Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
"كوردستانی گه‌وره‌ .. به‌م نزیكانه‌"

mubarakm.3072013bb

"كوردستانی گه‌وره‌ .. به‌م نزیكانه‌"
خه‌ندان ـ

نووسه‌رێكی كوه‌یتی باس له‌ پێكهێنانی كوردستانی گه‌وره‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: هاتنه‌كایه‌ی ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی كورد پێش پشتیوانیی نێوده‌وڵتی، پێویستی به‌ پشتیوانیی وڵاتانی كه‌نداوه‌.

له‌ وتارێكدا بۆ رۆژنامه‌ی (ره‌ئی) چاپی كوه‌یت، نووسه‌رێك به‌ناوی (موباره‌ك محه‌مه‌د ئه‌لهاجه‌ری) وتارێكی به‌ناونیشانی (كوردستانی گه‌وره‌ .... به‌م نزیكانه‌)، نووسیووه‌و تیایدا سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ راده‌كێشێت:" خه‌ریكه‌ گه‌لی كورد ده‌بێته‌ تاكه‌ میلله‌تی دنیا له‌سه‌ر زه‌وی كه‌ له‌پێناو به‌ده‌ستهینانی ئه‌و مافه‌ دزراوانه‌یدا تێده‌كۆشێت كه‌ داگیركه‌ران لێیان زه‌وت كردووه‌ له‌بیر خه‌ڵكیان بردووه‌ته‌وه‌."

موباره‌ك محه‌مه‌د ئه‌لهاجه‌ری ده‌ڵێت: " كورد چه‌ندین جار داوای له‌ دنیا كردووه‌و وه‌ك گه‌لانی دیكه‌ مافه‌كانیان پێ ره‌وا ببینرێت، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه‌ ژیانی تێدا نییه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه‌ ماچی ژیانی له‌ واشنتۆنه‌وه‌ بۆ بێ و به‌ خواست و ئه‌جیندای ئه‌و نه‌بێت، كار بۆ كه‌س ناكات."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، ئه‌لهاجه‌ری تیشك ده‌خاته‌سه‌ر مێژووی كورد و ده‌نووسێت: "كێ باوه‌ڕ ده‌كات به‌وه‌ی گه‌لێكی 50 ملیۆن كه‌سیی وه‌ك كورد وێڕای ره‌سه‌نایه‌تی و به‌ها و مێژوو، هێشتا بێ نیشتمان بێت. ئه‌وه‌ی كورد له‌ده‌ست سیستمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان چه‌شتوویه‌تی و ئه‌وه‌ی له‌پای ئه‌و ئازار چه‌شتنه‌ وه‌ریگرتووه‌، مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌ بێت كه‌ كۆیله‌یه‌ك له‌ده‌ست خاوه‌نه‌كه‌ی پێی دراوه‌."

نووسه‌ره‌ كویتیه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌ سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كورد و پێشێلكردنی مافه‌ مرۆییه‌كانی كورد ده‌كات كه‌ له‌نێو گۆماوی به‌ڵێنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ درۆكانی ده‌یان ساڵی رابردوو ونبووه‌. هه‌ربۆیه‌ ئه‌و نووسه‌ره‌ ستایشی دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی به‌هێز له‌ كوردستانی عیراق ده‌كات و ده‌ڵێت: "دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی به‌هێز له‌ كوردستانی عیراق، بۆ جیهانی سه‌لماند كه‌ ئه‌م گه‌له‌ شایه‌نی رێز و مافی ته‌واوی خۆیه‌تی تا ده‌وڵه‌تی كوردستانی گه‌وره‌ی یه‌كگرتوو دابمه‌زرێنن."

موباره‌ك محه‌مه‌د ئه‌لهاجه‌ری ده‌ڵێت: "وه‌رن ته‌ماشای باكوری عیراق بكه‌ن و بزانن چۆن سه‌قامگیریی سیاسی و گه‌شه‌سه‌ندن باڵی به‌سه‌ردا كێشاوه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا له‌ كرده‌وه‌ی تیرۆرستی و توندوتیژی له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق بڕوانن، ئه‌مه‌ش بۆخۆی گه‌واهی و به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ كورد مه‌رجه‌كانی به‌ئه‌ندامبوونی له‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تێدایه‌."

ئه‌و نووسه‌ره‌ كویتیه‌ سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ش راده‌كێشێت كه‌ پێویسته‌ وڵاتانی كه‌نداو پێش كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی، پشتیوانی له‌ دامه‌زراندنی كوردستانی گه‌وره‌ بكات و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ كوردییه‌ سوودی بۆ سه‌قامگیریی ناوچه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌ب به‌تایبه‌ت و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی ده‌بێت.

 لە بەر گرنگی بابەتەکە بۆ مێژوو لە کوردستانی گەورە....  دامان بەزاند

لە خەندان وەرگیراوە

 

 

Share