Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
به‌رده‌وامبوونی هاوكارییه‌كانی كه‌نه‌دا بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان .. دلێر ئیبراهیم - هه‌ولێر

IMG 20141101 120415-2000له‌میانی سه‌ردانی خۆیدا بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ره‌وشی ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان و كۆكردنه‌وى پاڵپشتی و هاوكاری زیاتری حكومه‌ت و ده‌زگاو لایه‌نه‌ ناحكومییه‌كانی كه‌نه‌دا، جۆرج مه‌نسوور سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ى مافی مرۆڤی عێراقی له‌ كه‌نه‌دا به‌یاوه‌ری عه‌بدولڵا ئه‌ترووشی سه‌رۆكی رێكخراوی هاوژیانی ئاشتیانه‌ و دلێر ئیبراهیم نوێنه‌رى كۆمه‌ڵه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی پارێزگای دهۆكی كردو له‌گه‌ڵ دكتۆر نوری عوسمان سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون له‌ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسی نووسینگه‌ى سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ دۆسیه‌ى كاروباری ئاواره‌و په‌نابه‌ران، كۆبووه‌وه‌.
سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون له‌ حكومه‌تی هه‌رێم، ده‌ستخۆشی له‌ كاروچالاكییه‌كانی جۆرج مه‌نسوور كرد بۆ وه‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی وڵاتی كه‌نه‌دا له‌ جه‌نگی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و هاوكاریكردنی ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، هه‌رێمی كوردستان هاوكاری كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تی پێویسته‌ بۆ بایه‌خدانی زیاتر به‌ ئاواره‌كان، چونكه‌ ژماره‌ى ئاواره‌كان له‌ یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕیووه‌و ژماره‌كه‌ له‌ هه‌ڵكشان دایه‌، دابینكردنی شوێنی نیشته‌جێبوون و په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی و خواردن بۆ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ كارێكی قوورسه‌و له‌ توانا دارایی و لۆجستیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم دانیه‌، به‌تایبه‌تیش ئێستا له‌ وه‌رزی زستاندا پێدوایستی ئاواره‌و په‌نابه‌ران زیاتر بووه‌.
دكتۆر نوری عوسمان هاوكاری كه‌نه‌دای به‌ پێویستزانی بۆ كاركردن له‌سه‌ر دۆسیه‌كانی په‌نابه‌ران و چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵ و كۆششه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ رزگاركردنی كچان و ژنانی ئێزیدی له‌ژێر ده‌ستی تیرۆریستانی داعش و، كردنه‌وى سه‌نته‌رى شیاندن بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و رزگاریان ده‌بێت له‌ ده‌ستی تیرۆریستان.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ جۆرج مه‌نسوور ده‌ستخۆشی له‌ دكتۆر نوری و ستافه‌كه‌ى كردو هه‌ڵوێستی مرۆڤانه‌ى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌رزنرخاند، كه‌ زۆر زیاتر له‌ تواناكانی خۆی پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كان كردووه‌و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ گرنگترین پێداویستییه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی ئاواره‌كان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی كه‌نه‌دا ده‌كات و داوای زیاتركردنی هاوكارییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان.

Share