Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
په‌یامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى ئافره‌تان

8 Marchئافره‌تـانی خۆڕاگری كوردستــان ..
ئازادیخواز و مرۆڤدۆستانـى گه‌له‌كه‌مان و گشت جیـهان ..
له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ى هه‌شتی مارسدا، به‌گه‌رمی پیرۆزباییتان لێده‌كه‌ین، هیوادارین جارێكی دی په‌یمانی هاوكاری و هاوخه‌می نوێبكه‌ینه‌وه‌ بۆ سووربوون له‌سه‌ر خه‌بات له‌ پێناوی هێنانه‌دی یه‌كسانی له‌ ماف و پێگه‌ى ژن و پیاو و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئافره‌تانی كوردستان له‌ پێشوازی هه‌شتی مارسدا، ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ى سه‌خت ده‌بنه‌وه‌.. له‌لایه‌ك مه‌سه‌له‌ی بڕینی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و دواكه‌وتنی دابینكردنی، ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌كاته‌ سه‌ر ژن و منداڵ له‌ گشت ڕووێكه‌وه‌ و ده‌بێته‌ مایه‌ى دڵه‌ڕاوكێ و نائارامی خێزان.
وه‌رگرتنی مووچه‌ مافی فه‌رمانبه‌ره‌ به‌رامبه‌ر كاره‌كه‌ى و چاوگه‌ى دابینكردنی بژێویه‌كانی خۆی و خێزانیه‌تی بۆیه‌ ناكرێت به‌هیچ جۆرێك تێكه‌ڵ به‌ ڕاوبۆچوون و گرفته‌ سیاسیه‌كان بكرێت و، داواكارین له‌گشت مرۆڤدۆستانی دنیا كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ســــــته‌مه‌ بێنه‌ ده‌نگ و داوا له‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق بكه‌ن، ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ دوور له‌ گرفته‌ سیاسیه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و ده‌ستبه‌جێ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت و له‌ داهاتووشدا دوای نه‌خات، وه‌ك گشت فه‌رمانبه‌رانی تری عێراق مافه‌ ڕه‌واكانیان پێشێل نه‌كرێت، ئه‌مه‌ش به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی فه‌رمی و ئه‌خلاقی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانی.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ توندوتیژی به‌رۆكی ژنان به‌رنادات و له‌ دواڕۆژه‌كانی ساڵی رابردوو و له‌م نۆ هه‌فته‌یه‌ی ساڵی نوێدا له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان، توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان به‌ شێوازێكی دڕندانه‌ زه‌قبۆته‌وه‌و پۆلێك ئافره‌ت بوونه‌ته‌ قوربانی ئه‌و دیارده‌ نامرۆڤانه‌یه‌.
له‌ بۆنه‌ی هه‌شتی مارسدا ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان رووده‌كاته‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و میدیاكاران و گشت مرۆڤـدۆستان و هه‌روه‌ها دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی جددی بكه‌ین له‌ ئاست ئه‌م دیارده‌یه‌ و ئاسه‌واره‌ سه‌خته‌كانی له‌سه‌ر ئارامی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌دا.
ده‌با هه‌موومان پێكه‌وه‌ پلانی توكمه‌ دابڕێژین له‌ پێناو جێبه‌جێكردنی یاساكان و ڕێگه‌گرتن له‌ ده‌ربازبوونی تاوانبارانی توندوتیژی دژی ژنان و كاراكردنی ستراتیژ و سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان و له‌ پێناو به‌ره‌وپێشچوونی بارودۆخی ژنان و كاراكردنی رۆلیان له‌ پرۆسه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا شه‌ریكی باوه‌ڕپێكراو و، رێز گرتن له‌ به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان و پرنسیپه‌كانی مافی مرۆڤ و مه‌ده‌نیه‌ت و دیموكراسى ودادپه‌روه‌ریى كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
ئه‌ركى گشت تاكێكى هۆشیار و دامه‌زراوه‌ فه‌رمى و ناحكومیه‌كانه‌، كاربكه‌ن له‌پێناو به‌رز ڕاگرتنى كه‌ڕامه‌ت و مافه‌كانى مرۆڤ، به‌ ژن و پیاوه‌وه‌ بێ جیاوازى.. بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ئارامى و ئاسوده‌یى و به‌خته‌وه‌رى و خۆشه‌ویستى له‌ناو خێزان و كۆمه‌ڵگه‌دا..
شكۆداربێ هه‌شتى مارس رۆژى هاوكارى نێوان گشت ژنان له‌ خه‌باتیان بۆ وه‌دیهێنانى مافه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانیاندا.


حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان
هه‌ولێر – 8ی مارس 2014

Share