Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
ئەو پیاوەی ماڵەکەی خۆی کردبووە گوڵدان ..مستەفا ڕابەر - هەولێر

sus١١ئەو پیاوەی مالەکەی خۆی کردبووە گوڵدان

نوسینی : مستەفا ڕابەر - هەولێر

دەورو بەری پەنجا ساڵ لەمەو بەر ئەو ڕۆژانەی هێشتا دوو ساڵ بەسەر شۆڕشی ئەیلول پێچی نەکردبۆوە بنکەو بارەگای مەکتەبی سیاسی لە مالومەوە گوازراوە بۆ دەورو بەری گوندی عیساوێی سەر سنووری ئیران ، ئەشکەوتە ڕەشی قەد شاخی گردەڕەش لەناوچەی ماوەت کەبەسەر ڕوباری سورقاوشان دەڕوانیت بە پەلەپەل پاک دەکراوە. ئەشکەوتەکە لەدەوری شەست مەتر درێژە و دە مەتریش پانە ، کەلێن و قوژبنەکانی و خاوێن کرانەوە هێلی کارەبای لە دووری چوار سەد مەترەوە بۆ ڕاکێشرا.
شوێنی چاپخانەو بێتەل و ئیستگەی دەنگی کوردستان خۆشدەکرا بەشێکی کرا بە عەمباری ئازۆقە و خۆراک نوسەرو رۆناکبیرو پسپۆرو شارەزا پێوەندیان بە بنکەکانی دەورو بەری ئەشکەوت دەکرد.
ئەوەی ڕاست بیت دلسۆزو نیاز پاک لەهەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگای کوردەواری هاتن ، لەوێ زۆر کەسم ناسی! خەلکی تێکۆشەرو سادەو خۆڕاگرو رەند ، ئەوێ ڕۆژی پێشمەرگە گیرفانی نەبوو خەلک نیاز پاک ، نەگروپ بەندی ، نەىاوچەگەری و کەس هەر بەخەیالیشیا نەدەهات هەموی دەروێشی ئازادی خاک و وولات بون ، مرۆڤگەلێکی تێکشکاو وێران و دەست و پێ سپی نەبوون ئەوان چێژیان لە ئازار وەردەگرت

وەبیرم ماوە : ١-پ.م کەریم پیکالو خەلکی گوندی گەڵیاوەی بناری چیای پیرمام بوو وەختی خۆی لەکەرکوک لە کومپانیای نەوت لە گەل ئینگلیزەکان ئیشی دەکرد زمانی ئینگلیزی دەزانی کاتی ژەمە کولێرەو چاکەی خۆی دەخوارد کوپەکەی نیوە دەبوو دەچوە لای چایچی هەندێک ئاوی گەرمی لەسەر دەکرد و پاشان کەوچکێک شەکری داوە دەکرد ، ڕۆژێک بووە مشت و مڕ ، کاک حەبیب حەمە کەریم فەیلی ئەوکات بەرپرسی ئەشکەوت بوو خۆی لە کەریم پیکالو توڕەکرد بە عارەبی پێی گۆت شۆڕشگێڕ دەبی دەستپاک بیت ، تۆش حالت حالی ئێمەیە نابی جارێکیتر زێدەڕۆیی دوبارە بکەیتەوە!

٢- کاک مستەفا قەرەداغی پیاوێکی خانەدانو ڕۆشنبیرو قسە خۆش بو بێژەری زمانی عەرەبی بوو ، بەقسەی خۆی لە وورچ دەترسا شەوان دەبوایە پ.م ئەحمەد دەشتی ، عەبدولخالیق مارف، عەمەر دزەیی بە دەنگە دەنگ بیبەن بۆ سەر ئاودەستەکانی دەرەوەی ئەشکەت! بەدیاریەوە دەوەستان ، ئەویش لەکاتی دەست بەئاوگەیاندن لەناو چەپەردا داوای لێبوردنی دەکرد و نوکتەی بۆ دەگێڕانەوە.

٣- رۆژێکیان کاک ئەمجەدی ئەندازیاری کارەبا بەعارەبی بەکاک حەبیبی گۆت هەر باش بوو پێشان موچەیەکمان هەبوو، ئەویشیان بڕی! کاک حەبیب بەتەوسەوە پێی گۆت موچەکەت چەند بو ؟ مانگانە حەوسەدو پەنجا فلس ، باش بوو کاتێ وەرمان دەگرت یەکسەر دەچوین لە بازاڕی ماوەت نوقلی مینۆ و موس و سابونمان پێی دەکڕی ، کاک حەبیب دەستی لەگیرفانی ڕاکرد سێ دینادی دایی ووتی فەرمو ئەمە موچەی چوار مانگ ، بەلام برادەران نەیانهێشت بەتەنیا بیخوات .

