Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
قورئان داوای دەستورێکی لیبڕالی مەدەنی دەکات هادی ئەمین ـ توێژەری کۆمەڵایەتی

لێکۆڵینەوەیەک لەقورئاندا كراوە و دەركەوتووە کە قورئان داوای دەستورێکی مەدەنیی دیموکراتی لیبڕالی تەعەدودیی حزبی دەکات، لێکۆڵینەوەکە هەموو ئەوانەشی بەبەدواداچوونی ورد سەلماندوو، بەپشتبەستن بەخوێندنەوەی نوێ بۆ ئایەتەکانی قورئان.

کتێبی (الدین و السلطة) ی (د. محمد شحرور)، خوێندنەویەکی وردە بۆ پەیوەندیی نێوان دین و دەسەڵات، لەمێژووی کۆن و نوێدا و بەوردی پەیوەندییەکە دیاریدەکات، خوێندنەوەی ئەو کتێبە زۆرگرنگە بۆ هەر کەسێک بیەوێت لەپەیوەندیی نێوان دین و دەسەڵات تێ‌بگات، بەتایبەت گرنگە بۆ ئەندامانی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەرێم.

دین و "ئازادیی هەڵبژاردن" ی مرۆڤ:
د. محمد شحرور، دەیسەلمێنێت کە دین تەنها پەیوەستە بەدەسەڵاتی زەمیری مرۆڤەوە، (لا إكراه فی الدین) و بۆ هیچ حکومەت و حیزب و مەجلیسێکی فەتوا نییە زۆرکاری لەدیندا بکات و ببێتە (پۆلیس، چاودێر، شوان)ی دینی خەڵک، یان بڕگەی دین بسەپێنێت بەسەر خەڵکدا. دەڵێت هەر کەس و لایەن و دەستورێک، کاری وا بکات؛ ئەوا دەستی وەرداوەتە وشەی خودا، وشەی خودای پێشێلکردووە، دەڵێت ئازادی وشەی خودایە لەسەر زەویدا، خودا لەسەر مومارەسەی ئازادانەی مرۆڤ لەدواڕۆژدا (پاداشت، سزا) دەدات.

باسلەوەدەکات کە له‌ قورئاندا نوسراوە خودا پێویستیی به‌وه‌ نییه‌ به‌شێک له‌ به‌نده‌کانی بکات به‌شوان و چاودێر و پۆلیسی دین بۆ به‌شێکی تریان، به‌ڵگه‌‌شی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ قورئاندا نوسراوە که‌ خودا که‌لیمه‌یه‌کی وتوه‌، که‌ به‌(لولا كلمة سبقت من ربك) ناوی هاتووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ خودا ڕێگه‌یداوە مرۆڤه‌کان ئازاد و خاوه‌ن هه‌ڵبژارده‌ بن‌ و جیاوازییه‌کان بوونیان هه‌بێت:

(وما كان الناس إلا أمة واحدة فاختلفوا ولولا كلمة سبقت من ربك لقضي بينهم فيما فيه يختلفون) (يونس: ١٩)

واتە ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌لیمه‌یه‌ نه‌بوایه‌ که‌ خودا پیشتر بڕیاری لێ‌داوه‌ (ولولا كلمة سبقت من ربك)؛ ئه‌وا خودا ڕێگای به‌جیاوازیه‌کان نه‌ده‌دا، واتە خودا خۆی بڕیاری لەئازادیی هەڵبژاردن داوە بۆ مرۆڤەکان، ئیتر بۆ هیچ مرۆڤێک نییە زەوتی بکات. بۆیە (د. محمد شحرور) دەڵێت لەدەستوردا پێویستە بڕگەیەک هەبێت بەناوی "هیچ زۆرکارییەک لەدیندا نییە" و مرۆڤەکان ئازادن لەدین و باوەڕی خۆیاندا.

هەروەها دەڵێت ئەو ئیدیعایەی هەندێک لەحیزبەکان بەرزیدەکەنەوە بۆ چەسپاندنی شەریعەت لەدەستوردا؛ ئەوە مزایەدەی دینییە و دەیانەوێت بەوهۆیەوە ستەمکاری ئاینی و ئایدیۆلۆجی بسەپێنن و خۆیان بکەنە فەرمانڕەوا بەسەر ملی خەلکەوە بەناوی خودا و دینەوە. باسلەوەشدەکات کە زۆربەی وڵاتانی جیهان دەستور و کاروباری وڵاتیان بەپێی ئەو "صیراطی موستەقیم"ـەیە کە لەقورئاندا هاتووە: دەڵێت لەقورئاندا تەنها چواردە سەوابت و حەرامکراو هەیە، هیچ وڵاتێک یاسای دانەناوە بۆئەوەی دژایەتی ئەو چواردە سەوابت و حەرامکراوە بکات.

