Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
نامه‌یه‌کی سه‌رئاوه‌ڵا بۆ رێبه‌رایه‌تی هه‌ر دوو باڵی حیزبی دێموکرات

00pdki-kdpنامه‌یه‌کی سه‌رئاوه‌ڵا بۆ رێبه‌رایه‌تی هه‌ر دوو باڵی حیزبی دێموکرات

به‌ڕێزان:

کاک مسته‌فا هیجری، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کاک خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان
ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ر دوو باڵی حیزبی دێموکرات
که‌سایه‌تییه‌ کۆنه‌کار و خاوه‌ن ئه‌زموونه‌کانی حیزبی دێموکرات: مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده‌، کاک جه‌لیل گادانی، کاک حه‌سه‌ن ره‌ستگار، کاک حسێن مه‌ده‌نی،کاک باباعه‌لی مێهرپه‌روه‌ر، کاک سمایل بازیار و هتد ...
له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی گرووپی هه‌ڵوێست بۆ نێو ریزه‌کانی حدکا تا ئێستا کۆمه‌ڵێک ئاڵووگۆڕ و گۆڕانکاری ئه‌رێنی له‌ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ر دوو حیزبی دێموکراتدا هاتۆته‌ ئاراوه،که‌ بۆ وێنه‌ ده‌توانین دیداره‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی کۆڵه‌که‌کانی له‌تبوونی حیزب به‌ نموونه‌ بێنینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و دیدار و چاوپێکه‌وتنانه‌ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنانه‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌کان و رایه‌ڵه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا‌ تێری ئه‌و قۆناغه‌ ناکات که‌ کورد پێیدا تێپه‌ر ده‌بێ. ‌دوایین جار ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر بوو که‌ رووی قسه‌م له‌ ئێوه‌ کرد، پیشمه‌رگه‌ی حدک بووم و وتاری "حدک و حدکا دوو رووی دراوێک"م نووسی - به‌ گرانیش بۆم ته‌واو بوو- به‌ڵام ئیتر هه‌موومان ماندوو بووین له‌ نووسین و شرۆڤه‌ی خه‌سارناسی، شیکاری،زانستی، سیاسی و ته‌شکیلاتی ئه‌مجاره‌یان ده‌مهه‌وێ ساکار‌ و خۆمانه‌ بدوێم!
که‌یفی خۆتانه‌ چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه‌، بۆم گرینگ نییه‌ به‌ دیتن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و دێڕانه‌ قه‌ڵس ده‌بن یا که‌یف خۆش، بۆم گرینگه‌ که‌ بیخوێننه‌وه‌ و بیر بکه‌نه‌وه‌ و بۆ یه‌کجاریش بێ به‌ خۆتان بڵێن که‌ حه‌قیقه‌ت هه‌موو کات لای ئێمه‌ نییه‌. ئه‌گه‌ر وابکه‌ن میژووش لێتان ده‌بوورێ، گه‌لیش دێته‌وه‌ لاتان، رۆحی ماندووی شه‌هیده‌کانیشمان هه‌ر له‌ "قه‌بری شه‌هاب" و "مام خه‌تیب"ه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا گردی فێرگه‌ به‌ گۆڤه‌ندی یه‌کگرتنتان ده‌حه‌سێته‌وه‌!
زۆرمان نووسی و که‌س وڵامی نه‌داینه‌وه‌، زۆرمان گوت و که‌س نه‌یبیست، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تی جیلی ئێمه‌یه‌ و له‌ راپه‌ڕاندنی ئه‌و ئه‌رکه‌ سارد نابینه‌وه‌و تا یه‌کخستنه‌وه‌ی ماڵی گه‌وره‌ی دێموکرات و زیندووکردنه‌وه‌ی شۆڕشی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کۆڵ ناده‌ین.
