Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
پەیامی نەورۆزانەی عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان، بە بۆنەی نەورۆزی ٢٧١٤ی کوردی.

Arif-Newroz-2714 1خەڵکی کۆڵنەدەر و ماندوو نەناس و نیشتیمانپەروەری کوردستان
لاوانی خۆێنگەرم و سەربەخۆ و سەربەستیخوازی کوردستان.

بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆزی کوردەواری و ساڵی نۆیی کوردی واتە ساڵی٢٧١٤. پیرۆزبایی خۆم و گشت هەڤاڵانم لە پارتی سەربەستیی کوردستان، ئاراستەی گشت خەڵکی کوردستان و گشت ئەندامان و هاوبیرانی نەتەوەییم دەکەم.
نەورۆز بەوە ناسراوە کە دیکتاتۆر لە بەیندەدا و سەرماو بەفری زستان دەتوێنێتەوە و جلوبەرگێکی جوانی سروشتی دەکاتە بەر گشت شاخ و بێستانەکانی کوردستان، بۆن و مەرامی گوڵ وگوڵزارەکانی باخ و کۆێستانەکان نیشتیمان بۆنخۆش دەکات.
زۆربەی رۆژە خۆشەکانی مێژوومان لە سەردەمانی نەورۆزدا سەریهەڵداوە و زۆربەی گۆرانکارییە گرنگەکانیش هەمیشە لە نەورۆزدا چاوەروان دەکرێت. وا ئەمساڵیش بە پێشوازی نەورۆزێکی دیکە و بە تێپەرکردنی٢٧١٤ساڵ بەسەر مێژووی ساڵی نۆیی کوردیدا دەرۆین. ئەمەش بۆ ئێمەی کورد مێژوویەکی کەم نییە. بەمەش دەیسەلمێنین کە نەتەوەی ئێمەو مێژووی ئێمە لە پێش مێژووی زۆر لە داگیرکەرانی خاکی کوردستاندایە. لە درێژایی ئەو ٢٧١٤ ساڵە هەوڵی جۆراوجۆر دراوە کە لە هەیبەتی کوردببوون و کوردایەتی کەم کرێتەوە و ئەم نەتەوە لە ریشەوە قڕکرێت، بەڵام بە هۆی خۆراگری بەردەوامی ئەم گەلە کۆڵنەدەرە نەتوانراوە، و بگرە ساڵ بەساڵ مێژوو کەلتوری نیشتیمانەکەمان گەشاوەتەوە.
ماڵئاوایکردن لە هەر ساڵێک و پێشوازیکردن لە هەر ساڵێکی نۆێش بۆ هەر نەتەوە و مرۆڤێک لاپەرەیەکی نۆییە و چاوەروانی نۆی بە شۆێندادێت. بێگومان گەلی کورد و خەڵکی کوردستانیش بە هاتنی بەهار و نەورۆز خۆیان بۆ نۆێکاری و گۆرانکاری و ئاوات وئارەزوە بە دینە هاتوووەکانیان ئامادە دەکەن. ئەو خاڵەی کە تا ئیستا لای هەموو کوردێکی نەتەوەیی وەک ئاوات و ئارەزوویەک ماوەتەوە و نەهاتووەتە دی، ئەویش سەربەخۆیی یەکجاری کوردستانە. کە یادکردنەوەی نەورۆز لە ژێر سایەی کوردستانێکی سەربەخۆدا ماناو مەفهومێکی تایبەتی بەخۆی هەیە. هەربۆیە ڕاستییەکانی مێژوو ئەوەمان پێدەڵێ کە مزگێنی سەربەخۆیی کوردستان هەر لە نەورۆزدا شادمان دەکاتەوە.
