Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
..عارف كەریم *با سەرەتا لەخۆتەوە دەستپێبکەین چۆن لەگەڵ کۆمەڵە دەستت بەکار کرد؟ چۆن کارتان دەکرد؟

arif_karim*با سەرەتا لەخۆتەوە دەستپێبکەین چۆن لەگەڵ کۆمەڵە دەستت بەکار کرد؟ چۆن کارتان دەکرد؟


- مێژووی کارکردنم لەگەڵ کۆمەڵەی مارکسی لینینی، ئەگەرێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی ٩٧٠ من پەیوەندیم نەکردووە بە کۆمەڵەوە، بەڵکو پەیوەندیان پێوەکردووم، بۆ ئەوەی بچمە ریزی کۆمەڵەوە، کاک فەرەیدوون عەبدولقادر پەیوەندی پێوەکردم، هەنگاوی دوای ئەو پەیوەندیەش کارکردنم بوو لەگەڵ کۆمەڵە، دوو کەسی یەکەم کە ناسیمن شەهید شەهاب و کاک ئاوات عەبدولغەفوور بوو، سەرەتای دروستکردنی کۆمەڵە بە پەیوەندی بە کەسانی ناسراوەوە دەستی پێکرد، تا لەدەوری کۆمەڵە کۆببنەوە، دواتر دەستکرا بە دروستکردنی ئەڵقەکانی رۆشنبیری، کۆمەڵەش بۆخۆی رێکخستنێکی نهێنی بوو، رێکخراوێکی ئاشکراو راگەیەنراو نەبوو.

* کۆمەڵە سەرەتا ڕێکخستنێکی نهێنی بوو، کام قۆناغ و کام ساڵ سەردەمی گەشەسەندنی کۆمەڵە بوو؟

- ئەتوانین بڵێین ساڵەکانی ٩٧٠-٩٧٥سەرەتای کارکردن و رێکخستن بوو، کۆمەڵە نەبووبووە هێزێکی دیاری جەماوەری، کۆمەڵە خۆی هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی پەیوەندی بکات بە گەورەترین ژمارەی خەڵکی کوردستانەوە، تا ببێتە هێزێکی گەورە لە کوردستاندا، یانی ئەیویست بەرگەی شەقی زەمانە بگرێت، ئەوکات خۆی رابگەیەنێت، بۆیە کارەکان هەموو بەنهێنی دەکران و بریتی بوو لەچالاکی لە ناو ئەڵقەکانی رۆشنبیریدا، کە کاریان تیشکخستنە سەر دۆخی ئەوکاتی کوردستان و هۆشیارکردنەوەی خەڵک بوو بۆ خەبات و بۆ ئامانجێکی روون.

* سەرەتای دروست بوونی کۆمەڵە هاو کاتە، لەگەڵ حەلکردنی باڵی مەکتەبی سیاسی لەناو پارتیدا، پارتیش هێزێکی دیار بوو، سەرکەوتنێکی باشی بۆ کورد بەدەستهێنابوو، جیاوازی ئێوە لەگەڵ پارتی لەچیدابوو کە نەتانتوانی کار بکەن، لەناو پارتیدا؟.

- کۆمەڵەی مارکسی لینینی، لە کەسانێک پێکهاتبوو بوو کە لە هەناوی حزبەکان یان رێکخراوەکانی ترەوە هاتبوون، نوخبەیەکی رۆشنبیری دیار بوون، ئەتوانم بڵێم جیاوازییەکە ئەوەبوو، کە پارتی حزبێکی بۆرجوازی بوو تاکە زلهێزی سەحای ئەو سەردەمە بوو، بەتایبەت لەدوای بەیانی ١١ی ئادار، پارتی بووە تاک هێز لەکوردستاندا، ئەشیویست خۆی ئیحیکاری ساحەکە بکات، هەموو شتەکان بۆخۆی بێت، واتە پارتی حزبێکی دەسەڵاتدار بوو لەگەڵ حکومەتدا بوو، بەڵام کۆمەڵە رێکخراوێکی مارکسی لینینی بوو، رێکخراوێکی چەپ بوو، بەنهێنی کار دەکرد و لەگەڵ پارتیدا ئاسمان و ڕێسمان بوو.

* ئەوکات کە کۆمەڵە دروست بوو، زۆربەی جموجوڵ و چالاکی سیاسی و رێکخراوەیی لەخزمەتی بیری چەپدا بوون، کەسانێکیش هەبوون لەناو پارتی ئەوەیان دەویست پارتی حزبێکی چەپ بێت، کۆمەڵەش لەو بەرەیەدا خۆی راگەیاند، ئایا ئەوە تەنها چاولێکەری نەبوو، ئەوەنەی رەچاوکردنی واقیعی مەنتیقەکەبێت؟.

- بەو شێوەیەش نییە، کۆمەڵە کاتێک دروست بوو، پەیرەوی مارکسیزم لێنینیزم بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگی دەکرد ، لەخۆشیەوە دروست نەبوو، بەڵکو بنەمایەکی پێشینەیی هەبوو، وەک ئەوەی بەرلە دروست بوونی، خەڵکانێک هەبوون مارکسیزم لێنینیزم ئەفکاری ماویان ئەخوێندەوە، خەڵکانێک هەبوون دیدی چەپیان بەلاوە پەسەند بوو و کاریان بۆ ئەو بروایە ئەکرد، بەتایبەت لە رێکخراوەکانی سەربە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی، تەنانەت لەناو پارتیش خەڵکانێک هەبوون کە چەپ بوون و حەزیان ئەکرد لەڕێکخراوێکی چەپدا خۆیان ببیننەوە، ئەوە بروا بوو، بەو شێوەیە نەبوو لاسایی بکەنەوە، کۆمەڵە رێکخراوێکی نهێنی بوو، ئەوە نەبوو بڵێی لاسایی خەڵک یان لایەکی سیاسی ئەکاتەوە، بەپێچەوانەوە کاری ئەکرد بۆ ئەوەی خەڵک لەدەوری ئەو بیوباوەڕەکۆبکاتەوەو ببێتە رێکخراوێکی بەهێز و جەماوەری و رۆژێک لەرۆژان خۆی ئاشکرابکات لەساحەی کوردستاندا.

