Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
بيخوينه وه زور كاريكه ره ...دایکی شه‌هید

1426710 655628684457525 1704700401 n

بيخوينه وه زور كاريكه ره
دایکی شه‌هید
ئه‌وشه‌وه‌ی هه‌ڤاڵان شوانه‌ی ته‌نسیق و مامۆستا جمهورو نه‌وزاد که‌رکوکی له‌نزیک گوندی ( گه‌ڵناغاج ) له‌ساڵی ۱۹۸۷ شه‌هید کران ئێمه‌ ( که‌رتی 4ی تیپی ۲۵ ی خاڵخاڵان ) له‌گووندی ( کانی هه‌نجیر ) ی سه‌ر زێ بووین،بۆ به‌یانیه‌که‌ی به‌ره‌و گوندی ( سه‌رچنار ) ی بناری چیای خاڵخاڵان به‌رێ که‌وتین تابه‌شداری پرسه‌ی ئه‌و شه‌هیدانه‌ بکه‌ین ،دوای ته‌واو بوونمان له‌ پرسه‌که‌ به‌سواری تراکتۆرێک گه‌راینه‌وه‌ به‌ره‌و سه‌ر زێ ، نزیکه‌ی بیست ده‌قه‌یه‌ک له‌گونده‌که‌ دوور که‌وتبووینه‌وه‌ له‌ دووره‌وه‌ چاومان به‌ ژنێک که‌وت به‌ره‌وسه‌رچنار ده‌هات ، کاتێک لێمان نزیک بۆوه‌ ده‌سی لێ راگرتین ئێمه‌ش وه‌ستاین ، شه‌هید هه‌مزه‌ی کوێخا که‌ریم یادی به‌خێر ئه‌وسا فه‌رمانده‌ ی که‌رت بوو ووتی ؛ عه‌بدوڵا دابه‌زه‌ بزانه‌ ئه‌و ژنه‌ چی ئه‌وێت ،دوای سلاوو به‌خێر هێنان ووتم دایه‌ گیان له‌کوێوه‌ هاتووی بۆکوێ ئه‌چی ، ووتی رۆڵه‌گیان له‌که‌رکوکه‌وه‌ هاتووم ، کوره‌که‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌دوایدا ده‌گه‌رێم ده‌مه‌وێت بیبینم ، که‌وای ووت بێ ئه‌وه‌ی بزانم بۆ ؟ ته‌زوویه‌کی سارد سه‌رتاپای له‌شی داگرتم،ووتی ؛ رۆله‌ گیان کوره‌که‌م له‌گه‌ل شوانه‌ی ته‌نسیق پێشمه‌رگه‌یه‌ ناوی نه‌وزاده‌ به‌ڵکو بیناسی و بزانی له‌ کوێیه‌ ؟ به‌بیستنی ئه‌م قسانه‌ ئاگرم تێ به‌ر بوو گه‌روم ووشک بوو به‌رچاوم تاریک بوو ، به‌ڵێ ئه‌مه‌ دایکی شه‌هید نه‌وزاده‌، ئه‌و گه‌نجه‌ وریاو زیته‌ڵه‌ ڕووخۆشه‌ی که‌چه‌ند ساتێک پێش ئێستا دوور له‌ دایک و باوک و خوشک و براو که‌س و کاربه‌نامرادی جه‌سته‌ی ساردو سڕو ئه‌نجن ئه‌نجن کراویان له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێی تریدا له‌گوندێکی دووره‌ ده‌ستی ئه‌م کوردستانه‌دا به‌خاک سپاردبوو، به‌ڵێ ئێواره‌یه‌کی فێنکی پایزبوو هێشتا که‌وه‌کانی بناری خاڵخاڵان نه‌گه‌را بوونه‌وه‌ هێلانه‌کانیان ، هێشتا جوتیاره‌کانی قه‌ڵاسێوکه‌و شێخ بزێنی ماندوێتی ئه‌و رۆژه‌یان نه‌حه‌سابۆوه ده‌ستێکی ره‌ش ودڵێکی پر له‌ قین ده‌ستی ده‌چێته‌ خوێنی ئه‌و سێ کادروپێشمه‌رگه‌ که‌رکوکیه‌و بێ ره‌حمانه‌ شه‌هیدیان ده‌که‌ن و خه‌بات وجوامێریش به‌سه‌ختی بریندار ده‌بن ،ووتم ؛ به‌ڵێ دایه‌گیان نه‌وزاد ده‌ناسم وبراده‌رمه‌ ( هه‌ربه‌راستیش