Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
فاخر کەرکوکى یەکێکە لەوپێشمەرگانەى

فاخر کەرکوکى یەکێکە لەوپێشمەرگانەى لە رێکەوتى 21/12/1976 بۆ تۆڵەکردنەوەى سەرکردە لەسێدارە دراوەکانى کۆمەڵە، شەهیدان (خاڵە شیهاب و جەعفەرو ئەنوەر) لە لێدانى پارێزگارى سلێمانى ئەو سەردەمەى رژێمى بەعس بەشدارى کردووە، ئێستاکەش وەک پێشمەرگەیەک لە مەڵبەندى دووى کەرکوک ئەرکەکانى سەرشانى جێبەجێ دەکات .
پێشمەرگەى دێرین فاخر عەزیز ساڵح ناسراو بە (فاخر کەرکوکى ) لە هاوینى ساڵى 1976 بەخۆى و سێ هاوڕێیەوە لەئێرانەوە دەگەڕێنەوە بۆ کوردستانى عێراق و لە ناوچەى زەروون پەیوەندى بە شۆڕشى نوێى گەلەکەمانەوە دەکەن، کە سالار عەزیز سەرپەرشتى مەفرەزە سەرەتاییەکانى دەکرد لەو ناوچەیە.
ئەم وێنەیە لەڕێکەوتى 30 / 11/ 1977 لەخوا کوڕک لە گوندى گەڵانى گەروى گیراوە کە لە راستەوە شەهید مامۆستا عەزیزە ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى بوو، لەناوەڕاست مستەفا چاوڕەش – فاخر کەرکوکى .
مەفرەزەکەى سیروان تاڵەبانى
فاخر کەرکوکى دەگێڕێتەوەو دەڵێ: یەکەمجار کە شەهید مامۆستا عەزیزم ناسى لە گوندى گەورەدێى دۆڵى جافایەتى بوو، ئەو کاتە ماوەى ساڵێک دەبوو پێشمەرگە بووم و من لە دەستەکەى سالار عەزیز بووم، ماوەیەک بوو بیر لەوە دەکرایەوە کە مەفرەزەیەک پێک بهێنن و ڕەوانەى ناوچەى گەرمیانى بکەن، ئەو مەفرەزەیەش بە پێشنیارى شەهید سیروان تاڵەبانى بوو، پاشان مەفرەزەکەیان پێک هێنا و ئەوانەى لەبیرمابن ئەمانە بوون ( شەهید سیروان تاڵەبانى (مەسئولى مەفرەزەکە) بوو، مام ڕۆستەم، شەهید بێستوون (رابەر سیاسى)، ئەردەڵان کەرکوکى، شەهید چالاک کە دواتر لە هەکارى شەهید بوو، فاخر کەرکوکى، هەژار گۆپتەپەیى، ئەمە لە زستانى ساڵى 1978 بوو، مەفرەزەکە لە (13) پێشمەرگەى سەرەتایى پێک هاتبوو .
یەکەم جەولەى پێشمەرگانە
ئەوى ڕۆژێ، جگە لە هەندێ ناوچەکانى سەر سنوورى عێراق – ئێران پێشمەرگە نەچووبووە ناو کۆمەڵانى خەڵکەوە، ئەرزو ئاسمانێ سوپا زەبەلاحەکەى ڕژێمى بەعس بوو، ئۆردووى دوژمن هەموو پەناو پەردوو چیاو هەڵەت و گوندێکى گرتبۆوە، تەنانەت دۆڵى جافایەتیش پڕ بوو لە سوپاى دوژمن، زۆر ئەستەم بوو بەچەند پێشمەرگەیەکى کەم جەولە بەگوندەکان و ناوچەکانى کوردستان بکەیت، جگە لەوەش ڕژێم گوندەکانى پڕکردبوو لە سیخورو جاسوسەکانى خۆى .