ئیستا نەورۆز لە هەر بەشێکی کوردستان بە شێوەیەکی تایبەت و بە پێێ سروشتی سیاسی ناوچەکە پێشوازی لێدەکرێت و دەتوانم بلێم تەنیا لە ڕۆژهەڵات ئاستەنگییەکان بۆ بەردەم نەورۆزی ئەمساڵ لەبەشەکانی دیکە زیاترە. چوون ئیستا لەباشوری ڕزگارکراو، لە باکورو رۆژئاواش نێمچە ئاسانکارییەک لە ئارادایە کە کوردستانیان لە ساڵیادی نەورۆزدا ئاڵای کوردستانیش بەرز دەکەنەوە. بەڵام نەورۆزی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تووندی لە ژێر چاودێری دەزگای ئیتلاعاتی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی ئێراندایە، ئەمەش وادەکات کە تام وچێژی نەورۆز لای لاوانی خۆێنگەرمی کوردستان، بە بێ شەکاندنەوەی ئاڵای پیرۆزی گەل و نیشتیمان وەک پێویست نەبێت.
بۆ ئەوەی کە نەورۆزی رۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک نەورۆزی بەشەکانی دیکەی کوردستان تێكەل بە ئازادی وبەرزکردنەوەی ئاڵای سەروەری کوردستان بکەین. بۆ گەیشتن بەو ئاواتە ڕووی قسەم دەکەمە گشت لایەنە خۆشەویستەکانی کوردستان، و دەڵێم خوشک و برایانی کوردستانی: با لەمرۆژەدا دەنگەکانمان یەکبخەین و تۆوی ئاشتی و تەبایی بکەین بە هەوێنی پێشوازی سەربەرزانە لە ساڵی نۆێدا. با ئێمەی کورد لەم نەورۆزانە پێداچوونەوەیەکی گشتی مێژویی بە خۆماندا بکەین، و تە ماشایەکی دەورو بەری خۆمان بکەین وببینین و وەبیری خۆمان بێنینەوە کە ئێمەی کورد یەکێکین لەو گەورە نەتەوانەی جیهان کە تا ئیستاش بێ وڵات ماوینیتەوە.
هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەرکێکی زۆر قورسە و ماندووبوون و باجی دەوێ، و لە هەمان کاتیشدا ئەرکێکی زۆر نەتەوەیی و ئەخلاقی ومافویستیە بۆ هەر کوردێک کە شەرعیەت بە داگیرکاری خاک و نیشتیمان و سەروەتی وڵاتەکەی بە داگیرکەر نادات. هەستان بەو ئەرکە نەتەوەییە وەک هەموو فەرزەکانی ژیان پێویستە.
کوردستانیانی وڵاتداگیرکراوی خۆشەویست: هیچ مافێک بە ئاسانی بە دەستنەهاتووەو بە دەستنایەت، و هیچ نەتەوەیەکیش بە بێ خۆێندان و ئاوارەی ونەهامەتی، نەیتوانیوە داگیرکەر لە سەر خاکەکەی دەربکات، هەرچەند گەلی کورد لە زۆر نەتەوەی دیکەی جیهان خەبات و قوربانی دانی زۆرتر بووە، بەڵام ویستی سەربەخۆیی نەکراوەتەوە ڕەورەوەی خەباتەکان. بۆ ئەوەی بتوانین وڵاتی خۆمان و مافەکانی خۆمان لە ژێر چنگی داگیرکەر ڕزگار بکەین، پێویستمان بە قوربانی و باجدانە.
با چیدیکە چاورێی خەیر و بەزەیی کەسا نەبین، و مێژوو پێی سەلماندووین کە تەنیا خۆمان دەتوانین هاورێێ ڕاستەقینەی وڵاتەکەمان بین. دونیای بەرژەوەندی نەوت و ئابوری ڕێگرە لە دروستبوونی پشتیوانی ڕاستەقینەی نەتەوەکەمان لە ئاست دونیای دەرەوەدا. کەوابێت با هەموومان سیستەمی خەبات و پەروەردەی خەباتگێران بکەین بە پەروەردەیەکی نەتەوەیی وسەربەخۆخوازی و دەوڵەتخوازی. با هەموومان بانگەشەی خەڵکی کوردستان بکەین، کە برژێنە سەر شەقامەکان بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و دروشمی کوردستانی سەربەخۆمان دەوێ داواکارییەکانمان بەرزکەینەوە. با