Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
کارگێڕ مەڵبەند و پێشمەرگەیەکی دێرین و خاوەن مەدالیای یەکێتی، بەئازارەوە ئەتلێتەوەو حزبەکەی بێباکانە لێی دەڕوانیت!!

selah_chiman_toکارگێڕ مەڵبەند و پێشمەرگەیەکی دێرین و خاوەن مەدالیای یەکێتی، بەئازارەوە ئەتلێتەوەو حزبەکەی بێباکانە لێی دەڕوانیت!!

کارگێڕ مەڵبەند و پێشمەرگەیەکی دێرین و برینداری یەکێتی لەناو ئازارەکانی خۆی ئەتلێتەوە، یەکێتی بێ باک سەیری ئازارەکانی ئەکات، ئێستا ئازارەکانی ئەم پیاوە نەک جەستە گەشتووەتە رۆحی بەڵام حزبەکەشی بێباکانە لێی دەڕوانیت.

سەلاح رەحمان ناسراو بە سەڵاحی چیمەنتۆ. وەک خۆی دەڵێت لەساڵی ٨٤ ەوە تاکو ئەمرۆ بێ دابڕان پێشمەرگە بووە، بەشداری دەیان چالاکی کردووە، لەشەڕەکانی دابان و قەندیل بەشدار بووەو دوو جار بیرندار بووە، هەر ئەوکات کە پێشمەرگەی یەکێتی بووە بەرچەکی کیمیاوی کەوتووە، کاریگەری ئەوەش ئێستا توشی نەخۆشییەکی پێستی کردووە، کە خۆی هەست بەوە دەکات ماڵەوەشیان بێزی لێ بکەنەوە، ترسی هەیە کە مناڵەکانیشی توش بکات، ئەو پیاوە لەم دیمانەی نوچەنێت، بە دڵێکی پڕەوە باسی خەباتی خۆی و ئازارەکانی جەستەو رۆحی دەکات، دەشڵێت"لە پێشمەرگایەتیدا رێکخەری کەرت بووم، بومەتە کارگێڕی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی ئەویش بەهەڵبژاردن نەک بەواستە، خۆ ئەگەر تەکەتولات نەبوایە دەبوومە جێگری مەڵبەندیش". ئەو ئازارەکانی ئەوەندە پەشیمانیان پێ بەخشیوە لەخەباتەکەی کە دەڵێت"ئاخ بۆ ئەوە ئەکێشم کە بە تفەنگەکەم فیشەکم بۆ یەکێتی تەقاندووە".

رزگار رەزا چوچانی: ئەگەرچی بیرهێنانەوەی ناخۆشە، ئایا نەخۆشی جەستەی تۆ چییە و لەچییەوە توشی بەڕێزتان بووە؟.

سەڵاح رەحیم: کێشەی جەستەی من لەوەوە دەستی پێکرد ئەوە بوو، لەهەشتاکان ئێمە پێشمەرگە بووین، بەعس چەند ناوچەیەکی کیمیا بارانکرد، ماوەی یەک هەفتە ئێمە لەژێر رەحمەتی کیمیاویدا بوین، من خۆم یەکێک لەو پێشمەرگانەبووم کە تەقەم لەو کۆپتەرانە کردووە کە کیمیاویان ئەدا لەو ناوچانە، لە قەرەداغ منیش نسبەیەکی کیمیاوی لێی دام، دواتر لەسەر شاخی گەلەگورگ لە بەلەکجاڕ لای برادەرانی حزبی شیوعی ئیسراحەتم ئەکرد، ئەوکات بارەگاکەی ئەوان ببووە جێی برینداران و ئەوانەی کیمیاویان بەرکەوتبوو، لەوێش دیسان بەرکەوتمەوە، ئەو کیمیاویەی کە بەر من کەوت، توشی جۆرێک لە نەخۆشی پێستی کردووم، کەوەکو گەڕی وایە، ئەوەش چۆتە خوێنم دیارە، ئێستا وایلێکردووم پێنج دەقیقە بەبەرهەتاوا رێ بکەم و بڕۆم ئەبێت بمگەیەننە نەخۆشخانە، بەدەرزی دێمەوە هۆشی خۆم، لەشم ئەبێتە برین، لەشم هەوا ئەکات دەمووچاوم ئەئاوسێت و وەکو بەردی لێ دێت، شەورۆژ لەتاو ئازارو بێزاری خەوم لێ حەرام بووە، کاتێک فکرم ئیسراحەت بێت هەندێ باش دەبم لەنەخۆشییەکەشم، کە ماندوو بم یان عەسەبی بم، ئەم نەخۆشییە دیسان ئەبارێت بەسەرما، من دڵم خەریکە ئەتەقێ، ئەترسم ئەم نەخۆشی پێستە مناڵەکانیشم توش بکات، ئەوەنە ترساوم هەست ئەکەم لەجەستەی مناڵەکانیشم ئەم نەخۆشییە دەربچێت، جار جار لەخۆوە هەست ئەکەم رەنگە خێزانەکەشم بێزم لێبکاتەوە، دوێنێ ماڵ و مناڵی من تێر گریاون بۆ دەست و پەنجەی من، وتیان چییە؟ وتم ئیلتیهاباتە لەگیانم دەرچووە، وتیان شتێک بکە، وتم چیبکەم دەسەڵاتم چییە؟. داو دەرمان نەماوە من بەکاری نەهێنم.

