Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
ڕه‌ووفی یاسه ماڵئاواییکرد ...ئاسۆ عه‌زیز میرزا

804552 458794627519977 553617515 n - kopieڕه‌ووفی یاسه ماڵئاواییکرد
به‌و هه‌موو ئازاره به‌سوێیه‌وه ملت نابوو به یاڵی ژیانه‌وه و پێت زه‌ویی نه‌ده‌گرت
به‌و هه‌موو ته‌نیاییه‌وه چاوت هه‌ر له ده‌رگای دخراوی ماڵ بوو گوێت بۆ کردنه‌وه‌ی ڕاده‌گرت،
ده‌وایه‌ک له ده‌رگای داخراوی نه‌دایت
خه‌می ده‌وا نه‌بوو هه‌بایت یان نه‌بایت،
که‌چیی تۆ خه‌می هه‌موو کوردستانت کردبووه کۆڵی خۆت
نامه‌ت بۆ به‌ردی گلۆره‌وه‌بووی به‌مۆش ده‌نارد
که‌چی تا مه‌رگت به‌ردێک نامه‌یه‌کی نه‌نارد بۆت،
مه‌خابن ڕه‌ووفی یاسه ماڵئاواییکرد لێمان. مژده‌ و زنوێر ده‌بێت ببوورن، که به‌رله ڕۆیشتنی نه‌مانتوانی ڕوومه‌تی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوی ڕامووسین، بۆنی ئاره‌قه‌ی بن گه‌ردن و پرچی بکه‌ین. مه‌خابن نه‌مانتوانی له‌بری دارشه‌قه‌کانی بچینه ژێرباڵی و فریای مێدیسینێکی نوێی بخه‌ین. به‌رپرسی ئاو و وشکانی نه‌بوو هه‌تا کیشوه‌ر به کیشوه‌ر بیگه‌ڕێنین و ژیانی دڵنیا بکه‌ین. به‌ڵام هه‌تا ئه‌به‌د ئێواران له‌گه‌ڵ مێژوه‌که‌یدا مۆمێک بۆ ئاینده‌ی هه‌ڵده‌که‌ین. مژده و زنوێر ئارام بنوون، که‌ کچی مرۆڤێکن گه‌وره‌تریین سه‌رمایه‌ی بۆ به‌جێهێشتوون، که ئه‌ویش شانازیی و شکۆکردنه به باوکتانه‌وه، به باوکێکی پێشمه‌رگه‌تانه‌وه، به باوکێکه‌وه، که نیوه‌ی ته‌مه‌نی زیاتری له به‌رگرییکردن له خاکی نیشتیماندا خه‌رجکردووه.
سه‌ره‌خۆشیی له که‌سوکاری ده‌که‌م، به‌هیوام سه‌بووریان زوو بێت. دڵنیابن ڕه‌ووف له‌گه‌ڵماندا پیرده‌بێت، چونکه هه‌میشه له‌یادمان ده‌بێت، هه‌میشه کرداره‌کانی سه‌ربه‌رزمان ده‌کات، ڕه‌ووف ئه‌و گه‌نجه حه‌ڤده ساڵه بوو، که کاولکردنی گووند‌ه‌کانی کوردستانی په‌سه‌ند نه‌کرد و ته‌مه‌نی جوانیی خۆی کرده قوربانیی به‌رگرییکردن له کوردستان.
ببوورن ئه‌ی که‌سوکاری سه‌ربه‌رزی ڕه‌ووف، که نه‌مانتوانی وه‌ک پێویست به‌ته‌نگتانه‌وه بێین. ڕه‌ووف له ڤالنتیندا ماڵئاوییکرد، ئێستا ڕه‌ووف ڤالنتینی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانه و له‌پێناوی ئه‌واندا، هه‌تا بیرنه‌چنه‌وه و په‌راوێز نه‌خرێن گیانی خۆی سپارد به خاک و نیشتیمان و پێشمه‌رگه‌ی دێرین.

aso-aziz-mirza1
دڵسۆزتان
ئاسۆ عه‌زیز میرزا
14.02.2013

Share