Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
کەنەدا لە بواری ئەکتیڤکردنی رێکخراو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکات دلێر ئیبراهیم

-2پەخشان زەنگنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، بەئامادەبوونی فلۆرین گۆرگیس بەڕێوەبەرى گشتی لە ئەنجومەن و دلێر ئیبراهیم بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان، پێشوازی لە جۆرج مەنسوور سەرۆکی کۆمەڵەى عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کەنەدا کرد.
لەکۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا جۆرج مەنسوور پوختەیەک لە فەلسەفەو میکانیزم و گرنگترین کاروچالاکییەکانی کۆمەڵەکەى خستەڕوو، کە لەماوەى کارکردنیدا لەوەتەی دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1994، بۆ بەرزڕاگرتنی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ و نەهێشتنی هەموو جۆرە پێشێلکاریەک کاری کردەوە، بەتایبەتی لەنێو ئاوارەکان و پەنابەرانی عێراقی لە کەنەدا و وڵاتانی تری جیهان، هەروەها هەوڵی نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی داوە لە دژی ژنان.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، ئەم سەردانە زیاتر بۆ هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی کەنەداو هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەمەبەستی زیاتر ئەکتیڤکردنی ئەو دامەزراوە عێراقیانەو بەشداری کردنیان لە خولی راهێنان و بەرزکردنەوەی تواناکانیان لە خول و کۆنفرانسی تایبەت لە وڵاتی کەنەداو ئاشنابوون بە رەوشی ژنان و گواستنەوەى واقیعی ئەمڕۆی مافی مرۆڤ بۆ رێکخراوو دەزگا پەیوەندیدارە کەنەدییەکان.
خاتوو پەخشان زەنگنە پاڵپشتی خۆی بۆ کاروچالاکییەکانی کۆمەڵەى مافی مرۆڤی کەنەدی دووپاتکردەوە، هاوکاری کۆمەڵەکەشى بەپێویستزانی لە بوارەکانی شیکردنەوەی داتاو زانیارییەکانی پەیوەست بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و راهێنانی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و کارکردنی زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژی لە دژی ئافرەتان لە رێگەى میکانیزمی گونجاوەوە.
جۆرج مەنسوور روونی کردەوە کە ئێستا کۆمەڵەکەیان کار بۆ بەهێزکردنی دەزگا و رێکخراوەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ دەکات لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق، لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتووش کۆنگرەیەکی بەرفراوانی تایبەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق و ناوچەکە، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، نوێنەرانی رێکخراوەکان و چالاکوانان لە هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری عێراق بەشداری تێدا دەکەن.

Share