بەخۆرایی شۆلۆم عەلیخم ( ١٨٥٩-١٩١٦ ) نوسەری بەڕەگەز جولەکەی خەلکی روسیا نەیگۆتوە:

"ژیان خەونی هۆشمەندە ، گەمەی گەوجە ، بەزمەساتی زەنگینە ، مەرگەساتی هەژارە"..

ئاگری شۆڕشی ئەیلول لە سەرەتای شەشتەکانی سەدەی بیست‌ هەڵگیرسا (11/09/1961) ئەو شۆرشەی ئێستاشی لەگەلدابیت بنەماو بناخەیەکی بەتینە بۆ بەهیزی‌ پێگه‌ی‌ گەلی كورد وێڕای ئەوەی زنجیرەیەک كه‌موكورتی‌ و هەلەی کوشندەی تێکەوت کۆسپ و تەگەڕە و نسکۆی گەورەی هاتە بەر، بەلام بەهۆی ئەوەی لە هەموو چین و توێژەکانی خەلکی کوردستان تێیدا بەشداربوون بەتایبەتی چینی هەژار کە هەمیشە بەردی بناخەی خەبات و تێکۆشانی شۆرشەکانی کورد بوە .

بۆیە هەتە ئیمڕۆش کەسێک ، هێزێک نەیتوانیوە ئاگردانی شۆرشی کورد خامۆش بکات ، ئەگەر کەسانێک لە قۆناغێکدا وازیان هێنابیت و دوور کەوتبنەوە خەلکی تر تێهەلچوتەوەو درێژەیان پێداوە و بێگومان لەسەر شانی خەلکی بەشمەینەت بەردەوام دەبیت!

.
پارێزەرو سیاسەتمەداری هەولێری عەونی یوسف ( ١٩٠٨-١٩٨٨) کەباسی کوردایەتی بەزارەوەی ئەو ( کورداتی ) قسە نا قسە دەیگۆت ''ماڵی بابم ڕەشوڕوت بەلام حەیف و مخابن مەقایس نەماوە!''

رۆژێکیان لەگەل کاک جەعفەر عەبدولواحید ١٩٤٣-١٩٧٦ سەردانی دوکتۆر سەید عەزیز شەمزینی ( ١٩١٨-١٩٩٩) مان کرد پێشتر دەمانزانی دکتۆرای دەربارەی مێژووی کورد وەدەست هێناوە ، چونکە وەختی خۆی بەشێکی لە تێزی دوکتۆراکەی بە زنیجیرە لەڕۆژنامەی خەبات لە بەغدا بلاو کردەبووە

