Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
21/12، كۆتایی‌ ژیان یان ده‌ستپێكردنی‌ قۆناغێكی‌ نوێی‌ ژیان

430813 138740776279341 1561675749 n

21/12، كۆتایی‌ ژیان یان ده‌ستپێكردنی‌ قۆناغێكی‌ نوێی‌ ژیان
بێ‌ واتابونی‌ ژیان هه‌ڕه‌شه‌یه‌و به‌رده‌وام هه‌وڵدراوه‌ مێژو و ژیانی‌ مرۆڤایه‌تی‌ واتای‌ هه‌بێت. له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌دا خه‌ڵكێكی‌ زۆر وروژمیان بردوه‌ بۆ گوندی‌ (بوگراش)ی‌ فه‌ڕه‌نسا، چونكه‌ پێیانوایه‌ جیهان كۆتایی‌ دێت‌و ئه‌م گونده‌ په‌ناگه‌یه‌كه‌ بۆ قوتاربون له‌شه‌ڕی‌ نێوان چاكه‌و خراپه‌و كۆتایی‌ جیهان.
ئه‌وان پێیانوایه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌رۆژی‌ 21/12 روده‌دات. له‌م رۆژه‌دا رۆژمێری‌ دێرینی‌ 5125 ساڵه‌ی‌ مایا كۆتایی‌ دێت. درێژترین رۆژژمێری‌ مایاكان ساڵی‌ 3114 پێش زایین ده‌ستیپێكردوه‌و ناوی‌ (بكتون)ه‌.
سیانزه‌یه‌مین بكتونی‌ مایاكان 21/12ی‌ ئه‌مساڵ له‌رۆژێكدا كۆتایی دێت كه‌ له‌ئه‌ستێره‌ناسیدا به‌شۆڕشی‌ زستانه‌ ناسراوه‌. شۆڕشی‌ زستانه‌ درێژترین شه‌وه‌ كه‌ به‌شه‌وی‌ یه‌ڵدا ناسراوه‌.
به‌له‌به‌رچاو گرتنی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێكۆڵه‌رو شیكه‌ره‌وانی‌ شارستانێتی‌ مایا ده‌یڵێن، ژماره‌یه‌ك پێیانوایه‌ كۆتایی‌ رۆژژمێری‌ مایا واتا كۆتایی‌ جیهان‌و هاتنی‌ ئه‌و رۆژه‌ی‌ له‌زۆربه‌ی‌ ئاینه‌كاندا به‌كۆتایی‌ جیهان ناوبراوه‌.
مێژووناسان رونیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ بڕیار نیه‌ روداوێكی‌ جیهانی‌ روبدات، به‌ڵكو پێشبینیكراوه‌ دوای‌ ئه‌و به‌رواره‌ قۆناغێكی‌ نوێی‌ ژیان له‌سه‌ر روی‌ زه‌وی‌ ده‌ستپێده‌كات.
(سون گرونمیر) لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی‌ زمانی‌ مایا به‌ئاسۆشیتدپرێسی‌ راگه‌یاندوه،‌ به‌پێی‌ نوسراوه‌ به‌جێماوه‌كان یه‌كێك له‌خواكانی‌ مایا (بولون یوكته‌) خوای‌ شه‌ڕ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رزه‌وی‌.
بۆچی‌ كۆتایی‌‌ ژیان له‌سه‌رزه‌وی‌ ئه‌وه‌نده‌ گرنگی‌ پێده‌درێت؟
(پۆل ئێس بویر) لێكۆڵه‌ره‌و نوسه‌ری‌ كتێبی‌ "كاتێك جیهان بونی‌ نابێت، باوه‌ڕ به‌وه‌حی‌ له‌فه‌رهه‌نگی‌ مۆدێرنی‌ ئه‌مریكا"دا ده‌ڵێت، بڕوابون به‌كۆتایی‌ جیهان ئه‌زمونی‌ دێرینی‌ له‌هزری‌ مرۆڤه‌كاندا هه‌یه‌، سه‌رچاوه‌ی‌ ئه‌م باوه‌ڕه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ پێش مه‌سیح ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌فسانه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆژێك له‌رۆژان هێزی‌ چاكه‌و شه‌ڕ روبه‌ڕوی‌ یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.