براده‌روخۆشه‌ویستم بوو) واله‌سه‌رچناره‌ من ئێستا لای بووم ، من جورئه‌تی ئه‌وه‌م نه‌بوو راستیه‌که‌ی پێ بڵێم بۆیه‌ به‌ناچاری ئه‌و درۆیه‌م کرد ، تائه‌و کاته‌ شه‌هید هه‌مزه‌و به‌شێک له‌براده‌ران دابه‌زیبوون و ئاگایان له‌قسه‌کانی ئێمه‌ بوو، شه‌هید هه‌مزه‌ که‌مێک له‌براده‌ران دووری خستمه‌وه‌و پێی ووتم : تۆ له‌گه‌ڵ دایکی شه‌هید نه‌وزاد بچۆ بۆ سه‌رچنار ئێمه‌ به‌پێ ده‌ڕۆین پاشان تۆش وه‌ره‌وه‌ بۆلامان ، ئه‌مه‌بۆمن کارێکی سه‌خت بوو ، به‌ڵام ده‌بوایه‌ هه‌ر من بچووبام ، ئاخر دایکێک له‌که‌رکوکه‌وه‌ به‌ڕێکه‌وتوه‌ دێ به‌دێ هاتوه‌ شه‌که‌ت و ماندوو به‌پرسیار ده‌گاته‌ سه‌رچنارخۆشی به‌ڕوخساریه‌وه‌ ده‌شنێته‌وه‌ ئێستا ده‌گاته‌ ئاوایی، جه‌رگه‌که‌ی ، کوره‌ شیرینه‌که‌ی، نه‌وزاده‌که‌ی چاوه‌ڕێی ده‌کات ، ئێستا نه‌وزاد له‌به‌رده‌م مزگه‌وتی ئاوایی به‌خۆی و جله‌ خاکیه‌که‌یه‌وه‌ ، به‌خۆی وته‌نکه‌ ڕیشه‌که‌یه‌وه‌ به‌خۆی و تفه‌نگه‌ یه‌ک لاقه‌ سیخۆکه‌یه‌وه‌ ، به‌خۆی وبزه‌ هه‌میشه‌یی یه‌که‌ی سه‌ر ڕوخساریه‌وه‌ ، ئۆقره‌ی لێ بڕاوه‌و له‌ چاوه‌ڕوانی دایکه‌ گیان دایه‌ ،سه‌ره‌تا ئه‌م له‌دووره‌وه‌ نه‌وزاده‌که‌ی ناناسێته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌و چاوی هه‌ڵۆ ئاسایه‌ هه‌ر زوو دایکی ده‌بینێت به‌قه‌ڵه‌م بازێک خۆی ده‌خاته‌ ئامێزی دایکی ، ئه‌م جگه‌رگۆشه‌که‌ی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌نووسێنێت ماچی ده‌کات بۆنی پێوه‌ ده‌کات ، هاوڕێکانی نه‌وزاد ده‌گه‌نه‌لای ده‌ستی ماچ ده‌که‌ن ئه‌ویش وه‌ک و کوڕی خۆی له‌باوه‌شیان ده‌گرێت ماچیان ده‌کات ... به‌ڵێ دایکه‌ به‌و خه‌یاڵه‌وه‌ جارجار بزه‌یه‌ک ده‌هاته‌ سه‌ر لێوانی ڕوخساری شادی لێ ده‌باری ،، ئه‌ی من چی،،، ماتو مه‌لول خه‌مبار چاو به‌فرمێسک که‌مێکی تر چی ده‌بینم ؟ گۆڕێکی ساردو سڕشیوه‌ن و ناڵه‌ی دایکێکی جه‌رگ هه‌ڵقرچاو بێ هیوابوون له‌هیوایه‌ک ،به‌کورتی ئه‌و دایکه‌ی چوو تا کوڕه‌ پێشمه‌رگه‌که‌ی ببینێت به‌ڵام خۆی له‌سه‌ر گۆڕی کوڕه‌که‌ی بینیه‌وه‌، من نه‌متوانی ئه‌م کاره‌ساته‌ جه‌رگ بڕه‌ به‌چاوی خۆم ببینم بۆیه‌ له‌قه‌راخی دێکه‌ بڕیاری خۆم دا ، کاکی سایه‌ق تۆ دایه‌ بگه‌یه‌نه‌ جێ من ده‌بێ بگه‌مه‌وه‌ هاوڕێکانم ، دایه‌ ئه‌ملاو لای ماچ کردم ،،تائێستاش ئه‌و ماچانه‌ ته‌نها ماچێکن که‌ تامی ماچه‌کانی دایکم ئه‌ده‌ن
(( ئه‌مه‌ ڕووداوێکی ڕاسته‌قینه‌یه‌و له‌ڕۆژی16-11-1987 ڕویداوه‌ ))

وه ركيراوه
بةيجي كةرتي جواري جةباري
ali kiirkuki

 

 

 

Share