* وەک دەڵێن کۆمەڵە زۆر خیلافی لەگەڵ بیروباوەڕی پارتی هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی نێوانی کورد و عێراق تێک دەچێتەوە، کۆمەڵە لەسەنگەری پارتی دا خۆی بینیەوە بەرانبەر بەعس واتە ساڵی 1974؟.

کۆمەڵە بەهەموو شێوەیەک پشتگیری لەشۆڕشی کورد دەکرد، نەک حزبێک، کۆمەڵە هیچ کاتێک دوژمنایەتی نە پارتی و نە بارزانی نەکردووە، لەدانیشتنەکانیا لە بیروبۆچونەکانیا، لە ئەدەبیاتی خۆیا، بەهیچ شێوەیەک پارتی بە دژ ناو نەبردووەو وەک لایەنی ناکۆکی سەرەکی لەپارتی نەروانیووە ، بروای بەوەش هەبوو هاوپەیمانی لەگەڵ پارتیدا بکات و شان بەشانی ئەو لەدژی بەعس خەبات بکات، بەڵام کۆمەڵە هەمیشە بڕوای بە خەباتێکی چەپڕەوانە هەبوو، بروای بەوەش هەبوو خەبات بۆ کۆکردنەوەی خەڵک بکات لەدەروی ڕێکخراوەکەی ، یانی کاتێک بڕوای بەهاوپەیمانی هەبوو لەگەڵ پارتی ، ململانێشی لەگەڵدا ئەکرد (لەسیاسەتدا پێی دەڵێن "وەحدەو سیراع).

* ئەگەر کۆمەڵە رێکخراوێکی نهێنی بووە، چۆن بڕوای بەهاوپەیمانی هەبووە لەگەڵ پارتی؟، یان کاتێک خەڵکی کۆدەکردەوە لەدەوری خۆی، کاتێک خۆی نهێنی بووە، لەکام چوارچێوەدا ئاراستەی رووبەڕوو بونەوەی بەعسی کردوون؟.

- کۆمەڵە راستە ڕێکخراوێکی نهێنی بوو لە سەرەتا، بەڵام بەو ئاراستە کاری دەکرد، کە لەئایندەیدا ببێتە حزب، حزبیش یانی دەسەڵاتی سیاسی، هەرێکخراو و هەر حزبێک کەکار دەکات، مەبەستی گرتنە دەستی دەسەڵاتە، بۆ کات بەسەر بردن و تەپوتۆزکردن نییە لەدەوری خەڵک و نەزانێ بەرەو کوێ دەڕوات، بێگومان کۆمەڵەش رێباز و دروشمی خۆی هەبوو، بۆ ئەو شتانەش خەباتی دەکرد کە بڕوای پێی هەبوو.

* کۆمەڵە تاچەند لەژێرکاریگەری و هاندانی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتیدا بوو؟.

- نە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی و نەپارتیش شتێکی ئەوتۆیان لەسەر کۆمەڵە نە ئەزانی، تا کاریگەریان بەسەریەوە هەبێ، وەکو عەناسر خەڵک هەبووە ئاگایی هەبێت، بەڵام وەکو حزب هیچ لایەکیان ئاگادار نەبوون و کۆمەڵە کاری نهێنی ئەکرد، راستە وەکو هەست، پارتی هەستی ئەکرد شتێک هەیە، بەڵام ئاگاداری قەوارەی نەبووە کە چەندە، کێن ئەو کەسانە، چۆن کار دەکەن و چی دەکەن، بەنسبەت باڵی مەکتەبی سیاسی وەکو شەخس هەبوون هاتونەتە ناو کۆمەڵە، بەڵام وەک شەخسی خۆیان، نەک حزب.

* لەسەرەتاوە کۆمەڵە ڕووبەڕووی حەملەی دەستگیرکردن بووەوە، تۆش یەکێک بووی لەوانەی هەڵهاتی، ئەگەر ئەوەندە نهێنی بوون، هۆکاری ئاشکرا بوونەکە چی بوو؟.

- ئەوە کاتی نسکۆی شۆڕش بوو، ئەوکات بەعس هەندێ زانیاری دەستکەوتبوو، هەندێ نامەش لەدەرەوەی وڵاتەوە هاتبوو دەستی حکومەت کەوتبوو، لەنامەکانیشدا ناوی تیا بووە، دیارە حکومەتیش ورد ورد چاودێری ئەو ناوانەی کردووەو دوای ئەوە حەملەیەکی گەورەی دەستگیرکردن دەستی پێکرد، کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵە بەر ئەو حەملەیە کەوتن، دواتریش ئەو کادرو سەرکردانەی دەستگیرکرد و لەسێدارەی دان کە ئێران تەسلیمی عێراقی کردنەوە، ئەوە زیانێکی گەورە بوو، بەڵام بۆ نەهێشتنی کاری کۆمەڵە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست نەهێنا، لە سێدارەدانی ئەو هەڤاڵانەش زیاتر بۆ چاوترساندنی خەڵک بوو لە کوردستان، چونکە لەوکاتەدا شۆڕشی کورد توشی هەرەس ببوو، پێشمەرگە لەسەر قاچی خۆی نە ئەوەستا، خەڵک بەلێشاو ئەهاتەوە خۆی ئەدا بەدەستەوە، کۆمەڵەش رووبەڕووی خەباتێکی سەخت بوەوە، ناوی من و حەمەسەعی براشم دیارە دەستی حکومەت کەوتبوو، لەیەک رۆژدا فەرمانی گرتنمان بۆ دەرچوو، من بەختم هەبوو کە پاسپۆرتێکم هەبوو ، توانیم خۆم بگەیەنمە سوریا، لەوێش پەیوەندیم کرد بە یەکێتی یەوە، براکەشم دوای زیاتر لەساڵێک لەخۆشاردنەوە، توانی بچێتە شاخ و پەیوەندی بەبرادەرانەوە بکات، بێگومان منیش ناوم هەبوو، ئەوە نەبوو حکومەت لەخۆوە بێت من بگرێت، من بەڕەسمی لای برادەرانمەوە لەکۆمەڵە ئاگادار کرام، وتیان ناوت هەیەو نۆبە هاتۆتە سەر تۆ بتگرن، ئەم ئاشکرابونانەش پەیوەندی بە تۆکمەی و نا تۆکمەیی کاری نهێنی کۆمەڵەوە نەبوو، لەهەموو رێکخراوێکی نهێنی چالاکدا، ئەو جۆرە ئاشکرا بوونانە روو ئەدا.

