Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
نهێنی گریانه‌كه‌ی دۆكتۆر نه‌جمه‌دین ئاشكرا بوو !

دکتۆر نهجمهدین

چه‌ند رۆژه‌ خوڵیای ئه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رمه‌وه‌ ده‌رك به‌و پاڵنده‌ره‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ بكه‌م كه‌ وای له‌ دۆكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم كرد هه‌فته‌ی پێشووتر بۆ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بگری، هێنده‌ له‌و گریانه‌ قووڵ بوومه‌وه‌ و چوومه‌ ناویه‌وه‌ كاتێ ده‌ركم پێی كرد، له‌ ئاست گه‌وره‌یی ماناى ئه‌و گریانه‌دا فرمێسك رژایه‌ چاوانی خۆمه‌وه‌ !

دۆكتۆر نه‌جمه‌دین به‌ ته‌نیا پارێزگاری شارێك ( كه‌ركوك ) و هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌ك نییه‌ له‌ جولانه‌وه‌یه‌كی سیاسیدا، به‌ڵكو وه‌كو خودی خۆی و تاكه‌ كه‌سیانه‌ش مێژوویه‌كی تایبه‌ته‌ له‌ تێكۆشاندا، له‌ پاڵ ئه‌مانه‌شدا پزیشكیشه‌ و كیلیی تێگه‌یشتن له‌ گریانه‌كه‌یشي لێره‌یه‌ !

له‌ كایه‌ی پزیشكی و ته‌ندروستیدا ئه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌ گریان به هۆی ئه‌و هۆرمونانانه‌وه‌ دروست ده‌بێت كه‌ له‌ش له‌ ناوه‌وه‌ ده‌ریده‌دات، جیاوازی باری هۆرمونه‌كان له‌ نێوان ژن و پیاودا وای كردووه‌ ژنان زوو زوو بگرین، به‌ڵام له‌ پیاواندا گریان زۆر ده‌گمه‌ن رووده‌دات، ته‌نیا مه‌گه‌ر بكه‌وێته‌ حاڵه‌تێكی زۆر تایبه‌ت و كاریگه‌ره‌وه‌.ئه‌و حاڵه‌ته‌ تایبه‌ته‌ چی بووه‌ دۆكتۆر نه‌جمه‌دینی خستووه‌ته‌ گریانه‌وه‌؟

" به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی شانده‌كه‌ی ئیمرالیمان ده‌كرد، كاتێك هه‌ڵوێستی ئۆجه‌لانیان روون كرده‌وه‌، خۆم بۆ نه‌گیراو ده‌ستم به‌ گریان كرد." دكتۆر نه‌جمه‌دین ئاوای وتووه‌. قسه‌ی له‌سه‌ر گریانی خۆیه‌تی نه‌ك گریانێكی ده‌سته‌جه‌معی.ئه‌وه‌ی گریاوه‌ دۆكتۆر نه‌جمه‌دین بووه‌و ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵوێستی سه‌رۆكه‌ زیندانیكراوه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ وتبووی" من هیچ شتێكم بۆخۆم ناوێ‌، با حاڵی گه‌له‌كه‌م باش بكه‌ن و من بخه‌نه‌ شوێنێكی ته‌نگتر له‌وه‌ی ئێستا تیایدام"

من نازانم ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ چ كه‌سی دیكه‌ی گریاندووه‌ یان نا، به‌ڵام هه‌تا ئه‌گه‌ر كه‌سی دیكه‌ی گریاویش هه‌بن، گریانه‌كه‌ی دۆكتۆر نه‌جمه‌دین ماناكه‌ی جیاوازتره‌و مانادارییه‌كی زیاتر له‌وه‌ی گرتووه‌ته‌خۆ وه‌ك كه‌ خه‌ڵكی عه‌وام لێی تێگه‌یشتوون، ئه‌گه‌ر قسه‌كه‌م به‌ خراپ مانا نه‌كریت ده‌بێ‌ بڵێم دۆكتۆر نه‌جمه‌دین تاكه‌ كه‌سه‌ توانیویه‌تی بگاته‌ لووتكه‌ی تێگه‌یشتن له‌ گه‌وره‌یی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئۆجه‌لان. تێنه‌گه‌یشتن له‌ ماناى گه‌وره‌ی گریانه‌كه‌ی دۆكتۆر نه‌جمه‌دین-یش په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ قووڵ نه‌بوونه‌وه‌ له‌و مانا هه‌ژێنه‌ره‌ی له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ئۆجه‌لاندایه‌. له‌وه‌ده‌چێ‌ عه‌وام له‌ یه‌ك دیوی هه‌ڵوێسته‌كه‌ و یه‌ك دیوی گریانه‌كه تێگه‌یشتبن.

