Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
منداڵ و ئاینده . ئاسۆ عه‌زیز

aaaaهه‌ر یه‌که‌مان ئه‌زموونێکی جیاوازی له‌گه‌ڵ منداڵ و ئاینده‌یاندا هه‌یه. به‌ڵام گه‌شبینیی له ئاینده‌ی منداڵدا هه‌موو کات جێگای گفتووگۆی گه‌وره‌کان بووه. منداڵ ئاینده‌یه، ئاینده‌یه‌کی باش ئاینده‌یه‌کی خراپ. تیرۆریستانی داعش منداڵانی دوێنێ بوون و ئاینده‌‌ بوون له مێژوویه‌کدا. ئه‌وانه‌ی ئێمه ئیمڕۆ کێشه‌مان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه، منداڵانی مێژوویه‌کن و ئاینده‌یه‌ک بوون. هه‌موومان منداڵانی مێژوویه‌ک بووین، چه‌ندمان باش بووین بۆ ئاینده؟ چه‌ندمان زه‌ره‌رمه‌ندبووین بۆ ئاینده. به‌شێکی زۆمان خاوه‌نی منداڵین، چه‌ندیان باشن بۆ ئاینده، چه‌ندیان زه‌ره‌رمه‌ندن بۆ ئاینده؟ منداڵه‌کانمان خاوه‌نی منداڵن، چه‌ندیان باشن بۆ ئاینده، چه‌ندیان زه‌ره‌‌رمه‌ندن بۆ ئاینده؟ وه‌ک پۆڵا سه‌عید ده‌ڵێ: ئێمه هیچ نین بێجگه له کرێکاری سروشت، ئێمه هیچ نین بێجگه له ئاسترومێنتی یاساکانی سروشت. له‌نێوانی هۆڵاند و ئه‌ڵمانیادا سنورێک هه‌یه، به‌ڵام له‌نێوانی باشه و خراپه هه‌تا ئێستا سنورێکم نه‌دیوه.
له شاری ئاڕنێم له وڵاتی هۆڵاند، چه‌ند هاووڵاتییه‌کی کورد، خۆبه‌خشانه له کڵاسێکدا ڕۆژانی شه‌ممه و یه‌کشه‌ممان وانه‌ی کوردیی به منداڵانی کورد ده‌ڵێنه‌وه. ئامانجی مامۆستایان ئاینده‌یه‌کی باشه بۆ نه‌وه‌ی ئاینده، به‌ڵام ئامانجی منداڵان خۆیان چییه، ئێمه ناتوانین چ بزانین و چ پێشبینیشی لێبکه‌ین. به‌ڵام جێگای خۆشحاڵیی و هیوایه، که له شوێنێکی ئاوهادا به دیداری منداڵان و مامۆستایان ده‌گه‌یت. هیوایه‌ک که ئێمه پێویستمانه هه‌تاوه‌کوو ببینه خاوه‌نی هێز و توانایه‌کی ده‌روونیی بۆ درێژه‌دان به ژیانێک له به‌خته‌وه‌رییدا.
ئه‌وه‌ی به‌دیده‌کرێت، ئه‌وه‌یه، که منداڵان پێیانه‌وه‌ دیاره، که له ئازادییدا ئه‌م ڕێگایه‌یان هه‌ڵبژاردووه نه‌ک دایک باوکان زۆریان لێکردبن. ئه‌گه‌ر مرۆڤ له ئازادییدا فێربێت، ئه‌وا هه‌رگیز پێویستی به چاودێر نییه، ئه‌مه خاڵێکی گرنگی پرۆسه‌ی فێربوونه.
1من پێموایه، که به‌ته‌نها فێربوونی زمان به‌س نییه، به‌ڵکوو له‌پاڵ وانه‌ی زمانی کوردییدا، پێویسته وانه‌یه‌کی ڕاوێژکاری کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌‌بێت، که بابه‌تی ده‌روونناسیی و مامه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی بڵێته‌وه. وانه‌یه‌ک، که منداڵان تێیدا فێری کولتوورێکی مرۆڤانه بن، نه‌ک کولتووری کوردیی. چونکه من خۆم ڕه‌شبینم به‌رانبه‌ر به پێکهاته‌ی کولتووری کوردیی، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌نده‌ها مامه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی کوردیی هه‌یه، که مۆڕاڵی تێدا نابینم، تاوانێکی گه‌وره‌یه، که منداڵانمان له هه‌نده‌رانیش فێری بن. بۆ نموونه ئایینی ئیسلام، ئه‌رکێکی کولتووریی نییه، به‌ڵکوو هی تاکه واته پێویست نییه منداڵانمان ئیسلام بن، به‌ڵکوو له ئاینده‌دا خۆیان ئازاد بن له هه‌ڵبژاردنی ئایینێک. خه‌ته‌نه‌کردن ئه‌رکێکی کولتووریی نییه، به‌ڵکوو تاوانێکه دژ به مرۆڤایه‌تیی، ئینجا چ هی کچ بێت یان کوڕ هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. ئێمه باب و باپیرانمان هه‌ڵه‌یان به‌رانبه‌ر کردووین، خۆمان به‌رانبه‌ر به منداڵانمان کردووه، به‌ڵام منداڵانمان پێویسته ئازادبن و ئه‌و تاوانه بسڕنه‌وه و لاپه‌ڕه‌کی نوێ بکه‌نه مێژووی په‌روه‌رده‌ی خۆیان و منداڵانی ئاینده‌یان.
01.03.2015
ئاسۆ عه‌زیز

 

Share