"چواردە حەرامەکە" ی قورئان؛ بەهای مرۆیی جیهانین و پێویستییان بەدەوڵەت نییە:
ناوبراو دەڵێت لەقورئاندا هاتووە کە بنه‌ماکانی "صیراطی موستەقیم" و سەوابتی دین لەدنیادایە، خۆ دورخستنەوەیە لەچواردە حەرامکراو، دەپرسێت "لە چ وڵاتێکدا بەیاسا داواکراوه‌ لەخەڵکی کە ئەم حەرامکراوانە پێشێلبکەن؟!".. چوارە حەرامکراو و سەوابتەکانی دین ئەمانەن:

" قل تعالوا أتل ما حرم ربكم عليكم:..." (سورة الأنعام: 151–153)
1- الا تشركوا به شيئا
دانه‌نانی هاوبه‌ش بۆ خودا، واتە دانانی هاوبەش بۆ خودا حەرامە.

2- وبالوالدين احسانا
چاکه‌کاری له‌گه‌ل دایک و باوک، واته‌ خراپبوون لەگەڵ دایکوباوک حه‌رامه‌.

٣- ولا تقتلوا أولادكم من إملاق نحن نرزقكم وإياهم
نه‌کوشتنی مناڵ، واتە کوشتنی مندال حەرامە.

٤- ولا تقربوا الفواحش ما ظهر منها وما بطن
ئه‌نجامنه‌دانی فاحیشه‌، چونکە فاحیشە حەرامە، فاحیشەی ئاشکرا لەناو کۆمەڵدا، کە چوارکەس بیبینێت، لەقورئاندا ناونراوە بەزینا، بەڵام ئەگەر لەناو کۆمەڵدا نەبێت و خەلک نەیبینیت و پێی نەزانێت ناوی فاحیشەی شاراوەیە.

٥- ولا تقتلوا النفس التي حرم الله إلا بالحق ذلكم وصاكم به لعلكم تعقلون
نه‌کوشتنی هه‌ر نه‌فسێک که‌ هه‌ناسه‌ بدات، ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت که‌ به ‌حه‌ق هاتووه‌ له‌ قورئاندا که‌ بریتین له‌و نەفسانەی کە مرۆڤ به‌کاری دێنێت بۆ خواردن، وەک ماسی و مه‌ڕ و ماڵات.

٦- ولا تقربوا مال اليتيم إلا بالتي هي أحسن حتى يبلغ أشده
چاکه‌کاری له‌گه‌ڵ بێ ‌باوکان، واتە نزیککەوتنەوە لەماڵیان بەخراپە حەرامە.

٧- وأوفوا الكيل والميزان بالقسط لا نكلف نفسا إلا وسعها
ئەنجامدانی کێشانە و پێوانە و کوالیتیی کار و ئه‌ندازه‌گیری به‌باشترین شێوه‌، واتە خراپەکاری لەم بوارەدا حەرامە

٨- وإذا قلتم فاعدلوا ولو كان ذا قربى
له‌ کاتی قسه‌دا دادپه‌روه‌ری ئەگەر لەسەر کەسە نزیکەکانیشتان بوو، واتە ناعەدالەتی لەقسەدا حەرامە.

٩- وبعهد الله أوفوا ذلكم وصاكم به لعلكم تذكرون
پابه‌ندبوون به‌ئێتیک و په‌یمانه‌کانی کار، کە بەناوی خودا سوێندی لەسەر دەخورێت، وه‌ک ئێتیک و په‌یمانی کاری توێژە جیاجیاکان: پەرلەمانتاران، بەرپرسان، ڕۆژنامەنوسان، پزیشکان، توێژەران.... که‌ دەیدەن و واژۆی دەکەن و سوێندی لەسەر دەخۆن بەوەی کە بەدڵسۆزی کارەکانیان بکەن و خیانەت لەکارەکانیاندا نەکەن، واتە پابەندنەبوون بەپەیمانەکان حەرامە.

