Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان چاودێری خه‌رجی لیسته‌كان ناكات

كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق هه‌نگاوێكی باشی نا به‌ره‌و دادپه‌روه‌ری هه‌ڵبژاردن به‌وه‌ی سه‌قفی لانی زۆری خه‌رجی بۆ هه‌ر ده‌نگده‌رێك دیاریكردووه‌ به‌ 250 فلس بۆ لیست و كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردن(( واتا بۆ شاری هه‌ولێر لانی زۆری خه‌رجی بۆ هه‌ر لیست و قه‌واره‌یه‌ك 263,149,000 دیناری عێراقی و بۆ شاری سلێمانی 288 ملیۆن دیناری عێراقی و بۆ شاری دهۆك 160,359,000 دیناری عێراقی ))یه‌ , له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی دوو هه‌ڵبژاردن له‌ یه‌ك كات ئه‌نجام ده‌درێت ئه‌وا ئه‌و ژماره‌یه‌ ده‌كرێت به‌ دووجار, ئه‌گه‌ر بڕی پاره‌ی دیاریكراو بۆ خه‌رجییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هاوتای خه‌رجییه‌كان بێت بۆ په‌رله‌مان, ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه‌ به‌ره‌و دادپه‌روه‌ری هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق , به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای ناخۆشییه‌ ئه‌وه‌یه‌ پێی ناچێت كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان چاودێری وردی خه‌رجی لیسته‌كان بكات, كه‌ هه‌ندێك كاندید له‌ ده‌ره‌وه‌ی لیسته‌كان پاره‌ی زیاتر له‌ سه‌قفی خه‌رجی لیسته‌كانیان كه‌ دیاریكراوه‌ بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌ ته‌نها خه‌رج ده‌كات و هه‌ندێك لیستی تریش له‌و بڕه‌ی دیاریكراوه‌ زۆر زیاتر خه‌رجه‌ كه‌ن, ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ هێشتا نزیك 10 رۆژ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ماوه‌, وێڕای خه‌رجی چاودێره‌ حیزبییه‌كانی سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان كه‌ به‌ دوای خه‌رجییه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دێن.
داواكارین له‌ كۆمسیۆن شه‌فافانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ خه‌رجی لیسته‌كان بكات و چاودێری وردی خه‌رجی كاندیدو لیسته‌كان بكات و بۆ راگه‌یاندنه‌كانی بڵاو بكاته‌وه‌, رێگا نه‌دات له‌ ده‌ره‌وه‌ی لیسته‌كان كاندیده‌كان پاره‌ بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن خه‌رج بكه‌ن و لیسته‌كانیش پابه‌ند بكرێن به‌ سه‌قفی لانی زۆری خه‌رجكردن به‌ شێوه‌ی شه‌فافانه‌.

هه‌ڵمه‌تی دادپه‌روه‌ری
19ی نیسان


به‌یاننامه‌ی پێشوترمان

دیاریكردنی لایه‌نی زۆری خه‌رجكردنی لیست و كاندیده‌كان هه‌نگاوێكی باشه‌, چاوه‌ڕوانی زیاترین

به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفێسی هه‌ولێری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق رایگه‌یاند (( هه‌ر لایه‌نێك زیاتر له‌و بڕه‌ی‌ كه‌له‌ ڕێنمایه‌كانی‌ كۆمسیۆندا دانراوه‌ سه‌رف بكات بۆ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، دوای‌ وردبینی‌ بێبه‌ش ده‌كرێت له‌ ده‌نگدان له‌و بازنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ سه‌رپێچیه‌كه‌ی‌ تێدا كردووه‌ ))((ئه‌و سه‌قفه‌ به‌ جۆرێكه‌ بۆ هه‌ر ده‌نگده‌رێك بڕی‌ 250 دیناری‌ عێراقی‌ سه‌رف بكرێت...... بۆ چاودێری‌ كردنی‌ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ حزبه‌كان noimageئه‌كاونتێك له‌ یه‌كێك له‌ بانكه‌ حكومه‌یه‌كان بكه‌نه‌وه‌و ناونیشانه‌كانیان بده‌نه‌ كۆمسیۆن و هه‌ر لایه‌نێك زیاتر له‌و بڕه‌ی‌ كه‌ دانراوه‌ سه‌رف بكات دوای‌ وردبینی‌ بێبه‌ش ده‌كرێت له‌ ده‌نگدان له‌و بازنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ سه‌رپێچیه‌كه‌ی‌ تێدا كردووه‌. ))
ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ هه‌نگاوێكی پۆزه‌تیفه‌ به‌ره‌و راستكردنه‌وه‌ی كه‌موكڕییه‌كان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و رێگایه‌كه‌ به‌ره‌و دادپه‌روه‌ری هه‌ڵبژاردن, لێ چاوه‌ڕوانی په‌سه‌ند كردنی ئه‌م خواستانه‌ی خواره‌وه‌شین بۆ ئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌بێت:
1- وه‌رگرتنی پاره‌ی پێشه‌كی بۆ تۆماركردن له‌ كاندیدی سه‌ربه‌خۆو لیسته‌كان نه‌مێنێت.
2- سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكی سیاسی خه‌رجی ده‌كات دیاریبكرێت .
3- لانی زۆری به‌خشش( كۆمپانیا,كه‌س) دیاربكرێت كه‌ زیاتر نه‌بێت له‌ یه‌ك ملیۆن دینار و بڵاو بكرێته‌وه‌.
4- به‌خششی وڵاتان و رێكخراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ یاساغ بكرێت .
5- بڕی سه‌قفی خه‌رجكردنی دیاریكراو هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كوردستانیش بگرێته‌وه‌و به‌ وردی چاودێری خه‌رجی لایه‌ن و كه‌سه‌كان بكرێت.
6- ئامێر و داموده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كار نه‌هێنرێت.
7- ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆ سه‌قفی خه‌رجیه‌كان دیاریكراوه‌, كرێی چاودێركه‌رانی سندوقه‌كان و خه‌رجیه‌كانیانیشیان بگرێته‌وه‌.
8- ده‌نگ كڕین و پاره‌و شمه‌ك به‌خشینه‌وه‌یه‌ك یاساغ بكرێت .
9- ئه‌و لیژنه‌یه‌ی چاودێری خه‌رجكردنه‌كه‌ ده‌كات, نوێنه‌ری سه‌رجه‌م لیسته‌كان و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی تێدا بێت و جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی ئیلزامی بێت بۆ هه‌موو لایه‌ك, به‌شێوه‌یه‌ك لایه‌نی سزادراو كاردانه‌وه‌ی نێگه‌تیفی نه‌بێت , ده‌نا له‌ خولی دواتریش بێبه‌ش بكرێت له‌ هه‌ڵبژاردن.
هه‌موو ئه‌م خاڵانه‌ش كه‌ ئاماژه‌مان پێیان كرد له‌كاتی پێشێل كردنیان هه‌مان سزای بۆ دیاربكرێت, كه‌ بێبه‌ش كردنه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن.

به‌ هیوای هه‌ڵبژاردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌


هه‌ڵمه‌تی دادپه‌روه‌ری
29-3-2014

http://radionawa.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=10008&Jor=1

Share