دۆكتۆر نه‌جمه‌دین له‌ ساڵانی حه‌فتاكاندا پزیسكی تایبه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزان و له‌ كاتی نه‌خۆشكه‌وتنی چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ری مام جه‌لال-شدا پزیشكیكی سه‌ره‌كی بووه‌ له‌ تیمی سه‌رپه‌رشتیكردندا. ئه‌و له‌و پزیشكه‌ ده‌گمه‌نانه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت تێكه‌ڵ به‌ رۆحی نه‌خۆش بێت، به‌رله‌وه‌ی ده‌ست بۆ جه‌سته‌ی ببات. ئه‌زموونێكی چل ساڵه‌ی هه‌یه‌ له‌ دۆكتۆرید، له‌ ساڵی 1971دا پزیشكی له‌ زانكۆی موسڵ ته‌واوكردوه‌و له‌ زانكۆی جۆرج واشنتۆن له‌ ئه‌مریكاش راهێنانه‌كانی له‌ نه‌شته‌رگه‌ری موخ و ده‌ماره‌كان خوێندووه‌و ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ كایه‌كه‌دا.

دۆكتۆر نه‌جمه‌دین پزیشكی ئۆجه‌لان نییه‌، به‌لام له‌وه‌ ئاگاداره‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م 14 ساڵه‌ی زیندانی تاكه‌ كه‌سیدا ئۆجه‌لان ته‌ندروستی ته‌واو تێك چووه‌و به‌ ده‌ست چه‌ندین نه‌خۆشیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ‌، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ژه‌هر كرابووه‌ خواردنیه‌وه‌. ئێستاش زانراوه‌ به‌شێكی زۆری قژی رووتاوه‌ته‌وه‌و به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ی له‌ناو هه‌ناویداهه‌یه‌ له‌شی لاواز بووه‌و له‌ قسه‌كردندا وه‌كو جاران نه‌ماوه‌و توانای پێشتری نییه‌.بۆ نه‌خۆشیه‌كانیشی ته‌نیا چاره‌سه‌ری سروشتی به‌كارده‌هێنێت !

دۆكتۆر نه‌جمه‌دین له‌و حاڵه‌ی ئۆجه‌لان و له‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ی ئاگاداره‌و وه‌ك پزیشكێكیش چاك ئه‌وه‌ ده‌زانێت مرۆڤی نه‌خۆش و بێ‌ حاڵ ئاماده‌ی هه‌ر كارێكه‌ بیكات ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ندروستی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌چی ده‌بینێ‌ ئۆجه‌لان ئه‌و نه‌خۆشییه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو نه‌خۆشه‌كانی دی ئه‌وه‌ی بیری لێ‌ ناكاته‌وه‌ رزگاربوونی تاكه‌ كه‌سی خۆیه‌تی له‌ نه‌خۆشی و ناخۆشی زیندان، به‌ڵكو ده‌ڵێت:"حاڵی گه‌له‌كه‌م باش بكه‌ن، من بخه‌نه‌ شوێنێكی له‌وه‌ ته‌نگتر."حه‌تمه‌ن ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ئه‌گه‌ر بۆ نه‌جمه‌دین كه‌ریمی سه‌ركرده‌و سیاسه‌توانی كورد جێی دڵته‌نگی بێت،بۆ نه‌جمه‌دین كه‌ریمی پزیشك مایه‌ی گریانه‌ !

تێبینی: دۆكتۆر نه‌جمه‌دین له‌ خه‌باتی پێشمه‌رگه‌یی و خه‌باتی سیاسی مێژوویه‌كی دووورو درێژو ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ ئه‌مریكا یه‌كه‌م كورد بووه‌ كه‌ به‌ فه‌رمی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه‌ پێشوازی كرابێت، به‌ڵام له‌م باسه‌دا مه‌به‌ست نه‌بووه‌ له‌ خه‌باتی سیاسی ئه‌و پیاوه‌ بدوێم.

 

 

نه وه كانی يه كێتی نيشتيمانی كوردستان

 

Share