Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
پێویستە یەکێتی چی بکات ؟ .. ئەکرەم محـمد ئەمین

ئەگەر باس لە مێژووی یەکێتی بکرێت هەموو ئەندامێکی شانازی پێوە ئەکات ، لە یەکەم رۆژەوە شانمان دایە بەر خەبات و تێکۆشان بە گیانێکی هەست کردن بە ئەرکێکی نیشتمانی و پێویستی سەرشانی هەموو تاکێکی کورد بوو بۆ ئەو قۆناغەی کە پێویست بوو لە پێناوی پاراستنی ناسنامەی و هێشتنەوەی گەلەکەمان.
زۆر قۆناغی جیاوازمان بینی ، هەندێك جار کارەساتەکان ئەگەشتنە سەر ئێسقان زۆر بە ئازار بون ، بەلام بە زیرەکی وهەوڵی بەڕێز(مام جەلال) و ژیری سەرکرادیەتی و خۆراگری ئەندامان و پێشمەرگە قارەمانەکان قۆناغەکە تێئەپەری.
ساتە سەرکەوتوەکانیش پەیوەست بون بە تۆمار کردنی داستانەکان و سەرکەوتنی مەفرەزەکان لە شوێنە تایبەتیەکانی سەر بە رژێمی بەعسی داگیرکەر.
جێگەی دڵخۆشی کۆمەلانی خەڵکی کوردستان بوو پشتگیری و هاندەری سەرەکیمان بون.
بەلام ئەوەی پرسیاری ئیمرۆی یەکێتیەکانە :
هەموومان ئەڵێین بەڵێ بۆ چارەسەر کردنی کێشەو کەم و کوریەکان ، پرسیارەکانیشمان رووی لە هەڤالانی سەرکردایەتیە ،کەواتە کێشەکان و چارەسەرکردنی لە ژمارەیەکی دیاری کراودا بە کۆتا دێت.
بەڵی بە ژمارە ڕێژەیەکی دیاری کراون پر بە دەسەلات وسەرمایە و هەموو شتێکن.
بەلام لە هەمووی گرنگتر داخوازی کۆمەلانی خەڵکی و کەس و کاری شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و پەیرەوی ناوخۆی یەکێتی لە سەروی هەموو شتێکەوەیە .
یەکێتی خۆشبەختانە بەدەر لە هەموو حزبەکانی تری ناو کوردستان دلسۆزی ئەندامەکانی بۆ یەکێتی بێسنورە ، هەموومان خاوەنی یەکیتین.
جێگەی دڵخۆشیە بەڕێزانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لە بەرنامە دارشتندان بۆ دەست پێکردنەوەی گفتووگۆ کۆبونەوەی بەردەوام و لەگەل لیژنەکان دابنیشن بۆ چارەسەر، یەکیتی بەرەو ئاقارێکی ئارام و یەکگرتوی بەرن.
هیچ بیانویەك نیە بۆ دواخستنی چارەسەر، پاراستنی نێومالی یەکێتی هەموو شتێکە.
ئیمرۆ هەلی زێرینە بۆ یەکێتی بۆ چارەسەر و لە خۆ بوردەیی.
یەکێتی هی هەموومانە و شانازی پێوە ئەکەین، رووبارێك خوێنمان بەخشیوە زۆرترین هاورێمان شەهید بون تەمەنی گەنجی ئالتونی خۆمان بەخشی لەم پێناوەدا.
زۆربە سەربەرزانەوە ئەڵێم هەموو لایەنەکانی ناو کوردستان قەرزاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن.
بەڵی بەر لە دوو سال هەمان داواکاریم پێشکەش کرد بۆ چارەسەر ، ئێستاش بە پێویستی ئەزانم جارێکی تر بیخەمە بەردەمی بەڕیزان لە سەرکردایەتی یەکێتی بۆ چاك کردنی نێومالی یەکیتی.
١ - یەك بریاری ناوەند واتە ( یەك ووتە بێژ ).
٢ - دانیشتن لەسەر یەك مێزی گفتووگۆ هەم یەکتر ئەبینین و خێراش بریار خاڵی هاوبەش بۆ چارەسەر ئەدۆزرێتەوە.
٣ - بە هێز کردنی پەیوەندیەکانمان لەسەر ئاستی کوردستان و دەرەوە، دانانی کەسی شیاو.
٤ - چاو خشانەوە بە داهات و شێوەی خەرجی ، یەك دەزگا هەبێت بۆ هەموو سەرفێك.
٥ - راگەیاندنێکی ناوەند هەبێت وێنەی هەموو چین و توێژەکان وکەس وکاری شەهیدان و ئەندامان وپێشمەرگە و پێشمەرگە دێرینەکان وتیا جێگە بێتەوە.
٦ - چاو خشانەوە بە کلێشەی ڕێکخستن و کۆکردنەوەی ئەندامان بە شێوەیەك کە بزانن حزبەکەیان لێیان ئەپرسێتەوە و مایەی دلخۆشی ئەندامان بێت.
٧ - گرنگی دان بە ‌هێزی پێشمەرگە لە رووی رۆشبیری و دابین کردنی پێداویستی و ژیانێکی شایستە.
٨ - کەم کردنەوەی زۆرێك لە بارەگاو نوسینگەکان بۆ باشتر چاودێری کردنیان لە رووی ئیدارە و خزمەت کردنیان.
٩ - پیاداچونەوەیەك لەسەر خانەنیشین کردنی رێکخستنە دێرینەکان و ئەندامانی رێكخستن پێویستە رێز لە مێژووی خەباتی ئەندامان بگرێت بە سالبەندی و ماندوو بون رێك بخرێت و کۆیان بکرێتەوە لە دەزگایەتی حزبی بۆ بە گەر خستنیان ئەوەی توانای کار کردنی مابێت.
١٠ - پێویستە هەڤالانی سەرکردایەتی دەرگایان وەلا بێت بۆ ئەندامان و کۆمەلانی خەڵکی کوردستان و بە رێزەوە هەلس و کەوت بکرێت ، نەك دوو کاتژمێر لە پرسگا چاوەرێ بکات، ئەمە کارێکی ناشیاوە بۆ بەرپرسەکە، لە هیچ کەم و کورو رەخنەیەك نەترسێت .
ئەم خالانەی سەرەوە جیبەجی بکرێت و کاری بۆ بکەیت دلخۆشیت بەوەی ئەرکی بەرپرسیاریت بە ئەنجام گەیاندوە .
هەموو ئەندامێکی یەکێتی ئەزانیت چی بەرپرسێک هەنگاوی زیاتر ئەنیت لەم پێناوەدا و جێگەی دەست خۆشیە.


ئەکرەم محـمدئەمین
2015-08-05

Share