.
خوا لێخۆشبوو لەژێر کەپرێکی بچکۆلە لەنزیک ساباتی گشتی پێشمەرکەکان بەسادەیی دەژیا زۆر حورمەتی گرتین گۆتی پێمباشە سەردانی کەسێکی هوشیارو بلیمەتی خەلکی لای خۆتان بکەن لەم ناوەیە ناوی ( ئیسماعیل سەهەرنگ)ە .
زۆری نەبرد خوالێخۆشبو خالید دلیر ( 1933 - 2011 )
کە سەرپەرشتی تایپ و ڕۆنیۆی دەکرد لە ( م.س ) لە دوای ناردم بردمی بۆ بن کەپرێک لەوێ کاک ئیسماعیل سەرهەنگم بینی سەرقالی خوێندنەوەو شێکردنەوەی بروسکەی بێتەلەکان بوو ، پیاوێکی روو خۆش و پاک و خاوین بوو لەسەرەخۆو هیمن و زمان زانبوو بۆ گاڵتە جارو بار خەلکی لەخشتە دەبرد ، سەرپەرشتی بێتەلەکانی دەکرد و شارەزایی زۆری هەبوو لە تەلەگراف و مورس و شێکردنەوەی جوفرەو بروسکە. پێی گۆتم بۆ ئەوە لەدووامان ناردوی دەبی ئەمرۆ سبەی بەنهینی کەس نەزانێ چەند دانەیەک لەم خشتەو تابلۆیانەم چاپ دەکەیت ، ئەمانە کۆدی مۆرس و هێمان بۆ شێکردنەوەی بروسکە نهێنیەکانی سوپای دوژمن.
کاک ئیسماعیل خشتەی بروسکەی نهێنی لە نیوان لەشکری کوردستان هەروەها کۆدو کلیلی شێکردنەوەی بروسکە نهێنیەکی دوژمنی دادەڕشت ناوە ناوە دەی گۆڕێن.
نامە یان بروسکەی نهێنی بەرامبەر هەر ووشەیەک دوو پیت و چوار پێنج ژمارە هەبوو ئەگەر لە بروسکە بنوسرایە (خسائرنا ناقلة جنود واحدة) بەهێما و بە بێتەل دەیان نارد ، بۆ نمونە دەنوسرا ( اب ٢٣٣٢،دس ٤٥٤٥ ،ت ک ٦٧٨٩ ،س ل ٣٤٥٦ )هەتا دوایی
ئییتر بەردەوام گۆڕانگاریان لە جوفرەکان دەکرد شەوو ڕۆژ بێتەلەکان لە کار دابوون بروسکەیان دەقۆزتەوەو دەیان نارد بۆ کاک سەرهەنگ ئەوێش خیرا حەلی دەکردن دەیدایە م.س ، من ناوە ناوە سەردانم دەکرد ڕۆژیکیان کۆمەلێک تڤەنگ و سنوقە فیشەکم لە ژێر کەپرەکەی بینی منیش هەوا بەسەرپێوە پێم گۆت کاک سەرهەنگ ئەگەر دەکرێ دەمانچەکەم بۆ بگۆڕە ئەویش بێ سێو دوو گۆتی" زۆر باشە بەلام ئەم چەکانە پێوەندی بە مامەوە هەیە ئەوە تێهێ وا لەبن ئەو دارە دانیشتووە بروسکەکان دەخوێنتەوە فرسەتە بڕۆ پێی بلێ هەتا ئێستا بۆت بگۆرم " منێش یەکسەر چووم ، مام سەری ڕاستکردەوە گۆتی فەرموو بڵێ؟ منیش هەر باسی دەمانچەمکرد یەکسەر گۆتی جاری پێم بلێ کێ پێی گۆتی دەمانچەمان هەیە ؟ بەتەواوی ناوی سەهەنگم نەهینا کلاشەکەی سۆلانی بەسەر پێی وەکرد بەڕاکردن هاواریکرد مەلعون کوا دەمانچەمان هەیە دەبیدێ ئەگەر ڕاست دەکەیت ! دیار بوو کاک سەرهەنگ خۆی بۆ هێرشەکەی مام جەلال ئامادە کردبوو یەکسەر هەلات و خۆی شاردەوە !
ئەو ڕۆژگارە هەرچەند قوڕس تێدەپەڕی ژیان گوزەران سەخت و دژوار بوو دڵەڕاوکی و نائومیدی بەسەر ئایندەی شۆرش دیار بوو بەتایبەتی دوای بەستنی کونفرانسی ماوەت لە ٩/٤/١٩٦٤
شۆرش و بزافی کوردایەتی کەوتە بارو دۆخێکی دژوار و دوو بەرەکی پەرەی سەند شەڕی برا کوژیش دەستی پێکرد ، جەنگ و شەڕو شۆڕش هەمیشە بۆتە هۆکاری دوژمنکاری و چاندنی تۆی ڕق و کین لە دڵو دەرونی لایەنەکانی بەشدار لە ململانەکەو بەتایبەتی لە دەرۆنی ئەوانەی بەناحەق زەرەرمەند دەبن خوێنیان دەرژێت و کەس و کاریان تیا دەچیت.
چەند ساڵیکی پێ چوو جارێکی تر کاک سەرهەنگم دیتەوە ئەمجارەیان لە گەڕەکی شۆڕش لە شاری هەولێر دیاربوو حەوشەکەی کردبووە گوڵدانێکی گەورەی ڕەنگاو ڕەنگ. میوان لەدورەوە بۆنی عەترو گولە مێخەکی دەکرد ، دەیان جۆرە گولی موتوربە کردبوو گۆڕانکاری بەسەر شێوەو رەنگیان داهێنابوو ئەوەی دەیبینی سەری لەو گولپەروەریە دەتاسا ، ئەو هەمیشە حەزی دەکرد گوڵی باخەکەی خەلک ببینن نەک خەلک بیان بینت ، گولەکان دانسقە بون لەهەموو باخێک نەدەبینران کۆمەلێک گوڵە کێوی لەناو ئینجانە ماڵی کردبون ، تەماشای هەر گوڵێک دەکرد ڕازو ماناو مەبەستێکی جوانت تیا دەبینی ئەوەی سەیری دەکرد هەستی دەکرد لەپشت ئەو هەموو سروشت ڕازاندنەوەیە و گوڵ دۆستێکی شارەزاو هەست ناسک هەیە.
ئەو کەسێکی بەهرەمەند بوو زۆر حه‌زی له‌ شاخ وداخ و راو بووه‌ حه‌زی له‌ گژوگیا بووه‌و توانایه‌كی زۆری هه‌بووه‌ له‌ گەڕانو پشکنینی گژو گیاو گوڵ و ڕووەک ناسین دا له‌ شه‌سته‌کاندا کتێبێکی دوو سێ به‌رگی که‌ به‌ ئینگلیزی نوسرابوو بە دیاری بۆیان ناردرابوو لەو کتێبەدا بڕێک گیا به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ تۆمار کرابوون و له‌ دۆزینه‌وه‌ی( اکتشاف )ی ئه‌و بوون، که‌ له‌ هیچ شوێنێکی دیکه‌ له‌ جیهاندا ئه‌و رووه‌ک و گیایانه‌ی شاخه‌کانی کوردستان لەهیچ شوێنێکیتر نه‌دۆزرابوونه‌وه‌ بۆیە کاک ئیسماعیل به‌ دۆزه‌ره‌وه‌یه‌کی گوڵ و گیایی له‌ قه‌ڵه‌م درابوو.
نموونه‌ی ئه‌و رووه‌کانه‌ ناردرابون بۆ‌ مۆزه‌خانه‌کانی رووه‌کی ڤییه‌نا و له‌نده‌ن، نموونه‌یشی له‌ به‌غدا لێ گل ده‌درابۆوه‌ نموونه‌ی گیا و رووه‌کەکان خرابونە‌ نێو کاغه‌زی سلۆڤین. ئه‌و‌ رووه‌کانه‌ی که‌ ئەو دۆزیویەتیە‌وه‌ ناوی خۆیان له‌سه‌ر نووسرابووە. له‌ ٩٧ % ئەو دۆزیبیەوە 23 رووه‌کیان له‌ دنیادا نه‌بوون، یه‌کیان ( گه‌نم ) ی کێوی بوو، له‌ به‌رزایی ( ٣٥٠٠ م) له‌سه‌ر رووی زه‌ریاوه‌ هه‌بوو، گه‌نمه‌که‌ باریک و شووش و گه‌نمی ده‌ستچێن له ‌وه‌وه‌ وه‌رگیرابوو ، کاتی خۆی باخەکەی ماڵی خۆی کردبوە شوێنی کۆبوونەوەی خوێندکار و مامۆستایانی زانکۆی هەولێر / کۆلێژی کشتوکاڵ ، هەمیشە مامۆستایان سەردانیان دەکرد بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزمون و بیرو بۆچونەکانی.