١٠- حەرامکراوەکانی هاوسەرگیری کە لەئایەتەکانی ٢٣ و ٢٤ی سورەتی نیسائدا باسکراون.
حُرِّمَتْ عَلَيْكُمْ أُمَّهَاتُكُمْ وَبَنَاتُكُمْ وَأَخَوَاتُكُمْ وَعَمَّاتُكُمْ وَخَالاَتُكُمْ وَبَنَاتُ الأَخِ وَبَنَاتُ الأُخْتِ وَأُمَّهَاتُكُمُ اللاَّتِي أَرْضَعْنَكُمْ وَأَخَوَاتُكُم مِّنَ الرَّضَاعَةِ وَأُمَّهَاتُ نِسَآئِكُمْ وَرَبَائِبُكُمُ اللاَّتِي فِي حُجُورِكُم مِّن نِّسَآئِكُمُ اللاَّتِي.... (النساء 23 – 24)

١١- حەرامکراوەکانی پەیوەست بەخواردن، کە لەئایەتی ٣ ی مائیدەدا باسکراون.
حُرِّمَتْ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةُ وَالْدَّمُ وَلَحْمُ الْخِنْزِيرِ وَمَا أُهِلَّ لِغَيْرِ اللّهِ بِهِ وَالْمُنْخَنِقَةُ وَالْمَوْقُوذَةُ وَالْمُتَرَدِّيَةُ وَالنَّطِيحَةُ وَمَا أَكَلَ السَّبُعُ إِلاَّ مَا ذَكَّيْتُمْ وَمَا ذُبِحَ عَلَى النُّصُبِ وَأَن تَسْتَقْسِمُواْ بِالأَزْلاَمِ.. (سورة المائدة 3)

١٢- حەرامی ریبا، كە مەرجی "ئه‌ضعاف موضاعه‌فه" ‌ی بۆ دانراوه.‌
وَأَحَلَّ اللّهُ الْبَيْعَ وَحَرَّمَ الرِّبَا.... (البقرة 275)

١٣- حەرامکردنی تاوان و دەستدرێژی.
قُلْ إِنَّمَا حَرَّمَ رَبِّيَ الْفَوَاحِشَ مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَمَا بَطَنَ وَالإِثْمَ وَالْبَغْيَ بِغَيْرِ الْحَقِّ... (الأعراف 33)

١٤- حەرامکردنی لێدوان و قسەکردن بەناوی خوداوە و دین زیادکردن لەسەر خەلک و خۆکردن بەوەکیلی خودا.
قُلْ إِنَّمَا حَرَّمَ رَبِّيَ....وَأَن تَقُولُواْ عَلَى اللّهِ مَا لاَ تَعْلَمُونَ (الأعراف 33)

د. محمد شحرور، دەڵێت "صیراطی موستەقیم" پردێک نییە لەو دنیا بەسەر جەهەننەمدا بۆ پەڕینەوە بۆ بەهەشت، بەڵکو بریتییە لەپابەندبوون بەو چواردە بنەمایە، کە بریتین لەبەهای مرۆیی و سەوابتی دینین، هەروەها دەڵێت ئایا چ وڵاتێک لەجیهاندا بەیاسا پێشێلی ئەو سەوابت و حەرامکراوانە کراوە؟

هەروەها ئاماژەبەوەدەکات، کە ئەگەر وڵاتێکی وەک بەریتانیا بەیاسا رێگەیداوە بەهاوسەرگیریی نێوان هاوڕەگەزەکان، کە ئەوە پێشێلی "حدود"ێکی خودایە؛ ئەوا وڵاتانی وەک سعودیە و ئێران و خەلیفەکان لەسەردەمی خۆیاندا بەسەدان و هەزاران پێشێلکارییان کردووە لەسەر مافی خودا و بەسەدان و هەزاران لێدوانیان داوە بەناوی دین و خوداوە و شتیان لەخەڵکی حەرامکردووە، لەکاتێکدا کە لەقورئاندا حەرامکراوەکان تەنها چواردە دانەیە.

دەڵێت پابەندبوون بەو چواردە بنەما حەرامکراوەوە؛ پێویستی بەدەوڵەت و پۆلیس و دەزگای تەنفیزی نییە، چونکە هەرکات دەسەڵات و دەوڵەت خەڵکی ناچارکرد بەپابەندبوون بەدینەوە؛ ئەوا تایبەتمەندیی دین لەدەستدەچێت، کە وابەستەیە بەبنەمای (لا إکراه)، پابەندیی ئارەزوومەندانە و دەسەڵاتی زەمیری تاکەکەس، نەک دەسەڵاتی مرۆڤیتر.