هه‌ر وه‌ک رێبه‌ری شه‌هیدمان فه‌رمووی: ئێمه‌ جیله‌کین که‌ ده‌مانهه‌وێ ئه‌رکه‌کانی خۆمان به‌ باشی به‌ جێ بگه‌یێنین تا جیلی دوای ئێمه‌ شه‌هیدی نه‌بێ.
داوای لێبوردن ده‌که‌م ئه‌گه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا که‌سێک دێشێنم یا پێ له‌ به‌ڕه‌ی خۆم زیاتر راده‌کێشم، بۆیه‌ ئێمرۆ من داوای لێبوردنتان لێده‌که‌م که‌ له‌ دوارۆژدا ئێوه‌ مه‌جبوور نه‌بن داوای لێبوردن له‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد وهۆگرانی رێبازی دێموکرات بکه‌ن.
نامهه‌وێ وه‌ک ئێوه‌ مێژوو بگێڕمه‌وه‌، چوون له‌و قۆناغه‌ کورته‌ی پیشمه‌رگایه‌تیمدا زۆر جار به‌ مێژوو گێڕانه‌وه‌تان و خواردن له‌سه‌ر خوانی رابردووتان قه‌ڵس ده‌بووم.
ته‌نیا ده‌مهه‌وێ وه‌بیرتان بێنمه‌وه‌ چۆن ده‌بێ که‌ شکۆ و فه‌ڕی به‌خوێن ئافرێنراوی حیزبێک له‌ نه‌بوونی یه‌کگرتووییدا به‌ره‌و نه‌مان و فه‌وتان بچێ، ته‌نیا ده‌مهه‌وێ وه‌بیرتان بێنمه‌وه‌ چۆن ده‌بێ خه‌ون و خولیای نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌به‌ر نابه‌رپرسایه‌تی که‌سانێک که‌ ژماره‌یان له‌ قامکی دوو ده‌ستی مرۆڤ تێپه‌ر ناکات، ببێته‌ خۆڵه‌مێش!
ته‌نیا ده‌مهه‌وێ وه‌بیرتان بێنمه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی مه‌سیحه‌کانی کوردیان له‌ سابلاغ و ڤییه‌نا و به‌رلین له‌ خاچ دا، له‌ یه‌کگرتوونه‌بوونی ئێوه‌دا چۆن خاته‌می و که‌ڕڕوبی بوون به‌ هه‌وێنی هیوا بۆ خه‌ڵکێک که‌ بۆ مه‌کته‌بی دێموکرات له‌ هیچ گیانفیداییه‌ک درێغییان نه‌کردبوو.
ته‌نیا ده‌مهه‌وێ وه‌بیرتان بێنمه‌وه‌ له‌ یه‌کگرتوونه‌بوونی ئێوه‌دا و زۆر جاریش له‌ نه‌بوونتاندا ئه‌و برا باکوورییانه‌ی میوانمان بوون چۆن بوون به‌ خانه‌خوێ و چۆن رۆڵه‌کانی ورمێ، ماکۆ، مهاباد، شنۆ،بۆکان، سنه‌، کرماشان و ئیلام و هتد ... سه‌نگه‌ری رۆژهه‌ڵاتیان به‌ هه‌تیوی به‌ جێهێشت و له‌ سه‌نگه‌ری باکووری برادا بوونه‌ سه‌ربازی ون.
بۆ دوو ده‌یه‌ ده‌چێ که‌ شۆرشی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و پارته‌کانی به‌شداری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له گه‌ڵ‌ قه‌یرانێکی قووڵی رێکخستنی- سیاسیدا به‌ره‌وروونه‌ و زۆرجاریش له‌ دۆخێکی نه‌خوازراوی له‌م چه‌شنه‌دا بێ هیواییه‌ک به‌سه‌ر که‌شی کۆمه‌ڵگاکه‌مان و بزووتنه‌وه‌که‌ماندا زاڵ بووه‌ و ئاسۆ و دووره‌دیمه‌نێکی لێڵ و نادیاری بۆ وێنا کردووین.