رزگار رەزا چوچانی: بەڵام تۆ هەڵگری مەدالیای پێشمەرگەی دانەبڕاوەکانی یەکێتیت، کە ئەکرێ وەک مەدالیای شەرەفی یەکێتی باس بکرێت، بەڵام ئەبینین نەخۆشی و چارەسەر ناکرێی، ئەم مەدالیا چی مانایەک ئەدات؟

سەڵاح رەحیم: من هەڵگری مەدالیای پێشمەرگە دانەبڕاوەکانم، بە حساب ئەوە مەدالیای رێزە، بەدەر لەوەی مەدالیاکە لە مادەیەک دروستکراوە کە ئێستا ژەنگ گرتوویەتی، رێزیشی نییە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ بوو مەدالیای ئاڵوتن و زیونەبوو ئەوە بوو کە رێز لەو مەدالیایە بگیرێت، بەڵام حسابی هیچی بۆ ناکرێت، ئەگەر بەعس مەدالیای بدایە بە کەسێک ئەیتوانی خەڵک لە ژێر بڕیاری عیدام رزگار بکات، بەڵام ئێمە ناتوانین خزمەتی نەخۆشی خۆشمانی پێ بکەین، بەرپرسەکانی یەکێتی بە قافڵە سەیارە دوای خۆیان دەخەن و سامانی ئەم وڵاتە بۆ ئەمو ئەو خەرج دەکەن، بەڵام هاو سەنگەرەکانی خۆیان ئەوانەی قوربانیان بۆ ئەم میللەتەداوە، لە نەخۆشیشدا مافی چارەسەرکردنیان پێ رەوانابینن، نەک بەهۆی مەدالیاکەوە رێزمان لێناگرن بەڵکو کۆمەڵێک بەعسیان کردۆتە بەرپرسمان و ئەوانەی تا دوێنێ بەعسی بوون لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەکەن.

رزگار رەزا چوچانی: بەدەر لە ئازاری جەستەت، چی هەیە ئازاری رۆحت بدات؟

سەڵاح رەحیم: ئەوەی کە بەرهەمی خەڵکی خەباتکار بۆ جاشەکان بوو ئازاری رحم ئەدات، ترسم لە مناڵەکانم کە توش بن بەم نەخۆشییە ئازارم ئەدات، لەم رۆژانە مناڵەکەم لەمەکتەبم هاتەوە شەڕیکردبوو، وتم رۆڵە گیان بۆ شەڕ ئەکەی کوڕم؟، دەستی بەگریانکرد، وتم رۆڵە بۆ ئەگرییەی، پێی نەووتم ،بەڵام گریانی خۆی بۆ کۆنترۆڵ نە ئەکرا، لێی گەڕام تۆزێک بگریەت، دوای ئەوە، لێم پرسی، وتی بابە توخوا ئەمجارە کە خەڵک ئەبینی لە رێگا، بەسەیارەکەت هەڵی مەگرە، کەس مەگەیەن جێی خۆی، وتم بۆچی کوڕم؟ پێم بڵێ چی بووە؟ ناچار بوو پێی وتم، وتی هاوڕێکانم لە مەکتەب وتویانە باوکت گەڕبووە، بۆیە شەڕم کردووە لەگەڵیان،، ئەم هەستەی منالەکانمە ئازاری رۆحم ئەدا.

