Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
دۆسیەی کاوە گەرمیانی گەیەنرایە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی دانمارک

logo-chakڕێکەوتی17.12.2013 شاندێکی ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید-چاک، کە پێکهاتبوون لە نەوزاد ئالانی بەرپرسی کۆمیتەی دانمارک و گۆران هەڵەبجەیی جێگری بەرپرس و ڕۆژنامەنووس ، لە بارەگای ڕۆژنامەی پۆلەتیکن لە کۆبنهاگن،چاویان کەوت بە [ئاناس یەریکۆ]سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی دانمارک و سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی پۆلەتیکن.
لەو دانیشتنەدا شاندەکەی چاک باسی ڕەوشی خراپی میدیاکاران وکاری ڕۆژنامەگەریان لە کوردستان بۆ [ئاناس] کرد. ئاماژەیان بە کۆمەڵێک کاری نادرووست و ناشاراستانی کرد کە لە ئاستەنگی و سوکایەتی وهەڕەشە و لێدان و پێنەدانی زانیاریدا خۆی دەبینێتەوە ،کە ئەمانە هەمووی لەژێر سایەی دەسەڵاتی کوردیدا ڕوودەدەن.
باسی ئەوەشیان بۆ [ئاناس] کرد کە ڕەوشی میدیاکاران تا بێت خراپترو مەترسیدارتر دەبێت بەوەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕۆژنامەنووس تەرۆر کراون کە دوا کەسیان کاوە گەرمیانی بوو.
لە کۆتایدا داوی لێکرا کە بە ناوی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی دانمارکەوە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێم و هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە بکات بۆ گەیاندنی نارەزایی سەندیکاکەیان لەو دۆخەی کە میدیاکارانی کوردیی تیدایە . لە کۆتایدا [ئاناس] چەند پرسیارێکی ئاراستەی شاندەکە کرد ، لەوانە هەڵوێستی دادگاکانی کوردستان لە دۆزینەوە و سزادانی بکوژەکاندا؟ وەڵامی شاندەکە ئەوبوو ،کە بەداخەوە تا ئێستا کەس لەسەر کوشتن یا هەڕەشە یا سوکایەتی بە ڕۆژنامەنووسان سزانەدراوە ، چونکە دادگاکانی کوردستان سەربەخۆنین ولەلایەن هەردوو حیزبەوە کۆنترۆڵ کراون.
شاندەکە یاداشتێکی تیروتەسەلی بە زمانی دانمارکی و ئینگلیزی ،بە وێنە و ناو بەروارەوە پێشکەش بە [ئاناس] کرد ،کە ڕووداوەکانی هەرەشەو لێدان و سوکایەتی و ترۆری ڕۆژنامەنووسانی لە خۆ گرتبوو. بۆ ئاسانکردنی پەیوەندی ،یاداشتەکە ئەمیل و ژمارە تەلەفۆنی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتی هەردوو حێزبەکەی لەگەڵدا هاوپیچ کرابوو .
[ئاناس] نیگەرانی خۆی لە ڕەوشی سەختی کاری میدیاکارانی کورد نیشاندا ،بەتایبەتی مەسەلەی تەرۆرکردنی رۆژنامەنووسان ، وە بەڵینی دا کە بە زووترین کات بە ناوی سەندیکاکەیانەوە پەیوەندی بە هەرسێ لایەنی پەیوەندیدارەوە لە کوردستان بکات و نیگەرانی خۆیانی پێ بگەیەنێت.
هەر خودی خۆی پێشنیاری کرد کە هەمان یاداشت بنێرین بۆ گۆڤاری سەندیکا کە گۆڤارێکی بەربڵاوەو دەگات بە هەموو میدیاکارانی دانمارکی .
شاندەکە پێشنیارەکەی بەچاک زانی و گفتی دا کە بەزووترین کات ئەو کارە ئەنجام بدەن.
دانیشتنەکە پتر لە کاتژمێرێکی خیاند و بەڵێنی دا لە ئاکامی پەیوەندیەکانی ساندەکە ئاگادار بکاتەوە.
ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید-چاک
کۆمیتەی دانمارک

Share