Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
ئایا ده‌وڵه‌تمان ده‌وێت؟..ستیڤان شه‌مزینانی

sttivan_shamziniمشتومڕی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان، یه‌كێكه‌ له‌ تراژیدیترین مشتومڕه‌كانی نێو راگه‌یاندنی كوردیی، چوونكه‌ وا ده‌بینرا خه‌ونبینین به‌ ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه‌ هیچ مشتومڕێك هه‌ڵنه‌گرێت، پێشبینی ده‌كرا له‌ هه‌مبه‌ر پرسی ده‌وڵه‌ت، هه‌موومان جیاوازییه‌كان بخه‌ینه‌ ئه‌ولاوه‌ به‌ یه‌ك باسك و بازوو هه‌وڵی جیددی له‌ پێناودا بده‌ین. 

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ر مشتومڕێكی بێمانا و ترسناك ده‌كه‌وین له‌ باره‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌وه‌، بێمانا چوونكه‌ ناكرێت هیچ كوردێك له‌ ژێر هیچ بیانوویه‌كدا دژی ده‌وڵه‌تی كوردیی بێت، ترسناك به‌و مانایه‌ی، جیاوازیی ناوخۆیی و حزبایه‌تی گه‌یشتۆته‌ رادده‌یه‌ك پرسه‌ ستراتیجییه‌كانیشی ده‌خرێته‌ پێناو و قوربانی. 
من له‌م نووسینه‌ كورته‌دا ده‌مه‌وێَ له‌سه‌ر ئه‌و دیده‌ هه‌ڵوێسته‌ بكه‌م، به‌ بیانووی سه‌یر سه‌یر دژایه‌تی خۆیان له‌ هه‌مبه‌ر دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردیی راده‌گه‌یه‌نن. خاڵی ناوكۆیی خاوه‌نانی ئه‌و دیده‌ ئه‌وه‌یه‌: ده‌وڵه‌ت بێ دیموكراسی مانای نییه‌ و ناكرێت پێی بوترێت ده‌وڵه‌ت. ئه‌م روانگه‌یه‌ مایه‌ی پێكه‌نین و به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه‌یه‌. راسته‌ ئێمه‌ خوازیاری ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسیین له‌ كوردستان، به‌لاَم هیچ كات دیموكراسی پێشمه‌رجی بوون به‌ ده‌وڵه‌ت نییه‌. با واز له‌ تیۆر بهێنین و بۆ واقیع بگه‌ڕێینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی وه‌ك چین كه‌ ده‌سه‌لاَتی به‌سه‌ر چوار یه‌كی هاوولاَتیانی هه‌موو گێتیدا هه‌یه‌، نه‌ك دیموكراسیی نییه‌، به‌ڵكو ده‌وڵه‌تێكی تاكڕه‌و و دیكتاتۆریی و پۆلیسییه‌، په‌ڕاوێزه‌كانی ئازادیی له‌ چین به‌ قه‌د گه‌وره‌یی ولاَته‌كه‌ به‌رته‌سكه‌، به‌لاَم كێ ده‌توانێ به‌ ئێمه‌ بڵێت، مادام دیموكراسیی له‌ چین نییه‌، ئیدی نه‌ ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌ و نه‌ سه‌روه‌ریی نیشتمانیی؟. خۆ ئه‌گه‌ر دیموكراسی پێوه‌ر و بنه‌ما بێت بۆ به‌ ده‌وڵه‌تبوون ئه‌وا پێویست بوو ژماره‌ی ده‌وڵه‌تانی جیهان له‌ 30-40 ده‌وڵه‌ت تێنه‌په‌ڕیبا، كه‌چی له‌ هه‌نووكه‌دا شاهیدی زیاتر له‌ 200 ده‌وڵه‌تین له‌ ته‌واوی دونیادا. به‌ میزانی ئه‌و هاوڕێیانه‌ بێت، پێویسته‌ ژماره‌ی ده‌وڵه‌تانی جیهان كه‌م بكرێته‌وه‌ بۆ 30 ده‌وڵه‌تێك.
با له‌وه‌ بگه‌ڕێین، ئه‌و جوگرافیایه‌ی پێی ده‌وترێت نیشتمانیی عه‌ره‌بیی، 22 ده‌وڵه‌تی جۆراوجۆری له‌سه‌ر قووت كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ندێكیان له‌ فیدراسیۆنی چه‌ند خێڵێك زیاتر نین، كه‌چی به‌ هه‌موویان ده‌وترێت ده‌وڵه‌ت، كه‌س له‌ نێو 300 ملیۆن عه‌ره‌بدا راست نه‌بۆته‌وه‌، هاوار بكات، ئه‌وانه‌ ده‌وڵه‌ت نین، به‌و پاساوه‌ی دیموكراسیی نین. كه‌س ناتوانێت به‌ روسیای ئێستا بڵێت ده‌وڵه‌تی تیا نییه‌، كه‌ دیموكراسیی له‌و ولاَته‌ نه‌ك دیارده‌یه‌كی نوێیه‌، به‌ڵكو له‌ رووكه‌شێك به‌ولاوه‌ چیتر نییه‌. ئه‌گه‌ر به‌ پێی وته‌ی ئه‌و هه‌ڤالاَنه‌مان بێت ئێران مزگه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌، نه‌ك ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی ناوچه‌كه‌ كه‌ ده‌ستی بالاَی هه‌یه‌ له‌ رووداوه‌كانی هه‌موو جیهاندا.


