Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
به‌یاننامه‌ی کۆتایی کۆنگره‌ی پێنجه‌می چاودێری کوردۆساید- چاک

رۆژانی شه‌ممه‌ و یه‌کشه‌ممه‌‌ی رابردوو واته‌ ٢٤ و ٢٥ ی کانونی دووه‌م کۆنگره‌ی پێنجه‌می چاودێری کوردۆساید - چاک له‌ شاری لوڤن له‌ ولاتی به‌لجیکا ئه‌نجامدرا، کۆنگره‌که‌ به‌ ناوی (شه‌نگال و کوبانی) وه‌ له‌ ژێر دروشمی (با هه‌موو تواناکانمان له‌پێناو دوباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی تاوانی جینۆساید یه‌کخه‌ین) رێکخرا بوو.

شایه‌نی باسه‌ کۆنگره‌ به‌ ئاماده‌یی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ میوانان له‌ که‌سایه‌تی ئه‌کادیمی و سیاسی و ئه‌ده‌بی وه‌ به‌ به‌شداری چل ودوو ئه‌ندام له‌ نوێنه‌رانی زۆربه‌ی زۆری ئۆرگانه‌کانی رێکخراوه‌که‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا هه‌روه‌ها وه‌ چه‌ند ئه‌ندامێکی باشور و باکوری کوردستان وه‌ هه‌ندێک له‌ هاورێ ودامه‌زرێنه‌رانی چاک، سه‌ره‌ڕای ئاماده‌‌یی چه‌ند که‌ناڵێکی راگه‌یاندن، ساز کرا.

رۆژی یه‌که‌می کۆنگره‌ دانیشتنی یه‌که‌‌م بۆ به‌خێرهاتن و وتاری کردنه‌وه‌ و وته‌ی میوانه‌کان ته‌رخان کرابوو. دواتر ڕاپۆرتی گشتی کۆنگره‌ راپۆرته‌کانی به‌رپرسی به‌شه‌کان، و به‌رپرسی کۆمیته‌کان خوێندرانه‌وه‌. پاشان ده‌رگای گفتوگۆ و ره‌خنه‌ کرایه‌وه‌ و زۆربه‌ی به‌شداربووان به‌شدارییان تێداکرد.

به‌رنامه‌ی رۆژی دووه‌می کۆنگره‌ بریتی بوو له‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌ و خاڵانه‌ی پێشنیازکرابوون بۆ گۆڕانکاری له‌ هه‌ر یه‌ک له‌ به‌رنامه‌ و په‌‌یره‌وی ناوخۆی رێکخراوه‌که‌دا. دانیشتنه‌کان له که‌شێکی هاورێیانه‌ دا به‌ گیانێکی هه‌ست به‌ لێپرسراوێتی وبه‌ گفتوگۆی گه‌رمی نێوان به‌شداربووان به‌رێوه‌ده‌چوون.

له‌ میانه‌ی گفتوگۆکاندا به‌ زۆرینه‌‌ی ده‌نگ هه‌‌ندێک گۆڕانکاری له‌ به‌رنامه‌، هه‌روه‌ها په‌یکه‌ره‌ی رێکخراوه‌یی چه‌ند ئۆرگانێکدا کران دواتر به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌یه‌کی نوێ بۆ به‌رێوبردنی رێکخراوه‌که‌ ده‌رگای خۆپاڵاوتن کرایه‌وه‌ حه‌وت هاورێ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بۆ ده‌سته‌ی ناوبراو، جگه‌ له‌ دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ ده‌ستنیشانکران، ئه‌وه‌بوو به‌پێی په‌یره‌وی رێکخراویش له‌ دانیشتنێکی دواتردا حه‌مه‌عه‌لی به‌ سه‌رپه‌رشتیاری ده‌سته‌‌ی کارگێر و هه‌ریه‌ک له‌ ئارێز داراپور وه‌ د.ناجح گوڵپی وه‌ک جێگرانی سه‌رپه‌‌رشتیار هه‌ڵبژێردران. سه‌ره‌رای ئه‌مه‌ سه‌رکه‌وت فه‌تاح، کاردۆ سه‌‌رباز، شلێر نه‌‌جم، ئارێز ئه‌نده‌ریاری له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌‌ی کارگێر وه‌ک به‌رپرسی به‌شه‌کان دیاریکران، جگه‌ له‌ (فه‌رمان خێڵانی وه‌ حه‌سیب پشده‌ری) که‌ وه‌ک ئه‌ندامی یه‌ده‌کی ده‌سته‌ی کارگێر ده‌مێننه‌وه‌. هه‌روه‌ها وه‌ک لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ و چاودێرییش هه‌ریه‌‌ک له‌ (دکتۆر شوان، پێشره‌و حه‌مید وه‌ ره‌نجده‌ر گڕاوی) هه‌ڵبژێردران.

شایه‌نی باسه‌ له‌و که‌سایه‌تیانه‌ی له‌ نێو میوانه‌کاندا به‌شداربوون، به‌رێزان: حاکم ئاسۆ سۆفی، سه‌رۆکی پێشووی دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌ به‌غدا، د. عه‌زیز ماملێ پسپۆڕی یاسای نێوده‌وڵه‌تی له‌ فه‌ره‌نسا، ئارام ئه‌حمه‌د وه‌زیری پێشووی شه‌‌‌هیدان و کاروباری ئه‌نفالکراوان، ره‌مزی کارتال ، عه‌لی ئه‌شره‌فی موراد، کاک موحه‌ره‌م سه‌رۆکی پێشوی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد - لقی ئامه‌د، حاجی ئه‌حمه‌دی....هتد، که‌ هه‌ر به‌رێزه‌و به‌ وته‌یه‌ک به‌شداریان له کردنه‌وه‌ی کۆنگره‌دا کرد، تێیدا وێرای پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی کار و چالاکییه‌کانی چاک، هیوای کۆنگره‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوویان بۆ رێکخراوه‌که‌مان خواست.

چه‌‌ندان رێکخراو و دامه‌زراوه‌و حزبیش بروسکه‌ی پیرۆزباییان بۆ کۆنگره‌ نارد، یان راسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن نوێنه‌رانیانه‌وه‌ خوێندرانه‌وه‌ : له‌وانه‌::

- کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد
- که‌جه‌که‌
- حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
- سه‌نته‌ری زاگرۆس بۆ مافه‌کانی مرۆڤی کورد
- ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به ئه‌نفال و جینۆسایدی گه‌لی کورد

ئێواره‌ی رۆژی یه‌کشه‌م ٢٥/١ کۆنگره‌ به‌ سه‌رکه‌وتوانه‌ کۆتایی به‌کاره‌کانی هێنا.


چاودێری کوردۆساید - چاک
٢٦/١/١٠١٥

Share