ئپۆل ئێس بویر، پێیوایه‌ كه‌ ئه‌م باوه‌ڕه‌ له‌روی‌ ده‌رونناسیه‌وه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌، چونكه‌ بڕوابوون به‌بێ‌ واتابونی‌ ژیان هه‌ڕه‌شه‌یه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مرۆڤایه‌تی‌ به‌رده‌وام هه‌وڵیانداوه‌ به‌ناساندنی‌ جۆرێك چوارچێوه،‌ واتا به‌مێژو و ژیانی‌ تاكه‌كان ببه‌خشن.
له‌رابوردوشدا له‌مجۆره‌ پێشبینیانه‌ بۆ كۆتایی‌ ژیان كراوه‌و هه‌ڵه‌ ده‌رچوون. یه‌كێك له‌وانه‌ له‌سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌دا بزوتنه‌وه‌یه‌ك به‌رابه‌رایه‌تی‌ (ویلیام میلر) سه‌ریهه‌ڵداو پێشبینیكردبوو 22 ئۆكتۆبه‌ری‌ 1844 دوارۆژی‌ جیهان بێت، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌ره‌به‌یانی‌ 23 ئۆكتۆبه‌ری‌ 1844 خۆرهه‌ڵات سه‌رجه‌م ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی‌ كۆتایی‌ ژیانی‌ به‌درۆ خسته‌وه‌.
هه‌روه‌ها ساڵی‌ 2008 قه‌شه‌ (رۆنالد وینلند) له‌كتێبێكدا پێشبینی‌ كردبوو له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵدا ئه‌مریكا له‌ناوده‌چێت، به‌ڵام تا ئیساڵی‌ 2012 یه‌و ئه‌مریكاش وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌.
به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌م پێشبینی‌و روداوانه‌دا، له‌ئاینه‌ جیاوازه‌كاندا ئاماژه‌ به‌كۆتایی‌ ژیان كراوه،‌ به‌ڵام رێكه‌وتێك دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵكو ئاماژه‌ به‌كۆمه‌ڵێك نیشانه‌كراوه‌.
پرۆفیسۆر بویر ده‌ڵێت، ئایینه‌كان ده‌ڵێن هیچ كه‌سێك ئاگاداری‌ كۆتایی‌ جیهان نیه‌، به‌ڵام ئه‌و رۆژه‌ به‌مزوانه‌ دێت.
دانیشتوه‌ ره‌سه‌نه‌كانی‌ مایا له‌باشوری‌ مه‌كسیك 21/12ی‌ ساڵی‌ رابوردوو بۆنه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ ژماردنی‌ پێچه‌وانه‌یان تا 21/12 ئه‌مساڵ‌ ده‌ستپێكرد.
به‌رپرسانی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ مێژوناسی‌ مه‌كسیك له‌هه‌ڵوێستیاندا به‌رامبه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ كه‌ مایاكان پێشبینی‌ كۆتایی‌ جیهانیان له‌ساڵی‌ 2012دا كردوه‌ رایانگه‌یاندوه،‌ له‌كۆی‌ 15 هه‌زار نوسراوی‌ به‌جێماوی‌ شارستانێتی‌ مایا ته‌نها له‌دوو جێگه‌دا ئاماژه‌ به‌ساڵی‌ 2012 كراوه‌و له‌هیچیاندا باس له‌كۆتایی‌ ژیان له‌سه‌ر زه‌وی‌ نه‌كراوه‌.

 

 لە بەهاری کەرکووک وەرگیراوە

 

Share