پاشان سه‌یرترین دید لای من ئه‌وه‌یانه‌ پێیوایه‌ رازیبوون به‌ده‌وڵه‌تی كوردستان واته‌ رازیبوون به‌ دیكتاتۆرییه‌تی كوردیی! بۆیه‌ مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراق به‌ باشتر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی عێراق شامی شه‌ریف بێت و مالیكی بووبێته‌ ئۆڵف پاڵمێ. ئه‌سڵه‌ن یه‌كێك له‌ پاڵنه‌ره‌كانی كورد بۆ بوون به‌ ده‌وڵه‌ت، ترسانه‌ له‌ ئه‌جیندای لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی عێراق كه‌ هه‌میشه‌ به‌ عه‌قڵێكی شۆڤێنینانه‌وه‌ سه‌یری پرسی كورد ده‌كه‌ن. ئێمه‌ش ده‌زانین له‌ چه‌رخی جیهانگیرییدا ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن ئابووری به‌هێز فره‌ باشتره‌ له‌ ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سیاده‌ی به‌هێز، به‌لاَم ئێمه‌ كوردستانێكی هه‌ژارمان له‌ عێراقێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی شۆڤێنی پێباشتره‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌ بۆ تێزه‌كه‌ی بێشكچی "خراپترین ده‌سه‌لاَتی كورد بۆ كورد باشتره‌ له‌ باشترین ده‌سه‌لاَتی داگیركه‌ر بۆ كورد"، به‌لاَم به‌ سه‌یركردنی ره‌وتاره‌كانی عه‌ره‌بیی شۆڤێنی نێو عێراق، ئه‌و تێزه‌ زیاتر له‌ ناخماندا ده‌چه‌سپێت. 


بیانوویه‌كی تر ئه‌وه‌یه‌ گوایه‌ زه‌مینه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی كوردستان نه‌ڕه‌خساوه‌، ئه‌مه‌ش خۆ له‌ گێلییدانه‌ نه‌ك لۆجیك، چوونكه‌ ئه‌وه‌تا هه‌موو ولاَتانی عه‌ره‌بی كه‌ له‌مپه‌ری به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی كوردیی بوون، سه‌رقاڵن به‌ كێشه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ ناوخۆییه‌كانی نێو ولاَته‌كانیانه‌وه‌. میسر و تونس و یه‌مه‌ن و به‌شێكی تریان بواری سه‌ر خوراندنی خۆیشیان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌، ئێران و سوریا هه‌موو ته‌ركیز و هۆشیان له‌سه‌ر راپه‌ڕینی گه‌لانی ناو سوریایه‌، عێراق به‌ ته‌نگژه‌دا تێده‌په‌ڕێت، توركیا سوودی ئابووری پێش هه‌ر شتێك ده‌خات، رۆژئاواییه‌كان نه‌یاریی توندیان نیشان نه‌داوه‌، ئه‌ی له‌م زه‌مینه‌یه‌ له‌بارتر كامه‌یه‌؟. پاشان ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بین دونیا ببێت به‌ ماستی مه‌یو و كه‌س نه‌یاریی نه‌كات له‌ خه‌ونی بوون به‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان، ئه‌وه‌ رۆژێكی وا له‌م دونیایه‌ ده‌ست ناكه‌وێت و گره‌نتی ده‌كه‌م تا هه‌زار ساڵی تریش شتێك به‌ناوی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌وه‌ نه‌هاتۆته‌ بوون. له‌وه‌ دڵنیام پاساوی ئه‌و براده‌رانه‌ لاوازه‌ و دژی خه‌ونی كورده‌، به‌لاَم با یه‌ك پرسیاریان ئاڕاسته‌ بكه‌م: ئایا ئێمه‌ ده‌وڵه‌تمان ده‌وێت یان نا؟ ئه‌گه‌ر وه‌لاَمه‌ به‌ "به‌ڵێ"یه‌، پێویست به‌ هیچ ترس و پاساوێك ناكات، چوونكه‌ رۆژ رۆژی هه‌وڵدانه‌ بۆ هێنانه‌دی ئه‌و خه‌ونه‌. 
تێبینی: ئه‌م وتاره‌ له‌ ژماره‌ "531" رۆژنامه‌ی "میدیا" له‌ رۆژی 15-5-2012 بلاَوكراوه‌ته‌وه‌.

Share