رزگار رەزا چوچانی: داوای چارەسەرت لە یەکێتی کردووە؟.

سەڵاح رەحیم: لەکاک کۆسرەتەوە بیگەرە کە پیاوێکی قارەمان بووە لەکاتی شاخ، تا هەموو ئەوانەی سەرکردایەتی، راپۆرتم داوە بەهەموویان، بەڵام لەجێی ئەوەی بزانن من کێشەم چییە لەناو یەکێتی، چارەسەرم چییە بۆ ئەو نەخۆشییە، تەحقیقیان لەگەڵ ئەکردم، وتم ئەرێ ئێوە ئەڵێی تەحقیق لە جاش و بەعسی ئەکەن؟، ئێوە بەدوای ئەو کێشانە بچن کە من باسم کردووە، سەیری حاڵی من بکەن ، نەک تەحقیق لەمن بکەن، ئەوەی هەبووە بۆم نوسیوون، نوسیومە من پێشمەرگە بووم دانەبڕاوم، کارگێڕی مەڵبەندبووم. تەکەتول وایکردووە پەراوێز بخرێم و دۆخی تەندروستی خۆمم رونکردۆتەوە، نوسیومە ئەگەر پیاوێکی گەندەڵم و شۆڕشگێڕنەبووم، بەعسی بووم دەستپیس بووم، خائین بووم، هەقمە پشتگوێ بخرێم و لێم نەپرسن. ئەندامی مەکتەبی سیاسیان هاتۆتە ماڵەکەم، وتوومە ئەمە حاڵی ماڵەکەشم ببینە، بەگۆڕی شەهیدە پاکەکان، نەک ئەوانەی شەهیدی قادسیەو جاشایەتین ئێستا بە شەهید ناویان دەبەن، بەگۆڕی مامە ریشە، کە نمونەمان بووە، ئێستاش بە نیوە ناتەواوی هاتومە ماڵی خۆم، بەڵام، ئەوان گوێیان بە من نەداوە، چونکە جیا لەخەباتی خۆم و دڵسۆزیم پشتم نییە، لەهەمان کاتدا خەڵکێک هەبووە سواری کۆپتەری بەعس بووە، بە کۆپتەر لە مقەڕەکانی پێشمەرگەی داوە، ئێستا جێگری مەڵبەندە، مەکتەبی سیاسی نەخۆشییەکەی منیان بینیوە، جەستەیان بینوم توشی ئەم دەردە بووم، کە ئیشم بۆ نەکەن و جواب و شعوریان نییە چیان لێ بکەم؟، باشە ئەوەیە پاداشتی خزمەتی ئێمە، پاداشتی قوربانیدانمان، بۆچی لەڕێی بەعسدا وامان لێهاتووە. وا لێمان ناپرسن. وا چارەمان ناکەن؟.

رزگار رەزا چوچانی: دوێنێ ئاواتت ئەوە بووە کوردستان رزگاری بێت، ئەمرۆ لەناو ئەم هەموو ئازارە و بێباکییەی ئەوان ئەبێ ئاواتت چی بێت؟.

سەڵاح رەحیم: ئاواتمە ئەم گەندەڵانە نەمێنن لەکوردستان، من نەبووم بەگۆڕان و ئێستاش شانازی ئەکەم یەکێتیم، یەکێتی لەهەموو پارتەکانی تر بەباشتر دەزانم تا ئێستا، بەڵام حەز ئەکەم ئەویش نەمێنێ سبەی ئەویش لەناو بچێت، حزبێک کە خەباتکارەکانی خۆی لەبیر بکات، لەوانە نەپرسێتەوە کە لەگەڵ ئەودا بۆ حزبەکەیان قوربانیان داوە، نەمانی زۆر باشترە لەمانی.

رزگار رەزا چوچانی: ئەمە ئەبێ رای تۆ بێت یان پێشمەرگەی دێرینی تریش هەن، گەشتبنە ئەم هەستە ناخۆشەی تۆ؟.