داوا بکەین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوکاری گەلی کورد بکەن بۆ ڕێفراندۆمێکی سەرتاسەری کوردستانی و ببینن کە ئایا گەلی کورد بە زۆر لکێندراوە بەو وڵاتانە یا بە ویستی خۆیان. با نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی چاودێری جیهانی بەدەنگ بێنین کە چی دیکە لەئاست گەلی کورد ئەوەندە بێدەنگ و کەمتەر خەم نەبن.
بۆ دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکانی جیهان بۆ کێشەیەکی ناوخۆی ئۆکرانیا لە ماوەی حەفتەیەکدا هەموو بە پەلە هەنگاو بنێن، بەڵام بۆ ویستی نەتەوەیەک کە لانیکەم ٥٠٠ ساڵە خاک و نیشتیمانەکەی بە ئاشکرا داگیرکراوە، و بەڵام تا ئیستاش ئامادەی پشتیوانی بۆ پێشاندانی ڕێفراندۆمێک لە کوردستاندا نین.
دیارە ئەمە بێجگە لە لایەنە بەرژەوەندییەکەی ئەو وڵاتانە لە گەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، بەڵام کەمتەرخەمی و یەکنەبوون و چالاک نەبوونی لۆبی کورد لە دەرەوە، هۆکاری سەرەکییە لە بەرز نەبوونەوەی دەنگی گەلی بە دونیای دەرەوە بۆ سەربەخۆیی. هەر کەس و تاک و ڕێکخراوێکیش باسی پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستانی کردبێت یا دەیکات، دەبینین بە داخەوە هەر لە ناوخۆی کوردستانەوە زۆر کۆسپ و تەگەرەی بۆ دروستدەکرێت و پشتیوانی لێناکریت. هەر نموونەی چەندحەفتە پێشی هەڵویستی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کورستان، لە بەرامبەر سیاسەتی فەریکە دیکتاتۆرەکەی بەغدا نوری مالکی، کە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە ئەگەری جیابوونەوەی کورد لە بەغدا کرد. کەچی لە باتی ئەوەی شەقامی کوردی و ڕێکخراوە کوردییەکان لە ئاست جیهاندا پێشوازی لێبکەن، بەڵام مخابن لە هیندێک ڕاگەیاندن و ڕێکخراو و لایەنی سیاسیدا پێچەوانەکەیمان دەبینی. ئەمەیە کە هۆکارە تا ئیستا هێزی سەربەخۆیی وەک پێویست نەیتوانیوە تەکانی خۆی بدات.

من لەم رۆژە پێرۆزەدا پەیامی خۆم ئاراستەی لاوان و وڵاتپارێزەرانی گشت کوردستان دەکەم، بە تایبەت لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کرماشانی پایتەخت، لە ئیلام بوکی زاگرۆز، لە موکریانی مەکۆی کۆماری کوردستان، لە سنەی قارەمان، لە ورمێ سمکۆکان، لە لورستانی فرە کولتور و جوان. کە یارو یاوەری بیری سەربەخۆیی کوردستان بن تا ئاستی ڕزگاری یەکجاریمان لە ژێر چنگی فارسی داگیرکەر لە تارانەوە.
جارێکی دیکە نەورۆز و ساڵی نۆێی کوردی لە هەموو کوردێکی ئەم جیهانە پیرۆز بێت.

براو خزمەتکاری نەتەوەییتان
عارف باوه‌جانی/ سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان.
نەورۆزی ٢٧١٤ی کوردی ٢٠١٤ی زاینی

Share