* تۆ یەکێک لە کادرە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە بوویت، لەساڵی 1975 یشەوە لەسوریا پەیوەندیت بەیەکێتییەوە کردووە، تا ئێستا ئەو دەنگۆیە یەکلا نەبۆتەوە، کە گوایە یەکێک لە ئامانجەکانی دروستکردنی یەکێتی حەلکردنی کۆمەڵە بووە، تۆ زانیاریت چییە لەوە بارەوە تاچەند بەراستی دەزانیت؟.

- من زانیاریم نییە کە نەخشەو پلانێکی ئامادەکراوی لەو شێوەیە هەبووبێ لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتی یەوە، بەڵام هەستم ئەکرد کە ئەوان رێکخراوێکی چەپی مارکسییان ناوێت، رەنگە ویستبێتیان بەو شێوەیەی کە خۆیان ئەیانویست کۆمەڵە هەبێ، وەک ئەوەی کە لەشاخ کردیان.

* ئەی کە یەکێتی کۆمەڵەی وەکو خۆی نە ئەویست، چۆن بوو کادرانی کۆمەڵە رازیبوون چوونە ناو یەکێتی؟.

- دیارە خەلەل لە بیروباوەڕیان هەبوو، چونکە ئەگەر شەخسی بەهێز بوونایە بڕوایان بە بیروباوەڕی خۆیان هەبوایە، تەسلیم بەو پیلانانە نەئەبوون، کە یەکێتی چۆنی بوێت بە چەقەنەیەک وایان لێبکات، دیارە برادەرانی کۆمەڵە موعجیب بوون بە یەکێتی و سەرکردەکانی، بۆیە ئەوان چۆنیان ویستبێت ئەمانیش وایان بۆکردوون، باشترین بەڵگەش ئەوەیە، کە سەرکردەکانی یەکێتی دەستیان بەسەر کۆمەڵەدا گرت و ئەو عەناسیرانەیان تیا چاند کە خۆیان ئەیانویست، لەو رێگایەوەش لەدواجاردا کۆمەڵەیان بەچەقەنەیەک حەلکرد و کەسیش نەیتوانی هیچ بڵێت.

* حەلکردنی کۆمەڵە ئەوەندە ئاسانە کە بەیەک چەقەنە حەل بکرێت لەناو یەکێتی دا، تاچەند پێچەوانەی ئەو قسانە بووە کە ئێوە وەکو کادر و سەرکردەی کۆمەڵە، خەڵکتان پێتەیار ئەکرد و باسی خۆڕاگریتان بۆ ئەکردن؟.

- ئەمە پەیوەندی بە پێچەوانەوە نییە، شۆڕشی نوێ لە ساڵی ٧٦ هەموو قورساییەکەی کەوتە سەر ئەو ئەو کۆمەڵە بەدبەختەی کە تۆ باسی ئەکەی، لەسلێمانی گردێک هەیە بەناوی گردی شەهیدان، هەمووی شەهیدانی کۆمەڵەن، ئەمەش ئەوە پیشان ئەدات کە خەباتێکی بێوچان و مەبدەئی و جدیانکردووە، کەشۆڕش دەستیپێکردۆتەوە لەکوردستاندا، ئەوان بڕبڕەی پشتی شۆڕشەکە بوون، بۆیە هەڵەیە بڵێی ئەوان بەپێچەوانەی بیروباوەڕی خۆیانەوە کاریانکردووە، ئەوان خەڵکی عەقائیدی بوون، بەڵام کاتێک سەرکردایەتی ئەم کۆمەڵەیە ئەکەوێتە ژێژ کاریگەری سەرکردەیەک و دوانی تر، ئەوانیش وەکو سەرکردە قسە بۆ خەڵک و شوێنکەوتوانی کۆمەڵە ئەکەن، لەبارەی دۆخ و زەرورەتی خەبات و کاری هاوبەش و ئەو لایەنانە قسە ئەکەن، توانیویانە قەناعەت بەزۆریان بکەن، ئەوەش وایکرد کۆمەڵە بەو شێوەیە کۆتای بێنێ کە کۆتایی هات.

* بەڵام تۆش یەکێکی لە کادرە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە و پێش هاوڕێکانت پەیوەندیت کرد بە یەکێتی یەوە، خۆ ئێوەش لە موعجیبەکان نەبوون، بۆچی؟.

- من ساڵی ٢٠١١ کتێبێکم بڵاوکردەوە، بەناوی "کۆمەڵەو یەکێتی، کورتە باسێکی مێژوویی"، راستیەکانم لەوکتێبەدا باسکردووە، باسی هەڵوێستی خۆمم بەروونی کردووە کە چۆن بووە و چۆن نەبووە، لە وتارەکانیشم کە نوسیومن باسم کردووە، من هەر لەسەرەتاوە بڕوام بە جەلالی و مەلایی نەبووە، شتی شەخسیم بەرانبەر هیچکام لە مام جەلال، یان کاک مەسعود نییە وەکو شەخس، بەڵکو مەسەلەکە بڕوای سیاسییە،قەناعەتی سیاسییە، مەسەلەکە عەقڵییەتی سیاسییە، رەنگە من نەگونجابم لەگەڵ بیروڕاو فەلسەفەی ئەوان، بەڵام لەساڵی ٩٧٥ کە فەرمانی گرتنم بۆ دەرچوو، هیچ جێگاو رێگایەکم نەبوو، کۆمەڵەکەی ئێمەش کۆمەڵەیەکی هەژار بوو، نەژێر زەمین و نە چەک و نەپارەی نەبوو، نەکەسیش ئەیتوانی بەخێومان بکات، کۆمەڵە هەر ئەوەنە توانای هەبوو خەڵکی خۆی ئاگادار ئەکرد، ئاگاداربە فەرمانی گرتنت هەیە و خۆت نەدەی بەدەستەوە، بۆیە ناچاربووم و لە سوریا چوومە ناو یەکێتی، نەک وەک هەڵبژاردنی بیروبڕوا.

