Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
خۆپێشاندانی "نا بۆ ئێعدام" لە فینلاند

xopshydenبە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی فینلاند و فینلاندیانی کورد پەروەر رێپێوانێکی بەربڵاو بۆ شەرمەزارکردنی ئێعدام و لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە کوردستان و ئێران ساز درا. 
رۆژی شەممە 9.11.2013 لە سەر بانگهێشتنی هاوبەشی رێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە فینلاند و چەند رێکخراوی کمۆنیستی ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە لە خۆپێشاندانی "نا بۆ ئێعدام" بەشداریان کرد. رێپێوانەکە لە سەنتەری شاری هێلسینکی دەستی پێکرد و لەسەرەتادا پەیام و وتاری سازماندەرانی رێپێوانەکە بە زمانی فینلاندی پێشکەش کرا. ئەوجار خۆپێشاندەران بەرەو شوێنی بالیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی وەرێکەوتن و وێرای دانی دروشمی دژی کۆماری ئیسلامی و شەرمەزار کردنی ئێعدام و لەسێدارەدان بە بڵاو کردنەوەی "بریارنامەی هاوبەشێ رێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان" بە زمانی فینلاندی لە ناو خەلک دا سیاسەت و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیان لەقاو دەدا.
لەو خۆپێشاندانەدا کە زیاتر لە 3 کاتژمێری خایاند وتار، پەخشان و بابەتی جۆراوجۆر لەپێوەندی لە گەڵ رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشکەش کرا. بریارنامەی هاوبەشێ رێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە زمانەکانی کوردی و فارسی لە لایەن پڕشنگ محەمەدی و کەماڵ توانا پێشکەش کرا.
دەنگدانەوەی ناو میدیاکانی فینلاندی
هەواڵی خۆپێشاندانی کوردانی دانیشتووی فینلاند دژی شەپۆڵی ئێعدامەکان لە ئێراندا لە لایەن هەواڵدەری فینلاند بڵاو کرایەوە و لە رۆژنامەکانی فینلاندی دا دەنگی دایەوە. هەروەها وەڵات نەهری چالاکڤانی مەدەنی و یەکێک لە نووسەرانی کتێبی "کوردستان لە دەروازەی سەربەخۆیی" لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی سۆسیال دێموکراتەکان بە ئامادەیی وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەرلەمانی فینلاند لە پێوەندی لە گەڵ شەپۆڵی ئێعدامەکانی زیندانیانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەشی بەشدارانی کرد.

هەڵوێستنامەی رێکخراوە سیاسی ومەدەنیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە فینلاند دژی ئێعدام لە ئێران

شەپۆلی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەرەتای دەست بەکار کردنی سەرۆک کۆماری حەسەنی رۆحانی پەرەی سەندووە. دوای ئێعدامی 16 زیندانی سیاسی بەلووچ، سێ لاوی کورد بە ناوەکانی حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور، رەزا ئیسماعیلی و شێرکۆ مەعارفی ئێعدام کراون و غازی عەباسی، عبدالامیر مجدمی، جاسم مقدم پەناه و عبدالرضا خەنافەرە لە زیندانیانی سیاسی گەلی عەرەب لە زیندانی گشتی کارون بۆ شوێنێکی نادیار بە مەبەسی جێبەجێ کردنی حوكمی ئێعدام بردراون.
هەر ئێستا زیاتر لە 30 زیندانی سیاسی دیکەی کورد حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و هەرەشەی لەسێدارەدانیان لە هەمووکاتێک زیاتر بووە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی رایان گەیاندووە کە بڕیاری ئێعدامی ئەو کەسانە پێشتر دەرچووە و لەلایەن "دیوانی بەرزی وڵات" پەسەند کراوە بەڵام جێبەجێ کردنیان وەدرەنگ کەوتووە. ئەو کردەوە دژی مرۆڤانیانە بەهەر بیانوو و هۆیەک بن، کارێکی دژی مرۆڤی و دژی سەرەتاییترین بەهاپەسەندکراوەکانی کۆمەڵگای ئینسانیە و دەبێ مەحکووم بکرێت.
لە سەرەتای ساڵی 2013 دا تا ئێستا زیاتر لە 550 کەس لە سێدارە دراون کە 52 کەسیان لە ناو خەڵک و بەشێوەی ئاشکرا ئێعدام کراون.
ئێعدامەکانی ئەو دواییانە نەتەنیا بە مەبەستی خوڵقاندنی کەشی ترس لە ناو کۆمەڵگا دا جێبەجێ کراوە، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی لە گەڵ ئەوان وەک بارمتە هەڵسوکەوت دەکات و بۆ تۆڵە سەندنەوە لە بەرامبەر دژبەرانی خۆی بەکاری هێناوە. هەموو ئێعدام کراوەکانی ئەو دواییانە سەر بە نەتەوە و کەمینە نەتەوایەتیەکانی کورد، بەلووچ و عەرەب بوون. ئەو جۆرە ئێعدامانە نیشانەی روونی ناوەرۆکی هەڵاواردەر و رەگەزپەرەستانەی کۆماری ئیسلامی و دژایەتی بێبەزەیانەیانە لە گەڵ نەتەوە بن دەستەکانی ئێرانە.

