Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
كوردستانی باشوور لەسەدەی حەڤدەم و هەژدەمدا

KURDSTANI BASHOR

تێزێك لە بارەی مێژووی كارگێڕی و سیاسی كوردستانی باشوور لەسەدەی حەڤدەم و هەژدەمدا

دەسەڵاتی عوسمانییەكان لەسەر كوردستانی باشوور چی بووە؟ لەڕووی ئیدارییەوە كوردستان لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەكان چۆن دابەشكراوە، چەند ویلایەت لەكوردستان هەبووەو پەیوەندی نێوان ویلایەتەكان چۆن بووە؟ لەململانێیی نێوان دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوییەكاندا هەڵوێستی كورد چی بووەو كاریگەری ئەو ململانێیە بەسەر ناوچە كوردییەكانەوە چی بووە؟ ئایا هیچ بزووتنەوەیەكی كورد لەدژی دەسەڵاتی عوسمانییەكان دروست بووە، ئایا بەچ فەرمانێكی عوسمانی میرنیشینەكانی كورد كاریان كردووەو ویستویانە دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن، ئایا سیاسەتی عوسمانی لەبەرامبەر ویلایەتەكانی كوردستان چۆن بووە.
هەموو ئەو پرسیارانەی لەتوێژینەوەیەكدا وەڵامیان دەدرێتەوە، كە لەلایەن دكتۆر سەعدی عوسمان ئەنجام دراوە، توێژینەوەكە نامەی دكتۆرایە لەمایسی 2001 لەكۆلیژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین موناقەشەی كراوەو لەساڵی 2006 لەلایەن كتێبخانەی سۆران چاپكراوەو بڵاوكراوەتەوە، كتێبەكەی بەناوی "كوردستانی باشور لەسەدەی حەڤدەم و هەژدەم". بڵاوكراوەتەوە، كەچی تێزی دكتۆراكە بەناوی "كوردستانی باشور و ویلایەتی موسڵ و بەغدا، توێژینەوەیەك لەبارەی پەیوندی سیاسی و كارگێڕی و ئابووری لەسەدەی حەڤدەم و هەژدەمدا".
توێژینەوەكە لەدەستپێك و پێنچ بەش و دەرئەنجام پێكهاتووە، لەدەستپێكدا توێژەر باس لەزاراوەی كوردستانی باشوور دەكات، كە ناونیشانێكە بۆ ئەو پانتاییەی جوگرافیای كوردستان بەكارهاتووە، كە توێژینەوەكەی لەبارەوە ئەنجام دراوە، ئەگەرچی زاراوەی باشووری كوردستان ئەمڕۆ لەلایەن هەندێك كەسەوە بەزاراوەیەكی سیاسی دادەنرێت و گوایە تەنها لەلایەن ئەو كەسانە بەكاردێت كە دروشمی سەربەخۆیی كوردستانیان هەیە، بەڵام توێژەر بە پشتبەستن بەبەڵگەی مێژوویی ئەوە دەسەلمێنێت، كە كۆنترین زاراوە بۆ ئەو ناوچەیە بەكارهاتووە باشووری كوردستانە، نەوەك باكوری عێراق و كوردستانی عێراق و هەرێمی كوردستان، توێژەر لەدەستپێكی توێژینەوەكە دەنوسێ "دەتوانرێت زاراوەی كوردستانی باشور بەچاكتر بزانین لەهاوواتاكانی وەك كوردستانی عێراق و هەرێمی كوردستانی عێراق و باكوری عێراق، چونكە زاراوەكە زووتر بەكارهاتووە".
دواتر توێژەر چەند نموونەیەك دەهێنێتەوە، لەوانە كلودیوس جیمس ریج لەساڵی 1820 زاراوەی "كوردستانی خواروو"ی بەكارهێناوە، لەسەرەتای سەدەی بیستەمیش كوردستانی باشوور بەڕاشكاوی لەلایەن میجرسۆن بەكارهاتووەو لەدوای ئەمیش لەچەندین مێژوونووس و توێژەر ئەو زاراوەیە بەكارهاتووە.
