Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
جوان عومه‌ر ره‌سوڵ- چالاكوانی رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كان:

jwan honlnadجوان عومه‌ر ره‌سوڵ- چالاكوانی رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كان:

پێویسته‌ هۆشیاریی سێكسیی بكرێته‌ پرۆگرامی خوێندن

دیمانه‌: ستیڤان شه‌مزینانی

جوان عومه‌ر، چالاكوانی رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كان له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌دا باس له‌ كێشه‌كانی ژنی كورد و نه‌بوونی هۆشیاریی سێكسیی لای تاكی كورد ده‌كات.
ستیڤان: كوشتنی ژنانی كورد له‌ ئه‌وروپا بۆته‌ دیارده‌یه‌كی دزێو. به‌ بڕوای تۆ كوشتنی ژنانی كورد له‌ ئه‌وروپا بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟.
جوان عومه‌ر: كوشتنی ژنانی كورد له‌ ئه‌وروپا، بۆ جیاوازیی كولتووریی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ژن له‌ كولتووری رۆژئاوا مرۆڤێكی ئازاده‌، هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ براكه‌ی گه‌وره‌ ده‌كرێت به‌بێ جیاوازیی هه‌مان مافی هه‌یه‌. به‌لاَم له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌لاَت به‌ تایبه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ به‌دی ده‌كرێت له‌ په‌روه‌رده‌كردنی كوڕ و كچدا، ئه‌م جۆره‌ په‌روه‌رده‌كردنه‌ وا له‌ پیاوی كورد ده‌كات هه‌میشه‌ خۆی به‌ به‌رپرس بزانێت له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی، خوشكه‌كه‌ی، دایكی، كچه‌كه‌ی، ژنه‌كه‌ی.
كوشتنی ژنان دیارده‌یه‌كه‌ له‌ مێژه‌ هه‌بووه‌، به‌لاَم له‌به‌رئه‌وه‌ی ژنان هۆشیار نه‌بوون سه‌باره‌ت به‌ مافه‌كانی خۆیان، هه‌روه‌ها به‌هۆی نه‌بوونی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و نه‌بوونی هۆشیاریی، بۆیه‌ ژن هه‌میشه‌ گوێڕایه‌ڵی پیاو بووه‌ و نه‌یزانیوه‌ داوای مافی خۆی بكات وه‌ك مرۆڤ و پاشان وه‌ك ژن. ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت كوشتن و ئه‌تككردنی ژن زۆربه‌ی كات له‌ ناو ئه‌و كه‌سانه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت له‌ ئاستێكی نزمی خوێنده‌واریدان.
ستیڤان: به‌ به‌راوورد به‌ سالاَنی رابردوو. ئایا رێژه‌ی كوشتنی ژنانی كورد له‌ ئه‌وروپا له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌؟. ئایا هیچ ئامارێك هه‌یه‌ له‌سه‌ر رێژه‌ی كوشتن و تیرۆری ژنی كورد له‌ ئه‌وروپا؟.
جوان عومه‌ر: له‌م سالاَنه‌ی دواییدا رێژه‌ی كوشتنی ژنان زیادی كردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی شه‌ره‌ف. هه‌روه‌ك باسمكرد پیاوی كورد، به‌هۆی په‌روه‌رده‌ی هه‌ڵه‌وه‌ هه‌ست ده‌كات هه‌میشه‌ به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنی شه‌ره‌فی دایك و خوشك و ژنه‌كه‌ی. به‌لاَم به‌ داخه‌وه‌ ئامارێكی وه‌هامان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ تایبه‌ت بێت به‌ كوشتنی ژنانی كورد، له‌ هۆڵه‌ندا به‌ گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌دا كراوه‌، 21% ژنانی تورك و 14% ژنانی مه‌غریب و ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ ده‌بنه‌ قوربانی، كوشتنی ژنانی كوردیش ده‌توانم بڵێم ده‌كه‌وێته‌ ژێر ئه‌و رێژه‌یه‌وه‌ واته‌ 14%.