* وتت بڕوام بە جەلالی و مەلایی نەبووە؟.

- هەتا سەر ئێسقان، بەڵێ بڕوام پێی نەبووە.

* بەڵام تۆ لەناو یەکێتی قوتابیانی پارتیدا کارت کردووە، کاتێک باڵی مەکتەبی سیاسی جیا دەبێتەوە کە بەجەلالی ناسێنران، لەگەڵ ئەوان جیابویتەوە، ئەمە بڕوابوون نییە؟ ئەگەر نییە بۆچی لەگەڵ ئەوان جیابویتەوە؟.

- جارێ با من شتێکت بۆ راستبکەمەوە، یەکێتیەک نەبوو بەناوی یەکێتی قوتابیانی پارتی ، من بەشبەحاڵی خۆم ئەندامی یەکێتی قوتابیان بووم، تا کاتی ئینشیقاقی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە زانکۆش لەساڵی 1964دا دیسان خۆم بەرپرسی رێکخستنەکانی یەکێتی قوتابیان بووم، ئەو کات یەک یەکێتی قوتابیان هەبوو هی پارتی نەبوو، بەڵام ئەم یەکێتی قوتابیانە هاوکاری لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرد، کە یەک پارتی هەبوو، یەک قیادەی هەبوو، باڵی جەلالی و مەلایی نەبوو، بەڵام لەساڵی ٦٤ پاش ئەوەی بارزانی لەگەڵ حکومەتی عێراق رێکئەکەوێت، ئەوکات باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی لە مەلا مەستەفا جیا ئەبێتەوە، ئەویش بۆخۆی سەرکردایەتیەکی تازەی دروستکرد، ئیتر ململانێ دەستی پێکردوو، بووە جەلالی و مەلایی، وەکو ئیستای حکومەتی هەرێم هەمووشتێک بووە دووکەرتەوە، وەک ئەم دواییەی لای خۆمان چۆن هەموو ئیدارەکان، هەولێرو سلێمانی،ڕێکخراوی قوتابیان، مامۆستایان، نوسەران، ژنان، ......تاد ، حکومەت، هەموو شت بووە دوو لەت، ئەوکاتیش هەمانشتی لێهات، بۆیە دوای ئەو کێشەیە ئەتوانی بڵێی (یەکێتی قوتابیانی سەربە پارتی)، کە بووە دووبەش، منیش لەگەڵ بەشی باڵی مەکتەبی سیاسی بووم، بەڵێ ئەوکات من تاسەر ئێسقان جەلالی بووم، یەکێک بووم لەجەلالییە سەرسەختەکان ورگی خۆمم لەسەر هەڵئەدڕی، بۆیە کە ئەڵێم بروام بەجەلالی و مەلایی نییە، مەبەستم ئەم دواییەیە نەک ئەو مێژووەی تۆ بۆی ئەگەڕێتەوە، ئەو مێژووەی تۆ باسی ئەکەی بەڵێ جەلالی بووم.

* وتت کۆمەڵە تەنزیمێکی نهێنی و بێ دەسەڵات بوو، ئەی ئەو زانیاریانەی لەکوێ دەست ئەکەوت کە بەرلەوەی کادرەکانی دەستگیربکرێن، ئەو ئاگاداری دەکردن فەرمانی گرتنیان هەیە، وەک ئەوەی تۆیان ئاگادار کرد، ئەمە بۆنی ئەوەی لێنایە، کە کۆمەڵە پەیوەندی بە دەزگاکانی حکومەتەوە هەبووە؟.

- پرسیارێکی چاکە، منیش وەڵامت ئەدەمەوە، کۆمەڵە هەندێ دۆستی هەبوو لەناو دادگا، دادوەرەکان هەندێکیان دۆستی کۆمەڵە بوون، بڕیارەکانی ئەمن و پۆلیس بەرلەوەی تەنفیز بکرێت، ئەچووە بەردەمی دادوەر، بەهۆی ئەو کەناڵی پەیوەندییەوە زانیارییەکان دەستی کۆمەڵە ئەکەوت نەک ئەو گومانەی باسی ئەکەیت.

* کامانەن ئەو سەرکردانەی کۆمەڵە، موعجیبی سەرکردایەتی یەکێتی بوون؟.

- هەموو سەرکردەکانی کۆمەڵە، بە دامەزرێنەرەکانیشیانەوە، هەموو موعجیب بوون بەشەخسی تاڵەبانی.

* لەجێیەک وتت کۆمەڵە بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە شۆڕشی کورد دەکرد، بەڵام لەناو کۆمەڵەدا بروایەک هەبوو کەکاریان بۆ بەعێراقی بوون ئەکرد، ئەوە کێشەی گروپبەندی بوو یان خیلافی فکری؟.