سەڵاح رەحیم: خۆ بەس من نیم وام لێ ئەکەنن، پێشمەرگە دێرینەکان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ شەهید نییە، ئێمەش دەیان جار موعەرەز بوینە بۆ شەهید بوون بەڵام شەهید نەبووین، من خۆم دووجار بیرندار بووم، کە شەهید نەبووم چی بکەم کاکە؟. گوناحم چییە شەهید نەبووم، تا ئێستا بڵێن شەهیدە؟، ئێمەش شەهیدی زیندووین، باشە ئێمە وەکو پێشمەرگە دێرینەکان، یەکێتی چی بۆ کردووین، تا ئەوان هەستێکی جیاوازیان هەبێت لەمن، لەکام شار یەکێتی گەڕەکێکی بەناوی پێشمەرگە دێرنەکانەوە دروستکردووە، ئێمە چەند کەسین تا یەکێتی نەتوانێ خزمەتتمان بکات، ژمارەی مەدالیاکەی من هی پێشمەرگە دانەبڕاوەکان" ٢٢٠٧"ە یانی ئێمە هەموو ئەوانەی دانەبڕان" ٢٦٥٠ " پێشمەرگە بووین، لەوە زیاتر نییە، ئەسڵ و ئەساسی نییە ئەو هەزارانەی کەباسی ئەکەن، ئەو هەموو هەزارەی کەباسی ئەکەن هەرهەموویان جاش بوون، نەک پێشمەرگە، بەدەر لەو" ٢٦٥٠ " پێشمەرگە کەسی تر نییە، باشە نەیان ئەتوانی خزمەتی ئەوەنە کەس بکەن، ئەگەر ئەتوانن چیان بۆ کردوین، خزمەتی باشیان کردووین؟ راتبی باشیان بۆ بڕوینەتەوە؟، پلەی باشیان پێداوین؟، فەڕاشەکەی سەڵاح میرزا، کراوە بە عەمید، ئەڵێ من ناحەقیم بەرانبەرکراوە، بەڵام منیان بەم هەموو خزمەت و قوربانیەوە خانەنشین کردووە بە موقەدەم، ئەی خزمەتەکەم کوانێ؟ من لە ساڵی ١٩٨٤ ەوە پێشمەرگەم، خزمەتەکەم کوانێ؟ کارگێڕی مەڵبەندم خزمەتەکم کوانێ،؟، ئاخر من نازانم بۆکە خەڵک لەسەر جادەو بەعسیایەتیەوە ئەهێنن پلەی خانەنشینی ئەکەن بە عەمید و عەقید چۆن ئەبێ پێشمەرگە دێرینەکان هەمان هەستیان نەبێت.

رزگار رەزا چوچانی: کەوایە ئیستا بەدەر لەوەی چارەسەرت پێ رەوا نابینێت یەکێتی مافیشی خواردویت؟

سەڵاح رەحیم: بەڵێ ئەوان نەک هیچیان نەکردووە بۆ من، مافیشیان خواردووم، بەهەموو شێوەیەک لێیانداوم چونکە گەندەڵ نەبووم، چونکە ناهەقیم قبوڵ نەکردووە، دیفاع لەهەق ئەکەم، بۆیە لەگۆشەیەکدا گۆشەگیریانکردووم و پەراوێزو مافخوراویان کردووم، خەڵکی بەعسیان هێناوە ئەوانەی بە کۆپتەر ئەهاتن لە مەقاڕاتی ئێمەیان ئەدا لەو گەرمیانە، کردویانە بەجێگرو پلەی بەرز، بەڵام منێکی قوربانی و پێشمەرگەی دانەبڕاویان لە سوچێکدا پەراوێز خستووە، مافی چارەسەریشم پێ رەوانابینن.

رزگار رەزا چوچانی: ئەگەر یەکێتی ئەمە بێت کە بەڕێزت باسی ئەکەی ئەبێ چ ئایندەیەکی هەبێت؟.