هەروەها دەڵێت لەهەر وڵاتێکدا ئازادیی ژیان و هەڵبژاردن بۆ مرۆڤەکان دەستەبەرکرابێت؛ ئەوا لەو وڵاتەدا کەلیمەی خودا لەسەرەوەیە، چونکە ئازادیی هەڵبژاردن بریتییە لەکەلیمەی خودا، و لەهەر وڵاتێکیشدا خەڵک بەزۆر حیجابی پێ‌کرا یان ناچارکرا بەجۆرە باوەڕو ڕەفتارێک؛ ئەوا کەلیمەی خودا لەو وڵاتەدا لەژێرەوەیە.

د. محمد شحرور، ئاماژەبەوەدەکات کە پەرلەمانەکانی جیهان کاتێک سزای کوشتن دەگۆڕن بۆ زیندانی؛ ئەوا پێشێلی سنورێک لەسنورەکانی خودایان نەکردووە، چونکە ئەو سنور و سزایانەی لەقورئاندا هاتوون؛ حدودین، نوسراون (تِلْكَ حُدُودُ اللهِ فَلَا تَعْتَدُوهَا)، واتە دوا سنوری سزاکەیە، داواکراوە کە نەبەزێدرێت و تەجاوزی نەکرێت و زیاترنەکرێت، واتە دەکرێت لەو سنور و سزایە کەمتر بەکاربهێنرێت، بەڵام ناکرێت تەجاوزبکرێت.

دەڵێت: ئەو چواردە حەرامكراوە و بەها باڵاكانی مرۆڤایەتی كە دین داوای دەكات، بەشێوەی سروشتی لەناو ژیانی مرۆڤەكان و لەدەوڵەتەکاندایە، چونکە دینی "فیطرەت"ی مرۆڤە و گونجاوە لەگەڵیدا، زۆربەی خەڵکی سەر زەوی کێشەیان نییە لەگەڵ ئەو چواردە حەرامکراوەدا، بۆیە پێویستناکات لەدەستور و یاسادا بنوسرێت دین پەیڕەوبکەن، لەبەرئەوەی وڵاتان کار دەکەن لەسەر:

یەکەم، دابینکردنی ئازادیی هەڵبژاردن، کە ئەوە وشەی خودایە لەسەر زەویدا.
دووەم، بەجێهێشتنی پابەندبوون بەدین و حەرامکراوەکان و شەعائیرەکانی دین بۆ دەسەڵاتی زەمیری تاکەکان خۆیان بەویستی خۆیان.

د. محمد شحرور دەڵێت: حەقیقەتە بابەتی و موتڵەقەکان لەدەرەوەی مرۆڤن و مرۆڤ تێگەیشتنی نیسبیی هەیە بۆیان و بەگوێرەی کات و زەمان دەگۆڕێت بەهۆی پێشکەوتن و بەرزبوونەوەی ئاستی زانیارییەکان.

وەکچۆن بوون و مادە و پێکهاتەکانی گەردوون؛ حەقیقەتی بابەتین لەدەرەوەی مرۆڤ، و تێگەیشتنی ئێمە بۆیان نیسبییە و دەگۆڕێت بەئاڕاستەی کامڵ‌بوون بەتێپەڕبوونی کات و گەشەکردنی هۆکارەکانی زانیاری، بەهەمانشێوە قورئانیش حەقیقەتێکی بابەتییە لەدەرەوەی مرۆڤ، و تێگەیشتنی ئێمە بۆی نیسبییە، وەکچۆن مرۆڤایەتی بەردەوام زانیاری خۆی نوێدەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لەبوون و پێکهاتەکانی و وابەستەی لێکدانەوەی پێشخۆی نابێت و تەجاوزیدەکات، بەهەمانشێوە، لێکدانەوەی مرۆڤەکانی پێشوو بۆ قورئان و كتیبەكانی حەدیس و فەتوا و فیقهـ و توراسی ئیسلام، هیچی مولزیم نییە بۆ مرۆڤی ئێستا و دەبێت تەجاوزبکرێت (تێپەڕێنرێت)، و لەسەر بنەمای زانیاریی ئێستا خوێندنەوە بۆ قورئان بكرێت.