- زیاتر مەسەلە فکر بوو، ئەو حەکایەتە لەسەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەدا دەستی پێکرد، کە دەکاتە ساڵانی ٧٠ و ٧١ و ٧٢، ئەو دوو سێ ساڵەی یەکەم بوو، هەندێ برادەر هەبوون ئەفکاری مارکسی لینینیان هەبوو، ئەیانویست کۆمەڵە بەرەو قیادە مەرکەزی حزبی شیوعی عێراقی بەرن، کۆمەڵەش رازی نەبوو کەلەگەڵ ئەوان بێت، کۆمەڵە خۆی کۆمەڵەیەکی کوردستانی بوو بڕوای بە خەباتی کوردستانی هەبوو، بۆیە ئەو بڕوایەی پێقبوڵ نەبوو، من بەشبەحاڵی خۆم ئەگەر بمزانیایە کۆمەڵە کۆمەڵەیەکە عێراقچێتی دەکات، لەوانەبوو من کاری تیانەکەم، هەتا لەسەرەتاش کەدەستم بە کار کرد لەگەڵ کۆمەڵە، بەبرادەرانم وت، ئایا ئەم کۆمەڵەیە درێژەدان نابێ بە پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان، باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئەوان رەتیانکردەوە و وتیان نەخێر خەڵکی دەرەوەی ئەوانیشمان لەگەڵە خەڵکی سەربەپارتی . سەربە شیوعی، سەربە کاژیک، خەڵکی سەر بەو لایانەنای تیایە، رێکخراوێکی تازەیە و هی هەمووانەو هەموو بۆی هەیە کاری تیا بکات، بگەڕێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەکە، ئێمە کۆمەڵەیەکی کوردستانی بووین و خەباتی کوردستانیمان دەکرد، هەندێ برادەر بوون، وەک بەڕەحمەت بێت فازیلی مەلا مەحمود، کاک فوئاد قەرەداغی، کاک ئەشرەف تاڵەبانی و کۆمەڵێک برادەران لەوانە بوون کە ئەیانویست، مشتومڕی ئەوە بکەن و کۆمەڵە بەرەو حزبی شیوعی عێراقی بەرن، بەڵام ئێمە تەسلیمیان نەبووین و هەمیشە لەمشتومڕو ململانێدا بووین لەگاڵیاندا، بۆیە ئەنجام ئەوان چونە دەرەوە لەکۆمەڵەو وازیانهێنا.

* تۆ لەسەرکردەکانی کۆمەڵەت پرسیوە ئەمە هەمان حزبی باڵی مەکتەبی سیاسی نییە؟، ئەوان رەتیان کردۆتەوە، بەڵام ئەنجام هەموویان چونەوە ناو یەکێتی، ئەمە سەلمێنەری گومانی سەرەتای تۆ نەبوو، کە بە کۆمەڵەت بە درێژەپێدەری حزبەکەی باڵی مەکتەبی سیاسی زانیووە؟.

- من ئەو مناقەشەیەم لەگەڵ شەهید شەهاب کرد ، بەڕەحمەت بێ ، ئەو وەڵامی منی دایەوە، کە نەخێر شتی وەها نییە، ئەمە کۆمەڵەیەکە خەڵکانی سەر بە حزبەکانی تریشی تێدایە، ئەوانەی کە بڕوایان بەڕێبازو ئەفکار و شیعارەکانی هەیە کاری تیا ئەکەن، من ساڵی ٧٥ چوومە شام، لەکوردستان نەبووم، و تەقریبەن هەندێ لەکاری سیاسی دوورکەوتمەوە، بەداخەوە ئەنجام هەمان ئەو گومانەی من بوو، کە ئەوبرادەرانە هەمان حزبی باڵی مەکتەبی سیاسی بوون، هەرواش دەرچوو، خۆ ئەگەر واش نەبوایە، بێگومان رۆژی ئێمە بە ئەمرۆژە نەئەگەشت.

* کاری نەوشیروان مستەفا لەسەرەتادا چی بوو لەکۆمەڵە؟

- کاک نەوشیروان پەیوەندی بە دروستکردنی کۆمەڵەوە نەبووە، بەڵام پێش ئەوەی کاک نەوشیروان بچێتە دەرەوەی وڵات، بە فەرمی پەیوەندی پێوەکرا لەسلێمانی، کەسێک هەبوو ئەچووە ماڵەوە بۆ لای و ئاڵوگۆڕی بیروڕای ئەکرد لەگەڵیداو شتەکانی کۆمەڵەی پێشان دەدا، لەشتە تازەکان ئاگاداری ئەکرد، راستە ئاگاداربوو لە دروستکردنی کۆمەڵە، بەڵام نە لە دامەزرێنەران بوو نە لە کادرە سەرەتاییەکان.

* ئەگەر یەکێک نەبوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە چۆن دواتر توانی باڵبەسەر کۆمەڵەدا بکێشێت؟.

- کاتێک کە یەکێتی دامەزرا مام جەلال پەیوەندی بەکاک نەوشیروانەوە کردووەو کردی بە یەکێک لەدەستەی دامەزرێنەر، کاتێکیش گەڕایەوە کوردستان، بەو سیفەتەی کەسێکی رۆشنبیرو گەنج و قەڵەم بەدەست و خاوەن رابردوویەک بوو لەناو شۆڕشی کورد، مام جەلال داوای کرد کاروبارەکانی کۆمەڵە بگرێتە ئەستۆ و بووە سکرتێری کۆمەڵە.

* ئەی ئەگەر کۆمەڵە هەر لەسەرەتاوە لەژێر کۆنتڕۆڵی تاڵەبانیدا نەبووە، چۆن دەکرێت ئەو بڕیار بدات کێ کاروبارەکانی هەڵدەسوڕێنێت؟.

- لەشوێنێکی تردا من وەڵامم دایتەوە، وتم ئەو برادەرانە لە دەستەی دامەزرێنەرەوە بیگرە تا ئاخیریان لەکۆمەڵە، هەموو موعجیب بوون بەشەخی مام جەلال، هەڵبەت ئەوەش هەلێکی باشبووە بۆ مام جەلال کە چۆنی بوێ وابکات.

* کەوایە تۆ ئەڵێی نەوشیروان مستەفا بە راسپارەی تاڵەبانی بەرپرسیارەتی کۆمەڵەی وەرگرت؟.

- من ئاگاداری وردەکارییەکان نیم لەوێ نەبووم، کە لەکۆنفرانس بوو یان چی، یان ئایا کۆنفراسەکە چۆن بووە، بەڵام بێگومان ویستی تاڵەبانی بووە، چونکە کاک نەوشیروان دەستێکی باڵای هەبوو لەناوی یەکێتی.