زۆرجار گه‌یشتووینه‌‌ ئاستێک له‌ عاجزی، بێ توانایی و بێ هیوایی که‌ هاواری رێبه‌ره‌ شه‌هیده‌کانمان کردووه‌ و داوامان لێکردوون وه‌ک مه‌سیح زیندوو ببنه‌وه‌ و بمانبه‌نه‌وه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ زێڕینه‌ی که‌ تێیدا ته‌قه‌ی چه‌کمان هه‌ر له‌ شیماله‌وه‌ بگره‌ هه‌تا داڵاهۆ له‌ کوێستانه‌کانی کوردستان وه‌ک که‌و ده‌یخوێند و کارتی دیپلۆماسیمان ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز بوو که‌ فه‌رانسه‌وییه‌کان فه‌رشی سووریان بۆ راده‌خستین، رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌کانی عه‌ره‌ب له‌ فه‌له‌ستینه‌وه‌ بگره‌ تا یه‌مه‌ن تامه‌زرۆی گرتنی وێنه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ رێبه‌رانمان بوون، ئه‌نتێرناسیۆنال سۆسیالیست و ئه‌نجومه‌نی به‌رگری نه‌ته‌وه‌یی (شورای ملی مقاومت) قوڕاویان ده‌خوارده‌وه‌ که‌ ئه‌ندام و هاوکاریان بین، سه‌ددام حسێن به‌ نێوبژیوانیی ئێمه‌ له‌ کۆشکی سه‌رۆک کۆماری به‌غدا له‌گه‌ڵ "سیدالمخربین"ی دوێنێ و سه‌رۆک کۆماری ئێمرۆی عێراقدا له‌ سه‌ر مێزی وتووێژ داده‌نیشت و پارتی و یه‌کێتی له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی براکووژیدا به‌ نێوبژیوانی سکرتێره‌کانی ئێمه‌ ئاگربه‌سیان راده‌گه‌یاند!
ئه‌رێ، هه‌مووی ئه‌مانه‌ ئێمه‌‌ بووین، ئێمه‌ی رۆژهه‌ڵاتی و رێبواری مه‌کته‌بی دێموکرات.
ئه‌و دێموکراته‌ی کۆماری یازده‌ مانگ به‌خته‌وه‌ری دامه‌زراند، ئه‌و دێموکراته‌ی له‌ که‌شی تۆقێنه‌ری شێسته‌کانی زایینیدا ده‌ریای مه‌ندی ژاندارمی رۆژهه‌ڵاتی ناڤینی شله‌قاند، ئه‌و دێموکراته‌ی 16 ساڵ سه‌نگه‌ری به‌رگرییه‌کی چه‌کداری شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ و پڕله‌شانازی بوو و هه‌زاران شه‌هیدی پێشکه‌ش به‌ باره‌گای ئازادی نه‌ته‌وه‌ی کورد کرد بێ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ره‌وتی ئه‌و خه‌باته‌ ئه‌سته‌م و دژواره‌دا خه‌سارێک له‌ پارچه‌کانی دیکه‌ی وڵات بدا.
کام کورسی، کام سامان، کام هێز و کام سه‌روه‌ری وایلێکردوون هه‌موو ئه‌مانه‌تان له‌بیر بچێته‌وه‌و پشت له‌ خۆتان و مێژووتان و نه‌ته‌وه‌که‌تان بکه‌ن؟
هه‌مووی ئه‌وانه‌شتان له‌بیر کردبێ، خۆ ئه‌وه‌تان له‌بیر نه‌چۆته‌وه‌ که کۆماری ئیسلامی ده‌شتی کۆیه‌ی حاجی قادریی لێ کردبوونه‌ سه‌حرای که‌ربه‌لا و سه‌دان که‌س له‌ لێهاتووترین کادره‌کانی دێموکرات له‌ تراژێدییه‌کی کاره‌ساتباردا له‌ سه‌ر خاکی برا باشوورییه‌کانمان تێرۆر ده‌کران، خۆ ئه‌و کات له‌ سه‌نگه‌رێک دابوون، وانییه‌؟
له‌به‌ر حورمه‌تی ئه‌و خوێنه‌ی که‌ به‌ناحه‌ق له‌و ده‌شته‌ رژاوه‌ و له‌به‌ر حورمه‌تی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له‌سه‌ر گردی فێرگه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ک چاویان بڕیوه‌ته‌ هیممه‌تی کوردانه‌ی ئێوه‌، سنووری ده‌ستکردی نێوان خۆتان هه‌ڵگرن و باوه‌شتان بۆ جارێکی دیکه‌ بۆ یه‌کتر بکه‌نه‌وه‌.
