌ی تێده‌په‌رێت له‌م هه‌رێمه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ خۆمانه‌وه‌ هه‌یه‌ وپاش چه‌ندین هه‌ڵه‌ و شپرزه‌یی و نه‌زانی له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ بیست ساڵ له‌ حوكمرانی خۆمان،تا ئێستا وامان هێناوه‌ و، بارودۆخه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك رێككه‌وتوه‌ كه‌ پێویستیه‌كی بنه‌ره‌تی به‌ خۆرێكخستنه‌وه‌یه‌كی خێرا هه‌یه‌ و، ته‌نها به‌ یه‌كگرتوویی ده‌توانین له‌م قه‌یرانه‌ ده‌رچین و، ئه‌م هه‌له‌ كه‌ تا ئێستاش له‌به‌رده‌ماندا ماوه‌ بیقۆزینه‌وه‌ و به‌ عه‌قڵانیه‌ت و به‌رنامه‌یه‌كی چڕ و سه‌ركه‌وتو ده‌توانین بگه‌ینه‌ ئامانج، به‌ڵام له‌ دیاریكردنی ئامرازی پێویست بۆ سه‌ركه‌وتنی كۆتایی، هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك پێویستی به‌ جه‌ماوه‌ر ده‌بێت: له‌وێشدا متمانه‌بونی خه‌ڵك به‌ ده‌سه‌ڵات خاڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی سه‌رجه‌م سیستمه‌كانی حوكمرانیه‌ .پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: خه‌ڵك بۆ متمانه‌ی به‌ گوفتار و ره‌فتاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم نه‌ماوه‌؟
بۆیه‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچونانه‌ی خه‌ڵك هه‌ڵه‌ بن و ئێوه‌ راستیان بكه‌نه‌وه‌، رێگه‌ی گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیش كورت ده‌كه‌نه‌وه‌، چۆن ؟
یه‌كه‌م: له‌ رووی سیاسیه‌: خه‌ڵك بروای به‌ هیچ لایه‌كی دسه‌ڵات نه‌ماوه‌ له‌ لوتكه‌وه‌ تاوه‌كو بنكه‌، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له‌پرسێكی گرنگ: بۆ نمونه‌ له‌ بوارێكی چاره‌نوسسازی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیشدا قسه‌ بكه‌ن، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك وا ده‌زانن كه‌ له‌و باره‌شدا ئه‌گه‌ر له‌قازانجی بنه‌ماڵه‌ و حزب و كوتله‌ و باڵه‌كاندا نه‌بێت، سه‌ربه‌خۆیی هه‌رزان فرۆش ده‌كه‌ن و به‌ یه‌ك فلسی قه‌ڵب نایكرن . بۆیه‌ له‌م لایه‌نه‌وه‌ كاری زۆری پێویسته‌ بۆ گێرانه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردستان و، ئه‌ویش به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌دایه‌ .
دووه‌م : ئه‌گه‌ر باس له‌ شه‌فافیه‌ت بكه‌ن؛ خه‌ڵك له‌وباوه‌ره‌دایه‌، كه‌ پێشوه‌خت و له‌ سه‌ره‌تای هه‌موو هه‌نگاوێگدا، ده‌بێت سه‌ركرده‌كان به‌ كرده‌وه‌ و بیرۆ بۆچون و ره‌فتاری شه‌فافانه‌، قه‌ناعه‌ت به‌ خه‌ڵك بكه‌ن كه‌ ئه‌و باس و خواسانه‌ی له‌ سه‌ر پاره‌ و پوڵ و ماڵ و موڵكه‌ زه‌به‌لاحه‌كانی سه‌ركرده‌كان، له‌ملا و ئه‌و لا ده‌كرێت ، راست نیه‌، پێویسته‌ به‌ ئاشكرا و راست و ره‌وان بیسه‌لمێنن كه‌ ئه‌و قسانه‌ پیلانی دوژمنانه‌ بۆ نه‌هێشتنی متمانه‌ له‌ نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتی كوردستاندا و، ئه‌گه‌ر له‌م باره‌وه‌ سه‌ركه‌وتو بن، خه‌ڵك له‌ قوربانیدان به‌ خوێن و روح و ماڵ درێغی ناكات، وه‌ك چۆن پێشمه‌رگه‌ خوێنی خۆی ده‌به‌خشێت،هه‌موو چین و توێژه‌كان، له‌ پێشوه‌یاندا موچه‌خۆرانیش، به‌ كوڵه‌مرگیش بێت ژیانی خۆیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و ته‌حه‌مولی بێ موچه‌یی و هه‌ر بێ ده‌ره‌تانی و نه‌هامه‌تیه‌كیش ده‌كه‌ن، كه‌ روبه‌رویان بێته‌وه‌ .
سێیه‌م : ئه‌گه‌ر ده‌ست بخرێته‌ سه‌ر زامه‌ به‌سوێكانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری و له‌ نێو ده‌سه‌ڵاتی كوردستان، گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران ئاشكرا بكرێت و چاكسازی له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا بكرێت و، خه‌ڵك له‌ دوارۆژی خۆی دڵنیا بێت . هه‌مو كه‌س له‌وباوه‌ره‌دا ده‌بێت به‌ هه‌موو شیوه‌یه‌ك جه‌ماوه‌ر پشتگیری له‌ ده‌سه‌لاتی كوردستان ده‌كات هه‌ركه‌سێك له‌ لوتكه‌كه‌ی بێت .
چواره‌م : ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان ستراتیژێكی روون و ئاشكرای هه‌بێت، ته‌نها له‌ سه‌ر ته‌كتیكی رۆژانه‌ كاروباری سیاسی خۆی مه‌یسه‌ر نه‌كات و وه‌لائی بۆ خه‌ڵك و نیشتمانه‌كه‌ی خۆی بێت، كه‌س ناتوانێت مه‌ودای نێوان جه‌ماوه‌ر و ده‌سه‌ڵات فراونتر بكات و لێكیان بكاته‌وه‌ .
بۆ گه‌یشتن به‌ قه‌ناعه‌ت كردنی خه‌ڵك به‌ راستگۆیی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان له‌ پێناو متمانه‌كردنی خه‌ڵك و پشتگیریان بۆ ده‌سه‌ڵات له‌ رۆژانی ته‌نگانه‌دا، پێویسته‌ زۆر به‌ وردی و خێرایی ئه‌م ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كی و بنه‌ره‌تیانه‌ جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وسا ده‌توانین بڵێین هه‌نگاوی یه‌كه‌می به‌ره‌وپێشچون بۆ چاره‌سه‌ری پرسه‌كه‌مان ئاسان ده‌بێت . له‌وه‌شدا ئه‌ركێكی قورس و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی كه‌سی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاتی كوردستان و مێژوو وه‌ك خۆی بۆی تۆماری ده‌كات . گه‌ر ویست و ئیراده‌ی به‌هێز خۆی فه‌رز بكات ، هه‌نگاوه‌كان ئاسان ده‌بن و گه‌یشتن به‌ ئامانج مه‌یسه‌ر ده‌بێت .

Share