هەروەها دەڵێت: هەرلەبەرئەوە پێغەمبەر کتێبی بۆ تەفسیر و حەدیسەکانی نەنووسیوە، چونکە دەیزانی ئەگەر وای بکردایە؛ ئەوا خەڵکی پابەندی كتێبێكی سنوردارو نیسبی دەبوون لەدانراوی مرۆڤ، لەکاتێکدا هیچ مرۆڤێک ناتوانێت وەک خودا کتێبێک دابنێت بۆ هەموو کات و شوێنێک بشێت تا رۆژی قیامەت، چونكە توانا و زانیارییەكانی مرۆڤ وەك خودا بێسنور نییە، بەڵكو نیسبی و سنوردارە و بۆ ئەوە ناشێت كتێبی پێ دابنرێت كه بۆ هەموو كات و شوێنێك بشێت تا قیامەت.

دەڵێت هەموو ئایەتەکانی پەیوەست بەجیهاد و قیتال لەقورئاندا؛ پەیوەستن بەزەمەنی پێغەمبەر وەک "نەبی"، واتە پێغەمبەر لەکاتی ژیاندا، نەک بۆ ئێمەی مرۆڤی ئیستا، چونکە لەقورئاندا داواکراوە ئێمە شوێن ناونیشانی "رسول" ی پێغەمبەر بکەوین، نەک ناونیشانی "نبي"، دەڵێت سەرجەم ئەو ئایەتانە هەمووی لەچوارچێوەی چیرۆکەکانی "قصص" ی "نەبی" (موحەممەد)ە بۆ ئێمە، نەک "ریسالە"ی "رەسول" و "تەشریعی دین" بن بۆمان.

هەروەها باسلەوەشدەکات کە ئایەتەکانی قیتال لەقورئاندا بۆ سەپاندنی خوداپەرستی و بڵاوکردنەوەی دین نەبووە، بەڵکو بۆ نه‌هێشتنی ستەمکاری بووە، کە قورەیش ستەمیانکرد لەپێغەمبەر، لەمەککە دەریان‌کرد لەسەر هەڵبژاردنی ئازادانەی بیروباوەڕ.

دەڵێت بنەمای ئایەتەکانی قیتال پەیوەستبووە بەم ئایەتەوە: "فَإِنِ انْتَهَوْا فَلَا عُدْوَانَ إِلَّا عَلَى الظَّالِمِينَ" (البقرة: 193)، واته‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستیانهه‌ڵگرت له‌سه‌ر (قیتال، ده‌رکردن، چه‌وساندنه‌وه‌ له‌سه‌ر باوه‌ڕ)؛ ئه‌وا ئێوه‌ش وازبهێنن له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یان، وه‌ڵامدانه‌وه‌تان نه‌بێت بۆ که‌س، کارتان به‌سه‌ر که‌س نه‌بێت، ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت که‌ سته‌مکار و زۆردارن.

بنەماکانی دەستورێک بەبێ زۆرکاری و ستەمکاری ئایینی-سیاسی:
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا (د. محمد شحرور) بنەماکانی دەستورێک دادەنێت کە بریتی بێت لە:
- دەستورێکی مەدەنی دیموکراتی لیبڕالی تەعەدودی. و ئازادیی بیرورا.
- هیچ زۆرکاری و تەدەخولی نەبێت بۆ کاروباری شەخسیی مرۆڤەکان وەک دین.
- رێز لەهەموو مرۆڤەکان بگرێت بێ هیچ جیاوازییەک، و کاربکات بۆ دابینکردنی ژیان و بۆ ئازادیی هەڵبژاردن و ماف بۆ هاوڵاتییەکانی چ باوەڕدار بن یان بێ‌باوەڕ.
- ڕێگری‌کردن لەسەرهەڵدانی سێ ستەمکاری، کە لەقورئاندا وەک دیاردە ئاماژەیان پێ‌کراوە:
یەکەم: ستەمکاریی سیاسی، کە لەقورئاندا بە"فیرعەون" ئاماژەی پێ‌کراوە، کە کورسیی حوکم داگیردەکات و دەڵێت موڵک و ماڵ و ژیانی خەڵکی هی منە و بەویست و ئارەزووی تەحەکومی تێدا دەکات.
دووەم: ستەمکاریی دینی، کە لەقورئاندا بە"هامان" ئاماژەی پێ‌کراوە، کە دین لەسەر خەڵک زیاددەکەن و خۆیان دەکەن بەوەکیلی خودا و خەڵک دەسەمۆدەکەن بۆ دەسەڵاتی سیاسی و هالەی تەقدیس لەدەوری دەسەڵاتی سیاسی دروستدەکەن و بەوەلی ئەمر ناویان دەهێنن.
سێیەم: ستەمکاریی ئابوری، کە لەقورئاندا بە"قارون" ئاماژەی پێ‌کراوە، کە کاردەکات لەسەر کوشتنی ئابوریی خەلکی و ئیحتیکارکردنی.

