Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان British Council و ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان فیستڤاڵێك ده‌رباره‌ى بواره‌ جیاجیاكانی ئه‌ده‌ب و كلتووری ئافره‌تان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامده‌درێت

1 3ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8/12/2013 به‌ڕێزان فلۆرین گۆرگیس و نازدار عارف ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان، پێشوازیان له‌ شاندێكی British Council كرد، به‌سه‌رپه‌رشتی جیم سكارت به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی رۆشنبیریی به‌ریتانی له‌ عێراق و شــاندێكی یاوه‌ری كه‌ له‌ ئه‌ندامانی ئۆفیسه‌كانی به‌غداو له‌نده‌ن و هه‌ولێــــــری ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ پێكهاتبوون.
له‌دیدارێكی هاوبه‌شدا شاندی British Council داوای هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمانیان كرد له‌ ئه‌نجامدانی فیستڤاڵێكی تایبه‌ت به‌ ئه‌ده‌بی ژنان، كه‌ بواره‌كانی هۆزان و په‌خشان و چیرۆك و وه‌رگێران و ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی تری په‌یوه‌ست به‌ خانمان له‌خۆده‌گرێت و مانگی نیسانی داهاتوو له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
جیم سكارت هاوكاری و هه‌مــــاهه‌نگی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمانی به‌پێویســـــتزانی بۆ سه‌رخستنی ئه‌م فیستڤاڵه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بواری وێژه‌یی ژنانی كوردستان و بابه‌ته‌كانیش به‌ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و توركمانی و سریانی پێشكه‌ش ده‌كرێن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ خاتوو فلۆرین گۆرگیس ته‌واوی پاڵپشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمانی بـــــۆ British Council دووپاتكرده‌وه‌، به‌گوێره‌ى توانا ڕه‌خساوه‌كانی ئه‌نجومه‌ن بۆ سه‌رخستنی ئه‌م فیستڤاڵه‌ ئه‌ده‌بیه‌ گرنگه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئافره‌تانی كوردستان و به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌ده‌ب و وێژه‌ى ژنانی كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.
شایانی باسه‌ ئه‌نجومه‌نی رۆشنبیریی به‌ریتانی، كه‌ له‌ ساڵی 1934 له‌ به‌ریتانیا دامه‌زراوه‌، بریتییه‌ له‌ رێكخراوێكی خێرخوازیی نێوده‌وڵه‌تی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆی ناحكومی بۆ په‌یوه‌ندی كلتووری و ره‌خساندنی هه‌لی فێركردن كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا و باڵوێزخانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ پاڵپشتی ده‌كرێت، ئێستا 129 سه‌نته‌ری په‌روه‌رده‌و فێركردنی له‌ 110 وڵاتی جیهانیدا هه‌یه‌، ساڵانه‌ چه‌ندین چالاكی رۆشنبیریی و هونه‌ری و په‌روه‌رده‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌دات، فیستڤاڵی ئه‌مساڵیش تایبه‌ت ده‌بێت به‌ بواره‌ جیاجیاكانی ئه‌ده‌ب و كلتوری ژنان.

Share