سەڵاح رەحیم: من ئەڵێم لافاوی زەرد بەڕێوەیە، یەکێتی بەرەو بچوکبوونەوەو بوون بە حزبێک دەچێت، کە زۆر بچوکتر بێت لەوەی خەڵک تەسەوری دەکات، چونکە یەکێتی خەڵکی خۆی پشتگوێ خستووە، و لەوانە ناپرسێت کە لە دروستبونیەوە قوربانیان بۆ یەکێتی دا، لەناو یەکێتی دا دابەشبوونی گەورە روودەدات، لەبەرانبەر ئەم بچوکبونەوەی یەکێتی دا برادەرانی پارتی بەڕێوەن، بەدڵنیایی پارتی سەیتەرە لەسەر هەموو کوردستان دەکات، ئەوان بەبەرنامەتر کار دەکەن و پاڵپشتی نێودەوڵەتی باشیشیان هەیە، پارەیان بەدەستەوەیە و لەخزمەتی خەڵکی خۆیان خەرجی ئەکەن، سەرمایەدارن و لە تەنگانە لەخەڵک ئەپرسن، بەرنامەی حزبیان هەیە، بۆیە خەڵکیش ئەم بەدەمەوە چونەی ئەوان ئەبینێ بۆ خەڵکی خۆیان و ئەم بێ بەرنامەیەی یەکێتی ش دەبینێت، بڕیاری خۆی دەدات، ئێمە بەرنامەمان نییە وەک یەکێتی برا، وەفامان نیە بۆ خەڵکی خۆمان بۆ کادری خۆمان.

رزگار رەزا چوچانی: بەڵام واقیعی سلێمانی دەڵێت، گۆڕان دەبێتە بەدیلی یەکێتی نەک پارتی؟.

سەڵاح رەحیم: من وەکو یەکێتی قسەناکەم. ئەوەنەی ئەمەوێ واقیعی قسە بکەم، گۆڕان ئەوە نابێت جێی یەکێتی بگرێتەوە بەرانبەر پارتی، ئەو دەنگەش کە هێنایان لە فەراغی حزبی ترو توڕەبوونی خەڵک لەیەکێتی هێنایان، گۆڕان کێن؟ من رێزم بۆ کاک نەوشیروان مستەفا هەیە، پیاوێکی گەندەڵ نیە، کەس ناتوانێ بڵێ گەندەڵە، هەرچەند تێبینیم لەسەری هەیە لە هەشتاکانەوە کە پیاوێکی توڕەیەو ئەوەی کە خۆی بیەوێ دەبێت هەر ئەوە بێت، بەڵام وێڕای ئەوەش کەس ناتوانێ بڵێ گەندەڵە، خۆی باس ناکەم رێزم بۆخۆی هەیە، ئەگەرنا بەشێکی سەرەکی گۆڕان لە گەندەڵەکانی ناو حزبەکانی ترن، لەناو حزبەکانی خۆیان تا توانیان گەندەڵیان کرد، کە بەشیان نەما یان مەساڵحیان کەوتە خەتەر، جێگەیان لە حزبەکانی تر نەمایەوە ، بوون بە گۆڕانخواز، گۆڕانیش کە قبوڵی کردوون بۆ کۆکردنەوەی خەڵک و هێز وەریگرتوون، بۆ دەنگەکانیان، ئەگەرنا خۆشیان باش ئەزانن ئەوانە کێن، بۆیە نەتیجەی ئەوانیش دەر ئەکەوێت.

رزگار رەزا چوچانی: حزبێک ئەوەندە بێ باک بێت کە تۆ باسی دەکەیت، پێت وانییە رەخنەکانت بێتە هۆی ئەوەی بەرانبەرت زیاتر نیگەران بن؟.

سەڵاح رەحیم: نەک نیگەرانیان دەکات، بەڵکو ئەم رەخنانەی من دەیگرم و ئەم راستیانەی من دەیخەمەڕوو موجازەفەیە، ئەم مافخواروییەی خۆم کە باسی ئەکەم خەتەریش لەسەر حەیاتم دروست ئەکات، ئەوان کە منیان بە ئازارەوە کوشتووە، باکیان نییە بشمکوژن. بەڵام باکم نییە، ئازار گەشتوەتە رۆحم، چیان پێ دەکرێت بابیکەن و ترسم نییە، من هاوڕێم، لەگەڵ نزیکەکانی کاک کۆسرەت، هاوڕێم لەگەڵ حاکم قادر، لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل، لەگەڵ نەجمەدین کەریم، چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو وێنانەش ئەبینن و گوێشی پێنادەن.

Share