چیرۆکی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات و ئه‌و حیزبه‌ به‌سه‌رهاتی ئه‌ندامه‌تی و حیزبایه‌تی نییه‌، چیرۆکی ئه‌ویندارییه‌کی له مێژینه‌یه‌. چیرۆکی سه‌رگورد عه‌باسییه‌کان، سه‌روان هه‌ژاره‌کان، سه‌روان حاتمه‌کان، هه‌مزه‌ بێهنامه‌کان،شاپوور فیرووزییه‌کان و هه‌مزه‌ سارتکه‌ییه‌‌کانه‌. که‌سێک که‌ ئه‌وانه‌ له‌بیر بکات بێگومان له‌ نێو ماڵی لێکترازاوی ئێستای کورددا سه‌ردارێکی بێ سووپایه‌ که‌ ویژدانی نه‌خۆش که‌وتووه!
به‌سه‌ ئیتر با یه‌کجار بۆهه‌میشه‌ خاڵێکی کۆتایی بۆ مێژووی تراژێدیکی ئه‌و حیزبه دابنێین‌ و بۆ جارێکێش بێ له‌و 17 ساڵه‌ی دوای یه‌کگرتنه‌وه‌ی 1375دا، ترووسکه‌یه‌کی دیکه‌ی هیوا بخه‌ینه‌ نێو دڵی پێشمه‌رگه‌ و گه‌ل و دڵی دایکی شه‌هیدان شاد بکه‌ینه‌وه‌ و هیوا و بزه‌ تۆراوه‌کانی رۆژهه‌ڵات بگه‌ڕێنینه‌وه‌!
ئێوه‌ یه‌کبگرنه‌وه‌، کۆمه‌ڵه‌کان و پارته‌کانی دیکه‌ش یه‌کده‌گرنه‌وه‌، هه‌روه‌ک چۆن به‌ دابه‌شبوونی ئێوه‌ هه‌موو ئه‌وانیش بوون به‌ دوو و سێ، به‌ یه‌کبوونی ئێوه‌ش هه‌موو ئه‌وانیش ده‌بنه‌وه‌ به‌ یه‌ک. چوون بتانهه‌وێ و نه‌تانهه‌وێ ئێوه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی وڵات ناوه‌ند و میحوه‌ری خه‌بات و تێکۆشانن و گه‌ل هێشتاش ئێوه‌ی ده‌وێ. به‌و یه‌کگرتنه‌وانه‌ ئه‌و کات به‌ستێنی درووستکردنی پلاتفۆرمێکی نیشتمانی له‌ رۆژهه‌ڵات ده‌ره‌خسێ!
یه‌کگرتنه‌وه‌و‌ وه‌سه‌ریه‌کخستنه‌وه‌ی ماڵی لێکترازاوی کورد له‌ دۆخی هه‌ستیاری ئێستادا سه‌ره‌کی ترین پێویستی و هاوکات یه‌که‌مین خواست و داوای گه‌لی رۆژهه‌ڵاته‌!
