Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
راگەیاندراوێک سەبارەت بە شێوازی پێکهێنانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و راپرسی

راگەیاندراوێک سەبارەت بە شێوازی پێکهێنانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و راپرسی

دوێنێ، ٣-١٢-٢٠١٤ پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا دەنگی بەو پاڵێوراوانەدا کە لیژنەی کاتی پەرلەمان بۆ ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان دا، پێشنیاری کردبوو. ئێمە لە حزبی رزگاریی کوردستاندا لە کاتێکدا هەبوونی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ هەرێمی کوردستان بە گرنگ و پێویست دەزانین، بەڵام بەحزبی کردنی ئەو کۆمسیۆنە بە ناڕەوا دەزانین و پێموانوایە زیان بە بەرژەوەندیەکانی گشتی خەڵکی کوردستان دەگەیەنێ.
لای هەمووان ئاشکرایە کە زۆرینەی رەهای ئەوانەی ئێستا ئەندام پەرلەمانن لە بانگەشەکانی پێشووتریاندا جەختیان لە سەروەری پەرلەمان دەکردەوەو بەڵێنیان دەدا کە ئەگەر بگەنە پەرلەمان ئازادو سەربەخۆیانە بڕیار دەدەن و رێ نادەن حزب کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی پەرلەمان دابنێ، بەڵام شێوازی پێكهێنانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی خەڵکی کوردستان بوو، هەروەها پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەبوو کە پێشتر ئەندام پەرلەمانەکان بە خەڵکیان دابوو، بەو هەنگاوەشیان پێبەندبوونی خۆیان بۆ خواستی حزبەکانیان تۆختر کردەوە. بەوهۆیەشەوە پڕۆسەی بەدامەزراوەکردنیان لەکەدار کرد. لەئاکامیشدا ئاشكرا بوو کە پێنج حیزبە دەسەڵاتدارەكە دەیانەوێ هەموو جومگەکانی دەوڵەت بۆ خۆیان قۆرخ بکەن و گوێ بە داخوازی و نیگەرانیەکانی رای گشتی نەدەن.
ئێمە لەحزبی رزگاریی کوردستاندا پێمانوایە کەپێكهێنانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بەم شێوەیە هەژموونی حزبایەتی بەسەر دەنگداندا دەسەپێنێ و رێ بۆ ساختەکاری زیاتر ئاوەڵا دەکات، هەروەها شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات لە دوو حزبیەوە بۆ پێنج حیزبی تاودەدات، بەوهۆیەشەوە زیانێکی گەورە بە دۆزی رەوای نیشتمان و پرۆسەی دیموکراسی دەگات و تەنگژەو قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە، بەوهۆیەوە داوا دەکەن کە ئەندامی حزبەکان لەو کۆمیسیۆنە دوور بخرێنەوە.


مەکتەبی سیاسی
حزبی رزگاریی کوردستان
٤-١٢-٢٠١٤

Share