ستیڤان: خێزانی كورد له‌ ئه‌وروپا چه‌ندین گیروگرفتی هه‌یه‌، گرنگترینیان سه‌پاندنی كولتووری خێڵ و ئاینییه‌ به‌سه‌ر نه‌وه‌كانیاندا. بۆچی تاكی كورد ناتوانێت له‌گه‌ڵ كولتووری ئه‌وروپا ئینسجام بكات؟.
جوان عومه‌ر: پابه‌ندبوون به‌ كولتووری خۆ دیارده‌یه‌كی خراپ نییه‌، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌وروپی به‌ تایبه‌ت هۆڵه‌ندیی هه‌رگیز داوا ناكه‌ن له‌ كولتووره‌كانی تره‌وه‌ بێنه‌ ناو كولتووری هۆڵه‌ندیی، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر رێزی كولتووره‌كانی تر ده‌گرن، به‌لاَم به‌ مه‌رجێك ماف و ئازادیی تاكه‌كه‌سی تێدا بپارێزرێت. له‌ ئه‌وروپا كوشتنی ژن به‌ هیچ جۆرێك په‌سه‌ند نییه‌ و به‌ تاوانێكی گه‌وره‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، هه‌ر بۆیه‌ سالاَنه‌ به‌ هه‌زاران كۆرس و راهێنان ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ژنانی كۆچبه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هۆشیاریی زیاتریان پێبدرێت له‌سه‌ر پاراستنی ئازادیی تاكه‌كه‌س. به‌لاَم بۆچی خێزانی كورد ناتوانێت خۆی بگونجێنێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی؟ هه‌روه‌ك باسمكرد په‌یوه‌ندیی به‌ جۆری په‌روه‌رده‌وه‌یه‌.
ستیڤان: گرنگیی دروستكردنی هۆشیاریی سێكسیی لای تاكی كورد، چۆن ده‌بینیت؟. پێتوانییه‌ راگه‌یاندنی كوردیی هێشتا شه‌رم له‌ ورووژاندنی بواری سێكس ده‌كاته‌وه‌؟.
جوان عومه‌ر: هۆشیاریی سێكسیی په‌یوه‌ندیی به‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندنه‌وه‌ هه‌یه‌، تائێستا له‌ پرۆگرامی خوێندنی سه‌ره‌تایی تا ده‌گاته‌ دوا ناوه‌ندیی هیچ جۆره‌ هۆشیارییه‌ك نابینین، له‌لایه‌ن مامۆستاكانه‌وه‌ بۆ قوتابییه‌كانیان. واته‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت بیكه‌یته‌ پرۆگرامی خوێندن وه‌ك ماتماتیك و مێژوو. بۆ نموونه‌ له‌ وانه‌ی "زینده‌وه‌رزانی" ئه‌وسا كه‌ من له‌ ناوه‌ندیی بووم له‌ كوردستان، ته‌نیا یه‌ك لاپه‌ڕه‌ باسی كۆ ئه‌ندامی زاوزێی مرۆڤی ده‌كرد و له‌وه‌ زیاتر نه‌بوو، ئه‌میش كاتێك مامۆستاكه‌مان هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی باسی بكات، ده‌موچاوی سوور بوو، به‌ په‌له‌ بابه‌ته‌كه‌ی كۆتایی پێهێنا.
ده‌بێت هه‌ر له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه‌، منداڵ بزانێت كۆئه‌ندامی سێكسیی چۆنه‌ و چییه‌، پاشان چۆن خۆی بپارێزێت له‌ نه‌خۆشییه‌كانی ئه‌و كۆئه‌ندامه‌ و ئه‌نجامدانی سێكس به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ئێستاش شه‌رم ده‌كه‌ن له‌ باسكردنی هه‌ر بابه‌تێك كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ سێكسه‌وه‌ هه‌بێت، به‌لاَم خۆ ئه‌وانیش هه‌ر په‌روه‌رده‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ن.
ستیڤان: هۆشیاریی سێكسیی لای تاكی كورد چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟. رایه‌ك هه‌یه‌ پێیوایه‌ هۆشیاریی سێكسیی لای پیاوی كورد سفره‌ و لای ئافره‌تیش بڤه‌یه‌ و سڵه‌مینه‌وه‌ی زۆری له‌سه‌ره‌؟.
