Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
هه‌ینی داهاتوو ئاشتیخوازانی جیهان له‌ ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به‌یه‌كده‌گه‌ن .. دلێر ئیبراهیم

IMG 0178به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی داهاتوو 25/10/2013 چالاكییه‌كانی سێیه‌مین ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌ پێناوی ئاشتى، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی كوردستان (IKNN) به‌هاوكاری پارێزگای هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێنت.
یاریزان و ئاشتیخوازانی چه‌ندین وڵاتی جیهانی به‌شداری له‌م ماراسۆنه‌ ده‌كه‌ن و تائێستا نزیكه‌ى 700 كه‌س له‌ وڵاته‌ جیاجیاكانی جیهانه‌وه‌، ناوی خۆیان تۆماركردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ وڵاتانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئه‌ڵمانیا و كه‌نه‌داو وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا و لوبنان و میسڕ ، له‌گه‌ڵ چه‌ندین وڵاتی عه‌ره‌بی و ئه‌فریقی و ئه‌وروپی و ناوچه‌كانی تری جیهان.
له‌م باره‌یه‌وه‌ كاكه‌ ئه‌حمه‌د جه‌میل جێگری رێكخه‌ری گشتی ماراسۆنه‌كه‌ له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌نووسیدا گووتی: ئه‌نجامدانی ئه‌م ماراسۆنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌ هه‌ولێر، هێمایه‌ بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ى توندوتیژی و تیرۆر و به‌رقه‌راركردنی ئاشتی و لێبوورده‌یی و هاوژیانی ئاشتیانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی ناوچه‌كانی تری عێراق و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان به‌گشتی، هه‌روه‌ها په‌یامێكیشه‌ له‌ پێناوی بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاشتی و لێبوورده‌یی و خۆشه‌ویستی.
هه‌روه‌ها سوپاسی پارێزگای هه‌ولێر و به‌تایبه‌تی تاهیر عه‌بدولڵا جێگری پارێزگاری كرد، به‌هۆی هه‌وڵ كۆششه‌كانی بۆ سه‌رخستنی ئه‌م بۆنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ گرنگه‌ له‌ هه‌ولێر، پایته‌ختی لێبوورده‌یی و هاوژیانی و ئاشتی، هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌ن و كه‌سایه‌تیانه‌ى كرد كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ سه‌رخستنی ماراسۆنه‌كه‌، به‌تایبه‌تیش ناوبژیوانان و چاودێران و راگه‌یاندنكاران و رۆژنامه‌نووسان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی و گشت لایه‌نه‌ حكومییه‌كان و سپۆنسه‌رانی ئه‌م ماراسۆنه‌ به‌تایبه‌تی كۆمپانیای (SAMSUNG) و (ئاوی رۆڤیان) و(PEPSI COLA) و (GLITTER ئه‌دڤه‌رتایزینگ) و (كۆمپانیای SABIS ی په‌روه‌رده‌یی) .
هیواشی خواست زۆرترین رێژه‌ى هاووڵاتیان و ئاشتیخوازانی جیهان به‌شداری له‌م ماراسۆنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌دا بكه‌ن، كه‌ ده‌بێته‌ پێناسه‌یه‌كیش بۆ هه‌ولێر وه‌ك پایته‌ختی گه‌شتوگوزاری عه‌ره‌بی بۆ ساڵی 2014
ئه‌مه‌و چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌زگای "Association of International Marathons and Distance Races"ى جیهانی به‌ره‌سمی دانی به‌ ماراسۆنی هه‌ولێر ناوه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ ماراسۆنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی جیهان، له‌ كاتێكدا هێشتا هه‌ندێ له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجام بده‌ن.
شایانی باسه‌ رێكخه‌ری گشتی ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر عه‌بدولستار عیسمه‌ت رۆلێكی سه‌ره‌كی هه‌بوو به‌ پشتیوانی رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ ئیتاڵیه‌كان ، ماراسۆنی هه‌ولێر له‌سه‌ر ئاستێكی نێوده‌وڵه‌تی تۆماربكات و ناوی بچێته‌ نێو بۆنه‌ وه‌رزشییه‌ جیهانییه‌كان.

Share