* دوای ئەوە نەوشیروان مستەفا بووە سکرتێری کۆمەڵەو وەک دەڵێن قۆناغی خەبات گۆڕا، کۆمەڵە حەلکرا. بەڕای تۆ زەرورەتی حەکردنی کۆمەڵە چی بوو؟

- ئەگەر کۆمەڵە حەلبکرایەو حەلنەکرایە، هەر ببووە موڵکی یەکێتی خۆی، بەڵام لە هەشتاکاندا کۆمەڵە هێزێکی دیارو بەرچاوو بووە، رەنگە یەکێتی لەو هێزە ترسابێت، کە رۆژێک لەرۆژان لەدەستی دەربچێت و نەتوانی کۆنترۆڵی بکات، کە دەڵێم یەکێتی بەمام جەلال و کاک نەشیروانیشەوە، ئەگەر کاک نەوشیروانیش یەکێک لەوان نەبووە، بۆچی ئەو تەسلیمی ئەو خەتە بوو کە لەگەڵ حەلکردنی کۆمەڵەبووە، بێگومان خۆشی یەکێک لەوان بووە، بەڵام رەنگە ئیستا پەشیمان بێت و بڵێ کارێکی خراپمان کرد.

* تۆش ئەمە بەتەسلیم بوونی کاک نەوشیروان ئەزانی بە ویستی مام جەلال؟.

- هەندێ وشە هەیە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بۆ زۆر مەبەست بەکار دێت، بۆیە باشتروایە بڵێن کاک نەوشیروان لەژێرکاریگەری شەخسی مام جەلالدا بووە، مام جەلال کاریگەری هەبووە لەسەر کاک نەوشیروان، معادەلەی سیاسی حەلکردنی کۆمەڵە لێرەوە دەستیپێکردووە.

* تۆ یەکێک لەوانەی کە کۆمەڵە بە تەنزیمێکی مۆدێرنتر لەحزبەکانی ئەو سەردەمە ئەزانی، ئەگەر حزبێکی جیاواز بووە، هۆی چییە کاتێک بەشێک لە سەرکردەکانی ئەیانەوێ تەنزیمێکی تر دروست بکەن، بڕیاری کوشندەیان لەدژ دەدات و دەستگیریان دەکات؟.

- کۆمەڵە رێخکراوێکی چەپ بوو، بڕوای بەخەباتێکی کوردستانی هەبوو، بۆ ئەوە دروست بوو کە خەباتی چەپڕەوانە بکات لەکوردستاندا، ئامانجی باشی هەبوو، کە ئەگەر بەدیهاتانایە، بێگومان جیاوازتر دەبوو لە حزبەکانی تر، لەسەرەتاش باسم کرد ئەو بڕوای بە هاوپەیمانی هەبوو لەگەڵ پارتیش، نەک تەنها خۆی هەبێت، دیارە هەموو گروپێکیش بێ کێشە نابن، بەڵام چارەنوسی کۆمەڵە وای لێهات کە لێی هات.

* کەوایە پێت وانییە، کە کۆمەڵە ویستی خەباتێکی چەپڕەوانەو تاکڕەوانەی نەبووە، ئەی ئەگەر نا، بۆ ئەو کێشەیە روویدا کەلەپرسیاری پێشوو باسمکرد؟.

- ئەتوانم بڵێم لە دوایدا ئەو برادەرانە نەیانتوانی درێژە بەو خەباتە بدەن کە دەبوو بیدەن، یان کار بۆ ئامانجەکانی کۆمەڵە بکەن، نەیانتوانی و کەتونە ژێر کاریگەری ئەم سەرکردەو ئەو سەرکردە، کۆتاییەکەشی بەوە هات، کەسەری خۆی خواردو میراتەکەی بۆ یەکێتی مایەوە، ئەو ململانێیانەش کە لەنیوان ئەو برادەرانەو برادەرانی ئاڵای شۆڕشدا روویدا، پەیوەندی بە بیرباوەڕ و فکری کۆمەڵەوە نەبووە، ئەوە سیراعی شەخسی بوون، ململانێی تاک بووە لەگەڵ تاکدا، ئەو برادەرانەی کە ئاڵای شۆڕشیان درستکرد، مەبەستیان ئەوەبوو دەسەڵاتیان لەناو یەکێتی دا هەبێت، چونکە دەسەڵاتیان نەمابوو ، ئەکرێ ئەوەش وەک بەڵگە باس بکەین کە مەسەلە شەڕی شەخسی بووە بۆ گەشیتنە دەسەڵات، دوای ئەو هەموو رووبەڕووبونەوەی یەکتر و بڕیار لەدژی یەک و زیندانکردنی یەکترە، هەموویان هەر وەک یەکێتی مانەوەو بوونەوە بەیەکێتی.

* تۆ لە کۆتایی ساڵی ٧٦ وازت لەحزبایەتی هێنا، وات باسکردووە بەهۆی ئەوە کە پەلامار دراوی لەسەر بیروباوەڕی ئازاد، ئەم پەلاماردانە لەلایەن کێ وە؟ بۆچی؟، لەکاتێکدا ئەوکات تۆ لەناو یەکێتی بووی؟.

- مەبەست لە پەلاماردان ئەوە نییە کە خەڵک یەخەی منیان گرتبێت و لێیاندابم، من هەندێ بیروڕای ئاشکرام هەبوو، بەرلەوەی بچمە شام و بچمە ناو یەکێتی، ئەوکاتیش کە کۆمەڵە بووم من بروایەکی جیاوازم هەبوو، کە بروام بەوە هەبوو، ئێمە تەنزیمێکی نوێمان ئەوێ کە لەدەرەوەی مەلایی و جەلالی بێت،سەرکردایەتییەکەی سەرکردایاتییەکی بە کۆمەڵ بێت دوور لەو سەریەشەو سیراع و خوێن رشتن و کێشەی کە هەبوو، بەم گیانەوە بوو چوومە ناو یەکێتی لەشام، کە پێشتر لەوەڵامی پرسیارێک باسم کرد. کەچوومە سوریا وەک بەشێک لەناچاری چوومە ناو یەکێتی، بەڵام کە چوومە ناو یەکێتیش وازم لەبڕوای خۆم نەهێنابوو، زۆر بەتوندی دژی شەڕی خۆکوژی و کورد کوژی بووم، یەکێک بووم لەوانەی محازەرەم ئەدا بە پێشمەرگەکانی قامشلۆ، ئەوانەی کە خۆیان ئامادەکردبوو بگەڕێنەوە بۆ کوردستان، یەکێک لەوشتانەی لەوێش باسم ئەکرد ئەوەبوو، کە ئەموت ئەبێ بەتوندی لەدژی جەلالی و مەلایی بین، دژایەتی بەمانای دژایەتی شەخسی نا، یان دژایەتی حزبی نا، من لەدژی شەڕی حزبایەتی بووم و هیچ شتێکی شەخسیم بەرانبەر شەخی مام جەلال و کاک مەسعود نەبووە، هەڵبەت سەرکردایەتی یەکێتیش هەندێ شتیان بەلاوە قبوڵ نەبوو، بۆیە پەلامارەکان لەوێوە دەستی پێکرد، سەرکردایەتی یەکێتی کە تازە دروستببوو ئەیویست خۆی هەموو شتێک بێت، هەرکەس و رێکخراوێکیش لەسێبەری ئەودا ئیش ئەکات رازی بێت بە بەمەرجەکانی ئەو، منیش رازی نەبووم و پەلاماردانم دەستیپێکرد، بەڵام پەلامار بەمانای پەلاماری شەڕو لێدان نا، نامەوێ بچمە ناو ئەو وردەکارییەوە.