دوای دەستنیشانكردنی زاراوەی كوردستانی باشوور، توێژەر دێت سنووری جوگرافییەكەی كوردستانی باشور لەسەدەی حەڤدەم و هەژدەم دیار دەكات، باسی خەسڵەتە ستراتیژی و ژیارییەكانی ئەو ناوچەیە دەكات و دواتریش ناوی ئەو شار و شارۆچكانە دەهێنێت، كە لەو كاتە و تا ئێستاش ماون و مەڵبەندی ژیانی خەڵكی كوردستانی باشوورن، لەوانە یەكەم شوێن زاخۆ و دهۆك و ئامێدی و ئاكرێ و شەنگار و رواندوز و هەریر و هەولێر و كۆیە و پردێ و كەركوك و قەڵاچۆلان و سلێمانی و چەندین ناوچەی دیكە، ئەگەر بەكورتیش بێت توێژەر یەك بەیەك باسی ئەو شوێنانە دەكات، كە ئاماژەمان بۆ كرد.
لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەری كوردستان لەڕووی كارگێرییەوە لەلایەن عوسمانییەكان روحی توێژینەوەكەیە، بۆیە توێژەر بەپێویستی زانیوە لەبەشی یەكەمی توێژینەوەكەیدا چەمكە كارگێڕییەكانی دەوڵەتی عوسمانی شی بكاتەوە، كە هەندێكیان هەر لەساڵی 1591 وە بەفەرمی بەكارهاتوون، لەوانە چەمكی ویلایەت و ئیالەت و سنجاق و لویە و قەزا و ناحیە، دواتر نازناوی ئەو بەرپرسانەی هێناوەتەوە، كە بۆ هەر یەكەیەكی ئیداری بەكارهاتووە، بۆ نموونە بەڕێوەبەری سنجق گوتراوە "سنجاق بێ". دواتریش باسی لەدابەشبوونی ئیداری باشووری كوردستان كردووە، كە بۆ لەسەدەی حەڤدەمدا بەسەر سێ ئیالەت دابەش كراوە، یەكیان موسڵ و ئەویتریان بەغدا و سێیەمش ئیالەتی شارەزوور بووە، كە زۆربەی ناوچە كوردییەكانی بەڕێوەبردووەو مەڵبەندەكەی شاری كەركووك بووە.
شێوازی بەڕێوەبردنی باشووری كوردستانیش لەلایەن عوسمانییەكان بە دوو شێوە بووە، یەكەمیان بەڕێوەبردن لەلایەن ئەو میرنیشین و دەسەڵات لۆكاڵیانە بووە، كە لەگەڵ عوسمانییەكان هاوپەیمان بوون و دووەمیش شێوازی راستەوخۆی دەسەڵاتی عوسمانییەكانە.
لەبارەی ئەوەی بۆچی كوردستانی باشوور بەسەر سێ ویلایەت دابەش كراوە؟ توێژەر پێی وایە كە عوسمانییەكان نەیانویستووە كوردستان لەچوارچێوەی یەك ویلایەتی بەهێز دابێت، بۆیە بەباشتریان زانیوە، كە بەسەر زیاتر لەویلایەتێك دابەش بێت.
ئەوەی ئەو توێژینەوەیە رۆشنایی دەخاتە سەر دەكرێت لەسێ خاڵدا بێت، یەكەمیان ئەوەیە ئەو توێژینەوەیە رۆشنایی دەخاتە سەر هەموو لایەنە سیاسی و ئابووری و كارگێرییەكانی كوردستانی باشوور لەسەدەی حەڤدەم و هەژدەم، كە لەو سەردەمەشدا دوو دەسەڵات لەناوچەكەدا بوونیان هەبووە، ئەوانیش عوسمانییەكان و سەفەوییەكان بووە، خاڵی دووەم كاتێك زۆربەی ناوچەكانی باشووری كوردستان لەلایەن عوسمانییەكان بەڕێوەبردراوە، ئەوا باسی شێوازی بەڕێوەبردنی كوردستان كراوە، باسی ئەو ئیمارات و دەسەڵاتدارە كوردانە دەكرێت، كە لەو دوو سەدەیە دەسەڵاتیان هەبووە، سێیەمیش باسكردنی ململانێیە جا چ ئەو ململانییە لەنێوان سەفەوی و عوسمانیەكان دابێت، یان لەنێوان ویلایەتەكان دابێت، چونكە بەشی زۆری توێژینەوەكە باس لەپەیوەندی نێوان ناوچە كوردییەكان كراوە، لەگەڵ ویلایەتی موسڵ و بەغدا، توێژەر بەو ئەنجامە دەگات، كە پەیوەندی نێوان ناوچە كوردییەكان لەگەڵ بەغدا پەیوەندی باشتر بووە، بەڵام هەردەمیش بەغدا رۆڵی سەرپەشتیاری كارگێڕی بەسەر ناوچە كوردییەكان بینیوە، بەمەش گەمەیەكی سیاسی كردووە ویستوویەتی خەسڵەتێكی كارگێڕی بەكوردستانی باشوور بدات، نەوەك خەسڵەتێكی سیاسی.

سەر چاوە سڤیل

 

 

 

Share