جیاوازیی دین و دەسەڵات:
د. محمد شحرور، جیاوازیی نێوان دین و دەسەڵات بەم خاڵانە دەکات:
- پابەندبوون بەدین ئارەزومەندانەیە و وابەستەیە بەدەسەڵاتی زەمیری تاکەکەس، بەڵام دەسەڵات پابەندبوون پێوەی ئیلزامییە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا.
- دین بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەچێتەناو ژیانی تایبەتی کەسە دیندارەکانەوە، بەڵام دەسەڵات تەدەخول ناکات لەژیانی تایبەتیی کەسەکان.
- دین زۆرکاریی تیدا نییە و هەڵگری ئامڕازەکانی زۆرکاری نییە، بەڵام دەسەڵات پێویستە ئامڕازەکانی زۆرکاریی هەبیت وەک پۆلیس و ئەمن و یاسا و سزادان بۆ ڕێکخستن و پارستنی کۆمەڵگا.
- دین "مەنع" ناکات تەنها "حەڵال و حەرام" دەکات و مرۆڤ ئازاددەکات بەوەی کە پابەنددەبێت یان نا، بەڵام دەسەڵات "حەرام"کردن ناکات، بەڵکو "ئەمر" و "نەهی" و "مەنع" دەکات لەپێناو ڕێکخستنی کۆمەڵگا.
- دین حەڵاڵ‌کراوەکان کۆتناکات، بەڵام دەسەڵات حەڵاڵ‌کراوەکان ڕێک‌دەخات بەپێی پێداویستی کۆمەڵگا.
- دین مرۆڤ دەبات بۆ خۆشبەختیی دنیا و دواڕۆژ، بەڵام دەسەڵات تەنها گرنگی دەدات بەخۆشبەختی و مافی هەلبژاردنی ئازادانە بۆ مرۆڤەکان و ڕێکخستنی ژیانی دنیا.

دەڵێت ئەگەر سنوری دین و دەولەت تێکەڵبن؛ ئەوا ژیان تێک‌دەچێت و ستەمکاریی سیاسی-دینی دروستدەبێت، کە مەترسیدارترین جۆری ستەمکارییەکانە.

بەکارهێنانەکانی دین بۆ دەسەڵات:
د. محمد شحرور، باسلەوەشدەکات کە پەیوەست بەدەسەڵات، دووجۆر بەکارهێنانی دین هەیە:

یەکەم: ئیسلامی سەلەفی و صۆفی، دین دەکەنە ئامڕازو بەکاریدێنن بۆ پاراستنی دەسەڵات و درووستکردنی هالەی تەقدیس بەدەوریدا و کردنی بە "وەلی ئەمر"، هاوکات بەمەڕ و مێگەل‌کردنی خەڵکی بۆ دەسەڵات، تا دەسەڵات بتوانێت بەڕۆژی رووناک ماڵ و سامانیان بدزێت و جەلد و فەلاقەیان بکات.. خەڵکی ئەوەی لەسەریانە گوێڕایەڵی و سەبرگرتنە، بەدرێژایی دەسەڵاتی خەلیفەکان کۆمەڵێک موفتی و هامان ئەوە کاریان بووە، ئیستاش ئیسلامی سەلەفی هەر ئەو کارە دووبارەدەکاتەوە.

دووەم: ئیسلامی سیاسی، دین دەکەنە ئامڕازو بەکاریدێنن بۆئەوەی بگەنە کورسیی دەسەڵات، تا لەو ڕێیەوە ببن فەرمانڕەوا و وەکیلی خودا بەسەر خەلکەوە بەناوی دین و خودا و بەپاساوی ناردن و "سەوق"کردنی خەڵکی بۆ بەهەشت.

بێگومان ئەم کورتە وتارە ناتوانێت حەقی خۆی بدات بەکتێبەکە، هیوادارم ئەو کەسانەی دەیانەوێت لەپەیوەندیی نێوان دین و دەسەڵات تێ‌بگەن و ئەوانەی لەخەمی دەستور و داهاتووی کوردستاندان؛ سوود لەو کتێبە وەربگرن، کە دەتوانن لە گۆگڵ دایبگرن.

Share