* لە ساڵی ٩٧٣ لە هەڵسەنگاندنێکی خۆت لەسەر حزبەکان بۆ کۆمەڵە ئەنوسیت، پارتی لەبەرەی میللەتن و نابێ لەخانەی دوژمندا حسابیان بۆ بکرێت، ئەڵێی ئەندامانی کۆمەڵەش هەموو ئەو ڕاو بۆچوونەیان هەبووە بەرانبەر پارتی، بەڵام هەر ئەو ئەندامانەی کۆمەڵە ئەنجام بوونە بەشێک لەبەرەی شەڕ لەگەڵ پارتی. بۆچی وایان لێهات؟.

- کۆمەڵە لەسەرەتای دروستبونیەوە تا ئەو کاتەش کەچۆتە شاخ، بڕوای وابووە کە پارتی و بارزانی، ناکۆکی سەرەکی نین بۆ ئەو، بەمانای ئەوەی نابێ دوژمنایەتی لەگەڵ بکەیت، ئەبێ لێی نزیک بیتەوە و دۆستایەتی بکەیت، ئەمە رەئی کۆمەڵە بووە، رای من و هەموو ئەو برادەرانە بووە کە وەخی خۆی کاریان ئەکرد لەریزەکانی کۆمەڵە، بەڵام دواتر کە یەکێتی و کۆمەڵە ئەچنە شاخ و خەڵک کۆ ئەکەنەوەو لەولاوە قیادە موەقەتە دروست ئەبێت و ناکۆکییەکان توند ئەبێت و دەتەقێتەوە، کۆمەڵەش وەک بەشێک لەیەکێتی تێکەڵی ئەو ململانێیە دەبێت، ئەمە بەمانی ئەوە نییە مادام دوێنێ بڕوایان وابوو، ئەوەی کردیان سەلمێنەری ناراستگۆیی ئەو بڕوایە بووە، وەرە یەک حزبی کوردستانیم بۆ بدۆزەرەوە، خوێنی نە رشتبێت، خەڵکی نەدابێت بەکوشت، هەموو حزبەکوردستانیەکان نەک هەرپارتی و یەکێتی، هەموو ئەوانی تریش بەدرێژایی چەندین ساڵ لەشەڕدا بوون، لەپێناو بەرژوەندی شەخسی و خیلافاتی شەخسی و شتی هیچ و لابەلا، من بڕوام بەو شتانە نەبوو، بەداخەوە ئەوانی کۆمەڵەش تێوەگلان لەو شەڕانە، کەئەبوو تێوەنەگلانایەو نەیانکردایە.

* لە یەکێک لەکتێبەکانت دەڵێی، یەکەم پەیوەندی کوردو ئێران باڵی مەکتەبی سیاسی دروستیان کرد بەبێ ئاگاداری بارزانی، دواتریش ئەوان لە ئێرانەوە چەک و تەقەمەنیان پێدەگات، ئایا پێت وانییە ئەوکاتیش ئێران یەکێک لەهۆکارو هاندەرەکانی شەڕی ناوخۆبووە؟.

- مەکتەبی سیاسی کە لەشاخ بوو دەورێکی باڵای هەبوو لەناو شۆڕشدا تاساڵی ٦٤، لەوکاتەدا کە دەوریان هەبوو ئەوە راستییە کە مەکتەبی سیاسی زۆر شتیان کردووە مەلا مستەفا بارزانی زۆر درەنگ پێی زانیووە یان پێی نەزانیوە، ئەم کارانەی مەکتەبی سیاسیش بوو وایکرد ناکۆکی و ململانێکانی نێوان مەلا مستەفا بارزانی و مەکتەبی سیاسی بتەقێتەوەو پارتی ببێت بەدووبەشەوە، ئەوان ئەیانویست مەلا مستەفا گۆشەگیر بکەن و لەهەموو بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی بارزانیان ئاگادار نەدەکرد و هەر خۆیان خاوەنی بریار بوون، بۆیە کێشەکە تەقیەوەو هەردولا سەرکردایەتی بۆخۆی دروستکرد، بارزانیش ئەوانی کرد بە دیوی ئێراندا، ئەکید ئێرانیش لەونێوانە دەرفەتی بۆ دروستبووە کاری خۆی بکات، بێگومان ئێران بووە یەکێک لەهۆکارەکانی گەورەتربوونی شەڕوکێشەکە، من بڕوام بەوە نییە رۆژێک لەڕۆژان ئێران و دەوڵەتە ئیقلیمییەکان بیریان لەسەرخستنی شۆڕشی کورد کردبێتەوە لەباشوور، یان لەسەر ئەو ئەساسە هاوکاری بەرەیەکی کوردی بکەن.

* وتت ئەوان بارزانیان لەبڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی گۆشەگیر کردبوو، ئەگەر ئەوان ئەوەندە بەهێزتر بوون لەبارزانی، بۆچی دواتر گەڕانەوە ژێر سێبەری بارزانی و لە پرۆژەکەیان شکستیان هێنا؟.

