Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
پەیوەندی هەمەلایەنەى نێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمی ڤینیتۆی ئیتاڵی پەرەی پێدەدرێت دلێر ئیبراهیم

IMG 0930خاتوو پەخشان زەنگنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بەئامادەبوونی فلۆرین گۆرگیس بەڕێوەبەرى گشتی لە ئەنجومەن، پێشوازی لە شاندێکی هەرێمی ڤینیتۆی ئیتاڵی کرد کە پێکهاتبوو لە خاتوو رۆسانا سپالەر و رێنزۆ پێرن کە پسپۆرن لە بواری ژینگەو کشتوکاڵ.
لەسەرەتای دیدارەکەدا خاتوو رۆسانا دەستخۆشی لە کارو چالاکییەکانی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان کرد و گوتی: وەکو ئاگادارین ئەنجومەنی خانمان لە ئاستی جیاواز کاری جددی بۆ بەهێزکردنی رۆل و پێگەی ژنان کردووەو خەباتی ژنانی کوردستان لە هەموو رووێکەوە بەرزدەنرخێنین.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد کە پرۆژەیەکی هەمەلایەنەیان بەدەستەوەیەو، نیازیان وایە بەهاوکاری ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و، بەهەماهەنگی لایەنە پەیوندیدارەکانی تر لە بەرژوەندی ژنانی ناوچە لادێنشینەکان، لە بواری کشتوکاڵ و ژینگە و روواندنی گوڵ و گوڵزارو بایەخدان بە باخچەو کاروباری کشتیاری و راهێنانیان لەسەر ئەم کارانە، جێبەجێ بکرێت.
ناوبراو وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵ و کۆششەکانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، گوتی پێویستمان بە پشتگیریی و هاوکاری ئەنجومەنی خانمان هەیە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە کە لە رووی ئابوورییەوە خزمەت بە ژنە لادێنشینەکان دەکات و رۆلی دەبێت لە بوژاندنەوەى ئابووری هەرێمی کوردستان بەگشتی.
لەلایەن خۆیەوە خاتوو پەخشان زەنگنە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیەی بەگرنگ و پێویستزانی بۆ ژنانی ناوچە لادێنشین و کشتوکاڵییەکان بۆ راهێنانیان بەشێوەیەکی زانستیانە لەسەر ئەنجامدانی کاری کشتیاری بەشێوەیەکی هونەری و تەکنیکی.
بڕیاریش وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی باڵای هەرێمەکە بە یاوەری چەند گەورە بەرپرسێکی باڵای ئیتاڵیا و هەرێمی ڤینیتۆ، سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە سەرجەم بوارە جیاجیاکاندا کەناڵی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان هەردوولا بکەنەوەو مەسەلەى گەشەپێدانى ئابووری ئافرەتانیش یەکێک لە تەوەرە گرنگەکان دەبێت.

Share