رەوتی ئێعدامەکان لە هەلومەرجێکدا پەرەی گرتووە کە، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بەڵێنیە تەبلیغیەکانی خۆیدا رەچاوکردنی مافی شارۆڤەندی، مافەکانی مرۆڤ و کەڕامەتی ئینسانی و پرسی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێرانی بە بەرنامەی کاری خۆی راگەیاندبوو.

ئێعدامە بە کۆمەڵەکان لە کاتێکدا کە گفتگۆکانی وڵاتانی زڵهێز لە گەڵ ئێران بە مەبەستی چارەسەری پرسی ناڤۆکی ئێران لە گفتگۆدان بەرێوە دەچن. بۆیە ئێمە نیگەرانی بێ هەڵوێستی کۆمەلگای جیهانی بەرامبەر بە پێشێلکاریەکانی کۆماری ئیسلامین. ئێمە داوا لە بیروڕای گشتی و کۆمەڵگای جیهانی و کۆڕ و کۆمەڵە بەشەردۆستەکان، لە دەوڵەتی فینلاند کە یەکێک لە وڵاتانی نموونەی پاراستنی مافی مرڤە داوا دەکەین، کە بە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لەو هەمووە ئیعدامە و بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ کۆماری ئیسلامی لەپێناو راگرتنی ئەو رەوتە، هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ و لەپێناوی پاراستنی مافی مرۆڤ و دژ بە جینایەت و کوشتار هەنگاو هەڵبگرن بەتایبەت کە هەر ئێستا مەترسی لەسەر گیانی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانیس سیاسی بەتایبەت مافخوازانی کورد لەئارا دایە.

بە بڕوای ئێمە:
• سزای ئێعدام، سزایەکی دژی رەوشتی مرۆڤایەتیە و هیچ مرۆڤێک و کۆمەڵگایەک نابێ مافی ئەوەی پێبدرێت ژیان لە مرۆڤێکی دیکە بستێنێت.
• سزای ئێعدام، کوشتنی بە ئانقەستە و دەبێتە هۆی گەندەلی کۆمەڵایەتی
• سزای ئێعدام، بەرزترین جۆری توندوتیژی سیستماتیکە دژی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی بەرەو لەناو بردن دەبات.
• سزای ئێعدام، سزایەکی بێ بەزەیانەیە، چونکە بنەماڵەی مرۆڤی مەحکووم کراو بە ئێعدام بە بێ ئەوەی تاوانێکی کردبێت، سزا دەدرێت
• سزای ئێعدام "جینایەت"ێکی کۆمەڵایەتیە کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەرنامەی بۆ رێژراوە.

رێکخراوە سیاسی ومەدەنیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە فینلاند
هێلسینکی 09.11.2013

Share