جوان عومه‌ر: منیش هه‌مان رام هه‌یه‌ هۆشیاریی سێكسیی لای تاكی كورد له‌ ئاستێكی زۆر نزمدایه‌، ده‌توانم بڵێم هه‌ر نییه‌. ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شێوه‌ی په‌روه‌رده‌ و ئاستی خوێنده‌واریی دایك و باوك. هۆشیاریی سێكسیی زۆر زۆر گرنگه‌ بۆ هه‌موو تاكه‌ كه‌سێك، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤێكی كامڵ و ژیری لێ ده‌ربچێت. لێره‌دا حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌ش بڵێم، كه‌سانێكی زۆر كه‌م هه‌ن كه‌ ده‌زانن، سێكس ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ تۆ باسی بۆرنۆ بكه‌یت، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی كۆئه‌ندامی سێكسی مرۆڤه‌ كه‌ ده‌بێت زانیاریی ته‌واومان هه‌بێت له‌سه‌ری.
ستیڤان: هه‌ست ناكه‌یت پیاوی كورد ته‌نیا وه‌ك ئامڕازێكی سێكسیی سه‌یری ئافره‌ت ده‌كات؟. هه‌رواش پێتوانییه‌ ئافره‌تی كورد هه‌میشه‌ حه‌زه‌ر له‌ پیاو ده‌كات و وه‌ك په‌لامارده‌ر لێی ده‌ڕوانێت؟.
جوان عومه‌ر: دیسان ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ جۆری په‌روه‌رده‌كردنی كه‌سه‌كه‌ و ئاستی خوێندن و رۆشنبیریی. ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك باش په‌روه‌رده‌ بكرێت و فێری ئه‌وه‌ بكرێت رێز له‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بگرێت كه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌ر ژن بێت، به‌ڵكو من لێره‌ باسی ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كه‌م پێیانده‌ڵێن "هۆمۆ"، نه‌بوونی هۆشیاریی و نه‌بوونی زانیاریی به‌رامبه‌ر به‌م جۆره‌ كه‌سانه‌، ده‌توانم بڵێم له‌ كوردستان كاریسه‌یه‌، به‌ڵكو باسكردنیشی گوناهێكی گه‌وره‌یه‌. كه‌ بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ غه‌ریزه‌یه‌ و هه‌یه‌. هه‌ر چۆنێتی په‌روه‌رده‌یه‌ كه‌ ژن هه‌ست نه‌كات پیاو په‌لامارده‌ره‌، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌ست به‌ ئه‌مان و خۆشه‌ویستی بكات بۆ ئه‌و پیاوه‌، پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی سێكسیی هه‌بێت له‌ نێوانیاندا.
ستیڤان: تا هه‌نووكه‌ ئافره‌تی كورد رووبه‌ڕووی ته‌نگ پێهه‌ڵچنینی سێكسیی ده‌بێته‌وه‌. بۆچوونێك هه‌یه‌ پێیوایه‌ ئه‌مه‌ بۆ لاوازیی كه‌سێتی ئافره‌تی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. تۆ له‌ مباره‌وه‌ چ را و سه‌رنجێكت هه‌یه‌؟.
جوان عومه‌ر: ته‌نگ پێهه‌ڵچنینی سێكسیی تا رادده‌یه‌ك په‌یوه‌ندیی به‌ پیاوه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك كه‌سێتی ژن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پیاو هه‌میشه‌ به‌و چاوه‌وه‌ سه‌یری ژن نه‌كات كه‌ ده‌توانێت راوی بكات و ته‌نگی پێهه‌ڵچنێت، بێگومان ژنیش ئه‌و هه‌سته‌ی نابێت. من لێره‌وه‌ ده‌ڵێم له‌ ئه‌وروپاش به‌ هه‌مان شێوه‌ 50 ساڵ پێش ئێستا ژن له‌ ئاستێكی زۆر نزمدا بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ژنێك ئاره‌زووی بكردایه‌ ته‌باخی ماڵه‌كه‌ی بگۆڕێت ده‌بوایه‌ مێرده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ببات ئه‌گینا پێیان نه‌ده‌فرۆشت، به‌لاَم له‌ سالاَنی په‌نجاكانه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی فێمنیستیان دروستكرد كه‌ ته‌نانه‌ت پۆشینی جلوبه‌رگ و نه‌كردنی ئارایشت و دڕاندنی سوتیانی به‌دوادا هات بۆ ئه‌وه‌ی جوانی و شێوه‌ی سروشتی راسته‌قینه‌ی خۆیان پیشانی كۆمه‌ڵگه‌ بده‌ن.

تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ ژماره‌ "12" گۆڤاری "شه‌پۆل " له‌ 4-8-2012 بلاَوكراوه‌ته‌وه‌.

Share