Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
یادی لێدانی پارێزگاری سلێمانی .. مەلا بەختیار

 

 

 

 

 

 

 

shihabقارەمانەکانی شۆڕشی نوێ
1976/12/21.. یادی لێدانی پارێزگاری سلێمانی

(37) ساڵا لەمەوبەر، دوای مانگێك لە شەهیدكردنی شەهیدانی سەركردە (خاڵە شیهاب‌و جەعفەرو ئەنوەر) وەكو كاردانەوەی تۆڵەسەندنەوەیان، سەعات (8:37) دەقیقەی بەیانی، سەرپەرشتی لێدانی پارێزگاری سلێمانیم كرد. كە چالاكیەكی بێوێنەی سەردەمی خۆی بوو، لەمێژووی شۆڕشەكانی كوردستاندا. چالاكیەكە بەمشێوەیە بوو:

یەكەم: دوو پێشمەرگەی شۆڕش‌و (4) كەسی ناوشار بەشداریمان تیا كرد.

دووەم: دوای دوو هەفتە نەخشەكێشان‌و بیركردنەوە لە باشترین نەخشەی چالاكیەكە، كە هیچ هاوڵاتیەك بەرنەكەوێ‌، بڕیاری لێدرا.

سێهەم: شەهید عەلی عەسكەری‌و كاك سالار عەزیز، لەسەر داوای من (5) پێشمەرگەیان هەڵبژاردبوو، كە هاتنە ناو شار، تەنها دوانیان راستیان دەكردو ئەوانی تر هەر دەم بون‌و ناردماننەوە!!

چوارەم: هەندێك لە بەرپرسانی ناو شار، بەقسە كارەكانیان پێخۆشبوو، بەڵام ئامادەش نەبون یەك سەعاتیش پێشمەرگەكان داڵدە بدەن. بەڵكو كە نزیك كەوتینەوە لە جێبەجێكردنی نەخشەكە، ئەوانە داوایان دەكرد، واز لە نەخشەكە بهێنین.. چونكە مەحاڵە!

پێنجەم: ئەوانەی تەقەیان لە پارێزگار كرد، قارەمانی ئەفسانەیی (سۆران هەورامی) ‌و (فاخر- كەركوك) بوو.

شەشەم: ئەو سەیارەیەی پێشمەرگەكانی گواستەوە، سەیارەی باوكی د. رێكەوت-ی وەزیری تەندروستی‌و سایەقەكەش (عەبەی خورشە) ی قارەمان كە لە پێشمەرگایەتیدا ناوی (ئاسۆ) بوو.

حەوتەم: ئەوانەی بەشداریان لە چالاكیەكە كرد، جگە لە دوو پێشمەرگەكە، ئەم جوامێرانەن: 1- دلێری سەید مەجید. 2- شەهید سەرداری برینپێچ (باوكی سیروان) كە لە ماڵەكەیدا دوای چالاكیەكە، پێشمەرگەكانی هەتا شەو پەنادا. 3- شەهید ئەحمەدی ئەندازیار، كە پێش چالاكیەكە پێشمەرگەكانی حەواندەوەو بەوهۆیەشەوە، گیراو لەسێدارە درا.

هەشتەم: لەناو ئەوانەی بڕیار بوو بەشداری چالاكیەكە بكەن، تەنها (2) كەسیان كە زانییان لە جێبەجێكردنی نەخشەكە نزیك كەوتوینەتەوە، خۆیان دزیەوەو كێشەی گەورەشیان بۆ ناینەوە.

نۆهەم: هەموو ئەو كەرەسانەی لە چالاكیەكەدا بەكارهێنران: 1- دوو كڵاشینكۆف. 2- دەمانچەیەك. 3- زەمبیلەیەك بۆ گواستنەوەی چەكەكان. 4- پلایسێك بۆ شكاندنی دەرگای سەرەوەی ئەو مزگەوتەی لەپشتەوە دەیڕوانی بەسەر جادەی 
مەولەویدا، سەروی فولكەی شەهید قازی محەمەد.

دەهەم: هەر ئەو رۆژە، بەرێوبەرایەتی موخابەرات‌و ئیستخبارات‌و ئەمن، لە بەغدادەوە بەكۆپتەر گەیشتنە سلێمانی، بۆ لێكۆڵینەوە.

یانزەهەم: دڵسۆزانی سلێمانی‌و كوردستان لەبەر سەركەوتنی چالاكیەكە، پیرۆزباییان لەیەك دەكرد.

دوانزەهەم: ئەوانەی لە ئەنجامدانی چالاكیەكە دەترسان، دوایی دەهاتنەلامان‌و پیرۆزباییان لێدەكردین.

سیانزەهەم: ئەوكاتە تەمەنم 22 ساڵا بوو، رۆژی چالاكیەكە، دایكم لە خانەقینەوە هاتبووە سەردانم. لەماڵی شەهید جەمالە رەش بوم. چوم بۆ ئەنجامدانی كارەكەو گەڕامەوە، بەبێئەوەی بهێڵم هەستیپێبكەن. بەڵام شەهید جەمال دوایی زانی‌و ماچیشی كردم.

لەكۆتاییدا دەڵێم: چالاكی شۆڕشگێڕانەی ئاوهاو تۆڵەسەندنەوەی شەهیدان، هەمیشە مایەی شانازین. نەك تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان، یان بێتاوانان، كە هەتا هەتایە مایەی شەرمەزارین.

لەگەڵا سڵاوم بۆ ئەوانەی جوامێر بون لەئەنجامدانی چالاكیەكەدا.

سڵاو لە ئارامگای خاڵە شیهاب‌و هاوڕێكانی..
كێلی شەهید (سۆران هەورامی)یش، فرمێسكرێژ دەكەم.

 

 

 

 

 

 

 

Share