ئێمە لە گوندى گەورەدێ وە بەڕێکەوتین بەرەو سورقاو شان و دابەزین بۆ گوندى عەسکەرو گۆپتەپەو گوندەکانى دەورو بەرى، ڕوومان لەهەر گوندێ دەکرد، خەڵکى بەتامەزرۆییەوە لە پێشمەرگەیان دەڕوانى، خەڵکى بیستبوویان یەکێتى نیشتمانى کوردستان دامەزراوە، بەڵام لە ناوچەکانى خۆیان پێشمەرگەیان نەدیبوو، ئەو مەفرەزەیەى ئێمە شەهید بێستوون عەسکەرى رابەر سیاسى بوو، جەولەکەمان زۆر دوورودرێژ بوو، پتر لە مانگێکى خایاند، لە شەوو ڕَۆژێکدا چەند گوندێکمان دەکرد، دەچووینە هەر گوندێکەوە شەهید سیروان تاڵەبانى خەڵکى گوندى کۆدەکردەوەو باسى یەکێتى و شۆڕش و وەزعى کوردستانى بۆ دەکردن، خەڵکى هاندەدا دژى ڕژێم بوەستن و دەست بەخەبات و بەرگرى و کۆڵنەدان بکەنەوە .
لەو جەوڵەیەماندا تا گوندى داربەسەرەى نزیک کڵاوقوتى ناوشوان ڕۆیشتین، پاشان گەڕاینەوە بەرەو تەکیەى دەربەندو لەوێوە بەرەو ناوچەى هەمەوەندو پەڕینەوە بەرەو سنوورى قەرەداغ .
ئەمە یەکەمین جەولەى پێشمەرگە سەرەتاییەکانى یەکێتى نیشتمانى بوو لەوسنوورانە .
دیدار لەگەڵ سەرکردەکانى شۆرش
هەر لەو سەردەمانە بوو کە من مامۆستا عەزیزم ناسى، پیاوێکى قسە خۆش و خۆش مەشرەب بوو، هەمیشە دەم بە پێکەنین بوو ، زۆر سادەو ساکاربوو لە هەڵسو کەوتیدا، ماوەیەک لە نۆکان و قەرەداغ بەیەکەوە بووین، هەر لەو جەولانە چەند جارێک شەهید ئاراممان لەگەڵ بووەو جارێکیان لە گەورەدێ بووین شەهید ئارام بەمامۆستا عەزیزى وت: حەزدەکەم تۆ کۆبوونەوە بەخەڵکەکە بکەیت و ئەویش ئەرکەکەى بەجێ هێنا .
جارێکیان هەر لەگەورەدێ بووین، شەهید ئارام وتى: با ئەم بەیانیە لەماڵەکان تەوزیع نەبین و خەڵکەکە سخڵەت نەکەین ، نزیکەى (25-30 ) پێشمەرگە دەبووین، بۆ هەر پێشمەرگەیەک دوو هێلکەیان کڕى و لەماڵەکان نان و چامان هێنا .
من لەتەنیشت شەهید ئارامەوە دانیشتبووم، شەهید ئارام دوونانى لەسەریەک داناو هەردوو هێلکەکەى لەسەر فەرش کردو لوولى داو ویستى قەپى لێدا، نانەکە زۆر جیڕ بوو، نەیتوانى بیخوات، ووتى، کاکە فاخیر بەخوا ددانەکانم دیوارەکانى نابڕێ، با دیوارێکى لێکەمەوە، دیوارێکى لێکردەوەو قەپى لێدایەوە، سوودى نەبوو، ووتى: بادیوارێکى ترى لێکەمەوە، ئەمجا کەوتە خواردنى .
هەروەها جارێکیان لە دێى گوڕو بازى ناوچەى قەرەداغ بووین، شەهید ئارام وتارێکى نوسیبوو، وتارەکەى دایە دەستمەوەو ووتى: کاکە فاخیر ها ئەم وتارە بخوێنەوە .
منیش تەماشام کرد، ناونیشانەکەى نوسرابوو (تیرۆر )
منیش ووتم: کاک ئارام تیرۆر یانى چى ؟!
وتى: تیرۆر یانى ئیرهاب
وتم: ئەى ئیرهاب یانى چى ؟!
وتى: بێ قەزابى یانى زوڵم و زۆر .
فاخر کەرکوکى یەکێکە لەو پێشمەرگانەى لە رێکەوتى 21/12/ 1976 لەگەل شەهید سۆران بەشداریکرد لە لێدانى پارێزگارى سلێمانى ئەو سەردەمانەى رژێمى بەعس و ئێستاکەش وەک پێشمەرگەیەک لە مەڵبەندى دووى کەرکوک درێژە بەخەبات دەدات .

Share