ئه‌گه‌رخه‌ڵکتان بۆ گرینگه‌، ئه‌گه‌ر ناتانهه‌وێ دۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بکه‌ن به‌ قوربانی خواست و ویسته‌ به‌رته‌سکه‌ حیزبی، کوتله‌یی و شه‌خسییه‌کانتان کۆتایی به‌و لێکدابڕانه‌ بێنن و گوێ بۆ ویست و داخوازیی خه‌ڵک شل بکه‌ن.
دۆمینۆی گۆرانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین زۆر خێراتر له‌وه‌ی که‌ ئێوه‌ بیری لێده‌که‌نه‌وه‌، به‌رده‌وامه‌ و ئه‌گه‌ر به‌ نۆره‌ش بێ ئه‌وجار نۆره‌ی رۆژهه‌ڵاته‌ که‌ رووداوو پێشهاته‌ نوێیه‌کان رووی تێکه‌ن. بۆ تێگه‌ییشتن له‌و راستییه‌ش وێناکردنی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و پێشکه‌وتنه‌ خێراکانی ئه‌و دوو ساڵه‌ ده‌توانێ باشترین میناک و نموونه‌ بێ. ئه‌و کوردانه‌ی دوو ساڵ پێش ناسنامه‌یان نه‌بوو، ئێستا ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی و هێزی پێشمه‌رگه‌یان هه‌یه‌. کارێک مه‌که‌ن که‌ ره‌نجی خۆتان و نه‌ته‌وه‌که‌تان به‌ زایه‌ بچێ و جارێکی دیکه‌ له‌ بازنه‌ی بۆشی مێژوودا بخولێینه‌وه‌!
هێز و پتانسیه‌لی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ که‌ ئێوه‌ ده‌یناسن و بیری لێده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر یه‌کگرتوو بن و پشت به‌و هێزه‌ ببه‌ستن که‌ له‌ ناخی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ دڵنیا بن، هه‌م ئێوه‌ وه‌ک حیزب و هه‌م ئێمه‌ وه‌ک گه‌ل له‌و ئه‌زموونه‌ی که‌ له‌ پێشماندایه‌ سه‌رکه‌وتوو ده‌بین!
ده‌رفه‌ت هه‌یه‌، چاوپێکه‌وتن و دیداره‌کانتان چڕوپڕتر و خێراتر به‌ڕێوه‌ ببن و ئه‌زموونی جیابوونه‌وه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌‌کانی رابردوو بکه‌ن به‌ ده‌رسێک بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌کی به‌سوود که‌ تێیدا دێموکراتێکی نوێ و چالاکتر له‌ جاران پێ بنێته‌ گۆڕه‌پانه‌که‌.
ئه‌و کات هه‌زاران لاوی وه‌ک من که‌ هه‌ر کامه‌یان په‌ڕیوه‌ی قوژبنێکی تاراوگه‌و هه‌نده‌رانی بێ هیوایی بوونه‌ به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ی رێبازی دێموکرات.
له‌ ئێستاوه‌ خشته‌یه‌کی زه‌مه‌نی دیاری بکه‌ن و رۆژێکی سه‌مبۆلیکی وه‌ک22ی پووشپه‌ڕ، 25ی گه‌لاوێژ یا 26ی سه‌رماوه‌ز، یاخود ئه‌و 15ی سه‌رماوه‌زه‌ نه‌فره‌تییه‌ که‌ تێیدا حیزبتان له‌ت کرد، بکه‌ن به‌ رۆژی یه‌کگرتنه‌وه‌و له‌مه‌وبه‌دوا با هه‌موومان بیر له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌، ده‌بێ له‌ رۆژهه‌ڵات چ بکه‌ین و ده‌بێ بۆ رۆژهه‌ڵات چ بکه‌ین؟ ئه‌گه‌ر وانه‌که‌ن، وه‌ک کاک فه‌رهاد سه‌نگاویش جارێک هاواری کرد و پێی گوتن: "هه‌ر با، ده‌تانبا".
رێز و حورمه‌ت
ئارام برایم خاس
27ی مای 2013 – ئادانا ، تورکیا

Share