- بارزانی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ فەرماندەکانی شۆڕش و ئەفسەرانی پۆلیسدا هەبوو، ئەوانیش لە زۆربەی ناوچەکاندا خاوەن دەسەڵات بوون، بەپێچەوانەی واقیعەکەش باڵی مەکتەبی سیاسی لەلایەن کادیرەکانیەوە راپۆرتی بۆ ئەهات، کە میللەت و جەماوەر هەموو لەگەڵ حزبەو دژی مەلامستەفان، بەڵام راپۆرتەکانی ئەوان ناواقیعی بوون بارزانی لەوە تێگەشتبوو کە خەڵک ماندووە خەڵک برسییە، بێتاقەت بووە لەکێشەو ململانێکان، بۆیە بارزانی لەگەڵ حکومەتدا رێککەوت، بەیانێکیان دەرکرد و شەڕیان ڕاوەستان، مەکتەبی سیاسیش بە پشت بەستن بەو راپۆرتانەی کادیرەکانیان بەیانێکیان لەدژی مەلا مستەفا دەرکرد بەرانبەر بەو شەڕ راگرتنە، لەوێوە خیلافەکان گەورەتر بوون، بەڵام خەڵک ماندوو بوو دیارە کۆتا هاتنی شەڕیان پێباشتربوو بۆیە لەگەڵ بارزانی بوون و دیسان فەرماندەکانیش لەگەڵ ئەوبوون، ئەوە یەکێک لەهۆکارەکانی سەرکەوتنیەتی بەرانبەر مەکتەبی سیاسی.

* خوێندنەوەت چییە بۆ هەڵوێستی مەکتەبی سیاسی لەو باردۆخەدا؟.

- مەکتەبی سیاسی نە ئەبوو ئەو کارەی بکردایە لەگەڵ بارزانیدا، ئەبوو خۆیان نزیک بخستایەتەوە لەبارزانی بۆ ئەوەی کارەکان بەباشی بڕوات و کورد لەو کێشەو شەڕە ڕزگاری ببوایە و رزگاری بەدەستهێنایە، مەکتەبی سیاسی لەحاڵەتێکی نیمچە غرودابوو لەبەرانبەر مەلا مستەفا، وا تێگەشتبوون ئەتوانن هەموو شت بکەن بەرانبەری، وا تێگەشتبوون ئەتوانن مەلا مستەفا بارزانی گۆشەگیر بکەن، یانی ئەیانویست بارزانی وەکو شتێکی رەمزی بێت، کەی ویستیان مەرحەبایەکی بکەن و بچن بەلایا، کەی نەیانویست بۆخۆی دابنیشێت و هەقی ئەمانی نەبێت، بەڵام بۆیان نەچووە سەرو ئەو بیرکردنەوەیان ئەو کێشەیەی بەدوای خۆیدا هێنا کە لەمەساڵحی کورد نەبوو.

* لەباسکردنی باڵی مەکتەبی سیاسیدا ئێستا باسی غروروی ئەوانت کرد، لە کتێبەشدا دەڵێی، ئەوانەی سلێمانی وەک ئەندام لق و ناوچەکان واتە سەربەباڵی مەکتەبی سیاسی، کاتێک لە پارتی جیابونەوە، لوتبەرزو لەخۆبایی و شەڕانی بوون، بەڵام کاتێک چونەوە ناوپارتی بوونە ماستاوچی و دەستیاندایە شەڕکردنی ئێوەمانان، بۆچی ئەوکات لوتبەرزبوون و دواتر لەولوتبەرزییە هاتنە خوارەوە؟، ئەبێ هەر ئەو لوتبەرزی و لەخۆبایبوونە نەبوبێت بەشێک لەرۆحیەتی جیابونەوەکەی دروستکردبێت؟.

- ئەو لوتبەرزییەی مەکتەبی سیاسی نەک هەر هۆکاری جیابونەوەکە بوو، ئەسڵەن کێشەی گەورەی لەگەڵ خۆی هێنا، وایکرد خەڵک بەشێوەیەکی نا دروست بیربکەنەوە، خەڵک توشی ناکۆکی و کێشەو دووبەرەکی و کاری خراپ بکەن.

* لەکتێبەکەتدا ئەڵێی، دیراسەیەکم نوسی بەناوی شۆڕشی نوێی گەل، شەهید ئارام بەناوی هۆشیارەوە لە رۆژنامەی هاوکاری بڵاوی کردەوە، ئەڵێی لەوکات دوو لەبرادەرانی مام جەلال سەرجادەیان پێگرتم وتیان ئێستا کاتی ئەو جۆرە نوسینانە نییە، منیش پێم وتوون ئاخر من لە بەکرەجۆ بەدەم هەڵوەشاندنی گیپەوە فێری نەبووم. مەبەستت چی بوو لەهەڵوەشاندنی گیپە؟ بۆ ئەوان لە بەکرەجۆ فێری بوون؟.

- ئەوکات مام جەلال بارەگاکەی لە بەکرەجۆ بوو، لق و ناوچەی سلێمانیش لە سلێمانی بوون، هاتۆچۆی زۆر بۆلای مام جەلال هەبوو، جارو بار ئەبوو بەنان خواردن، مام جەلال خەڵکی کۆ ئەکردەوەو هەندێ جار لەشێوەی محازەرە، لەو کۆ بونەوانەش خواردنی تیا بوو، لەو خواردنانەشدا گیپەی تیا هەڵوەشاوەتەوەو تیای بووە، ئەوە کەوامگوتووە وەکو تەعلیقی من بوو بۆ ئەو برادەرانە، کە کاتی بڵاوکردنەوەی بابەتەکەی منیان بە شیاو نە ئەزانی و لە سەرجادە ئەوەیان بە من وت، منیش بۆیە وتم ئێوە لە گیپە هەڵوەشاندنەوە فێری ئەمە بوون، یانی رەنگە ویستبێتم پێیان بڵێم من جیاواز لە ئێوە بیر ئەکەمەوە.

Share