Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
پرێس كۆنفرانسی هەڵمەتی راگەیاندنی سیێه‌مین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هه‌ولێر دلێر ئیبراهیم- هه‌ولێر

DSC01002-1800ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9/10/2013 بەئامادەبوونی تاهیر عەبدولڵا جێگری پارێزگاری هەولێر و هه‌ریه‌كه‌ له‌ كاكه‌ ئه‌حمه‌د جه‌میل و سه‌رتیپ فاریق ئه‌ندامانی لێژنه‌ی باڵای ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و نوێنه‌ری ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و ژماریه‌ك له‌ رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان، لە دیوانی پارێزگای هەولێر پرێس كۆنفرانسێك دەربارەی سێیه‌مین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ئاشتی بەڕێوەچوو.
تاهیر عەبدولڵا بەناوی پارێزگای هەولێر و ئه‌نجومه‌نی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی كوردستان IKNN ، و لایەنە بەشداربووەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتەكانی پەروەردەو رۆشنبیریی و لاوان و ناوخۆ و ته‌ندروستی و ناوەندە وەرزشییەكان و لایه‌نه‌كانی تر، دەستپێكی هەڵمەتی راگەیاندن و ناونووسینی بۆ ماراسۆنەكە راگەیاند، كە لە 25 ی ئه‌م مانگه‌ بە بەشداریەكی بەرفراوانی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ چەندین خەڵاتی گرانبەها و بەرێژەیەكی زیاتر پێشكەش بە براوەكان دەكرێت...هه‌روه‌ها رایگەیاند ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ئاشتی و گەشەپێدان بۆ هەموو عێراق و ته‌واوی ناوچەكە بۆنەیەكی گرنگە.
جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ هه‌موومان له‌ رۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ به‌ دروشمی با رابكه‌ین له‌ پێناوی ئاشتیدا به‌شداری له‌ سه‌رخستنی ئه‌م ماراسۆنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌دا ده‌كه‌ین.
پاشان كاكه‌ ئه‌حمه‌د جه‌میل بەناوی ئه‌نجومه‌نی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی كوردستان و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان كە بەشداری سەرەكی و خاوەنی بیرۆكەی ئەو ماراسۆنەن به‌ پاڵپشتی رێكخراوه‌ هاوبه‌شه‌ ئیتاڵییه‌كان، ئاماژەی بۆ ئەو ئامادەكارییانە كرد كە لە ماوەی چه‌ند مانگی رابردوو كراوە بۆ سەرخستنی ئەم ماراسۆنە نێوده‌وڵه‌تییه‌.
ئەوەشی خستەڕوو كە بیرۆكەی ماراسۆنەكە بۆ ساڵی 2009 دەگەرێتەوە كە ئەوسا وه‌ك خەونێك وابوو بەڵام ئێستا خۆشبەختانە بۆتە بۆنەیەكی نێودەوڵەتی و یەكێتی نێودەوڵەتی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان بە فەرمی دانی پێداناوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە تائێستا یاریزان و هاووڵاتی چەندین وڵاتی جیهانی خۆیان ئامادەكردووە بۆ بەشداربوون ماراسۆنی هەولێری نێودەوڵەتی به‌ تایبه‌تی له‌ وڵاتانی كیشوه‌ری ئه‌وروپا و ئه‌فریقیا و ئاسيا و ئه‌مریكا.
ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكان هاوبەشی سەرەكی جێبەجێكردنی پڕۆژەی "ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تی هەولێر"ــه‌ به‌ پاڵپشتی رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ ئیتاڵییه‌كان و بۆ ساڵی سێیه‌م له‌ شه‌قامی شه‌ستی له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌درێت.
وه‌رزش له‌ دژی توندوتیژی بۆته‌ دیارده‌یه‌كی جیهانی و بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاشتی و ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌كانی توندوتیژی ئه‌نجام ده‌درێت. شایانی باسه‌ له‌ یه‌كه‌مین ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێرله‌ ساڵی 2011 زیاتر له‌ 3000 كه‌س له‌ 25 وڵات و له‌ دووه‌مین ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێرله‌ ساڵی 2012 زیاتر له‌ 5000 كه‌س له‌ 49 وڵاتی جیهانی به‌شداریان كرد، پێشبینی ده‌كرێت بۆ ئه‌مساڵی 2013 ژماره‌ی به‌شداربووان‌ بۆ زیاتر له‌ 6000 كه‌س به‌رزببێته‌وه‌و ساڵ به‌ساڵ هه‌نگاوی مه‌زنتر بهاوێژێت بۆ ناساندنی شاری هه‌ولێرو هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌ڵه‌وتی وه‌ك مه‌ڵبه‌ندی ئاشتی و هاوژیانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا.. هاووڵاتیان و هه‌وادارانی وه‌رزش ده‌توانن له هه‌ریه‌كه‌ له‌‌ پاركی شانه‌ده‌ر و پاركی شار و ئۆفیسی ئه‌نجومه‌نی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی كوردستان، ناوی خۆیان بۆ ئه‌م ماراسۆنه‌ تۆماربكه‌ن.

Share