ئیسماعیل سەرهەنگ ( ١٩٢٠-٢٠٠٠ ) لەبنەمالەی خانەدانی شکاکە ، لە ساڵی ١٩٣٧ ئەندامی حزبی هیوا بووە ساڵی ١٩٤١ له‌ ( دار المعلمین ) ی به‌غدا خوێندنی ته‌واو كردووه‌ ماوەی چل ساڵ ماموستا بوە دەیان ڕۆلەی کوردی بە بیری نەتەوەیی و کوردایەتی پەروەردە کردوە سه‌رهه‌نگی باوکی له‌گه‌ڵ سه‌ید ته‌های شه‌مزینی بە هۆی شکستی شۆڕشی شێخ عەبدولای نەهری لەزێدی خۆیان ئاوارە بوون و لە ناوچەی رواندز و حه‌ریر و باتاس گیرساونەتەوە و بەهۆی شێخایەتی و کارامەیی دەستەلاتیان گرتوتە دەست حوکمڕانیان کردوه

.‌
برا گەورەکەی بەناوی ( ئه‌حمه‌د سه‌رهه‌نگ ) له‌ شۆڕشی ئیسماعیل ئاغای شکاک (سمکۆی شکاک ١٨٨٧-١٩٣٠) بەشدار بووە
حەیف و مخابن بۆ ئەو جوامێرانەی ماڵ و تەمەنی خۆیان بەکوردایەتی بەخشی و لەڕۆژگارێکی سەخت و دژواردا خوێنیان کردە بڵێسەی خەبات و تەمەنی خۆیان تاواندەوە و ماڵ و منالی خۆیان لە حەسرەت و بێنازیدا بەجێهێشت ، مشەخۆرەکانیش بە ڕەنجی ئەوان خەنی بون تەنانەت هەولیشیان داوە پەردەی فەرامۆشی بەسەر ناوو خەباتیان دا بدەن بەتایبەتی ئەو جوامێرانەی دوای خۆیان میراتگرو کەسێکی وایان لەحیزب و دەستەلات نەبیت!
لەکۆتاییدا ئەگەر خوێندنگایەک کۆلانێک ، شەقامێک ، باخێک ، بەشێک لە کولیژێکی کشتوکال بەناوی ئەو بکرێت مانای جەختکردنە لەسەر بەردەوامی ڕێزگرتن لەخەباتی خەلکی تێکۆشەر بەدەر لە قالبی خزمایەتی و حیزبایەتی

ناپلیۆن پۆناپارت ١٧٦٩ - ١٨٢١

دەلێ:
لەشۆڕشدا تەنیا دوو جۆرە پیاو هەن ئەوانەی جێبەجێی دەکەن و ئەوانەش سوودی لێوەردەگرن

Share